ئاوێنەی خوێندنەوەم بۆ چەند وتاری ناو کوردستانپۆست

Saturday, 08/03/2025, 22:06


بە فەرموودەیەکی مامۆستای بیرمەند مەسعوود محەمەد دەست پێدەکەم سەبارەت بە تێکبەردانی خەڵق کە دەڵێت: " شیووعییەت و ڕەگەزپەرستی و جیاوازی ئاین وئەوان جۆرە دەمار هەڵبڕەوەی پێوەندی تەبایی ی نێوان خەڵق و خوا تێکڕایان کوێرکردنەوەی شەقامی پێکەوە هەڵکردنی "تعایش" مرۆڤ بە ئەستۆوە دەگرن: ئێمە دەبێت هەموو ئەو بەهانانەی خەڵق بەشەڕ دەهێنن تاوانبار بکەین هەر چەند نیاز و داوایان لەسەر بنەمای ڕاست و دروستیشەوە هەڵستابێت. بەکارهێنانی دندان و چەنبۆڵە لە ڕەوتی ئادەمیزاددا تەنها لە حاڵەتی خۆپارێزی و لەسەرکردنەوەی ستەمدیدە ڕەوایە".
لە دوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکەی ڕ.ئاپۆ سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە پێگە هێژاکەی کوردستانپۆستدا کە کۆکەرەوەی هزرکردنی نووسەرگەلێکی بڕوا جودای شەرافەتمەندی، دڵسۆزیی کوردستانییە، ڕای جودا و بۆچوونی وەک یەک و شڕۆڤەی دوور و نزیک لەیەکمان خوێندەوە، من وەک نووسەرێکی ئەم پێگە ئازادیخوازە کوردستانییە، ئەمە چوارەم ئاوێنەمە سەبارەت بەو بابەتە گرنگ و چارەنووسسازە.
١١/٠١/٢٠٢٥  وێنەی ناو ئاوێنەکەی باکوور ڕوونە
٢٨/ ٠١/٢٠٢٥ کاتێ ئازادیی دەدوێ
٠٣/٠٣/٢٠٢٥ ئاوێنەی ئیمڕالی
٠٨/٠٣/٢٠٢٥ ئاوێنەی خوێندنەوەم بۆ چەند وتاری ناو کوردستانپۆست (دەبێتە ئەم وتارە).
واتا بۆ وشەکان، کە دەمانبات بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی بەوجۆرە وتنیان، سەرەتای تێگەیشتنمانە و وەرگرتنی هەڵوێستمانە لەو بابەتەی دەیخوێنینەوە. مامۆستای بیرمەند لەو فەرموودە ئینسانییەیدا، دەزانێت و قووڵ لەوە گەیشتووە کە مرۆڤەکان دەتوانن " پێکەوەهەڵکەن"، واتە لەسەر بەرێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەی نێوانیان و بەرژەوەندی هاوبەشیان، جۆرێک لە تێگەیشتن لەیەکتر بدۆزنەوە، ئەو دەزانێت کە برابوون جودایە لە پێکەوە ژیان، هەرچەندە ڕوودەدات کە دووبرای باوانییش(خوێنی) نەتوانن پێکەوە هەڵکەن!!. ئەو هیچ " بەهانە" یەک بە ڕەوا نابینێ کە لەسەری مرۆڤەکان یەکتر بکوژن. تەنیا لە حاڵەتی خۆپاراستن و لەسەرکردنەوە لە ستەمدیدە، بەکارهێنانی هێز بە ڕەوا دەزانێت، ئەمەش هەم لێکدانەوەیەکی دەروونی قووڵە بۆ مرۆڤ و هەم ڕاگرتنی هاوتایی تەرازووی دادپەروەرییە، تا کەس نەبێتە قووربانی ڕەگەزێک، چینێک، ئایدیۆلۆژیایەک و ئاینێکی تایبەت..... . 
بەپێی ئەو بڕوایەی مامۆستا، کورد ناتوانێ برای داگیرکەرەکانی بێت، بەڵام دەشی لە بارودۆخێکی یەکسان و دادپەروەریدا لەگەڵ گەلانی هاوسێیدا هەڵبکات. ئیتر بارودۆخی دابەشکردنی ئێمە بەسەر چوار دەوڵەتنەتەوەی ئاوا دەمارگریی بە خوێنی کوردتینوودا، مەسەلەی ئازادیی نیشتمانی ئێمەی، بەو جۆرە ئاڵۆز و سەختکردووە، کە ناچارین بەرەنگاری: چوار بیریی ڕەگەزپەرستی، چوارکلتووریی ڕەتکردنەوە، چوار سپای دڕندە و چوار ئابووری زەبەلاح ببینەوە. 
لە بەرەنگاربوونەی ئێمە و داگیرکەرانماندا، هۆگەل و فاکتۆرگەلی جوودا ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، کە یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکان لەناو خۆماندا بووە، ئەو سەرکردەیەتییەی کە ڕابەری بزووتنەوەکەی کردووە، خۆتان دەزانن کە چۆن لەسەر بزووتنەوەکە و تێکۆشانی کوردستانیی نەتەوەکەمان، بوونە بازرگانی شەڕ و خاوەن کۆمپانیای سەدان ملیارد دۆلاریی، ئەمە لە بەرەی ناو دوژمنەکانیشماندا، هەمان بازرگانگەلی دروستکردووە کە شەڕ لەگەڵ کوردان بۆیان بۆتە کۆمپانیایەکی ڕەواجدار، واتە شەڕ لەگەڵ کورددا، هەم لە ناو کورددا هەم لە ناو دوژمنانی کورددا، هەزاران بازرگانی شەڕی دروستکردووە، بۆیە دەشێ ئەو لایەنە شەڕەنگێزەی ناو ئەم لاو ئەولاش ببینین، کە هەرگیز لەگەڵ پێکەوە هەڵکردنی خەڵکدا، ئاو لەیەک سەر چاوە ناخۆنەوە. زاواکەی ئۆردوگان بەڕێوەبەری چەندین کۆمپانیای درووستکردنی درۆن و ئامێرە جەنگییەکانی توورکیایە، ئەمە جگە لەو پلەدارەسەربازیانەی کە بەشێکی گەورە لە حوکوومەتی سێبەر و قووڵی توورکیا پێکدێنن، ئەوانەی لای خۆشمان، بەتایبەت لە باشووردا هەموومان باشیان دەناسین و وەک دەڵێن: دەستەکانیان ئاشکرا بووە و مەرامیان دیارە. 
پارتی کرێکارانی کوردستان، گۆڕانکارییەکی بنجی بوو لە ڕەووتی تێکۆشانی نەتەوەکەماندا، لە هەموو بوارەکانی ژیانی نەتەوەیماندا، چوونکە ئەو بە بڵاوی چووە ناو کۆمەڵگای کوردییەوە و سەر لەنوێ بە ئامڕاز و شێوەی جودا، خەڵکی ڕێکخست و لێکی نزیککردنەوە، ئەمە خاڵی یەکەمە کە هەرگیز جارێکی تر بۆ بەر لەم مێژووە کوردیان بۆ ناگێڕرێتەوە بۆ دواوە. ڕۆژئاوا و ئەو وزە شاراوەیەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان، دۆزییەوە، ڕێکیخست و گەیاندییە ئەوپەڕیی چالاکی خۆی، بەرهەمێکی تری ئەو تێکۆشانە دڵسۆز و خۆبەخشەبوو کە پارتی کڕێکارانی کوردستان، ڕەووتی تێکۆشانەکەی پێ گواستەوە بۆ قۆناغێکی نوێ، کە ئەگەر بشیەوێ ناتوانێ بۆ پاشەوە هەنگاو بنێت.
ئاپۆ ٢٦ ساڵە لە زیندانی فاشییەکانی توورکدایە، وەک کارتێک توورکەکان هێشتیانەوە، بۆ ئەوەی وەک ئەمڕۆ بۆ نموونە، بانگەوازێکی وای پێدەربکەن کە پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمە یەکێک لە ئەگەرەکانی ئەو "زۆر"ە یە کە توورک لەماوەی  ٢٦ ساڵدا بەکاری هێناوە دژ بە ڕ. ئاپۆ. بەڵام بوونی ڕ. ئاپۆ لە زینداندا، دەشتوانێت کارتێک بێت بەدەست پەکەکەوە کە مەرجی خۆی هەبێت، مەسەلەکە ئەوەیە کە پەکەکە چۆن ئەم کارتە بەکار دێنێت. ڕ.ئاپۆ سەرێکە پیرۆزکراو بەلاشەی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، کە دەبێت خۆیان لەم سەرە جودا بکەنەوە، ئەمە یەکێکە لە بۆچوونەکان، کە کاتی ئەوە تێپەڕیوە و ئەو کارە بۆ پەکەکە درەنگە ئەگەر ویستبێتێشیان بیکەن، بەڵام ئەحمەدی خانی بەر لە سەدان ساڵ داوای کردووە کە پاشایەک بۆ کورد وەدۆزن. 
دەڵێن: مێژووی پەکەکە لە گۆڕستانەوە دەستی پێکردووە، واتە دەساڵی یەکمیان دەبوو مردووەکان زیندوو بکەنەوە، زیندووکردنەوەی مردووش، واتە بوونی هزر و توانایەک کە لە سنووری مرۆڤ تێتدەپەرێنێ و دەبێت تاسەر ئێسقانەکانت لە ئارەزووە دنیاییەکانت گوزەرابی و هیچت بۆخۆت نەوێت و خوێنی خوت بکەی بەبەر مردووەکاندا. پەکەکەش ئەمەی کرد، چوونکە دووژمنەکە هەموو چەکەکانی هەبوو، پەکەکەش هزر و متمانە و بڕوابوونی بە نەتەوەکەی هەبوو.
پەکەکە هەر چۆن زیندووکەرەوەی مردووەکان بوو، هەرواش بووە ترسێک بۆ سەرکردەیەتی خێڵ- حیزبی کلاسیکی خۆ بە کوردایەتییەوە باداو، بەتایبەت سەرکردەیەتی قیادە و ماڵی مەلا مستەفا، هۆ زۆرە بۆ ئەمە: ئەوان هاوسێی سنووریی ئەو ناوچەیەن کە چالاکی پەکەکەییەکان لەوێیە، بەهەمان زاراوەی کوردی قسە دەکەن، تێکەڵاویی خێزانیی ئەو ناوچەیە وەک تێکەڵاوی خێزانیی ناوچەی سلێمانییە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەمە جگە لەوەی کە ئەوان مەرگی خۆیان لەو بەرخۆدانە دلێرە بێ پسانەوەیەی پەکەکەدا دەبینن. دەبینن لەهەر جێگایەک کە گریلایەکی ئەوانی لێ بێت، ئەو جێگایە دەگۆڕێت، پەیوەندییە کوردییەکە زیندوودەبێتەوە، وشیاربوونەوەیەکی کوردستانی نوێ گەشە دەکات، بۆیەش ئەوان خۆشحاڵن بەوەی کە هەرچی زووە پەکەکە چەک دابنێت و ئاشبەتاڵ بکات، بەڵی ئەوان بەدوای هاوەڵدا دەگەرێن بۆ خۆیان، ئاشبەتاڵی ئەوان گرێیەکی دەروونی ماڵی مەلا مستەفایە، چوونکە باش دەزانن، ڕۆژگارێک دێت، لە دادگای گەلدا لێپرسینەوە لەسەر یەک بەیەک دڵۆپە خوێنە بەناهەق ڕژاوەکان دەکرێت، ئەوان دەیانەوێت لەناو زەریای خرۆشاوی تێکۆشانە ئازادیخوازییەکەی پەکەکەدا، ببنە بەردێکی بنئاوکەوتووی لەبیرکراو، هەر ئەو خرۆشانە نەتەوەییەی کە پەیامەکەی ڕ.ئاپۆ دروستی کرد، پلەی بارۆمەتری زارەتەرەکبوونی ئەوانی بۆ حەوتتەبەقەی ئاسمان فڕاند، تەنانەت توورکیش چاوەڕوانی ئەمەی نەدەکرد، کە شەرافەتمەندانی ئازادیخوازی نەتەوەکە ئاوا پێکڕا لە پەکەکە و پەیامەکە بێنەدەنگ و وشیاری بدەنە پەکەکە و ئەو پەیامە کە زۆر جار وشەی ئاشبەتاڵی ماڵی مەلای هێنایەوە بیری نەتەوەکە و لەهەموو مێدیاکاندا کەوتەوە سەر زاری نەتەوەکە، ئەنجامێکی پێچەوانەی بۆ توورک و قیادەموەقەتە و جەلالییەکان و هەموو کوێلە ئیسلامە سیاسییەکان بەرهەم هێنا. 
نە پەکەکە پیرۆزە نە ڕ.ئاپۆ، بەڵام پەکەکە گیانی نوێی تێکۆشانی نەتەوەکەیە بۆیە ئازیزە، ڕ.ئاپۆش، لە پاش ٢٦ ساڵ زیندانیی فاشییەکان، نە بەچۆکدا هات و نە خۆی دۆڕاند بۆیە بەڕێزە، پەکەکەش دەتوانێ پۆشاکێکی نوێ لەبەر بکات و چەکەکانی نوێ بکاتەوە، هاشووهووشی فاشیستەکانی توورکیش، لە مێدیاکانیانەوە هەر ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەکرێت، ئەوان لە شەڕێکی دەروونی زۆر تۆکمە و بەردەوامدان لەگەڵ هۆش و بیرکردنەوەی نەتەوەکەدا، نەتەوەکەش دوژمنی خۆی باش ناس دەکات و لە فیکەکانی حاڵی دەبێت، وەک کورد وتەنیش: هەزار فیکیان بە فاکێکمان.
بەرپرسانی دەزگا فاشییەکی توورک دەساڵ لەمەوبەر زانینی ژمارەی پێڵاوە پیرۆزەکانی گریلایان کردبووە بنێشتە خۆشەی ژێر دانیان، ئەوا ئێستا داوا لە ڕێبەرەکەی دەکەن کە لەیەک هەڵیان وەشێنێتەوە؟! مردووەکان، زیندوو بوونەوە، پێڵاوە پیرۆزەکانیان لە پێ کرد و بەرەنگاری فاشییەکان بوونەوە. ئەمە مەسەلەی نەتەوەیەکە کە بڕیاری داوە ئازاد بژی، پەکەکەش ئەو ڕێگایەی نیشاندا کە بۆ لای خۆر دەچێت. پەکەکە دەبێت بە ڕەچاوکردنی حاڵ و باری بزووتنەوەکە، گوێ بۆ دڵسۆزان، کوردستانیانی شەرافەتمەند بگرێت و ئەو بەتەنگەوە هاتنەی نەتەوەکە بەرز بنرخێنێ، ئەمە بەرهەمی ئەو تێکۆشانە ئازادیخوازییەی پەکەکە خۆیەتی کە ئەمڕۆ نەتەوەکە بە پەرۆشەوە بۆ هەر هەنگاوێک و لێدوانێکی ئەوان دەڕوانێ. 
ئەوە ڕاستەقینەیەکە کە کاری ئێمە نییە نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەری بەشێک لە خاکی ئێمە بکەینە دیمۆکراتی، ئەوان بە ئاغا و شێخیانەوە، بە خوێندەوار و بێ ئەلف و بێناوە، بە سەری زللی ڕۆشنبیرانیانەوە، بە مەلا و ئاخود و بێ بڕوایانەوە، بە مارکسی و فاشیانەوە، لە قووڵکردنەوە، چەسپاندن و جێبەجێکردنی داگیرکارییەکەدا هاوبەشی یەکن، ئەوەندە نموونە هەیە کە منی بردوەتە سەر ئەو بڕوایە: هەر کوردێک ئەگەر چوار دێڕ شیعری کوردی بکات بە فارسی، یا هەر زمانێکی تری داگیرکاران، ئەوا خزمەتێکی گەورەی بە زمانی داگیرکەرکردووە، نەتەوەیەک لە ماوەی سەدان ساڵی داگیرکاریدا چوار ڕۆشنبیری تێدا هەڵنەکەوتبێ کە بیەوێ هیچ نەبێت لەو خەڵکەی لە ژێر دەستیدا دەژی تێ بگات، بە بەرمیل دیمۆکراتی بکەی بە قوڕگیدا، دەی هێنێتەوە و دەی تفێنێتەوە، بەڵام من ئەوەش دەبینم کە لەسەردەمی هۆشی دەستکرددا، زۆر لە سنوورەکان کاڵ دەبنەوە، نە ئەو نەوە نوێیەی کورد ئەو نەوەیەیە کە بوو، نە ئەو نەوەیەیەی داگیرکەران ئەوانەن کە بوون. ئەوان لە قوتابخانەی ئینەتەرنێت و پێگەکانی سوشیاڵمیدیادا، ڕۆژانە بەریەک دەکەوون، ئەوەش ڕاستە کە لەبەر سەردەستبوونی باوانی نەوەی داگیرکەران، هێشتا پەروەردەی لووتبەرزیی و ڕەگەزپەرستانەی نەوەکانیان تینێکی تێدا ماوە و لێرە و لەوێ دەنگیان دەبیستین و گوێمان لە لوورەکانیانە، بەڵام نە باوەڕە فاشییەکەی باخچەلی و نە خواستە ئیخوانییە ئیسلامییەکەی ئۆردووگان کە دەیەوێ وەک خەلیفەی موسڵمانان بمرێت، کاریگەریان لەسەر ئەو بە شە لەنەتەوەی کورد دەبێت کە بە هۆشخۆیاندا هاتۆنەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر دەبن و بەرەو خۆیان بە ڕێگاوەن، کە پەکەکە و ئۆجەلانیش لەم گەڕانەوە بۆ خۆیەدا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە!!!.
مێژووی ئێمە مێژووی دۆڕانی سەرکردەکانی بووە کە لە ناوەڕاستی تێکۆشانە خوێناوییەکەیدا، نەتەوەکەیان جێهێشتووە و خۆیان دەربازکردووە، پاشانیش هۆی شکستەکەیان داوەتە پاڵ هێزی دەرەکی. پەکەکە دەبێت ئەم وانانەی مێژووی کوردەواری ئەزبەر بێت و لە هۆی تێکشکاندنە مێژوویەکان تێگەیشتبێ. کە دوژمنانی کورد یەک زمان دەزانن، بەتایبەت توورکەکەکان، ئەویش زمانی هێزە، کە ئەوان و قەسەدە هەیانە و بەرهەمەکەشیان چنیوەتەوە، لەم بارو حاڵە زۆر هەستیارەشدا دەبێ ئەو بزانن کە پچڕانی زنجیری ستەمی فاشستی توورک، ترازانی ئەڵقەکانی ئەو زنجیرەیە کە دەوری هەموو نیشتمانی داگیرکراوی کوردی داوە. بێهێزبوونی پەکەکەش بەهەر شیوازێک بێت، کاریگەری نایەتی زۆری لەسەر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە دەبێت و شڵەژانی مەزن لەناو هزری نەتەوەکەدا بەرهەمدێنێ.
لەم پووختەیەدا بۆ چەند وتاری نووسەرانی هێژای ناو کوردستانپۆست، ئەم وتارانەم خوێندۆتەوە:
ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی: سەرنجێک لە سەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان.
سەردار حەمەڕەش: بانگەوازەکەی ئاپۆ بە گەرماو گەرم.
ناسر حەفید: بانگەوازی ئاشبەتاڵێکی درەنگکەوتوو.
سەردار حەمە ڕەش " دواهەمین خوانی عیسا" (بەرواردی وێنە).
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان: سەبارەت بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
محەمەد هەریری: دژایەتی توورکان و خوێنساردیی کوردان.
دانا مەنمی: مێتۆدی فاشیزم و پەیامەکەی ئۆجەلان.
محەمەد هەریری: پیرۆزی وتار و دەق لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟! پەیامەکەی ئۆجەلان بە نموونە.

سەرنج:

نەمویست بە جودا خوێندنەوە بۆ وتاری هەر نووسەرێکی هێژا لەو نووسەرانە بکەم، پاش خوێندنەوە و ڕامان لە وتارەکانیان، ئەو پووختەیە، لە زەینمدا گەڵاڵە بوو کە وام بە باشزانی، وەک ڕوانین و خوێندنەوەی خۆم بینووسمەوە، دڵنیام نووسەرەکان، ڕامانەکانی خویان لەم پووختەیەی مندا دەناسنەوە، پەرۆشە کوردستانییەکانی ئێوە، بۆ من شایان و جێگای ڕێزێکی زۆرن و سەرچاوەیەکی ترن بۆ بەردەوامی من، هەر بژین. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help