دژایەتی تورکان و خوێن ساردی کوردان!
Friday, 07/03/2025, 19:56
تورك شەو و ڕۆژ دەخاتە سەر ڕۆژ بۆ ئەوەی پیلانی تۆکمەتر و تێکدەرتر لە دژی کورد داڕێژێ، پێیان بکرابایە هەموو جیهانیان دەهێنایە بازنەی گەلەکۆمێیان لە دژی کوردی لا خەبەر و بێ خەم و کۆکا گەمژە!
لە خۆشبەختی ئێمەی کورد و ئاشی ئێمەی نەزان خوا دەیگێڕێ، هەندێ وڵات و زلهێز و وڵاتی مەزن ناحەزن بە هەنگاوە ئیرهابی و پیسەکانی ئەردۆگان، بەربەست دەخەنە بەردەم کار وپیلانەکانیان تا ڕادەیەك.
ئێستا هەر دوێنێ کە ناتانیاهۆ چەند لێدوانێکی دا لە دژی دامەزراندنی سێ بنکەی سەربازی تورکی لە سوریا دا، بە پێی سەرچاوەگەلێکی ئیسڕائیلی ئەردۆگان یەکسەر پێشنیاری هێنانی خەڵکی غەزەی کردووە بۆ باکووری ناوچە کوردیەکانی سوریا، بۆ تێکدانی باری دیموگرافی کورد زیاتر لەوەی تەعریبی بەعسی عەرەبی ئەنجامی داوە!
ئەردۆگان وای لێهاتووە هەتا بە ناوی سوریاش بڕیار دەدەن! وابزانم لە هەر دانیشتنێک و کۆبوونەوەیەکی تورك لەگەڵ تورکمان و عەرەب و ئێرانی و کرێگرتە کوردەکانیش، دژایەتی کورد میحوەری دانیشتنەکەیە!
دوێنێ وەك لەو وێنەیە دەردەکەوێت، هەموو دژە کوردەکانی کەرکوک لە حسن تۆرانی جەبهەی تورکمانی و راکان جبوری شۆڤێنیست و خالد المفرجي لەگەڵ زۆڵە کوردی بێ شەڕەف هاکان فیدان لە ئەنقەرە خەریکی پیلاندانانن لە دژی کورد.
کورد هێندە بەدبەختە گەورەترین سەرکردەکانیشی بە قەد ئەندامێکی ڕوتەڵەی جەبهەی تورکمانی دڵسۆز نییە بۆ پرسی خۆی! کەچی تورک هێندە بە بەختە لە دژایەتی کورد، هەتا زۆڵە کوردەکانیانیشی لە نموونەی سەرانی پارتی و وەفدە گومانلێکراوەکەی ئیمڕاڵی و هاکان فیدان بە حەماسترن لە تورکی ئەسڵی لە دژایەتی کورد!
ئێمەی کورد، دەڵێی سێنسەری هەست بە هەڕەشەمان ڕیشەکێش کراوە وەك ئاژەڵی کۆکا Quokka، کە ئاژەڵێکی زۆر قشت وجوان ودەم بە پێکەنینە، دایمەن شایی دەکات، وادەزانێ دنیا هەمووی شامی شەریفە.
کێشەی ئەو ئاژەڵە ئەوەیە زۆر دڵساف و زۆر گێلە کە لە ئاژەڵی دڕندە نزیک دەبێتەوە بێ هیچ سڵەمینە و وریابوونێك، وادەزانی جیهان گۆڕەپانی یارییە، یاریان لەگەڵ دەکات، لە ئاکامدا پەلاماری دەدەن و لەناوی دەبەن! بۆیە زانایانی ئاأەڵناسی دەڵێن هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە.
کوردیش وایە، ببینە وەفدەکەی دەمپارتی، کە ئۆجەلان لە پەیامەکەی باسی ڕۆژئاواشی نەکردووە، ئەوان دەڵێن بەڵێ مەبەستی ڕۆژئاواشە خۆبەخشانە یان بە فشاری میتی تورکی!
لە گەرمەی پیلانگێڕی و لێدانی تورک لە کورد، لە جیاتی تەحەدامان زیاتر بکات، سەرکردە فەیلەسوفەکانمان دەچن بە پڕۆژەی خۆبەدەستەوەدانی شۆڤێنستێکی وەک باخچەلی فریو دەخۆن و ئامادەن کورد نەک هەر لە باکووری تورکیا چەک کەن، بەڵکو لە ڕۆژئاوا و هەر چوار پارچەی کوردستانیش.
تۆ بڕوانە خەمخۆری تورکان و پیاوەکانیان، لەگەڵ خوێن ساردی کوردان لە بەرزترین ئاستەوە، دەڵێی ئاژەڵی کۆکان، ڕێکەوتێکی سەیرە ئەو ئاژەڵەش ناوی بە پیتی ك دەست پێدەکات وەك کورد!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست