پیرۆزی وتار و دەق لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟! پەیامەکەی ئۆجەلان بە نموونە

Tuesday, 04/03/2025, 21:48


من لە ئەزموونی ژیانمدا بۆم دەرکەوتووە، کە مرۆڤ ئەگەر خاوەنی قسەیەك نەناسێ زۆر بە ئاسانی و بە ئازادی تێیدەگات و هەڵسەنگاندنیشی بۆ دەکات.
وەرە سێ دەقی مشتومڕ لەسەر، لە (تەوڕات) و (ئینجیل) و (قورئان) بۆ ژاپۆنیەکی بودایی، یان هەر کەسێکی بێباوەڕ و نەشارەزا بە سێ دینە ئیبراهیمیەکە بخوێنەرەوە، دەبینیت چۆن ڕەخنەیان لێدەگرێت و بۆت دەیسەلمێنێت، کە ئەو قسانە شایانی ڕەخنە و گوێ بۆنەگرتنن، بەڵکو گاڵتەجاریشن.
بەڵام وەرە هەمان دەقی (تەوڕات) بۆ جوێکی دیندار و دەقی (ینجیل) بۆ مەسیحیەکی دیندار و دەقی (قورئان) بۆ موسڵمانێکی دیندار بخوێنەرەوە، هێندە بە حەزەرەوە باسی مانا بەرز و شاراوەکانی دەکەن، ئەگەر تێگەیشتنێکی ناماقوڵی تێدا بێت دەیان بڕوو بیانووی بۆ دەدۆزنەوە، بەڵکو ئیعجازی وای تێدا دەدۆزنەوە، هەتا خاوەنی خودی دەقەکەش نە بیری بۆ چووە و نە ڕێی تێچووە!
هەمان دەقی (تەوڕات) و (ئینجیل)ەکە بۆ موسڵمانەکە بخوێنەوە، زۆر بە ئاسایی پێت دەڵێ: ئەوانە قسەی خودا و ئاسمان نیین، تەحریفکراون، چونکە قورئان وامان پێدەڵێ!
دەقی (قورئان)ەکەش بۆ جووەکە هەمان شتە، پێت دەڵێ ئەوە قسەی محمدە، کە ویستی پێغەمبەرایەتی لە ئێمەی بەنی ئیسڕائیل ببات، تەعریبی کات و بە زۆر خۆی گرێدا بە خواکەی ئێمەی بەنی ئیسڕائیل! بۆ (مەسیح)یەکەش هەمان هەڵوێستی جووەکەیە لە قورئان.
کەوابوو هەمان دەق و هەمان چەمکی ناو کتێبی پیرۆزی هەر دینێك بۆ خودی دیندارە ئاسایی و کەم شارەزای دینەکەت باس کرد، بێ یەك ودوو تانەی لێدەدات، ئەگەر مەلایەك یان قەشەیەك یان مالومێك پێیگووت ئاگاداربە ئەوە قسەی کتێبی پیرۆزی خوایە، یەکسەر هەڵوێستی دەگۆڕێت لە ڕەخنەوە بۆ ئەو ستایش و عوزرخواهی و پینەوپەڕۆکردنەی کە گوێی لێدەبێت لە پیاوانی دینی شارەزای دینەکەی!
ئەو بە پیرۆزکردنەی وتە و قسە و دەق بە گشتی، لە دینەوە سەری هەڵداوە، دوایی گواستراوەتەوە بۆ ئایدیۆلۆژیا و هەر سیستمێکی فیکری تەرەفگیریی و سنووردار، چونکە دین کۆنترین داهێنراوی کۆمەڵگا مرۆییەکانە، لە وەتی مرۆڤ هەبووە دینیش هەبووە، لەوپەڕی فۆرمی سەرەتاییەوە بۆ ئاڵۆزترین شێوەی دیندا.
کەوابوو ئەوە هێزی دەسەڵات و پیرۆزییە ئەو پایە گەورە و گرانە دەداتە وشە و دەقێك، نەك ڕاستی و ناڕاستی، جوانی و دزێوی، لەباری و گرنگی، لۆژیکی ونالۆژیکی خودی وشەکە ودەقەکە.
من دیومە دەقی پەیمانی کۆنی بایبڵ بەناوی قورئانەوە بۆ مەسیحیەك خوێندراوەتەوە، زۆر زوو نکوڵی لێکردووە و ڕەخنەی لێگرتووە، وایزانیوە کە لە قورئانەوەیە! کە پێیان گووت ئەوە لە بایبڵەکەی ئێوەیە، تووشی شۆك و پەشیمانی هاتووە، کە چۆن دەبێ ئەو شتە هەبێ لەناو کتێبە پیرۆزەکەماندا! من دڵنیام هەندێ دەقی ئیسلامیش بۆ کەسێکی موسڵمانی ئاسایی بخوێنیتەوە بەناوی ئەوەی هی ئینجیلە یان تەوڕات، هەمان کاردانەوەی دەبێت!
زۆرجار ڕەخنەی زۆر زانستی ولەبار دەبینم لەسەر دەقێکی پیرۆز، ڕەنگە بەهێزترین بەرگری بێت لە بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی، کەچی سەدان وهەزاران دینداری ئەو دەقە بە پیرۆزکراوە ئیجازە دەدەنە عەقڵیان، تا ماندووش دەبن قسە وجوێن و تانە وتەشەرە لە ڕەخنەگرەکە دەدەن!
بەداخەوە ئەو پیرۆزکردنە پەڕیوەتەوە بۆ ناو ئایدیۆلۆژیست و ئایدیۆلۆژیە شمولییەکان، هەندێ بیروڕا و مرۆڤی هەڵگری ئەو ئایدیۆلۆژیانە تەقدیس دەکرێن، ئەو قسانەی دەیکەن هەرچەندە کەموکورتی وخراپەی تێدا بن، ناتوانن وەك خۆی بیخوێننەوە و تێبگەن.
ئەو جۆرە دەقە پیرۆز وبە پیرۆزکراوانە هەمیشە نکوڵی لێکردن و لێکدانەوەی نالۆژیکی بەدوای خۆیان دەهێنن! تۆ قورئانییەکان ببینە، کاتێ چەندین ئایەتی بۆ دەهێنیەوە لەسەر کۆیلایەتی لە قورئاندا، خۆی لەوسەر دەهێنێتەوە ودەڵێ: دەی وەرە یەك ئایەتم نیشان بدە کۆیلایەتی تێدا باس کرابێ! کە باسی لێدانی ژنی بۆ دەکەیت لە قورئاندا، پێت پێدەکەنێ! دەڵێ تۆ لە مانای ضرب و لێدان نەگەیشتی ئەوە ضرب نییە و اضرابە! بەو نکوڵییە و لێکدانەوە نادروستانە، ئەو بەرگری لە پیرۆزی خۆی دەکات!
ئەگەر بێینە سەر نمونەیەکی ئایدیۆلۆژی ئەوە پەیامەکەی ڕێبەر عەبدوڵلا ئۆجەلان باشترین نموونەیە. ئەو مرۆڤە بێگومان کەسێکی خەباتگێڕ و گرنگە لە مێژووی نەتەوەکەمان، بەڵام ناکرێ وەك خودایەک و نیمچە خوایەك سەیری بکرێت. کاتی پەیامێك پاش ٢٦ ساڵ لە زیندانی ئاراستەی حزبەکەی و کورد بە گشتی دەکات، لەبەر ئەو تەقدیسەی بە شەخسی ئۆجەلان دەدرێ، کەسانێکی زۆر، هێندە دەمارگرژانە بەرگری لەو وتارە دەکەن، وەك بڵێیت باشترین مانفێستۆی کورد بێت لە سەدەی ٢١ دا!
پەیامەکە بە ئاشکرا داوای خۆچەك کردن و خۆ حەلکردن دەکات، دامەزراندنی هەر قەوارەیەکی سیاسی فیدرالی و کۆنفدڕاڵی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان بە هەڵە دەبینێت!
لە سەرلەبەری پەیامەکە ڕستەیەکیش ئاڕاستەی تورك نەکراوە، هیچ داواکاریەكی ڕوون و وازح داوا نەکراوە لەبری ئەو تەنازولە گەورانە!
ئەگەر بتەوێ بە باشی لەو پەیامە بگەیت، بڕۆ بە چاوی تورکێك و عەرەبێك و فارسێك لێی بڕوانە، ببینە چۆن بەبێ کێشەی تەقدیس وترس و دەسەڵاتی پشت تێکستەکە لە میدیاکانیاندا بۆت باس دەکەن!
ئەو کوردانەش کە گرێ کوێرەی ئایدیۆلۆژییان تێپەڕاندووە، توانیان بە هەمان شێوە هەقیقیەکە بیخوێننەوە، بەڵام کەسانێکی ئایدیۆلۆژیست لە حیزبی و شاعیرۆکە و نووسەرانی سەر بە حیزب وئایدیۆلۆژیاکە، هێندە بە گەرمی بەرگری لەو پەیامە دەکەن وەك بڵێیت بە خەیاڵی کۆن کوردستانی گەورەمان بۆ دامەزرێنێت!
نموونە زۆرن لەو برادەرە ئایدیۆلۆژیستانەی، کە جۆرەها خوێندنەوەی سەیریان بۆ ئەو پەیامە کردووە، ئەوانە کەسانی سنووردارن لە بیرکردنەوە، ناتوانن ڕاستییەکان وەك خۆیان ببینن لە ترسی تەقدیس و دەسەڵاتی خاوەنی دەقەکە، نەك لەبەر ڕاستی دەقەکە. هەیانە دەڵێ ئەو پەیامە هەمووی کۆدە، هەموو کەس تێیناگات! وەك بڵێی کۆدی پڕۆگرامینگی کۆمپیوتەر بێت! 
هەندێکیان سەدان بیرۆکەی شاراوەی زێڕینی تێدا دەدۆزێتەوە، کە خاوەن دەقیش بە مێشکیدا نەهاتووە، هەشیانە وەك (کاک سەردار عەزیز)، کە من کەم شتەکانی دەخوێنمەوە، هێندە دەمارگرژانە تانە و تەشەرە لەو کەسانە دەدات کە وتارەکە بێ کۆد وبێ ڕتووش دەبینن، خەریکە بە شەق بەربێتە خەڵك!
من دڵنیام ئەگەر ڕۆژێك بەر لە ئۆجەلان نووسەرێك، بیرمەندیك یان سیاسیەکی کورد لە دۆستەکانیان، ناڵێم پارتیەك یان هەر نەیارێکیان، ئەو پەیامەی ئاڕاستەی (پەکەکە) کردبا، ئەوانەی ئێستا بەدوای کۆدەکانی و ئیعجازی بەیانی وسیاسی پەیامەکەدا دەگەڕێن ولەسەرووی هەموویان ئەو کاک سەردار عەزیزە نامووسی باب وباپیریان دەبرد، دوور نییە هەڕەشەی مەرگیشیان لێکردبا. بەڵام چونکە دەقەکە هی ڕێبەر ئاپۆیە هەموو قودسیەت ودەسەڵاتی مەعنەوی ئەوی لە پشتە، ئەو دەقە دەبێتە چاکترین و لەبارەترین دەق!
من وەك محەمەد هەریری پێڵاوی گەریلایەك بە هەموو تورکیا وئێران وعێڕاق و سوریا ناگۆڕمەوە، خۆشەویستی و ڕێزی زۆرم بۆ گەورە خەباتگێڕی نەتەوەکەمان ئۆجەلان هەیە، کە ئەو هەموو هوشیارییە نەتەوەیی و مرۆییەی لە باکوور بە تایبەتی و کوردستانی گەورە بە گشتی بڵاوکردۆتەوە، بەڵام، ئاپۆ هەڵە دەکات، هەڵەی گەورەش! بەڵێ هەڵە بوو کاتێک گووتی هیچ خاکێکی کوردستان ناکەوێتە ناو سوریاوە، کە ئێستاش عەرەبچیەکان بە چاوی کوردیدا دادەدەنەوە! لەو پەیامەشیدا هەڵەیە، ئەو وتارەی بە لاواز و تەنازولکەری بێ بەرامبەر و زەرەرمەند بۆ کورد و دۆزی کورد دەبینم. دڵنیام هیچیشی لێ شین نابێت، چونکە من تورك بناسم ئەوان ئەو پەیامە بە خۆبەدەستەوەدانی کورد دەبینن، پەیامی ئاشتی [ئەگەر داماننا ئەو پەیامە، پەیامی ئاشتی بێت] ئاڕاستەی مرۆڤی ئاشتیخواز و دیموکراتخواز دەکرێت، نەك نەتەوەیەك، کە لە باخچەی مناڵانەوە گۆش دەکرێ بە ڕقلێبوونەوەی تۆی کورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت

Tuesday, 04/03/2025, 22:51 ئازاد قادر سەعید

دەست و قەلەمەکەت هەر گەش بێت و لەکار نەکەوێت، بەڕاستی ئەمەیە نووسین، کە بەشێوەیەکی جوان زۆر شتت رونکردۆتەوە، نمونەت زۆربێت.


کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help