ئایا ترەمپ لەناو ئەمریکادا ناسیۆنالیزمە و لەناخیشیدا ئیمپریالیزم؟

Monday, 03/03/2025, 19:52


- ئایا ترەمپ تەنھا سەرقاڵی سیستەم و ناوخۆی ئەمریکایە؟ وەک دەڵێت ( ئەمریکا یەکەمە)؟
- تۆ بڵێی ترەمپ بیەوێت دەست بگرێت بەسەر ھەندێک ناوچەی جیھاندا؟ وەک  کەناڵی پەنەما و غەززە؟
- ئەی تۆ بڵێی، ترەمپ بیەوێت ھەندێک ناوچەش بکڕێت؟ وەک گرینلاند؟
- ئاخۆ شیکردنەوە بۆ ڕەفتارەکانی ترەمپ چی بێت؟
- ئایا سیاسەتەکانی ترەمپ  مەترسیدارن؟
- تۆبڵێی ووڵاتی (چین)ش بیەوێت (تایوان)داگیر بکات؟
- ئاخۆ ئەو کاتە بۆ ڕووسیاش ئاسانتر بێت کە داوای سنورەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بکاتەوە؟
-  کەواتە کێشە سیاسیەکانی جیهان بەھۆی (ترەمپ)ەوە کەم دەبێتەوە یان زیاتر دەبێت؟
- ئایا ترەمپ لەناو ئەمریکادا ناسیۆنالیزمە و لەناخیشیدا ئیمپریالیزم؟
ترەمپ لە ناوەڕۆکی خۆیدا ناسیۆنالیستە، بەڵام لە قسەکانیدا مەیلی ئیمپریالیستیش نیشان دەدات! لێدوانەکانی سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتن یان کڕینی ناوچەکانی وەک غەززە و کەناڵی پەنەما و کەنەدا و گرینلاند و ئۆکرانیا، لەگەڵ ڕەوتی سیاسەتی دەسەڵاتی ترەمپدا دەگونجێت! بەڵام بە بۆچونی من، ترەمپ نایەوێت و ناتوانێت کار لەسەر ھەموویان بکات و ئەنجامی بدات! بۆچی؟
یەکەم: بۆچی ترەمپ ناسیۆنالیستە؟
- دروشمی ترەمپ (ئەمریکا یەکەمە، America First) جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە! کەواتە نایەوێت کێشەی لابەلایی بۆ ئەمریکا دروست بکات! بەڵام دەیەوێت بەھەر جۆرێک بێت (جار جار بە ھەڕەشە و لێدوانی توند) زۆرترین دەستکەوت و بەرژەوەندی بۆ ئەمریکا دابین بکات!
- ترەمپ دژی تێوەگلانی سەربازی درێژخایەنە لە دەرەوەی ئەمریکا، بۆ نمونە لەسەردەمی سەرۆکایەتی پێشوویدا هێزەکانی لە بەشێک لە ناوچەکانی سوریا کشانەوە و ئەفغانستانیشی بەجێھێشت (ترەمپ سەرەتا دانوسانی لەگەڵ تالیبان دەست پێکرد!)
- ترەمپ دەیەوێت دەرگا بە ڕووی کۆچبەراندا دابخات و کۆچبەرەکان دەربکات لە ئەمریکا ھەتا ھەلیکاری زیاتر بۆ ھاووڵاتیانی ئەمریکا و شوێنی نیشتەجێ بوونیش زیاتر بێت بۆ ئەمریکیەکان!
- ترەمپ دەیەوێت ئابووری ئەمریکاش بپارێزێت! بۆ نموونە دەیەوێت شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین و ئەوروپا و ھەندێک ووڵاتانی تریشدا دەست پێ بکات! ھەر بۆنمونە، یەکێتی ئەوروپا نزیکەی١٦%ی پۆڵاکانی هەناردەی ئەمریکا دەکات، بەمەش ئەمریکا دەبێتە دووەم گرنگترین بازاڕ بۆ هەناردەکردنی پۆڵای ئەوروپی! لەماوەی ڕابردوودا ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت باجی ٢٥% بخاتە سەر سەرجەم هاوردەکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی ئەوروپی!
بەوەش یارمەتی گەشەی زیاتری ئابوری ئەمریکا دەدات و ھەلیکاری زیاتریش بۆ ھاووڵای ئەمریکی دابین دەکات!
دووەم: مەیلی ترەمپ بۆ بیری ئیمپریالیستی چییە؟
- ترەمپ چەند جارێک باسی لە دەستبەسەرداگرتن یان کڕینی ناوچەکانی وەک غەززە و گرینلاند و کەنەدا و کۆنترۆڵکردنی کەناڵی پەنەما کردووە!
- تەرەمپ دەیەوێت گوشاری سەربازی و ئابوری دروست بکات،  بۆ پاراستنی نفوزی ئەمریکا لە ناوچەکانی وەک ڤەنزوێلا (لە ئەمریکای باشور) و ئێران!
- هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر بە ئۆکرانیا و غەززە، ئەوە نیشان دەدات کە ئەو دەیەوێت کاریگەریی ئەمریکا زیاتر بکات چ لەڕووی ئابوریەوە بێت وەک لە ئوکرانیا! چونکە لە ئۆکرانیا نەوت و گاز و کانزای نایابی وەک لیسیۆم کە بۆ دروستکردنی پاتری و تەکنۆلۆجیا زۆر گرنگە! یان لە ڕووی ئاسایشی نەتەوەیی بێت، بەتایبەت بۆ ئیسرائیل وەک لە غەززەدا!
ئاخۆ شیکردنەوە بۆ ڕەفتارەکانی ترەمپ چی بێت؟
-  عەقڵیەتی بازرگانی:
ترەمپ جیهان وەک یارییەکی موزایەدە (کێبڕکێی بەرژەوەندی) دەبینێت، بەبۆچونی ترەمپ، دەتوانرێت ووڵاتان، وەک کاڵاو شتومەک بکڕدرێن یان کۆنترۆڵ بکرێن!
- باڵا دەستی دەسەڵات یان نفوزی ئەمریکا:
ترامپ دەیەوێت ئەمریکا وەک زلهێزێکی باڵادەست بپارێزێت و جیۆپۆلەتیکیش وەک ململانێیەک لەو ناوچانەدا، دژی ھەندێک لە ووڵاتان دەبینێت!
- لێدوانی پۆپۆلیزمی:
ترەمپ لێدوانی توندڕەو دەدات، بۆ وروژاندنی لایەنگرانی خۆی و وروژاندنی نەیارانی سیاسی! بەبۆچونی من، لەوانەیە لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە لکاندنی ھەندێک ناوچە یان دەست بەسەرداگرتنی ھەندێک ناوچەی تر، زیاتر مەبەستی بۆ سەنج ڕاکێشان و سەرسام کردنی لایەنگرانی خۆی بێت!
- پرۆژەی ترامپ بۆ دەسەڵات:
ترەمپ ئەم جۆرە لێدوانانە بەکاردەهێنێت بۆ سەرسام کردنی هاوپەیمان و ترساندنی دوژمنەکانیشی، وەک ئەوەی ئامادەبێت هەنگاوی توند بنێت لەکاتی پێویستدا!
- ئاماژەی مێژوویی بۆ کڕینی ھەندێک ناوچە:
ئەمریکا لە ڕابردوودا زەوی کڕیوە (بۆ نموونە ئالاسکای لە ڕووسیا کڕی و لویزیاناش لە فەرەنسا)، لەوانەیە ترەمپ ئەم تاکتیکە بەکاربھێنێت بۆ خۆشی و ڕۆمانسیەت و بیرخستنەوەی مێژوو، کە ئەویش دەتوانێت ھەمان کار بکاتەوە!
- ئایا سیاسەتەکانی ترەمپ مەترسیدارە؟
بەبۆچونی من بەڵێ، لەوانەیە مەترسیدار بێت، چونکە هەڵوێستەکانی دەبێتە دەرگایەک بۆ کردنەوەی زلهێزەکانی تر وەک چین و ڕووسیا وەک پاساوێک بۆ داگیرکاریەکانی خۆیان بۆ نمونە:
- چین و داگیرکردنی تایوان:
ئەگەر ئەمریکا بتوانێت بە زۆر و بە سادەیی دەست بەسەر وڵاتاندا بگرێت یان سەروەری ئەوان پشتگوێ بخات! ئەوا ووڵاتی (چین)یش دەتوانێت ھەمان کار بکاتە بیانوویەک بۆ داگیرکردنی تایوان!
-  ڕووسیا و گەڕانەوە بۆ سنوری یەکێتی سۆڤیەتی جاران:
ڕووسیاش دەتوانێت بڵێت ئەگەر ئەمریکا بۆ نمونە بیر لە دەست بەسەرداگرتنی گرینلاند و کەنەدا بکاتەوە!، ئەوا ڕوسیاش دەتوانێت هەمان ھەنگاو بنێت بۆ گەڕانەوە بۆ سنورەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو (USSR) کە لە ١٥ کۆمار پێکهاتبوو، جگە لە ڕووسیا! ئەمانەش ناوی ئەو ١٤ ووڵاتەن کە لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆ بوون:
-  دەوڵەتانی باڵتیک: ئیستۆنیا و لاتڤیا و لیتوانیا.
- وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات: بێلاڕووس و ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤا.
- وڵاتانی قەوقاز: جۆرجیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان.
- وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست: کازاخستان و ئۆزبەکستان و تورکمانستان و قرغیزستان و تاجیکستان.
- ناسەقامگیری گشتی:
لە ڕێگەی قسەکانی (ترەمپ)ەوە لەوانەیە گرژییە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بکات و ململانێش دروست بکات، تەنانەت ئەگەر ترەمپ ڕاستەوخۆ بەکرداریش مەبەستی قسەکانی ئەنجام نەدات!
کەواتە کێشە سیاسیەکانی جیهان کەم دەبێتەوە یان زیاتر دەبێت؟
- تێبینیەکانی ترەمپ لەسەر لکاندنی خاک یان کڕین و داگیرکردنی خاکی ووڵاتان،  دەبێتەھۆی ، تێکدانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیری جیهان! کەواتە بەھای ئەو بنەما یاسایانەی کە ووڵاتانی جیھان لەسەری ڕێککەوتوون، نامێنێت!
-  ڕەنگە ھەندێک لە وڵاتانی تریش قسەکانی ترەمپ وەک داگیرساندنی گڵۆپی سەوز ببینن،  بۆ ئەوەی ئەوانیش هەمان داگیرکاری دەست پێ بکەن!
-لەوانەیە سیاسەتەکانی ترەمپ ببێتە ھۆێ بێ متمانەیی هاوپەیمانانی ئەمریکا و توڕەکردنی دوژمنانیشی!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help