دەزگای میتی تورکی، دەزگایەکی تیرۆریستییە
Tuesday, 18/02/2025, 19:05
دەزگای جاسوسی میت دەزگایەکی تیرۆریستە، دەبێت بەرپرسانی دەستگیربکرێن و یا لەناوببردرێن.
نووسینی مایکڵ ڕوبین بۆ هێلاس جۆرناڵ
شەش ساڵ لەمەوبەر، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران و هێزی قودسی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناساند.
ئەمە یەکەم جار بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێک لە حکومەتێکی تری وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناو ببات. زۆرێک لە ڕەخنەگرانی حزبی و دیپلۆماسی نیگەرانی خۆیان دەربڕی لە پێشینەکە و باسیان لەوە کرد کە سزادانی هەموو پاسداران بۆ تیرۆریزم هەڵەیە، چونکە تەنها بەشێکی کەمی گروپەکە ئەرکی سەربازی لە دەرەوەی سنووری ئێران ئەنجام دەدەن.
بەڕاستی، سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئەمڕۆ زیاتر کۆمپانیایەکی بازرگانییە تا سوپایەک. مۆنۆپۆلییەکانی کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک لە دروستکردنی بەنداو تا کارگەکانی ئۆتۆمبێل دەکەن. کۆمپانیا فەڕەنسی و ئەڵمانییەکان هاوبەشییان لەگەڵ کۆمپانیا پیشەسازییەکانی خاوەندارێتی پاسداران هەیە.
هەروەها ڕاستە کە لە نێو یەکە چەکدارەکانیدا، سوپای قودس بەرپرسیارە لە ئامانجگرتنی ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان و بەرژەوەندییەکانیان، بەڵام ئەوان تەنها بەشێکی زۆر کەمی کۆی ئەندامانی پاسداران پێک دەهێنن.
ترەمپ پێی باشتر بوو مامەڵە لەگەڵ پاسدارانی شۆڕش بە تەور بکات نەک بە چەقۆی نەشتەرگەری. وتی "ئەگەر کار لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئیسلامی دەکەن، ئێوە پارە بۆ تیرۆریزم دابین دەکەن."
لۆژیکێک لە پشت ئەم ناساندنە فراوانەوە هەبوو: قوربانیانی تیرۆریزم دەیانتوانی نەک تەنها سوپای پاسدارانی ئیسلامی، بەڵکو ئەو کۆمپانیایانەش کە هاوبەشن لە کارەکانیدا سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن. جێی سەرسوڕمان نییە کە کۆمپانیای فەڕەنسی PSA کە پیجۆ و سیترۆێن بەرهەم دەهێنێت بڕیاریدا ئێران بەجێ بهێڵێت بۆ خۆلادان لە سزاکان و بەرپرسیارێتی. هەروەها کۆمپانیای ئەڵمانی سیمێنس.
نەک تەنها ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڵکو ئەوروپاش دەبێت ئێستا ئەو کارە بکەن، نەک تەنها دژی ئێران بەڵکو بەرامبەر تورکیا. بەڵگەی زۆر هەیە کە (MİT) وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی هەڵسوکەوت دەکات. نموونەی جان دوندار وەربگرن، سەرنووسەری ڕۆژنامەی چەپی میانڕەو *جومهوریەت*: لە ٢٠١٥، ڕۆژنامەکەی وێنەی لۆرییەکانی MİTی بڵاو کردەوە کە چەکیان دەگەیاندە گروپێکی سەر بە ئەلقاعیدە لە سنووری سوریا. دواتر لە هەوڵێکی تیرۆر ڕزگاری بوو.
ویلایەتە یەکگرتووەکان هەروەها باوەڕی وایە کە MİT یارمەتی ڕێکخستن و چەکدارکردنی داعشی داوە. ئەم دەزگایە بدژی ئاسایشی ئیسرائیل چەکی بە قاچاغ گەیاندۆتە حەماس. شوێن پەنجەی MİT لەسەر زۆربەی پلانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان لەسەر پشتیوانانی دیکەی تیرۆر.
هاکان فیدان لە ٢٠١٠ تا ٢٠٢٣ سەرۆکایەتی MİTی کرد، پێش ئەوەی ببێتە وەزیری دەرەوەی تورکیا. لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، MİT بە ئاشکرا نەیارانی تورکی لە سەرتاسەری جیهان کردە ئامانج، مامۆستای قوتابخانەی لە وڵاتانی جیاواز لە قرغیزستانەوە بۆ کۆسۆڤۆ و لە مالیزیاوە بۆ مۆلدۆڤا ڕفاند. MİT شانازی بە تیرۆرکردنی نەیارانی لە عێراق دەکات. ڕێکخراوەکە تەنانەت خانەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەبرد بۆ چاودێریکردن و هەراسانکردنی نەیاران.
پێدەچێت MİT هێرشی ساڵی ٢٠١٧ی لەسەر نەیارانی تورک و کورد لە ناوەڕاستی واشنتۆن دی سی ڕێکخستبێت. بەرپرسانی ئەڵمانی بە نهێنی دەڵێن ترسیان لەوەیە کە تورکیا شەپۆلێک کۆچبەر بەرەو دڵی ئەوروپا بنێرێت و زیاتر لەو باوەڕەیە کە MİT کۆنتڕۆڵی گروپە تاوانکارەکانی نێو دیاسپۆرای تورک لە ئەوروپا دەکات کە دەتوانن سەقامگیری تێک بدەن. ئەمڕۆ، MİT پشتیوانی و چەک دەگەیەنێتە گروپە تیرۆریستییەکان لە پاکستان، سۆماڵ و لیبیا.
کەمتر چالاکییەک وا هەیە کە سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئەنجامی بدات و MİT نەیکات. هەرچەندە پێناسەیەکی نێودەوڵەتی یەکگرتوو بۆ تیرۆر نییە، MİT هەموو ئەو خاڵانە لە خۆدەگرێت کە دەزگا پۆلیس و ئاسایشە ئەمریکی و ئەوروپییەکان بۆ پێناسەکردنی تیرۆریزم بەکاری دەهێنن. ئەوەی کە تورکیا ئەندامی ناتۆیە نابێت ئازادی پێ بدات بۆ پشتیوانیکردن و ئەنجامدانی تیرۆر لەسەر ئاستی جیهانی.
هۆکارێکی سەرەکی بۆچی MİT، بە واتای وشە، باوەڕی وایە دەتوانێت لە برۆکسلەوە بۆ ئەسینا دەست بۆ کوشتن ببات ئەوەیە کە ڕۆژئاوا وەک نموونەیەکی جیاواز بەرگری لێ کردووە یان پاراستوویەتی بۆ ئەوەی هەستیارییە دیپلۆماسییەکانی تورکیا نەورژێنێت. ئەو ڕۆژانە دەبێت کۆتاییان پێ بێت. نەک تەنها واشنتۆن، بەڵکو برۆکسل و ئەسیناش دەبێت MİT وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی بناسێنن، و هەم سزای بدەن و، ئەگەر پێویست بکات، بەرپرس وفەرماندەییەکانی دەستگیر یان لەناویان ببەن.
مایکڵ ڕوبین بەڕێوەبەری شیکاری سیاسەتە لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توێژەری باڵایە لە پەیمانگای ئەمریکی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست