بانگەوازی ئاشبەتاڵێکی درەنگکەوتوو
Thursday, 06/03/2025, 15:58
بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان کوشندەترین چەکی نەرم بوو تورکیا نای بە پەکەکەوە.
رێبەر بە هەر لایەکدا بفڕێت مورید بەو لایەدا ئەقڵی خوار دەبێتەوە
بە ماوەیەکی کورت پێش کۆدەتای سەربازیی لە (9 / 1980)دا، عەبدوڵا ئۆجەلان هەڵ هات بۆ سوریا. ئەو کات سوریا ناکۆک بوو لەگەڵ تورکیادا لەسەر بە لایەنی کەمەوە کێشەی زەوی و ئاو. یەکەم، سوریا هەرگیز دانی نە نابوو بە ناوچەی هاتایدا (ئەسکەندەرون) کە فەرەنسییەکان پێش جەنگی جیهانیی دووەم خستیانە سەر تورکیا. دووەم، تورکیا لە ریگای بەربەستی ئاوەوە دەستی گرتبوو بە سەر ئاوی فوراتدا کە شادەمارێکی گرنگی سوریای خستبووە دەستی خۆیەوە. بۆیە سوریا دەرگای بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان خستە سەر پشت بۆ ئەوەی لە ژێر باڵی سوریادا جوڵانەوەیەکی چەکداریی لە باکوری کوردستاندا دژ بە تورکیا بخاتە گەڕ. عەبدوڵا ئۆجەلان لە سوریاوە دروشمی سەربەخۆیی کوردی بەرز کردەوە. بەم دروشمانەش پێناسەیەکی سیاسیی بۆ خۆی دەست نیشان کرد هەم لە کوردستاندا و هەم لە دەرەوەش. بە پێچەوانەی پارتە کوردییەکانی عێراقەوە کە لەم دواییەدا پرسی کوردیان کردبوو بە کێشەی چادر و سواڵ، پەکەکە ناسنامەیەکی سیاسیی هەبوو. لە میدیای ئەوروپییدا ناو دەبرا بەو پارتە جیاخوازەی کە دەیەوێت دەوڵەتی کوردیی پێک بهێنێت.دروستکردنی بزاڤی چەکداریی لە ژێر سایەی وڵاتێکی داگیرکەر و دوژمنی کورددا لە مێژووی کورددا روداوێکی دانسخە نە بوو. پێشتر ئێران دەرگای کردبۆوە بۆ جوڵانەوە چەکدارییەکەی مەلا مستەفا لە عێراقدا و لە رێگای مەلا مستەفاوە شای ئێران ساڵی 1975 ئاشبەتاڵی بە جوڵانەوە چەکدارییەکە کرد بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆی، کوردیش شکست و ناهەمواریی بۆ مایەوە. دەستەڵاتی شۆڤێنیی سوریا رەگەزنامەشی نە دەدا بە کوردی وڵاتەکەی خۆی و قبووڵی نە دەکرد کورد لە وڵاتێکی تریشدا کیانی هەبێت. ئەی ئایا چی گەرەنتی بوو بۆ ئەم دەستەڵاتە شۆڤینییە بۆ ئەوەی پەکەکەی لە دەست دەر نەچێت کە بانگەشەی سەربەخۆیی کوردی دەکرد؟ ئایا ئەو دروشم و بانگەشانەی پەکەکە بۆ سەربەخۆیی موراڵی سیاسیی بوون یان هەر هزراندنی کێشەی کورد؟ ئەوەی وەڵامی راستی ئەم پرسیارە دەداتەوە روداو و مێژووە.
دوای 14 ساڵ شەڕی چەکداریی پەکەکە لە باکوری کوردستاندا، باس دەکرا کە نزیکەی 30هەزار کەس کوژرابێت و هەزارەها گوند وێران بووبێت. بەڵام سوریا بە فشاری بزاڤی پەکەکە نەیتوانی تورکیا را بکێشێت بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و مەرجی سیاسیی خۆی بخاتە سەر تورکیا وەکو ئەوەی کە شای ئێران لەگەڵ سەددام حسەین لە سەر حسابی جوڵانەوەی کورد کردی. تورکیای ئەندامی ناتۆ بەهێزتر بوو لە سوریای بێپشت لە دوای هەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە مانگی دوانزەی ساڵی (1991)دا کە بو بە 15 دەوڵەتی تازە. هەروەها تورکیا سیاسەتی "کوردبەکورد"ی پیادە دەکرد. تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەوتبوونە یەکخستنی پارتی و یەکێتی. ئەم دو هێزە لە مانگی (5)ی ساڵی (1994)ەوە لە شەڕی یەکترییدا بوون. تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناوبژییان دەکردن بۆ ئەوەی بە تایبەت پارتی، دەستیان بەتاڵ ببێت بۆ شەڕی دژی پەکەکە.
بۆ نمونە پارتی دیموکراتی کوردستانی بارزانی لە مانگی (3)ی ساڵی 1995 و لە 14/ 05 / 1997 و لە مانگی (10)ی ساڵی 1997 و لە مانگی (5)ی ساڵی (1998)دا لەگەڵ سوپای تورکیادا بەشدار بوو بۆ لێدانی هێزەکانی پەکەکە. رۆژی ((17 / 09 / 1998))یش سەرۆکانی یەکێتی و پارتی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بە ئامادەیی نوێنەری ئەمەریکیی داڤید ویلچ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رێکەوتنێکیان پێ مۆر کرا کە تیایدا جەختیان لەسەر یەکێتی خاکی عێراق کرد و بە بێ هیچ دودڵییەک رەزامەندییان نواند بەرانبەر بە سنوری خاکی عێراق و گفتیان دا کە رێگا لە پێشێلکردنی ئەو سنورە بگرن لە لایەن تیڕۆڕیستان و هەر کەسێکی دیکەوە کە بکرێت . کاتێکیش رێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان گیرا، وەزیری دادی حکومەتی هەرێم نامەیەکی بە ساڵڕۆژی11 / 12 / 1998 گەیاند بە وەزیری دادی ئیتالیی کە تیایدا پەکەکەی تاوانبار کردبوو بە تیڕۆڕ، وێرانکاریی، فڕاندن و ئازاردانی خەڵکی موڵکیی .
رێکەوتنی تورکیا و سوریا
تورکیا پێشتر سوپای لە سەر سنور بەرانبەر بە سوریا ئامادە کردبوو. رۆژی (06 / 10 / 1998)یش هەڕەشەی بەرانبەر بە سوریا را گەیاند. لە ئەنجامدا لە رێکەوتنی نێوان هەردوو وڵاتدا تورکیا و سوریا رۆژی 21 / 10 / 1998 دەر کەوت کە سوریا دەبێت دەست لە پەکەکە هەڵ بگرێت و سەرۆکەکەی لە وڵات دەر بکات. حەوت رۆژ دوای ئەو هەڕەشەیە دەنگوباس بڵاو بووەوە کە عەبدوڵا ئۆجەلان سوریای بەجێ هێشتووە بەرەو روسیا. ئەو کاتە ساڵی 1999 لە گۆڤاری "کۆنتراکت"دا نوسیم: "ساڵی 1979 عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ دەستپێکردنی جوڵانەوەیەکی چەکداریی لە دەرگای تورکیاوە چوە ناو سوریاوە. پاش 19 ساڵ بۆ کوژانەوەی هەمان جوڵانەوە لە دەرگای روسیاوە لە سوریا دەر کرایە دەرەوە. ئایا جوڵانەوەیەک بە پشتگیریی سوریا دەستی پێ کردبێت بە هەوڵی تورکیا دەتوانرێت بکوژێتەوە؟"
پرسی کورد چی بەسەر هات؟
جەمیل بایک ئێستا باس دەکات کە بە گوزارشتی ئەو رێبەر ئاپۆ وتوویەتی: "ئەز لە کەناری کەوتندا بووم. بۆ ئەوەی نەکەوم ئەز فڕیم."
جەمیل بایک هەروەها پەکەکە و جەماوری کوردی بێ ماف و بێ مەرج بە هەموو وەڵامێکی رێبەر رازین. لێ جێگای پرسیار بوو لە چی فڕی و بۆ کوێ فڕی لە کاتێکدا کە لای خۆیەوە بە چەندەها گریلا دەنێردران بۆ کێوەکانی کوردستان بۆ خەباتی سەربەخۆیی؟
هەمان کات ساڵی 1999 نوسیم: "ئۆجەلان کە باشوری کوردستان نزیکترین شوێن بوو لێوەی، زۆر دور بوو رو بکاتە ئەوێ." دیارە روکردنە کێوەکانی کوردستان و چوونە ناو گریلاکانی خۆی تەواو رەوشێکی دی دەخوڵقاند.
ئۆجەلان پشت دەکاتە گریلاکانی
ئەوە سەردێڕی هەندێک لە میدیاکان بوو. دوای ماوەیەک رۆژی 12 / 11 / 1998عەبدوڵا ئۆجەلان لە فڕۆکەخانەی ئیتالیا گیرا. تورکیا داوای لە ئیتالیا کرد کە عەبدوڵا ئۆجەلان را دەستی تورکیا بکاتەوە. بەڵام ئیتالیا رۆژی 28 / 11 / 1998داواکەی تورکیای رەد کردەوە.
رۆژی 01 / 12 / 1998سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا لە پرۆگرامێکی رادیۆدا ئۆجەلانی بە تێڕۆڕیست ناو برد و رونی کردەوە کە ئێستا دەچێتە ژورەوە بۆ ئەوەی دادگایەک پێک بهێنێت بۆ ئەوەی لەو تۆمەتبارییانە بکۆڵێتەوە کە لەسەر ئۆجەلان هەن. سەرۆکوەزیران وتی:
"ئێمە پێویستە لە هەموو توانایەک بکۆڵینەوە بۆ ئەوەی دادگاکەی ئۆجەلان دادپەروەرانە بێت، دوپاتی دەکەمەوە دادگایەکی دادپەروەرانە ."
عەبدوڵا ئۆجەلانیش رۆژی 07 / 12 / 1998لە رۆژنامەی "ستامپا"ی ئیتالییدا دوپاتی کردەوە کە ئامادەیە لە بەردەمی دادگایەکی جیهانییدا بوەستێت. ئەوەشی خستە سەر کە چ تورکیا و چ ئەو وڵاتانەی کە بە چەک یارمەتی تورکیایان داوە، لە پێش هەموویاندا ئەڵمانیا، دەبێت را بکێشرێنە بەردەمی دادگا. ئۆجەلان وتبووی با ئەوسا بزانین کێ تاوانبارە ئێمە یان تورکیا؟
دوای 12 رۆژ تێپەڕبوون بە سەر دادگا دادپەروەرەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیادا، رۆژی 13 / 12 / 1998 بە گوێرەی تەلەڤیزیۆنی سویدیی عەبدوڵا ئۆجەلان لە تەلەفیزیۆنی (مێد تێ ڤێ)دا پێشمەرگەکانی خۆی بە پیاوکوژ چواند، وای دەر بڕی کە ئەوە 15 ساڵە بە قسەی ئەو ناڕۆن بە ڕێووە و ئەگەر خۆیان نەگۆڕن ئەم واز لە سەرکردەیی دەهێنێت. هەروەها بە گوێرەی رۆژنامەی داگنس نیهێتەری سویدیی رۆژی 15 / 12 / 1998 ئۆجەلان لە تەلەفونیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (مێد تێ ڤێ) بە پێشمەرگەکانی را دەگەیەنێت کە چەک دا بنێن و هەر چییەک لە توانایاندایە بیکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بدۆزنەوە بۆ شەڕەکە.
بۆ رۆژی دوایی 14 / 12 / 1998 تێکستی تەلەفیزیۆنی سویدیی نوسی ئەمڕۆ هەشت هەزار کورد بۆ پشتگیریی لە ئۆجەلان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و چەند ناڕەزاییەکی دی لەو بابەتە دەستی پێ کردووە.
رادەستکردنەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان
ئۆجەلان لە لایەن ئەڵمانیاوە داوالەسەرکراو بوو . بەڵام ئەڵمانیا رەدی کردەوە عەبدوڵا ئۆجەلان وەر بگرێت و دادگایی بکات. لام وایە بە وەرگرتنی و دادگاییکردنی کێشەکە پێگەیەکی سیاسیی وەر دەگرت و بە هۆی فشاری کوردەوە دادگاییەکە لە دەستیاندا ئاڵۆز دەبوو. تورکیا و ئەوروپاش ئەمەیان نە دەویست. ئەمەش نیشانەیەک بوو بۆ ئەوەی کە کێشەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان چوە خانەی را دەستکردنەوەیەوە بە تورکیا بەڵام لە کوێ؟
رۆژی 16 / 01 / 1999 ئیتالیا رای گەیاند کە عەبدوڵا ئۆجەلان ئەوێی بەجێ هێشتووە. رۆژی 15 / 02 / 1999 عەبدوڵا ئۆجەلان لە نەیرۆبی پایتەختی کینیا بە پیلانێک گیرا و خرایە فڕۆکەی تورکییەوە بەرەو تورکیا. کاتێک چاوی لە ناو فڕۆکەکەدا کردەوە لە ناو دەستی دوژمنە سەرسەختەکەیدا بوو. دیار بوو کە هێشتا بەنج بەری نە دابوو وتی: "من تورکیا و گەلی تورکییم خۆش دەوێت. دەمەوێت خزمەتیان بکەم. خۆشحاڵ دەبم بە خزمەتکردنیان."
بەڵام ئایا ئۆجەلانێک کە گەورەترین تاوانبار بێت لای تورکیا و بەندی تورکیا خۆشی بێت دەتوانێت چ خزمەتێک بکات بە تورکیا جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەوەی کە خۆی دروستی کرد و هەر بە خۆشی بڕوخێت؟
بڵند ئەجەویدی سەرۆکوەزیرانی ئەوسای تورکیا دەربارەی گرتنی عەبدوڵا ئۆجەلان وتی: "هەموو لایەک دەبێت لەوە تێ بگات کە کەس ناتوانێت بەرانبەر بە دەوڵەتەکەمان بوەستێتەوە و کەس بە تیڕۆڕی جیاخوازیی ناتوانێت بە هیچ بگات لە تورکیا." هەروەها وتی: "ئێمە بەڵێنی ئەوەمان دابوو کە حکومەت عەبدوڵا ئۆجەلان بگرێت، وا گفتەکەی خۆمان بردە سەر."
ئەو کات ساڵی 1999 دەربارەی لەناوبردن و لەناونەبردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە لایەن تورکیاوە، نوسیم کە یەکێک لە سودەکانی لەدارنەدانی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ تورکیا ئەوەیە کە تورکیا دەتوانێت بە هاریکارییکردن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا وەکو ئۆجەلان خۆی دەڵێت، مەسەلەکە ببڕێنێتەوە. بەڵام تورکیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا کێشەکەی نە بڕانەوە و حوکمی لەناوبردنیشی بۆ دەر نە کرد. بە درێژایی ئەو ساڵانەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە بەندیخانەدا بووە و پەکەکەش لە خەباتی خۆیدا دژی تورکیا، جێگای پرسیار بووە لای من کە ئایا تورکیا عەبدوڵا ئۆجەلانی بۆ کەی هەڵ گرتووە؟
کاردانەوەی پەکەکە
دوای ئەوەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان سوریای بە جێ هێشت و لە ئیتالیا بێبەرێتیی خۆی بەرانبەر جەنگاوەرەکانی را گەیاند، رۆژنامەنوسێکی سویدیی لە وتارێکدا نوسی کە با بزانن ئایا کوردەکان هەڵوێستەکەی ئۆجەلان بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن یان نا؟ دیارە لە دیموکراتییدا هەر کەسێک خەتای کرد یان لە ئەرکێک لای دا ئاسایی دەیخەنە ژێر لێپرسینەوە و سزادانی خۆی. بەڵام لە ناو دواکەوتوویی کورددا دەستەڵاتدار هیچ مەرجێکی لەسەر نیە. رێبەر بە هەر لایەکدا هەڵ بفڕێت حیزب ئەقڵی بەو لایەدا خوار دەبێتەوە. ئێمە لە گۆڤاری کۆنتراکت کە دروشمێکی سەرەکییمان ئەوەبوو کە "هەر دەستەڵاتێک لە گفتەکانی خۆی لای دا دەبێت لا ببرێت" تێگەشتنمان نە بوو و نیە بۆ ئەوەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان دوای لادان و هەروەها لە بەندیخانەی تورکەوە رێبەرێکی پرسی کورد بێت. پەکەکەش کە خۆی کردووە بە لەش و عەبدوڵا ئۆجەلان بە سەری، ناتوانێت دیموکرات بێت.
ئۆجەلان خەڵکە و خەڵک ئۆجەلان
عەبدوڵا ئۆجەلان کە گیرا سەرکردەیەک نە بوو کە رای بگەیەنێت مادام ئەو بەندە ئیتر هیچ پەیوەندییەکی نیە بە هیچ بڕیارێکی سیاسیی و بزافی پەکەکەوە. لێ بگەڕێت پەکەکە و بزاڤ خۆیان بڕیاری چارەنوسی خۆیان بدەن و چارەنوسی خۆی نەبێت بە خاڵی لاواز بۆ پارت و بزاڤەکەی. لە هەمان کاتدا پەکەکەش بەیانێکی دەر نە کرد کە رای بگەیەنێت لەوەو دوا لەبەر ئەوەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان بەندە لای دوژمنەکەیان، ئیتر پەکەکە سەربەستە لێی هەتا ئەو رۆژەی ئازاد دەبێت. بە پێچەوانەوە، دوای گرتنی ئۆجەلان بە پێی قسەی جەمیل بایک 80 کەس خۆی بۆ بەربوونی رێبەر کوشت، لەوانە 50 کەسیان خۆی سوتاند کە ژمارەیەکیان ئافرەت بوون. ئەمە بە بێ ئەوەی نە رێبەر نە پارت رێگا لەم قوربانییە بێ هودەیە بگرن. لە ستۆکهۆڵم خۆپیشاندانێک رێکخرا کە میدیاکانی سوید رایان گەیاند کە لە دوای ڤێتنامەوە خۆپیشاندانی ئاوا گەورە نە کراوە. بەڵام دروشمەکانی خۆپیشاندانەکە کەسێتیی ئۆجەلانی کردبوو بە پرسی یەکەم نەک پرسی کورد. هاوار دەکرا: "ئۆجەلان خەڵکە و خەڵکیش ئۆجەلان." هێتلەریش کاتی خۆی ئەمە دروشمی بوو. ئەوروپییەکان کارەساتی جەنگی جیهانیی دووەمیان بەم دروشمەوە بینی بوو. بەم دروشمە درزێکیان نەهێشتەوە هیچ ئایدیایەکی دی هەناسەی تیادا بدات. چالاکییەکان بەردەوامیی پێ درا و ژمارەیەک لە ناسراوانی سویدیی دەهاتن بۆ مەیدانەکان. بەڵام چالاکییەکان هەر لە سەر ئۆجەلان خەست کرایەوە کە بو بە هۆی تەکانەوەی پشتگیرییەکان.چەکێکی سیاسیی لە ناو دەستی تورکیادا
لەگەڵ نەمانی سەردەمی سوریای عەبدوڵا ئۆجەلاندا دروشمەکانی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردییش کۆتاییان پێ هات و لە بەندیخانەی تورکیادا دروشمی گونجاو لەگەڵ رەوشی تازەی عەبدوڵا ئۆجەلان جێگایان گرتنەوە. لەوانە: "دەوڵەت نەتەوە شکستی هێناوە"، "گەلانی دیموکرات"، "ئیدارەی خۆسەریی"، "مۆدێرنیتەی دیموکراتیی لە جیاتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی"، دیموکراتیی و ئاشتیی، هتد. سیاسەتەکەیان لە زماندا بەو شێوەیە تیشکی دایەوە کە خۆیان پاراست لە زمانی یەکگرتووی کوردیی و با هەر کەس شێوە زمانی خۆی بە کار بهێنێت، سۆرانی، هەورامی، زازایی، کرمانجیی، لوڕیی هتد. ئەمەش لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا دەهاتەوە کە لە باشوریش لە جیاتی سیاسەتی یاسا و دەزگای دەوڵەتیی، پارتەکانی باشور کەوتنە ژیانەوەی چالاکیی خێڵ و دامەزراندنەوەی کوێخا و دیوەخان شانبەشانی پیسخۆریی.ئەم گۆڕانی دروشمانە لە لایەن رێبەرەوە هیچ پرسیارێکی دروست نە کرد نە لە لای پەکەکە و نە لە لای جەماوەری کورد. ئەی ئەو هەموو شەهید و خەباتە لە پێناوی چییدا بوو؟ (ئەم دیاردەیەش هەر پەیوەندیی بە پەکەکەوە نیە. لە بنەڕەتدا کولتورییە کە کورد گەلێکی بێ کۆنتراکتە، مەرجی لەسەر دەستەڵاتەکەی نیە.)
پەکەکە ئاسایی هزراندنەکانی عەبدوڵا ئۆجەلانی کرد بە باوەڕ: ئاپۆیی. دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" لە مەشق، مەیدانی شەڕ و خۆپیشانداندا وێردی سەر دەمە. پەروەردە تا ڕادەیەکی زۆر توانەوەیە لە ئاپۆییدا. بە گوێرەی جەمیل بایک ئەوەی دەبێت بە پەکەکە با هیچ شتێکی خۆی نەهێنێتە ناو پەکەکەوە. لە پەکەکەدا رێکەوتن نیە لە نێوانی ئەندام و پارتدا. ئەندامی پەکەکە دەبێت ئیرادەی خۆی تەسلیم بکات بە پەکەکە کە ناوەڕۆکەکەی ئاپۆییە. ئەوەی پەکەکە و سەرکردایەتیی (واتە ئاپۆ) لە یەکتریی جودا دەکاتەوە لە پەکەکە تێ نە گەشتووە و خەتا دەکات .
لێرەوە تێ دەگەین کە پەکەکە و رێبەرەکەیان وەکو لەش و سەر وان. سەریش ئەوەتا لە ناو دەستی تورکیای دوژمندا. لە ئەنجامی ئەم رێڕەوە مێژووییەشدا هەم رەوشی عەبدوڵا ئۆجەلان لە بەندیخانەدا دژوار بووە هەم بوونی پەکەکە و بزاڤەکەیان کەوتۆتە مەترسییەوە. چونکە ئەگەر هەر لە سەرەتاوە پەکەکە سەربەستیی خۆی وەر بگرتایە لە عەبدوڵا ئۆجەلان، ئێستا دەستەڵاتی تورکیا چەکی ئۆجەلانی لە دەستدا نە دەبوو. بۆ هەر گۆڕانکارییەکییش دەبوو لەگەڵ قەندیل بدوێت.
ئێستا ئەمەریکا و ئەوروپا رێگرن لە بەردەمی تورکیادا بۆ ئەوەی وەکو خۆی هەڕەشەی دەکرد، کوردان بە چەکەکانیانەوە بخاتە ناو چاڵەوە. بۆیە هەلومەرجەکە وا کەوتۆتەوە کە تورکیا پەنا بەرێت بۆ چەکی سیاسیی بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی. دوای26 ساڵ بەندکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، کاتی ئەوە هاتووە کە بەوە خزمەتی تورکیای پێ بکات کە پەکەکە، ئەوەی خۆی دروستی کرد هەڵی بوەشێنێتەوە. بۆیە ئەو بانگەوازەی کە جەماوەرێکی زۆری کورد بە هەوای خۆیان دەیهزرێنن، پەیام نیە. بەڵکو بانگەوازی ئاشبەتاڵێکی درەنگکەوتووە. کوشندەترین چەکی نەرمە دەستەڵاتی تورکیا دەینێت بە پەکەکەوە. ساڵی (1991)یش کاتێک کێشەی کورد لە باشورەوە بو بە جیهانیی، سەرکردەی پارتەکانی باشوریان نارد بۆ لای بۆ ماچکردنی سەددام حسەین و پشتگیریی جیهانییان پێ کوژاندنەوە.
ناوەڕۆکی بانگەوازەکە تەنها یەک شتە. ئەویش ئەوەیە کە پەکەکە چەک دا بنێت و خۆی هەڵ بوەشێنێتەوە. تورکیاش هەر ئەمەی دەوێت لە پەکەکە. ئاشتیش لێرەدا دو واتای هەیە. یەکەم، ئاشتیی تورکیی کە بریتیە لە نەمانی بە قسەی خۆیان تیڕۆڕیزم، واتە نەمانی پەکەکە. دووەم، ئاشتی کوردیی کە گوێزێکی پوچە و بە خەیاڵ دای دەگرنەوە.
پەکەکە پێش ئەوەی ئەم پەتە لە ملیدا تونگ ببێت پێویستە خەنجەر لە دڵی خۆی بدات و سەربەستیی خۆی لە عەبدوڵا ئۆجەلان را بگەیەنێت. بە شێوەیەک کە پەکەکە خۆی نەخاتە داوی ئەم سەوداکارییەوە. لەبەر ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان بەندە لە لای لایەنی خەنیم، پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ بڕیار و بۆچوونێکی ئەوەوە نەبێت. پەکەکە بەرپرسیاربێت تەنها لەو سیاسەت و بڕیارانەی کە خۆیان سەرچاوەی دەبن. دەستەڵاتی تورکیا ئەگەر قسەی هەیە دەربارەی ئاشتیی و کێشەی کورد با راستەوخۆ شاندی حکومەتی خۆی بنێرێت بۆ لای ئەوان!
گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا پەکەکە لە دەرەوەی ئاپۆیی توانایەکی تری پێیە کە رێگایەکی دی پێ بگرێت جیاواز لەوەی کە رێبەرەکەی لە ناو دەستی تورکیادا بڕیاری داوە پەکەکە کۆنگرە بگرێت، بڕیار بدات چەک دا بنێت و خۆشی هەڵ بوەشێنێتەوە؟ بڕیارێک کە لەوە دەچێت بە فویەک قەڵایەک بڕوخێت.
سەرچاوەکان:
1- ژمارە: ٢٥، ٢ــ٣/٠٣/١٩٩٩، گۆڤاری تێمپوسی سویدیی Tempus
2- زاراوەی "کوردبەکورد"م دا ناوە بۆ سیاسەتی بەکوشتدانی کورد بە کورد خۆی لە لایەن دوژمنەوە.
3- ناسر حەفید، هەواڵەکان چی دەگەیەنن، گۆڤاری کۆنتراکت، ژمارە ٤، ١٩٩٩.
4- دەقی نامەکەی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم لە ژمارە (٤)ی گۆڤاری "کۆنتراکت"دا بڵاو کراوەتەوە.
5- تێکستی تەلەفیزیۆنی سویدیی، کەناڵ ٤، رۆژی ٠١/١٢/١٩٩٨
6- پەکەکە ئەو سەردەمە لە ئەوروپا چەند کەسێکی کوشت. لەوانە دو کەس لە سوید ساڵی ١٩٨٦. یەکێکیان لە سەنتەری ئۆپسالە و ئەوی دی کە ناوی سەمیر بوو لە ناو ئاهەنگێکی کوردییدا لە ستۆکهۆڵم.
7- هەڤاڵ جومعە، مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان، بڵاوکراوەی قوتابخانەی ناوەندی پارتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست
کۆمێنت
Sunday, 16/03/2025, 20:04 سا
سلاو و ريز
دروشمى ئوجه لان گه له و گه ل ئوجه لأنه ناتوانيت له و كات و ساته دا هه له
بووبيت به لام باشتر ئه وه بوو كه ئه م دروشمه بگوردرايت ٫به گه ل خوازيارى
ئاشتى له گه ل كورد و ئازادى ئوجه لأنه•
ئه وه يشمان له بير نه چيت كه ئوجه لان زيندووكه ره وه ى باكوورى كوردستانه
به ريز و حورمه ته وه
Sunday, 09/03/2025, 12:45 تیشک
کە پاییز باوەشی کرد بە جەستەی داردا، گەڵا ئێرەیی پێ برد و وەری
Friday, 07/03/2025, 22:53 Nawroz
Dast xosh zor gwana Nosinakat kal Sardar Hama rash , nmonat zarbiytt. Haworet , Nawroz
Friday, 07/03/2025, 10:55 محمد سابیر..
دەستخۆش کاک ناسر، هەم لە پرسگەلێک گرنگتداوە و، هەم زانیاریگەلێک سوودبەخش..
Friday, 07/03/2025, 9:09 ناسر
زۆر سوپاس کاک ناسر سافاری بۆ دەستنیشانکردنی ئەو هەڵەیە. راستە ویلایەتە یەکگرتووەکانە نە وڵاتە یەکگرتووەکان. راست دەکرێتەوە. رێزم.
Friday, 07/03/2025, 3:32 عەلی
یەکەتیش شەڕی پەکەکەی کرد بۆ باسی ناکەی؟
Friday, 07/03/2025, 0:18 Nasir Safari
دەست خۆش بۆ ئەم نوسینەت.
هەڵەیەکم لە نوسینەکەت بینی کە نوسراوە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا. ڕاستەکەی ویلایەتە یەکگرتوەکانە نەک وڵاتە یەک گرتوەکان. وڵاتە یەکگرتوەکان دەبێتە ڕێکخراوی یۆ ئێن کە کورتکراوەی وڵاتە یەکگرتوەکانە بە کوردی.
----------------------------------------
کوردستانپۆست: سوپاس کاک (Nasir Safari)، ئەو هەڵەیەی لە نووسینەکەدا ئاماژەتان پێی داوە، راستمان کردەوە.