گەڵاکان وەک فرمێسکی زەرد هەڵدەوەرێن
Friday, 11/04/2025, 11:47
کات بۆ منیش خەریکە نامێنێت
ژیان برینەکانی لەسەر سەروچاوم بەجێهێشتووە
هەرچەندە جەستەم پیر دەبێت
ڕۆحم هەمیشە گەنج دەمێنێتەوە
دەزانی بۆ....!؟
ئەو ڕۆژ دێت
کە منیش لە پردەکە بپەڕمەوە
ئەم ژیانە بەجێدەهێڵم
دەشزانم
ڕێگەم کوێرەو بەندەریشم کە بزرە
بەپێ خۆم دەچمە ناو تابووتی خۆمەوە
لەوکاتەدا
خەڵک لەوڕێنەکردن بوونەتەوە
........
دێتە یادت کەپێت ووتم
دەتەوێت تۆ
لەوەرزی بەهاردا
بەدووقۆڵی
لەناو خونچەی گوڵی چوالەکاندا
دەستمبگری وپیاسەبکەین
وردەباران
وەک نانی تیری تەڕمانکات
.......
لەزستاندا
بەناو بەفردا ڕێبکەین و
سەردەمی پشێوی جێبهێڵین و
کلووی بەفر ، بێتە چەتری
ئارامی ڕێگەمانو
بەو ئەوینە محاڵە بین
بەشەهیدی عەشق و خەیاڵ
....
لە پایزدا
بەسەر گەڵا وەریوەکاندا
ڕێبکەین و
لەبیری کەین ، کەبۆ مردن لەدایک بووین
.......
ئای لەهاوین
چۆن دایبڕین....!؟
من لەژێر هەتاوە گەرمەکەدا ڕێگەم دەبڕی و
تۆش لەحەوشی ماڵەکەتان
لەژێر کەپری مێوەکەدا
لەتەنیشتی حەوزە پڕقەوزەکەی ژیان
سەری خۆت خستە ناو لەپی دەستەوەو
بۆ دابڕان فرمێسکت ڕشت
.......
من پێم ووتی
عەشقەکەمان بخەنە ناو چا لە جێی شەکر
کە تاریک بوو
سەیری ئەستێرەکان بکە
خۆت ڕابێنە، بەو ماچانەی کە با پێت دەبەخشێت
تۆ دەزانی ڕۆژگارێک دێت،
با .... ناونیشانێکێکت دەداتێ
با.... پێت دەڵێت
ماڵەکەم وا بەکۆڵی ڕێگەوبانەوە
با ....دەزانێ لەکوێ هەوارم هەڵداوە
پشتت ببەستە بەو با.... یەی لەگۆیژەوە
دێتە ماڵتان
......
تۆ پێت ووتم توخوا مەڕۆ
تا سەر با نەخشەی سەرگەردانیدا
پەرش وبڵاو نەبیتەوە
دوای ئەو ئازارانە مەکەوە
لەدەربڕینی زەبوونانە
باڵاترن.....
منیش ووتم
تۆ بینیوتە پڵنگ ،خزمەتی سەک بکات ؟
لەوکاتەدا
نەمن ئاوڕم لێدایتەوە
نەتۆش لەدرزی دەگاکەوە نیگادکردم
ئێوارەبوو تاریکی بەپرتاوهات و
بەرگی ڕەشی بەشار بەخشی
باران ئیتر بەتاو دایکرد
تا شاروسڵی دەردەکات
تاپاک ببێتەوە لەگوناح و چاوی داخات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست