وەبەرهێنان و هەرەسپێهێنان
Tuesday, 08/04/2025, 19:22
وەبەرهێنان، پێش هەموو شتێ وەبەرهێنانی مرۆییە، واتا پێش دروستکردنی بینا بەرزەکان، بنیاتنانی مرۆڤەکانە، ئاشنابوون و ئاشتبوونەوە و برایەتیی و ڕێزلێنانە لە تاک بە تاکی کۆمەڵگا.
بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، کاتێ ڕەگەزنامە ئەدەن بە کەسێک، سڵاوێکی سەربازیی فەرمیی بۆ دەکەن و پێی دەڵێن: ئیتر تۆ ئەڵمانیت و هەموو مافێکت هەیه.
ئەوەیە وەبەرهێنانی مرۆڤ، متمانە و ڕێز و وەفا و خۆشەویستی و ئینتیمای تێدا بڕوێنیت. کاتێ سەرۆک وەزیرانی فینلەندا تەواوی خوێندنگا پریڤەیتەکان دادەخات، ئەڵێ : نامەوێ دووبەرەکیی لە نێوان هاووڵاتیەکانمدا دروست بێ، پێویستە هەمووان لە یەک جۆر خوێندن سودمەند بن، خوێندنی حکومیی. ئەمەیە دڵدانەوە و یەکێتی نیشتمانیی و ئاشتکردنەوەی دڵی هەژار و کەمدەستانی کۆمەڵگا. ئەمەیه چیرۆکی عەشقی نێوان دەسەڵات و گەل، ئەو عەشقەی کە ئەبێتە هەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و گەشانەوە و پێشکەوتن و هێمنیی و ئارامیی و یەکسانیی.
واتا یەکەم بەها لە وەبەرهێناندا، بنیاتنانەوەی مرۆڤەکانە، ئەوانەی کە زریانیی بێ کاریی و بێ هیوایی و سەرهەڵگرتن و خەمۆکیی ڕایماڵیون. لێکترازان و بێ متمانەیی هاڕیونی، دڵیان بە هیچ شتێکی نیشتمان خۆش نییە و وەک دیلێک بە ڕێ و بانەکانیدا دێن و ئەچن.
چیخۆف ئەڵێ :
هیچ کاتێ نەمزانیوە تێکشکانی مرۆڤ ئەوەندە قورسە بە جۆرێک وا دەکات مرۆڤ بەزەیی بە خۆیدا بێتەوە ..
تەماشای پلیشانەوەی خۆی بکات وەک ئەوەی تەماشای شتێک بکات کە پەیوەندی بە خۆیەوە نەبێ ..
تەنانەت مافی تووڕە بوون بە خۆی نەدات لە بەرامبەر ئەو ورد و خاشبونەی خۆی و خەونەکانی .
لە هەمان کاتدا ، بە تەواوەتیی لە بەرامبەرەکەی نائۆمێد بێ ..واتا نائومێد بێ لە لاوازبوون و کۆڵدانی ئەو لە تێکشکانی ئەم ، هەروەها نائومێد بێ لەو ڕۆژەی کە تیایدا ئەو باری سەرنجی ئەگۆڕێ و واز لە تێکشکاندنی ئەم ئەهێنێ ..
ئێ تۆ هەڵئەستیت پڕۆژەی نیشتەجێی مۆدێرن بە ملیارەها دۆلار دروست ئەکەیت، مۆڵ و تاوەری سەرسوڕهێن ئەبەیت بە ئاسمانا، له خۆت ناپرسیت ئەم شوێنە فراوانانە کێی تێدا نیشتەجێ بێ؟ سەدان هەزاری لاوی خاوەن بڕوانامەو لات و بێکار و،بێهیوا کە لە چایخانە سەفەرییەکاندا چا و جگەرەی هەرزان بەبا ئەکەن، چۆن ئەتوانن لەو پڕۆژانەی ناوت لێناون وەبەرهێنان، نزیک ببنەوە؟ ئایا ئەم جۆرە تاوەر و ڤێلا و پڕۆژانە چ شتێک لە ژیانی لاوانی نیشتمان ئەگۆڕن بێجگە لە زیاد بوونی ڕق و کینە و نەفرەت بەرامبەر پڕۆژە و وەبەرهێنان و وەبەرهێنەر؟
کاتێ لاوە ڕۆشنبیرە هەناسەساردەکان ئەبینن بە پۆل کەسانی پارەداری بێگانە دێنە نیشتمانەکەیان و لەو ڤێلا و تاوەر و پڕۆژانەدا نیشتەجێ ئەبن، یەکسەر هەست ئەکەن ئەمان مێش و مەگەز و تەنی زیادەن لەو خاکەدا، ئەمە دۆخێکە پێی ئەووترێت فرۆشتنی نیشتمان بە ئامادەکراویی یان لە گۆڕنانی خەڵکی ڕەسەن و هۆشمەند و خاوەن بڕوانامە، به زیندوویی.
جێی باسە لەو کۆمەڵگایانەی کاڵفام و چاوچنۆکەکان دەستیان بەسەر داهات و داهاتووی خەڵکەکەدا گرتووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تاوەر بەرز ئەبێتەوە و پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاهانە زاوزێ ئەکات، لە بەرامبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ هاوڵاتی بچوکتر ئەبێتەوە و بەها نەتەوایەتییەکان ئەتوێنەوە،بڕوانامە و زانست و هونەر و داهێنان بێ نرخ و پشتگوێ ئەخرێن ، بێحورمەتیی و سوکایەتییان پێ دەکرێ، دەستی دەستی و ئەشکەنجە ئەدرێن، بەری ڕەنج و شەونخونیی زانا و داناکانی بە هیچ و بێ بایەخ تەماشا دەکرێن و هەر کەسێک بڕێک پارە و پلە و پۆستی هەبێ، بێ چەند و چون بڕوانامەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆری پێ دەبەخشرێ و کام کۆلێجە پێی خۆشە، لێی مارە ئەکرێ یان لەبەر پێیدا سەرئەبڕرێ، ئەمەیش دژایەتیی و دوژمنایەتیی نێوان دەسەڵات و میللەت زیاتر ئەکات، لەو کاتەدا لە جیاتی دەسەڵاتداران بگەڕێنەوە بۆ ناو حەشاماتێکی ڕۆشنبیری دڵشکاو و نائومێد و هەژار، ئاشتیان بکەنەوە و ماڵ و مافە دزراوەکانیان بدەنەوە و بە خۆیاندا بچنەوە و دەروازەکانی کار و داهێنان و گەشەسەندن لە ڕوویاندا بکەنەوە، ژمارەی پۆلیس و پاسەوانە تایبەتییەکانی خۆیان زیاد دەکەن، لە هەمان کاتدا نرخی پڕۆژە تازەکانیان بەرزتر ئەکەنەوە و ملیۆنەها دۆلار دەخەنە دەستی ئەکتەر و گۆرانیبێژ و مۆدێلە بێگانەکان هەتا ڕیکلام بۆ پڕۆژەکانیان بکەن.
لەوێدا ئیتر دوو جیهان دروست ئەبێ، جیهانێکی ڕازاوە و بێوێنە و شاهانە و پڕ لە جوڵە و بۆنە و گەشت و ڕابواردنی دەسەڵاتداران و هاوئاوازەکانیان. جیهانی دووەمیش، جیهانێکی یان زیندانێکی تاریک و نائومێد و ڕاوەستاو و بێ داهاتوو، بێ بەرنامە و بێ کار و بێ ڕێز و بێ متمانە وپڕ لە ناکۆکیی و کێشە و ناتەبایی و تێکشکاو.
لەوێدا ئیتر دەسەڵات بە تەواوەتیی هێڵێکی ڕاست و چەپی بە هاوڵاتی ڕەسەن و زانستی خۆماڵیی و هونەری خۆماڵیی و ئەدەبی خۆماڵیی و بڕوانامە و زانا و دانای خۆماڵیدا هێناوە و نایەوێت لە هیچ کات و بۆنەیەکدا ناویان بهێنێت، میللەتەکەی لێ دەبێتە کابوس و دوژمنی بابکوشتەی خۆی.
بەو جۆرە نیشتمان ئەبێتە چەند پارچە زەوییەکی پاوانکراو، کە پڕ پڕ دەبن لە تاوەر و پڕۆژەی مۆدێرن و گرانبەها بە هەموو خزمەتگوزارییەکانی سەردەم و سیکیوریتی و سێرڤسی شاهانەوە، کە پیاوانی دەسەڵات و ماڵ و مناڵ و یار و یاوەرەکانیان و کچە مۆدێل و بێگانە و تەنانەت دوژمنانی گەلیان تێدا نیشتەجێ ئەبن و لە دەریای ملیارەها دۆلاری دزراودا، مەلە دەکەن و سامانی نیشتمانێک بە نەوەکانی داهاتوویشەوە بە هەدەر و تەخشان و پەخشان دەکەن. لە بەرامبەردا کۆمەڵانی خەڵکی بێلایەن و ڕەسەنی شارەکان، وەک کۆمەڵێ پەیکەری شکاو و قەوزە گرتبوو ،وەک تارمایی لە شەقامە کۆن و کۆڵانە داڕوخاو و بێ خزمەتگوزارییەکاندا، وەک خێو دێن و دەچن و ..دەبنە نێچیریی نەخۆشییە دەروونییەکان و مەرگە کت و پڕەکان. بێکاریی و بێهیوایی و برسێتیی و بۆشاییەکی تۆقێنەر هەڕەشەیان لێ دەکات.هەندێکیان سەری خۆیان هەڵدەگرن و ون دەبن، شاعیرە دڵناسکەکانیان خۆیان ئەکوژن.
لێرەدا ئیتر کۆمێنتی هاوڵاتیان بۆ بابەتی پڕۆژەی وبەرهێنەکان، یەکپارچە دەبێتە جنێو و دۆعای شەڕ و هەڕەشە و نەفرەتلێکردن. ئەم کۆمێنتانە ناچن بە گوێی دەسەڵاتە ڕەشۆکیی و خۆسەپێنەکاندا، زیاتر پێی لێ ڕادەکێشن، زیاتر ئەنوسێن بە ماڵ و سامانی دزراوەوە، بە ناوی وەبەرهێنانەوە، زەوی و ئاو و ئاسمانی وڵاتەکە پاوان دەکەن.
لە ڕاستیدا ئەمە وەبەرهێنانی نیشتمانیی نییە بەڵکو ئەتونین ناوی بنێین بە نێچیرگرتنی نیشتمان و میللەت ، لە پێناوی گەشانەوەی چەند دڕندەیەکی چاوچنۆکی هەرگیز تێر نەبوو، لە دەرەوەی هەموو پڕنسیپ و یاسایەکی زەمینیی و ئاسمانیی. کۆتایی ئەم گەمە پڕ لە گەمژەییەیش، شۆڕش و کۆدەتای لەناکاوە یان خۆیان هەر لە پڕ کۆتاییان پێ دێت، میرنشینەکان هەرەس دێنن ، بە بێ هۆیەکی دیار، هەر لە خۆیانەوە قڵپ ئەبنەوە، ڕێک وەک چۆن مۆمێک کۆتایی دێت و ئەتلێسێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست