دیسان سەلاحەدینی بۆناپارت
Friday, 11/04/2025, 12:31
بە پێی زۆربەی لێکۆلینەوەکان ناپۆلیۆن گەورەترین زیانی گەیاندووە بە بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا، ئەگەر ناپۆلیۆن نەبوایە ئێستاکە فەرەنسا پێگەیەکی گرنگتری دەبوو لە جیهاندا. بەڵام کاتێک ناوی فەرەنسا دێنین ڕاستەوخۆ خەڵکی بیریان بۆ ناپۆلیۆن دەچێت و شانازی پێوە دەکەن وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی، بەجۆرێک کە ناپۆلیۆن و فەرەنسا ناتوانرێت جودا بکرێنەوە. دە ساڵێک لەمەوبەر کاتێك وەزیرێکی سۆسیالیست گەرەکی بوو لە پرۆگرامی مێژووی کۆلێژی فەرەنسا بەشی ناپۆلیۆن لاببات، هەر خێرا بوو بە هەرا و ناسیۆنالیستەکانی فەرەنسا دژی وەستانەوە.
ئەی سەلاحەدینی بۆناپارت؟ چۆن باس دەکرێت؟
سەلاحەدین ئەیوبی بە وێنای ناپۆلیۆن لە ڕۆژهەڵات و لە جیهاندا ناوی ڕۆشتووە وەک ناپۆلیۆن بە خراپ و بە باش باسی دەکەن، بەڵام لە مێژە سەلاحەدین لە دەست کورداندا نەماوە و کراوە بە پاتریموانی عەرەبیی و ئیسلامیی.
کوردان بە شێوەیەکی گشتیی قسەی دوژمنانی کورد دووبارە دەکەنەوە لەسەر سەلاحەدین، خۆ ئەگەر خەڵکی عەوام بە جنێودان هێرش دەکەنە سەری لەبەر ئەوەی گوایە خزمەتی بە کورد و کوردستان نە کردوە ئەوا ئەوانەشی کەسانی ئەکادمین سەلاحەدین بەر جنێو دەدەن بە بێ ئەوەی ڕاستییەکی ئەوتۆ دەربارەی سەلاحەدین بزانن.
هەنێ برادەری ئازیزیش بە دێرێک دەڵێن گوایە کاوە ڕەمزێکی گرنگتررە. بەڵام باسکردنی سەلاحەدینیش هیچ لە گرنگی ئەفسانەی کاوە کەم ناکاتەوە، یان ئەوەیە کوردان مۆنۆتۆنن بە وێنای سەرۆک خێڵەکەیان ناتوانن دوو کەسایەتی لە هەمان کاتدا قبوڵ بکەن.
(خودا یەکە و نابێت بە دوو)
گوێمان لە ئۆردوگان بوو کە باسی سەلاحەدینی دەکرد وەک نمونەیەک بۆ ورووژاندنی هەست و سۆزی کوردان دژی زایۆنیزم لەم کاتەدا، لەهەمان کاتدا هەر ئۆردوگان بوو کە دەیەوسیت نەورۆزیش بکات بە جەژنێکی تورکیی. ڕاستە ئەوان زیاتر سەرکەوتوو دەبن بە وروژاندنی بابەتی سەلاحەدین لە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد بەو پێیەی سەلاحەدین لە مێژووی ئەواندا خزمەتی بە جیهانی ئیسلامیی کردووە.
کەواتە ورووژاندنی بابەتی سەلاحەدین لەم سەردەمەدا، وەرگرتنەوە ناسنامەی سەلاحەدینە بۆ کوردان، پێدانی دەموچاوێکی ترە بە سەلاحەدین، دەموچاوێکی ڕوونتر لەوەی کە هەتا ئێستاکە خەڵکی زانیاریەکی ئەوتۆیان نییە وەک چۆن زانیاریەکی ڕوونیان لەسەر مێژووی خۆیان نییە و لە لاپەڕەی کتێبەکانی عەجەمدا مێژووی خۆیان خوێندۆتەوە.
بەڵام ئایا کاتی ئەوە نە هاتووە مێژوو ڕاست بکەینەوە و ڕاستییەکان بخەینە ڕوو و سەلاحەدین بکەینەوە بە موڵکی کوردان ؟ هەتاوەکو جارکی تر جیهانی ئیسلامی نەیدەنەوە بە دەمووچاوماندا و ئێمەش نەزانین چ وەڵامێکیان بدەینەوە؟
وای بۆ دەچم کە ورووژاندنی بابەتی سەلاحەدین بابەتێکی گرنگە لەم سەردەمەدا . بەڵکو بتوانین لەم دیبەیتانەوە تواناکانمان وەک کەموکوڕییەکانمان لە مێژوودا دیاری بکەین. دوژمنانی کوردیش نەتوانن بەکاری بهێنن بۆ پشتیوانی کردن لە غەزە و لە ئیسلام و دژی زایۆنیزم.
لە بری ئەوەی لەسەر پەیجەکەت جنێوو بدەیت بە سەلاحەدین بە بێ ئەوەی پەڕەیەکی مێژووت خوێدنبێتەوە، باشتر وایە ڕوونکردنەوەیەک بدەیت. چونکا جنێودان مانای وایە کە ئێمە هیچمان لە هەگبەدا نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست
کۆمێنت
Saturday, 12/04/2025, 13:51 رزگار
کورد تاکە گەلە کە مێژوو بەحیکایەت دەزانێت ، من هیچ سەرسامیەکم بۆ سەلاحەدین نییە ، بەڵام چونکە ئێمە گەلێکین قەوارەیەکی سیاسی و جوگرافیمان نییە ، هەمیشە ڕووداوەکان دەمان هێنن و دەمان بەن ، کاک سەردار تاکێکی تێک شکاوی بەردەم تەلەفیزۆن و کەناڵە زۆرو شۆوەکان و درامای تورکی چی لەسەلاحەدین حاڵی دەبێت؟ چاکترە بیر لە خاک بکەینەوە ، لەوێوە سەلاحەدین و هەموو فیگورەکانی مێژوو تاوتوێ دەکەین ، ئێستا کەی گرنگە سەڵاحەدین کەسێکی کورد بێت ؟ لەکاتێکدا لە دیمەشق گۆڕێکی هەیە لە دوکانی عەتاری دەچێت ، ئیسلامیە جاشەکان دەیکەنە پاڵەوان و خۆت ووتەنی هیچیشی لەبارەوە نازانن .
Friday, 11/04/2025, 16:48 Sherko karim Sharif
بێ گومان جنێو مۆرکی کەسانی نەفام و ئەوانەی لە هەموو ژیانیاندا یەک کتێب دەخوێننەوە، هاوڕاتم زۆر نادروستە جنێو بە سەلەحەدین بدرێ وەک کورد ئەگەر کورد بێ. بەڵام زۆر کەس پێیایان وایە رەخنە گرتن لێی جنێودانە، تاکە رەخنەیەکیش ئەوەیە، چی بۆ کورد کردووە؟ بێگومان هیچ، لەم بابەتەی بەڕێزیشتان دا بۆ مسقاڵیش بگەڕێی باشیەکی سەلاحەدینی تیا نیە بۆ کورد کردبێتی، خۆ ئەو دەستی سوورە بە لەناوبردنی فاتیمیەکان و سەهرەوەردی، خۆزگایە وەک جەنەگیزخان دەستی سوور دەبوو بە یەکخستنی مەگۆلەکان کردنی بە نەتەوەیەک، دەبوو سەلاحەدین بەو لەشکرەی هەیبوو خێڵە کوردەکانی بکردایە بە یەک و لە جیاتی سەلتەنەی ئەیوبی سەلتەنەی کەردی دروست بکردایە وەک چۆن یارمەتی خێڵە تورکەکانیاندا بە تایبەتی نەوەکانیان و سەڵتەنەی عوسمانیان دروست کرد.