ئاخاوتنی کورد لەگەڵ بەردی کوێردا

Friday, 04/04/2025, 19:14


(ئەگەر باخچەلی جاران لە پەڕلەماندا پەتێکی بە دەستەوە بووبیت بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلانی پێ لە دار بدات ئەوا ئێستا باخچەلی عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی گرتووە بە دەستەوە و دەیەوێت پەکەکەی پێ بخنکێنێت.)


یەکەم، سەرەتای ساڵانی سییەکان مەلا مستەفا بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێک نامەیەک دەنێرێت بۆ حکومەتی تورکیی. پاش ماوەیەک هەمان نامە وەکو خۆی دەنێرنەوە بۆیان. لە وەڵامدا پێیان دەڵێن ئەگەر نامەکەیان بکردایەتەوە مانای وا بوو دانیان پیادا دەنان (1). ئەمە ئیهانەیەکی گەورە!
دووەم، رۆژی ٢٢/١٠/١٩٩٦ لە سەر سنوری ئێران و تورکیا ٢٨ لاوی کورد کە بە رێووە بوون کۆچ بکەن بەرەو ئەوروپا، بە دەستی هێزەکانی تورکیا کوژران. تورکیا جەستەکانی خستبوونە ناو گەڵابەیەکەوە و ناردبوویاننەوە بۆ سلێمانی (2). لە سوید رێکخراوی هیوا خۆپیشاندانێکی لە بەردەمی سەفارەتی تورکیادا بە بۆنەی ئەو کوژراوانەوە رێک خست. لەوێ بە پۆلیسێکی سویدیی وترا نامەیەکمان پێیە بۆ کاربەدەستانی تورکیی دەمانەوێت بچین بیدەین بە فەرمانبەرانی سەفارەتەکەیان. پۆلیس دڵی بەوە خۆش بوو کە کارەکە ئاسانە و بەمە خۆپیشاندان تەواو دەبێت. پۆلیس رۆشت و لەو سەرەوە وەڵامی هێنایەوە کە سەفارەتی تورکیی ئامادە نیە پێشوازیی لە کەس بکات.
ئنجا کۆمەڵەی هیوا بە پۆلیسە سویدییەکەی وت باشە کە ئەوان رێگا نادەن نوێنەری خۆپیشاندان ببینن نامەکەیان بداتە دەست کەواتە کاک پۆلیس خۆت نامەکەیان بۆ بەرە! پۆلیس بەمەشیان هەر دڵخۆش بو، ئنجا ئەوە کەی زەحمەتە، هەر چەند هەنگاوێکە و خۆپیشاندەران ئیتر دەڕۆنەوە بۆ ماڵەوە. پۆلیس نامەی برد و لەو سەرەوە هاتەوە و سەری با دا. پۆلیس وتی کە نامەکەیان لەویش وەر نە گرتووە. ئنجا وتمان باشە با ئەمەش بۆ ئەوان بێت. با کەس نەبینن و نامە لە کەس وەر نەگرن. فەرموو بچۆ نامەکە بخەرە ناو سندوقی پۆستەکەیانەوە. پۆلیس چەندبارە خل بووەوە بۆ سەفارەت کە نامەکە بخاتە ناو سندوقی پۆستەکەیانەوە. بەڵام لەو سەرەوە بە نائومێدیی هاتەوە. ئەم جارە نەک سەری شانیشی لەگەڵ با دا و وتی نایەڵن نامەکە بخەمە ناو پۆستەکەشیانەوە. 
ئێمە هەموو لە بەردەمی سەفارەتی توکیادا رق دای گرتین. سوید نەبووایە دەبوایە بە هەموومان مامە ریشەیەکمان لە خۆمان دروست بکردایە (ئاڕ.پی.جی)یەکی بنایە بە سەفارەتەوە و ئەوجا بیوتایە مەرحەبا! ئەرێ ئەوە ئێوە هەن؟ ئەمەش ئیهانەیەکی تر.
سێیەم، حکومەتی سویدیی لە شاری ستۆکهۆڵم کتێبخانەیەکی کوردیی کردەوە. حکومەتی تورکیی بە رەسمیی ناڕەزایی دەر بڕی بەرانبەر بە کردنەوەی ئەو کتێبخانەیە. تۆ سەیری ئەو ئەقڵە بێت! ئاخر خۆ سوید ویلایەتێکی عوسمانییەکان نیە. دە وەرە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە هەڵسوکەوت بکە! ئەمەش ئیهانەیەکی دی.
چوارەم، لە سوید وەکو زانیاریی قوتابیان باسی هەموو ئاینێک و گەلان دەخوێنن. کاتێک لە پۆلێکدا باسی کورد دەخوێنن، قوتابییەکی تورکی تیادا دەبێت ئیتر بۆ سبەینێ ناچێتەوە بۆ قوتابخانە. وەختێک مامۆستاکەیان تەلەفون دەکات بۆ دایکی زاڕۆک بزانێت بۆ قوتابییەکە نە چۆتەوە، دایکی منداڵ توڕە دەبێت و دەڵێت منداڵەکەم بە وانەکەی تۆ نەخۆش کەوتووە. تۆ چۆن باسی کوردت کردووە؟ ئەمەش هەر ئیهانە.
پێنجەم، تورکیا مەرجەکانی سویدی بۆ مافی مرۆڤ پڕ نە دەکردەوە کە ببێت بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپیی. کەچی کاتێک سوید خۆی ناچار بینییەوە ببێت بە ئەندامی ناتۆ، دەبوو تورکیاش رازی ببێت. ئۆردوگان ئەمەی قۆستەوە و هەرچی رێز هەیە نەیبوو بۆ سیاسەت و پرەنسیپی سوید. تورکیا سیاسەت و هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە کورد سەپاند بە سەر سویدیشدا. لە رێکەوتنی سێ قؤڵیی مەدریددا رۆژی ٢٨/٠٦/٢٠٢٢ تورکیا کوردی کرد بە قوربانیی (2). ژمارەیەک کورد درانەوە دەست تورکیا و رەوشی کورد لە سویددا خراپ کرا بە دڵی تورکیا. رێکەوتنێک کە جێگای شەرمەزاریی بوو بۆ سوید و فینلەند.
یەکێک ئەگەر ئەقڵی لە دەست نەدابێت، ئەو نمونانەی سەرەوە بە گشتیی یەک شت بە کورد دەڵێن: تۆ بوونت نیە! تۆ نابێت هەبیت!
تورک توشی نەخۆشیی کورد بووە، چاوی بە کورددا هەڵ نایەت.
دوپێیەک بۆ ئەوەی بەو شێوەیەی ئەو جۆرە تورکانە رەفتار بکات، دەبێت یەکەم مێشکی لە "بەرد" بێت و دووەم، چاوی "کوێر".
کورد بە زۆڵەکوردیی نەبێت بە ناو چاوی تورکدا تێ ناپەڕێت. ئۆردوگان وتوویەتی: "سەرتان دا نە نەوێنن سەرتان لێ دەکەینەوە!" ماشەڵا لەم "ئاشتیی" و "کۆمەڵگای دیموکراتیی"ە!
بەردەکوێر نە گفتوگۆ دەکات نە کورد دەبینێت. بەردەکوێر هەتا ئەمە حاڵی بێت هەرگیز ناتوانێت شارستانیی و دیموکرات بێت.
لێ تۆ بڵێی تورکی سەربەردی چاوکوێر ئێستا گۆڕابێت؟

گۆڕانەکەی دەوڵەت باخچەلی

پەروین بوڵدان باس دەکات کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمیراڵی وتوویەتی: "ئەگەر بەڕێز باخچەلی گۆڕانکاریی بە سەردا هاتبێت، هەمووان دەگۆڕدرێن (3)."
یاڵا خێر، باخچەلی بە کام لادا گۆڕاوە؟ دەوڵەت باخچەلی لەوەتەی هەیە لەسەر لایەک بۆ کێشەی کورد نوستووە. وا دیارە لەسەر ئەو لایە سڕ بووە ئنجا دەیەوێت بۆ کورد بکەوێتە سەر لاکەی تری!
پەروین بوڵدان دەربارەی باخچەلی دەڵێت: "زۆر گرنگە کەسێک کە لە پەڕلەمان پەتێکی گرتبوو بە دەستییەوە دەیویست ئۆجەلان لە سێدارە بدرێت کەچی ئێستا پشتگیریی لە پڕۆسەی ئاشتیی بکات و بڵێت هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بەرەو پێش بچێت." رەنگە بوڵدان ئەو رۆژە فانیلەکەشی ئاوەژو لەبەر کردبێت.
پشتگیریی لە کام پڕۆسەی ئاشتیی؟ هەموو پڕۆسەکە هی دەوڵەتی تورکیی و باخچەلیی خۆیانە. دەوڵەت باخچەلی پێش بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئۆکتۆبەری (٢٠٢٤)دا پێشنیاری کرد کە  ئۆجەلان بچێتە پەڕلەمان و هەڵوەشانی پەکەکە را بگەیەنەێت. ئەوەی پشتگیریی ئەم پێشنیارە دەکات ناکرێت هەر خۆیان بن دەبێت خەڵکانی تر بن، ناحەزانی پەکەکە یاخود کلکانی دەوڵەت.
ئاشتییەکە ئاشتییەکی تورکییە کە واتاکەی تەسلیمبوونی پەکەکە و بزاڤەکەیەتی. بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان فەرمانی باخچەلی و دەوڵەتە لە زمانی ئۆجەلانەوە. کورد لە خۆڕا حاڵی لە خۆی هێناوە. ئەگینا لە راستییدا تورکیا شەڕی نە وەستاندووە. دەستەڵاتی تورکیی دان نانێت بە شەڕوەستانی پەکەکەشدا. وەزارەتی بەرگری تورکیا رۆژی ٠٦/٠٣/٢٠٢٥ رای گەیاند: "ئاگربەستمان ناوێ، دەبێت پەکەکە دەستبەجێ ‌و بێ هیچ مەرجێک چەک دا بنێت ‌و خۆی هەڵ بوەشێنێتەوە!(4)"
ئەم هەڵوێستانەیان وا دەگەیەنن کە بڵێن ئێوە نین هەتا قسەتان هەبێت! دەوڵەت باخچەلی دەڵێت: "دەبێت پەکەکە بە بێ هیچ مەرج و دواخستنێک بڕیاری هەڵوەشاندەوەی خۆی بدات!(5)"
ئەگەر باخچەلی جاران لە پەڕلەماندا پەتێکی بە دەستەوە بووبیت بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلانی پێ لە دار بدات ئەوا ئێستا باخچەلی عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی گرتووە بە دەستەوە و دەیەوێت پەکەکەی پێ بخنکێنێت.

ئیهانە و شەرمەزایی

ئەوە چل ساڵە حکومەتی تورکیی بە تۆپ، فڕۆکە، سوپا، سیخوڕ، جاش و درۆن شەڕی دژی پەکەکە دەکات. کەچی ئێستا دەوڵەتی تورکیی بە دەمی عەبدوڵا ئۆجەلان بە پەکەکە دەڵێت: "کۆبوونەوەیەک بکەن، بڕیار بدەن چەکەکانتان دا بنێن و خۆتان هەڵ بوەشێننەوە!"
ئەمە دەوڵەتی تورکیی پشتی بە چی ئەستورە بۆ ئەم فەرمانە؟
ئێوە سەیری ئەم ئیهانە گەورەیە بکەن! داوای شتێک دەکات کە رەنگە هەتا ئێستا شتی وا روی نە دابێت.
دەوڵەت "پەکەکە"کان هەر بە تیڕۆڕیستیش ناو دەبات و بەردەوامیش راویان دەکات. بەیانی لێبوردنیش دەر ناکات بچنەوە ناو ماڵی خۆیان. کەچی ئەندامانی پەکەکەش هەر کەیلی پەیامەکەی "رێبەری گەلانن". دەڵێن مانوفێستۆیە بۆ هەموو جیهان. ئێوە تەماشای نێوان دێڕەکانی بکەن! وەکو ماسییەکی برسی خەریکن ئەم چەشەیە قوت دەدەن! ئەرێ ئەمە "ئاشتیی" و "دیموکراتیی"ە یان تەلیسم؟ ئەرێ ئێوە کوردان دەهۆڵ و زوڕنا بۆ چی لێ دەدەن؟ ئێوە بەشەرن یان تەتەڵەمیران(6)؟
تۆ تەماشای نەگبەتیی کوردان بکەن! ئەو قەڵایەی بە لەشکرێک نە شکا، کردیەوە کلیلێک و دەستێکی ئارام(7).
ئێ بەردەکوێر گریلا چەک دا بنێن بچن بۆ کوێ؟ خۆ ناتوانن پەڕ دەر بکەن و ببن بە "ئەبابیلە" ئاسمان بکەن بە نیشتیمان(8). ئێ خۆ ناشتوانن بگەڕێنەوە بۆ دواوە هەتا ناو سکی دایکیان.
ئێ راستر نە بوو بەردەکوێر یەکجاریی بە پەکەکە بڵێیت:
لولەی تفەنگەکانتان بکەنە سەرتان و با هەر لە شوێنی خۆتان داڵ بتانخوات!
ناسر حەفید
١٤/٠٣/٢٠٢٥ 
مەلەگە، سپانیا

پەراوێز و سەرچاوە:

1-  لە نوسراوێکی د.مەحمود عوسماندا خوێندوومەتەوە کە مەلا مستەفا نامەی بۆ تورک ناردووە و وەکو خۆی بۆیان ناردۆتەوە چونکە ئەگینا دانیان پیادا دەنان. سەرچاوەکەم لە دیاد نیە.
2- ل٢٨، ژمارە٢، ساڵی ١٩٩٨، گۆڤاری کۆنتراکت.
3- لە دیدەنییەکی پەروین بوڵداندا لە ئێمیراڵی. 
6-  تەتەڵەمیران: زیندەوەرێکی کرم ئاسای رەشی کورت و توکنە لە بەهاراندا بە تۆپەڵ لەسەر گیایەک دەبینرێن. منداڵان تەنەکەیان بۆ لێ دەدا و ئەوانیش دەکەوتنە جوڵە گوایە ئەوە هەڵ دەپەڕن. لەگەڵیشیدا گۆرانییەک دەوترا کە لە بیرم نەماوە.
7- دێڕێکە لە شیعرێک رۆژی ١٥/١١/٢٠١١ نوسیوومە.
8- تەیرەن ئەبابیلە باڵدارێکە تەنها ماوەیەکی کورت لە ساڵدا بۆ بەچکەکردن لە ئاسماندا نییە.

تیبینی:

وێنەی نووسینەکە، وێنەی دەوڵەت باخچەلییە، کە بە (زیرەکی دەستکرد) داوای لێکراوە دروستی بکات و لەگەڵ ناونیشانی وتارەکە گونجاوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help