بچووکترین شت لە گەردووندا چییە؟
Monday, 03/03/2025, 21:21
ئەو شتگەلانەی لە سروشتدا دەیان بینین وەک، دار و بەرد، ئاژەڵ و مرۆڤ، ئەستێرە و هەسارەکان هەر هەموویان لە شتانێکی بچووک و ورد پێک هاتوون. ئەو دەمەشی بمانەوێت لە چۆنەتی کارکردنی گەردوونەکەمان تێ بگەین و ڕاڤەیەک بۆ دیاردەکانی دەستنیشان بکەین و تایبەتمەندی پێکهاتەکانیان شی بکەینەوە، پێویستە بڕوانینە جووڵە و ڕەفتاری بەشە هەرە ورد و بڕە یەکجار بچووکەکان.
لەسەر ئەو بنەمایە دەشێ زۆربەمان پرسیارێک لەخۆمان بکەین، ئاخۆ دەبێ بچووکترین شت لەم گەردوونەماندا چی بێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤ لەڕووی زانستییەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و پەرەی سەندووە، لە ڕۆژگارێکدا وایان دەزانی تۆز و گەردی هەوا، یان دەنکەکانی لم بنچینەی شتەکانی دەوروبەرمانن.
دوای ئەوە کاتێک گەردیلە دۆزرایەوە، زاناکان لەو باوەڕەدا بوون ئەمیان ناتواندرێ بکرێتە بەشی بچووکتر، پاشان گەیشتنە ئەوەی کە گەردیلەکانیش لە تەنۆلکەی وردتری وەک، ئەلیکترۆن و ناوکۆکەیەک لە پرۆتۆن و نیوترۆن پێک دێن. هەندێکمان وای بۆ دەچین قەبارەی گەردیلە و ناوکۆکەکەی لێک نێزیک بن، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر سەرنج بدەینە وردترین گەردیلە کە هایدرۆجینە، دەبینین ناوکۆکەکەی بە تاکە یەک پرۆتۆن 60.000 جار بچووکترە لە قەبارەی خودی گەردیلەکە.
بەشەکانی ناو گەردیلە بۆ ماوەیەک بە یەکە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ماددە دەناسران، ڕاستە ئەلیکترۆن تەنۆلکەیەکی بنەڕەتییە، بەڵام زاناکان دیسانەوە بەشی بچووکتری پرۆتۆن و نیۆترۆنیان دۆزییەوە و ناویان نا بە کوارک. پرۆتۆن و نیوترۆن هەریەکەیان لە سێ جۆرە کوارک پێک دێن، ئەوانەی بە هێزێکی یەکجار تووند بەندن بەیەکەوە، بۆیەش ناکرێ کوارکەکان بە تاک و سەربەخۆ بەدەر بکەون.
زانای فیزیک ئەندی پارکەر (Andy Parker)، لە زانکۆی کامبریج لە ئینگلستان دەبێژێت: ئەم جارەیان هیچ بەڵگەیەکمان نییە لەسەر بوونی شتانێک لەناو کوارکەکان، ئایا گەیشتینە چینە هەرە سەرەکییەکەی ماددە؟" ئەگەرچی کوارکەکان و ئەلیکترۆنەکان دابەشیش نەکرێن، بەڵام پارکەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە زاناکان تا ئێستە نازانن ئاخۆ بەشی بچووکتر لەناو ئەوانەدا هەن، یاخۆ دەشێ گەردوونەکەمان شتانێکی لە کوارکەکان وردتری تێدا هەبێت؟
ژێیەکان یان خاڵەکان؟
لە ئەزموونەکاندا تەنۆلکە یەکجار بچووکەکانی وەک ئەلیکترۆنەکان و کوارکەکان، هاوشێوەی تاکە خاڵی ماددەیی بەبێ دابەشبوونیان لە شوێنێکدا ڕەفتار دەکەن، بەڵام ئەو تەنانەی شێوەی خاڵن یاسا فیزیکییەکان بەرەو ئاڵۆزبوون دەبەن. هۆیەکەشی ئەوەیە ئێمە دەتوانین بێکۆتا لە خاڵێکەوە نێزیک بکەوینەوە، بەمەش هێزی کاریگەر لەسەر خاڵەکە بێکۆتا گەورە و تووند دەبێت، ئاشکراشە زاناکان هەمیشە ڕکیان لە بابەتگەلە بێکۆتاکان دەبێتەوە.
لێرەدا ئەو بیرۆکەیەی ناو دەنرێت بە بیردۆزی ژێیە ناوازەکان (Superstring theory)، دەکارێت چارەسەری کێشەیەکی لەم جۆرە بکات. لەم بیردۆزەدا گشت تەنۆلکەیەک وەک خاڵ بێت، لەڕاستیدا ئەڵقەیەکی بچووکە لە ژێیەکان، دەزانین کە هیچ شتێکیش ناتوانێت تا بێکۆتا لە ئەڵقەی دەزووێک نێزیک ببێتەوە، چونکە هەردەم تۆزێک نێزیکترە لە بەشێکی ئەڵقەکە بۆ بەشەکەی دی. ئەم ئەڵقانە (کونانە) پێ دەچێت هەندێ گرفتی بێکۆتا چارەسەر بکەن، بەمەش دەبێتە بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکیش بۆ فیزیکزانان، گەرچی تا ئێستە زاناکان بەڵگەیەکی ئەزموونداریان بەردەست نییە بۆ سەلماندنی بیردۆزی ژێیەکان.
ڕێیەکی دیکەش هەیە بۆ کێشەی خاڵ ئەویش، ئەگەر بڕوانینە بۆشاییی بەوەی کە شانەیەک نییە پێکبەند و نەرم بێت، بەڵکوو پێک دێت لە پیکسڵی جیاجیا، یان دەنکە دەنک، ئەوەی زۆر جار پێی دەگوترێت کەفی کاتشوێن. لەم بارەدا دوو تەنۆلکە هەرگیز ناتوانن تا بێکۆتا لەیەکدی نێزیک بکەونەوە، لەبەرئەوەی دەبێ هەمیشە دابڕاو بن هێندەی قەبارەی دەنکێک لە بۆشایی.
تاکایەتی
بیرۆکەیەکی دیکە کە کێبڕکێ لەگەڵ ئەوانەی دی دەکات بۆ دیارکردنی بچووکترین شت لە گەردوون، تاکایەتییەکە (Singularity) کە لە چەقی کونە ڕەشەکاندا (Black hole) هەیە.
کونی ڕەش ئەو دەمە دروست دەبێت کە ماددە لە ڕووبەرێکی بچووک دەگاتە چڕییەکی یەکجار زۆر، تا ڕادەیەک هێزی کێشکردن بەسەریدا زاڵ ببێت وای لێ بکات بەردەوام ماددە بۆ ناوەوە ڕابکێشێت، لە دواییدا هەمووی لە تاکە خاڵێکدا کۆ ببێتەوە و چڕییەکەی بەرەو بێکۆتا بڕوات. لەگەڵ ئەوەش شارەزایان لەو باوەڕەدا نین کونە ڕەشەکان چڕییەکەیان بێکۆتا بێت، بەڵکوو وای بۆ دەچن ئەو بێکۆتایە دەرەنجامی ململانەی نێوان دوو بیردۆزە سەرەکییەکەی ڕێژەیی گشتی و میکانیکی کوانەتەم بێت. بەو واتایەی ئەگەر زانست گەیشتە بیردۆزێک بۆ لێکگرێدانی ئەو دووانە لە یەک بیردۆزدا (بیردۆزی کێشکردنی کوانتەمی)، ئەوا ئەو کاتە سروشتی ڕاستەقینەی کونە ڕەشەکانیان بەتەواوی بۆ بەدەر دەکەوێت.
پارکەر دەڵێت: "بە ڕای من تاکایەتی کونە ڕەشەکان گەلەک بچووکترن لە کوارکەکان، بەڵام پێم وابێ چڕییەکانیان بێکۆتا نین، ئەگەری زۆرە ملیۆن ملیۆن جار بچووکتریش بن لە گشت ئەو ڕووبەرانەی بینوومانە تا ئێستە."
ئەمەش تاکایەتییەکان و ژێیە ناوازەکان هاوقەبارە دەکات، لە کاتێکدا ژێیەکان بوونیان هەبێت.
درێژی پلانک
ڕێی تێ دەچێت شتە بچووکەکانی وەک ژێیە ناوازەکان و یەکایەتییەکان و دەنکە دەنکەکانی گەردوون گشتیان هێندەی درێژی پلانک (Planck length) بن.
درێژی پلانک یەکسانە بە 1.6 × 10^-35 مەتر (واتە نێزیکەی بەشێک لە ملیار ملیار ملیار ملیاری مەترێک)، ئەمەشیان پێوانەیەکی لەڕادەبەدەر بچووکە کە ناکارین تێی بگەین، هاوکات کۆمەڵێک کێشە و گرفت دەهێنێتە کایەوە بۆ زانستی فیزیک.
درێژی پلانک ئەوەندە بچووکە بە هیچ ئامێرێک ناتوانین پێوانەی بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زاناکان وای بۆ دەچن سنوورێکی گریمانەکی بێت بۆ کورتترین درێژی کە بکرێ بپێورێت. بەگوێرەی بنەمای نادڵنیایی، یاخۆ ناجێگیریی، ناکرێ شتێک لە درێژی پلانک بچووکتر پێوانە بکرێت، لەبەرئەوەی لەو ئاستەدا گەردوون دەچێتە چوارچێوەیەکی ئەگەرەکی و ناجێگیر. هەر ئەو پێوانەیەشە بووەتە هێڵی دابڕانی نێوان ڕێژەیی گشتی و میکانیکی کوانتەم.
لە درێژی پلانک کایەی کێشکردن هێندە بەهێزە، تا ڕادەی ئەوەی ببێتە هۆی ئەنجامدانی کرداری لە شێوەی دروستکردنی کونە ڕەشەکان لە وزەی کایەی بۆشایییەوە. وەک پارکەر دەبێژێت: "پێمان وایە لە درێژی پلانک کێشکردنی کوانتەمی بتوانێت ئەو کارە لەئەستۆ بگرێت."
کەواتە دواجار دەکرێ بڵێین، تێکڕای شتگەلە بچووکترینەکانی گەردوون نێزیکن لە درێژی پلانک.
سەرچاوەکان؛
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست