تێگەیشتن لە شوناسی نەتەوەیی
Monday, 07/04/2025, 10:20
لەبەر ئەوەی نەورۆزم هەیە، کەواتە من هەم!
مرۆڤ تاوەکوو هەست بە بوونی خۆی بکا و بوونی یەکەیەکی دانپێدانداراو بێ، ئەوە دەبێ خاوەنی شوناسێك بێ کە جیای بکاتەوە لە کەس و گەلانی دی. شوناس بریتییە لەو هەستەی کە وامان لێ دەکا ناسراو و جیاکراوە بین. شوناس بە جێگیری و نەگۆڕی دەمێنێتەوە. هەر کەسێك خاوەنی کۆمەڵێك پێکهاتەیە لە کەسایەتیی خۆی، کە بوونی وی دەسەلمێنن. مرۆڤ کاتێ بوونی هەیە، کە شوناسی هەیە. کە مرۆڤ شوناسی نەما، بوونیشی نامێنێ. نەمانی بوونی ئینسان کاتەك شوناسی لەدەست دەدا، نەمانێکی سایکۆلۆژییە، نەوەك بایۆلۆژی. شوناس هەستی ئەوەمان دەداتێ، کە هەین. بوونی مە دەسەلمێنێ. شوناس جۆری زۆرە، وەنەبی تەنێ شوناسی نەتەوەییمان هەبێ.
مرۆڤ لە ژیانی خۆیدا هەڵگری چەندان شوناسە، کە بوون و مانەوەی وی دەسەلمێنن، لەوانە، شوناسی کەسی، شوناسی ڕەگەزی، شوناسی ئایینی، و شوناسی نەتەوەیی. شوناسی نەتەوەیی بریتییە لە هەستی پەیوەستبوون بە نەتەوەیەك، کە خاك و زمان و کەلتور و مێژووی تایبەت بەخۆی هەیە.
شوناسی نەتەوەیی بە یەکێك لە شوناسە هەرە بەهێزەکانی بنیادەم دادەندرێ، کە هەستی هەستبەوجوودکردن دەداتە بەشەرەکان. مرۆ بەبڕستەوە درك بە بوونی خۆی دەکا، کە خاوەنی شوناسێکی نەتەوەیی بەهێزیشە. شوناسی نەتەوەیی لەنێو تاکەکانی هەموو كۆمەڵگەیەك هەیە. بەڵام توندییەکەی لە کەسێکەوە لۆ کەسێکی دی، لە جڤاکێکەوە لۆ کۆمەڵگەیەکی دی، فەرقی هەیە. شوناسی نەتەوەیی بەهێز دەبێ، کاتێ کۆمەڵگە دەکەوێتە ژێر مەترسیی سەربازی، کەلتووری، و ئابووری. سەنج بدەن، شوناسی نەتەوەیی چۆن گەشەی کرد و گەیشتە تڕۆپك لەنێو تایوانییەکان، پاش ئەوەی وڵاتی تایوان کەوتە ژێر هەڕەشەی هەژموونی وڵاتی چین.
سەرنج بدەن، ئەوە چەندان ساڵە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان میهرەجانی جەماوەریی زۆر گەورە ساز دەکرێ لۆ یادکردنەوە نەورۆز. جگە لەوەی ئەو کەرنەڤاڵانە بەرزڕاگرتنی یادی نەورۆزن، بەڵام ئیسپاکردنەوە و سەلماندنی شوناسی کوردبوونن. ئەو کەرنەڤاڵانە بەسادەیی دەبێژن: "ئێمە کوردین. شانازی بە کوردبوونمانەوە دەکەین." هەروەها، ڕەشبەڵەکی گەورەی نەورۆز پەیامێکیشە لۆ داگیرکەرانی کوردستان و دەبێژێ، "ئێمە کوردین و لە ئێوە ناچین. ئەمە و ئەنگۆ جیاوازین."
وەک ئەوەی ئاشکرایە ڕەگەزە سەرەکییەکانی نەتەوەیەك زمان و کەلتوور و خاک و مێژووەکەیەتی. نەورۆز بەشێکە گرنگ و جیانەکراوەی مێژوو و کەلتووری گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەیەکە. نەورۆز ژ بۆ کوردان، مادامەکی نەورۆز بەشێکە لە مێژوومان، بووەتە بەشێكی بەهێزی شوناسی نەتەوەییمان. کورد کە نەورۆزی هەیە، یانی کوردبوونی هەیە، کوردبوونێك جیاوەی دەکا لە گەلانی دیکە. چونکە نەورۆز وەك سەرجەم پێکهاتەکانی شوناس، ئەوەمان پێ دەڵێ، کە ئێمە هەین، کوردبوومان دەسەلمێنی. کوردبوونێك، لە بەشێكی پێکهاتەی کوردبوونەکەیدا، شوناسی نەتەوەیی نەورۆزی هەڵگرتییە. نەورۆز واتا ئەمە خاوەنی بوونێکین، کە بوونێکی نەتەوەیی فەرق پێ کراوە لەگەڵ گەلانی دیکە. لەبەرئەوە، ئەگەر نەورۆز لە ناساندنە سادەکەیدا، بریتی بی لە فیستیڤاڵی ئاگرکردنەوە و سەیران و ڕەشبەڵەکی کوردان، ئەوا نەورۆز بوونمان لە نێو دەیان شوناسی دیکەی دەوروبەرمان جیادەکاتەوە و دەسەلمێنی.
نەورۆز کوردبوونێکی ڕوونتر و بەهێزترمان دەداتێ. کە نەورۆزمان هەیە، یانی خۆمان، کوردبوونمان، و ناسنامەی نەتەوەییمان هەیە. نەورۆز بوونی هەریەکێکمانە، کە نەورۆز بە بەشێك لە مێژوو و کەلتوور و فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەییی خۆی دادەنێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست