لە مەمەلەکەتە دیموکراسیەکەی بارزانی و تاڵەبانیدا!

Thursday, 09/01/2025, 19:52


ئەدەبیاتی پارتی و یەکێتی، هەمووی بەوە فویتێکراوە، گوایە ئەوان پێشەنگی دیموکراسین لەناوچەکەو بنیاتنەری ئەو جۆرە حوکمەن کە گریکیەکان دایانهێناوەو وڵاتانی رۆژئاوا پراکتیزەی دەکەن!.
بۆ ئەوەی فەزڵی ئەم پفکراوە دیموکراسیە بەشە زۆرەکەی بۆ پارتی بێت، سەرانی ئەم حزبە، بەتایبەت مەسعود بارزانی دەڵێت، جەنابی بارزانی باوکی کەپارتی دامەزراند پاشگری دیموکراسی خستە سەر! چونکە گوایە ئەوان باوەڕیان بەوە بووە، حزب ئامرازی رزگاری و خزمەتی خەڵکە و گوایە هەر لەخەڵکیش بەدەنگدان شەرعیەت وەردەگرن!.

مێژووەکە هێندە دوور نیە مرۆڤ نەتوانێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکات، حوکمڕانیە 33 ساڵیەکەش بەگشتی خەڵکی هەرێم تێدا ژیاوە و دەزانن، کەئەو حوکمڕانیەی بارزانی و تاڵەبانی کردوویانە، نەک هەر دیموکراسی و خزمەت بە میللەت نەبووەو نیە، بەڵکو وشەی دیموکراسی دیوجامەیەو سەدان درۆ، خیانەت، دزی و چەتەگەری، کوشت و کوشتاری دەرهەق ئەم میللەتە بەتایبەت دەرهەق بە خەڵکی هەژاری تێدا حەشار دراوە.

ئەگەر بارزانی و تاڵەبانی ئەجندای کەسی و خێزانی و خێڵەکی و شەڕی دەروونیان بەرامبەر بەیەکترو خەڵکی کوردستان نەبوایە، دەیانتوانی لەشۆڕشی ئەیلول و تەنانەت دوای راپەرینیش حورمەتیان بۆ پێگەی کەسی یەکەم بوونی خۆیان لەحزبەکانیان و دواتر لە حوکمڕانیشدا بە رێکەوتنێکی گشتگیر لەنێوان خۆیان و لەگەڵ حزبەکانی تر بپاراسبتبوایەو کێڕکێ هەقیقی لەسەر دەسەڵاتەکانی خوار ئەوان بوایە، بۆ ئەوەی هێندە ئەم میللەتەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەهەلاکەت نەدابووایە٠ كە گوایە ئەوان دیموكراسین و بەدەنگی خەڵك ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەكەن.،

هەرچی ئەم دوو مرۆڤە و حزبەکانیان بەسەر کوردستانیان هێنا، لە دووبەرەکی، شەڕی ناوخۆ، دزی و فەرهودی ماڵی خەڵک، کوشتنی دەیان هەزار کورد، بەو جاشایاتیە زۆرەی بۆ قەومیەکانی عێراق و دواتر بەعسیەکان، تا عەمالەت بۆ سوریا، تورکیا و ئێران یان كرد. هەمووی بۆ ئەم پرسە درۆینە بوو، کە خۆیان پێی دەڵێن دیموکراسی حوکمڕانی کوردی، دیموکڕاسیەتێک لەهەڵبژاردندا دەزگای ئیتڵاعات و میت کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستانی تێدا دابەش دەکەن.

ئەوەی لەم مەملەکەتە دیموکراسیەی بارزانی و تاڵەبانی دەگوزەرێت و تا ئێستا لێیان قبووڵ کراوە، بەدبەختی ئەم میللەتەیە کە دانیشتووە بەدیار لانەچوونی کڵاوی خۆی و کەسوکارەکەیدا. میللەتێک هێندە ژێر چەپۆکی عەرەب، فارس و تورکی چەشتووە، بۆ ئەم دوو بنەماڵە بوویتە مەڕ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە