ئەنەکەسە داوای تەسلیم بوون دەکات نەک چارەسەر
Saturday, 28/12/2024, 12:31
لێدوان و هەڵسووکەوتی سیاسی ئەنەکەسە لە خۆیدا بانگکردن و تەسلیم بوونی ڕۆژئاوایە بە سیاسەتی فاشستی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک، ئەوەی ئەمڕۆ تورک ناتوانێت بەدەستی بێنێت، لە ڕێگایی خیانەتکاری بنەماڵەی بەرزانی و ئەنەکەسە لە ژێر یەک گووتاری و یەکڕیزی کورد لە داهاتووی سوریا و دیمەشق کاری لەسەر دەکەن، بۆ ئەوەیە پرۆژەکانی دەوڵەتی فاشستی تورک ببێت بە بنەمایی پرۆژەی ڕۆژئاوا نەک پرۆژەی گەلی کورد.
بۆیە بەردەوام تۆمەت و ڕەشکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەبەن. بە ئاشکرا تەسلیم بوون و خیانەت و خۆفرۆشی وەک چارەسەری لە گووتاری سیاسیاندا دیارە و پێداگری لەسەردەکەن.
پێم وایە و ئەگەر هەڵەشبم یەکێک لە هەڵە سیاسی و کوشندەکانی سیاسەتی خۆسەری ڕۆژئاوا ئەوەیە کە حساب بۆ ئەم جاش و خۆفرۆشانەی ئەنەکەسەی سەر بە میت و بنەماڵەی بەرزانی دەکات لە ژێر ناوی یەکێتی نەتەوەی و یەکڕیزیدا، ئەگەر چی خاوەن مافن بۆئەوەی هیچ نەبێت لە بەرەی دوژمن نەبن، چونکە ئەمانە هەڵگری ئەو زهنیەتی خیانەتکاری یان وەک ئێمە یان تێکدان و لەناوبردنن بە بنەما دەگرن. پاشخانی فکری و ئەقڵیەتی پاشماوەکانی پارتی دایک و بنەماڵەی بەرزانی سلۆگانی دەوڵەتەی نەتەوەیی و کوردستانی سەربەخۆ و مەرجەع مەسعود لە خۆی دەگرێت. بەڵام لە هەناویدا تەسلیمیەت خیانەت و لەباربردنی هەموو دەسکەوتەکان بەبنەما دەگرن، ئەمانە خاوەن فکر و هۆشی ئازادیخوازی و بەرپرسیاری ئازادینین، بۆیە هەموو شتێک لە پێناو پارە و دەسەڵات هەڕاج دەکەن، نموونەی مێژووی زۆرن کە چەندین جار ووڵاتیان لە چارەسەریەوە بۆ خاڵی سفر هێناوەتەوە.
لە هەناوی هەموو تاکێکی کورد نەخۆشیەکی کوشندەی یەکێتی نەتەوەی و یەکڕیزی بۆتە بەربەست بۆ تێپەڕاندی ئەقڵیەتی خیانەتکاری، بۆیە ئەم چین و گروپانە کە لەکایەیی سیاسی کوردستاندا لەلایەن دەزگایی هەوڵگری داگیرکەران ئامادەکراون، بەئارەزووی یاری بە چارەنووسی کوردەوە دەکەن، یەکێک لە نەهامەتیەکانیش ئەوەیە تاکوو ئێستا گەلی کورد ناتوانێت خاوەن هەڵوێستی ڕادیکاڵ بێت دژیی خیانەت و خاکفرۆشی و بەتاڵان بردنی هەموو بەها مەعنەوی و نیشتمانی و نەتەوەوی خۆی. بۆیە هەمیشە کرۆکی خیانەت و خۆفرۆشی ئیدامە بە خۆیی دەدات و فکروهۆشی ئازادیخوازی گەشە ناکات. بە پێی پێوویست و هەموو کۆمەڵگا تووشی نەخۆشی قەدەرگەرایی یەکڕیزی بووە لە هۆش و فکردا تەمبەڵ بووە، لێگەڕینی ئازادی و پرانسیپی ئازادی و گەشت بە چارەسەری پرسەکە لەیەک گووتار فۆلمیەکراوە بۆ چارەسەری ئەویش یەکڕیزییە، ئەم چەمکە لەخۆیدا گەورەترین زەرەری لە بونیادی فکری و سیاسی کردووە. ئەگەر هۆش و فکر و مەعریفە نەتوانێت گۆڕانکاری بکات و یەک جەستەی پێش نەخات زەحمەتە بتوانین ببین بە خاوەنی یەک بڵنگوی نەتەوەیی و بتوانین مێژووی شکستەکان بە سەرکەوتن دەستەبەر بکەین.
لە ڕۆژی ئەمڕۆدا کە هۆشیاری سیاسی و زهنی لە تێکۆشانی ئازادیدا گەشەی کردووە بۆیە تائاستێکی بڵند و بەهێز دەتوانێت هەموو پلانەکانی دوژمن تێکبشکێنێت. چونکە هۆشیار سیاسی هەیە ، چالاکی سیاسی و ئازادیخوازی دەخوڵقێنێ و بە هۆشیاری هەڵسوکەوت لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکاریەکان دەکات و وەڵامی پێوویستی بۆ بەرجەستە دەکات. کە دوژمن تووشی شکستی دەکات و تووشی شۆکی سیاسی و سەربازی دەبێت، بۆیە ئەمڕۆ دوژمن بە هەموو شێوەیەک کەوتۆتە ناو تەنگژە و پەلاقاژێ. ئەم هۆشیاریە سیاسیە هەڵويستی یەکێتیەکی نەتەوەی بەرجەستەکردووە لە ئاستی کۆمەڵگا و گەل بە گشتی بۆتە ئاستەنگی گەورە لەبەرامبەر بە داگیرکاری و دوژمندا و توانیویەتی بە ئیمکانی زۆر کەم سەرکەوتنی گەورە بەرهەم بێنێت و هەموو بەیەکدەنگ لەبەرامبەر بە داگیرکاری هۆشیار و خاوەن هەڵوێست بێت، هەردەچیت ئەم هۆشیاریە بەرفراوان دەبێت بۆیە دوژمن لە ڕێگایی نۆکەر و چەتەکەکانی کوردایەتی هەوڵی ڕەشکردن و ناوزڕانی دەکات و هەوڵدەدات لە ناوجومگەی ئیداری داهاتوودو جێگەیان بۆ ئامادە بکات.
بەڵام تاکوو ڕۆژی ئەمڕۆ کێشەکە لە چینی ناوین و باڵادەستی حزبدایە، کە بەرژەوەندی خۆیان بە بنەمادەگرن و مل بۆ هاوبەشیەکی سیاسی کوردستانی نادەن. چینی بۆژواز و خانەدانی حزبی سیاسی لە خۆیدا هۆشیاری ئازادی بەرجەستە نەکردووە. بە هەمان ئەقڵیەتی کلاسیکی حزب و مەرجەع لەکایەی سیاسی خۆی بە خاوەن ماف دەزانێت دەبێت پشکی هەبێت، ئەم حزبە چەند گەورە بێت یان بچووک گرنگ نییە. چونکە حزبە دەبێت لە مەسرەحی سیاسی جێگایی خۆی بگرێت. بێگومان چاوپۆشی و لاواندنەوەی ئەم چین و تۆێژە و حزبانە لە مێژوودا بۆتە بەڵایی سەری گەلی کورد و کە بەردەوام چاوساغی داگیرکەران بوون. لە کاتێکدا دوژمن لاواز و بێکاریگەردەبێت، بە ڕێگایی ئەم چین و حزبانە هەوڵ دەدەن خۆیان بکەن بە بەشێک لە پرۆسەکە، لێرەوە دەستی داگیرکەرایان گرتووە و تێکۆشینی ئازادی گەلیان تووشی شکست کردۆتەوە.
ئەم تۆێژە ئەمەندەی لە خەمی ژیانی شاهانەی و دەسەڵاتی موتڵەقگەری و بەرژەوەندی خۆیاندا بوون ئەوەندە لە ژیانیاندا بیریان لە گۆڕینی ئەخلاقی سیاسی و نیشتمانی نەتەوەی خۆیان نەکردۆتەوە، ئەگەر ناتوان خزمەتی گەلی خۆتان بکەن دوژمنایەتی گەلی خۆتان مەکەن. لە بەرەیی زاڵم و داگیرکەراندا جێگای خۆتان نەگرن. بەڵام ئەمڕۆ هەموومان دەیبینین گروپە چەتانەی بەناوی ئەنەکەسە خۆیان ناساندووە دەیانەوێت پرۆژەی داگیرکاری تورک بەسەر کوردا بسەپێنن و ئەوەی سوڵتانەکەیان ئەردۆغان پێشنیاری دەکات بۆ ڕۆژئاوای ئەمان بە جێی بێنن.
ئەم گروپە تەسلیمکارە و ئەفەندیە بۆینباخ لەمل و هۆتێلچی و ڕستۆرانتچیانە بەردەوام لە هەلومەرجی ناسکەکاندا نییەتی بۆگەن و پیس و ڕاستیەکەیان ئاشکرا دەبێت. لەم چەند ڕۆژەی دوایدا و دوایی ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا خۆیان دیاریکردەوە. هەموو دەزانین چ شەڕێکی دەرونیان دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبەن و چۆن بە هەرشێوەیەک بێت داڕوخان و داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستانیان لە چارەسەری پێباشترە ئەگەر وەک پرۆژەکەی ئەمان نەبێت. سەیری میدیا و ڕاگەیاندنەکانی ئەنەکەسە و بنەماڵەی بەرزانی بکەن ئەوەی دوژمن زاتی ناکات و ناوێرێت بیڵێت ئەمان لە ژێر پەردەی پاراستنی ڕۆژئاوا و چارەسەری کێشەکەدا بانگەشەی بۆدەکەن، پرۆژەکەشیان لە تەسلیم بوون و ملکەچی بۆ سوڵەتانەکەیان هیچتر نییە.
هەموو ئاگادرین ئەنەکەسە و بنەماڵەی بەرزانی شان بەشانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە داگیرکارکردنی عەفرین و سەریکانی و هاتنی چەتەکانی داعش بۆ ڕۆژئاوا چی بووە. هەڵووێستی ئەمان ڕوون بوو، چۆن لە دژی خەڵکی ڕۆژئاوا دەجەنگان و ڕەوایەتیان بە هێرشە دڕندەکانی چەتەکانی تورک و داگیرکاری تورک دەدا. بۆیە تاکوو کۆتایی بەم فکرە تەسلیمکارەی کورد نەهێنرێت لە کوردستان بە گشتی ڕێچکەی ئازادی ناتوانێت بگاتە دوا مەنزڵگەی خۆی، چونکە ئەوەی لە مێژوودا هەمیشە نەرێنی بووە لە پرسی چارەسەری سیاسی کێشەی کورد هەڵنەکێشانی ئەم ڕەگە پیسەی خیانەت و تەسلیمکارییەی چینە بۆژوازیەکەی کوردایەتی بووە. بۆیە هیچ کاتێک هێزی و لێهاتووی دوژمن و داگیرکەران نەیتوانیوە بەسەر تێکۆشینی گەلی کورد سەرکەووتووبن، تەنیا بەڕێگایی ئەم چینە نەبێت. نەبوونی فکری سیاسی ڕادیکاڵ و هۆشیاری سیاسی کۆمەڵگای کوردستان تەمەنی ئەم چینەی درێژ کردۆتەوە، هەرچەندە ئەمڕۆ گڵۆڵەیان لە لێژیدایە چونکە تا ئاستێکی باش هۆشیاری سیاسی گەل پێشکەوتنی زۆری بە خۆیەوە بینیوە. زۆرینەی خەڵک بە گشتی پێیان باش نییە کە ئەنەکەسە لەناو ئیدارای خۆسەریدا جێگای خۆی بگرێت یان ئەو هێزەی بەناوی ڕۆژ دروستکراوەو لەلایەن میتی تورکیا و پاراستنی پارتی گۆشکراون تێکڵاوی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت. چونکە هەم سیاسیەکانیان و هەم هێزەکەیان بە ئەقڵیەتی نیشتمانی و ئازادیخوازی پەروەردە نەکراون، بەڵکوو لەلایەن دەوڵەتێک و ئەقڵیەتی فاشستی دەوڵەتی تورک ئامادەکراوە بۆ تێکدانی دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان .
ئەم گووتاری یەکڕیزیە بەردەوام لە شۆڕشی ئازادیدا بێ هیوای دروستکردووە، ئەویش ئەوەیە تاکوو یەکڕیزی کورد نەبێت کورد سەرناکەوێت، بۆیە بەردەوام خواستی هێڵی خیانەتکار دەسکەوتەکانی بۆخی بردووە، هەمیشە ئەو کەسانەی خۆیان فرۆشتووە بە دوژمن و بەردەوام لە بەرژەوەندی بنەماڵەی خۆیاندا گەل و خاک و ووڵاتی هەڕاج کردووە دوایی هاتوونە ناوهاوکێشەی شۆڕش و جێگاپێی خۆیانگیرکردووە و بەردەوام خۆیان لەسەرو خەڵکە هەژار و شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەکەدا بینیووە. نموونەی باشوور چۆن جاش و کۆنە تەواری و جاسووسەکان لە کایەیی حوکمڕانی هەمان پێگەیی خۆیان بە زیادەوە هەبووە، ئەوەی بەڕوخانی بەعس لە دەستیاندا بە زیادەوە دەسەڵاتی کوردی یەکێتی و پارتی زیاتریان پێبەخشین.
دیارە ئەنەکسە و هەواڵبەندەکانی دەیانەوێت بەهەمان شێوە لە سەر میراسی هەزاران شەهیدی ڕۆژئاوا خۆیان بکەن بە پاشا و دەسەڵات و چیان بیەوێت بەدەستی بێنن، بۆیە ئەمڕۆش زۆر بێشەرمانە لە ژێرناوی یەکێتی نەتەوەی و یەکڕیزیدا دەیانەوێت پرۆژەکەی میت پاراستن و بنەماڵە بەسەر گەلی ڕۆژئاوادا فەرزبکەن. خۆیان وەک کوێخاو دەمڕاستی میراسی گەل بەناوبکەن و چیان بووێت بەدەستی بێنن. بۆیە هەمیشە پێداگری لە خاڵێک دەکەن، ئەویش ئەوەیە دەبێت ڕۆژئاوا خۆیی لە سیاسەتی باکوور و پەکەکە داببڕێت و بە ئاشکرا بڵێت ئێمە دەوڵەتی تورک دۆستمانە و پەکەکە دوژمنمانە، بێگومان زۆر کۆلکە سیاسی و ڕۆشنبیر و کەسانی کە ئەمڕۆ لەژێر ناوی جیاواز نەسیحەتی ڕۆژئاوا دەکەن، دەڵێن دەبێت بۆئەوەی دڵی داگیرکەرەکەمان لێ زوویر نەبێت، ئەمە بکەن. بۆیە بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێت ئەو ڕستەی فاشستی ئەردۆغان بە جیهان بدەنە قبووڵکردن کە ئێمە دۆستی کوردین و دوژمنمان یەپەگە و پەکەکەیە. ئەی باشە ئەوەی ڕۆژئاوایی خوڵقاند و بەرگری لێکرد، ئەوەی لە کۆبانێ بەرگریکرد و نەیهێشت بکەوێت کێ بوو!؟ ئەوەی دەیوویست ڕۆژئاوا بە دڕندەترین چەتە لەناوبەرێت کێ بوو. ئایا سوڵتان ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک نەبوو!؟
بۆیە من پێم وایە هەرچیەک بێت و هەرچۆنێک بێت قۆناغی ئەمڕۆی ڕۆژئاوا لە م چەند ساڵەیی دوایدا لە ئاستێکی زۆرباشترە چ لە سیاسەتی هەرێمی یان نێودەوڵەتی، بۆیە نزیک بوونەوەی ئەم چەتانە ئامانجیان خزمەتکردن و بەرژەوەندی خەڵکی ڕۆژئاوا نییە بەڵکوو بە پێچەوانەوە کردنی ڕۆژئاوایە بە باشوور کوردستان و دابەشبوون بۆ دوو هێز و دوو ئیدارەیی و لەدەستدانی هەموو ئەو بەها و دەسکەوتانەی بە خوێن هەزاران شەهید بەدەست هاتووە، لەداهاتوودا لە شێوازی ئیدارەدان وا لە خەڵک بکەن نەفرەت لە خۆی و شۆڕشەکەشی بکات. وەک ئەمڕۆی باشووری کوردستان چۆن بۆتە دۆزەخ بۆ خەڵکەکەی و بۆ کۆمەڵێک چەتەی سیاسی و بازرگانیش بۆتە بەهەشت و بە ئارەزووی خۆیان تاڵانی دەکەن و هەڕاجی دەکەن و خەڵک برسی دەکەن و بێ بەهایی دەکەن. بێگومان ئامانج و پرۆژەکانی ئەنەکەسە و بنەماڵەی بەرزانی کە میت ئامادەیکردووە بۆئەوەیە هەمان چارەنووس و ڕۆژی ڕەش بکەن بە داهاتووت ڕۆژئاوایی کوردستان. بە ڕوونی و ئاشکرا گووتار و لێدوان پرۆژەکانی چەتەی ئەنەکەسە میت و پاراستن لەسەر ئەم بنەمایە سیاسەت دەکەن، ئەگەر گەشتن بە ئامانج بۆ داهاتوو ئامادەکاری دەکەن ئەگەر نەگەشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری ئەوە بە هەموو شێوەیەک دوژمنایەتی ڕۆژئاوا دەکەن و تاکوو بتوانن و بۆیان بکرێت لە جیهان ڕەشی بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست