بابەتی تر



لاپەڕە 1/241: 1 2 3 4 5 ... :: »

ڕووپامایی( دووڕوویی ) دەسەڵاتدارە کازانۆڤاکان

Sunday, 23/03/2025, 11:46


تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی هەریەکە و بەجۆرێک پڕ و پەستە لە دووڕوویی کردار و درۆی گوفتاری سیاسییەکان بەڵام خۆ جگە لە نوخبەیەکی هۆشیار و هەڵبژاردەی پڕ وزە هەموومان بەشێوەیەکی ئاشکرا و دوور لە ڕووپامایی و ترس جورئەتی وتنیمان نیە .
کوردە سیاسیە میراتگرەکان و بەرەبابەکانی خێڵ نەک تەنها لەڕووی سیاسیەوە شکستخواردوون بەڵکو لە ڕووی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و جیاکاری ڕەگەزیشەوە نەیانتوانیوە هاوسەنگیەک ڕابگرن لەنێوان ڕەگەزی نێر و مێ ی خێڵەکەی خۆشیان لە هەموو ڕوویەکەوە .
هەمیشە ڕەگەزی نێریان سەردار و سەرۆک و ئاغا و بەرچاوبوون لە دونیای ڕاگەیاندن و لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دا ئامادەییان هەبووە ، لەبەرانبەردا ڕەگەزی ( مێ )یەکانیان وونن لەو مەجالانەدا . بەڵام ئەلحەق ڕۆژانە ئەو میراتگرە خۆش ژیاوانە ئەبینین زۆر سنگ و دڵ فراوانن بۆ دەستگوشین و لەئامێزگرتنی ژن و کچی خەڵکانی تر لەژێرناوی ڕاوێژکاری سەرۆک ، نوێنەری ڕێکخراوی ژنان یان پیشاندانی ژنان لە ڕاگەیاندن و یانەکانی شەوان و گوند و سیتی یە مۆدێرنەکان تەنانەت کارئاسانیکردن بۆ هێنانی پۆڕن ستارەکان بۆهەرێمی کوردستان 
ئەم ڕەفتارە دووڕووییانە ، واتە ئەم بە ( پلە یەک ) زانینەی ژن و ئافرەتانی خۆیان و بە کاڵا سەیرکردنی ڕەگەزی مێیینەی دەرەوەی خێڵەکەی خۆیان جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە و پێویستە خەڵکی لێ هۆشیاربکرێتەوە کەوا ئەم بابەتە سوکایەتیە بە ڕەگەزێکی گرنگی مرۆڤ لە پێناو تێرکردنی حەزی شەهوانی و بەدیهێنانی مەرامە سیاسیەکانی خۆیان .
نمونەی ئەو دووڕووییە شەهیدکردنی سەردەشت عوسمانە کە خەوی بە کچی مەسعود بارزانی یەوە بینی و عاشقی بوو کەچی کوشتیان! تەنانەت باسکردنی خۆشەویستی بۆ ئافرەتەکانیان سزاکەی مردنە. ئەی چۆن ڕێگە بە خوشک و دایک و مێیینەی کۆمەڵگەکەت ئەدەیت وەک کاڵایەک تەماشای بکەن و بیانکەن بە یاری حەزە قێزەونەکانیان وەک ڕۆژانە ئەیبیستین ؟! هەموو هەڵەی سەردەشت ئەوەبوو کە ویستی لە ڕێگەی خۆشویستنی مێیینەی بنەماڵەیەکەوە بگات بەچارەسەری چەندین کێشەی خێزانی خۆی و هەوڵێک بێت بۆ ئاشتکردنەوەی مێیینەی بنەماڵە سیاسی و دەسەڵاتدارەکانی وڵات لەگەڵ کۆی کۆمەڵگەدا و دەرهێنانی ئەو هەناسە ساردانە لە کۆت و بەندی یاساکانی خێڵ 
گەرچی هەندێک لە خەڵک پێی وایە ئەو سنورە نابێت دەستکاری بکرێت و ببەزێنرێت و گفتوگۆی لەسەر بکرێت چونکە گوایە ئەوە هێڵی سورە و لێدانە لە شەرەف و پیرۆزیەکانی خێڵ، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوان وەک دەسترۆیشوو و دەسەڵاتدار ئەگەر بە ئەمری واقعیش بێت بوونەتە ڕوکارێکی گشتی ( public figure ) بۆ سیاسەت و نوێنەرایەتی کردنی کۆمەڵگە ، تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەش مافی خۆیانە ڕەچەڵەک ز سروشتی بنەماڵە سیاسیەکانی وڵاتەکەی خۆیان بزانن .
ئەوە لۆجیک و دادپەروەری و دڵسۆزی نیە ئافرەتی خەڵک بخەیتە ناو ئەو کایە دڵڕەقەی ژیانەوە و بەشێوەیەکی خراپ سوودیان لێ ببینرێت بەڵام کەسێک بەخەو یان لە نوسینێک دا باسی مێینەیەکی بنەماڵەکەت بکات بێ هیچ سێ و دوویەک حوکمی کوشتن بدرێت بەسەریدا ؟!
ئەم عەقڵە دواکەوتوویی و خێڵگەراییە کاردانەوەی خراپی لەسەر پەروەردەی ئەخلاقی کۆمەڵگە هەیە. وا ئەخوێنرێتەوە کە ئەو سیاسیە خێڵەکیانە ئەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن بە خەڵک بەوەی کە
ئێمە لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاستی بەرزی ژیانکردنەوە زۆر جیاوازین لە ئێوە ، بۆیە ئێوە لەو ئاستەدا نابینین کە مێیینەکانمان تێکەڵی کەلتور و ڕەفتارتان بێت !
وەک چۆن شێخ تا ئێستاش پێی وایە نابێت کچی بدرێت بە مسکێن ( هەژار ) چونکە ئەمان هەڵبژێردراون لەلایەن خواوە و پێویستە هەر خزمەتیان بکرێت نەک خزمەتکار !!
یان لەوەیە پێمان بڵێن ئێوە ئەتوانن نێرینەکانمان ببینن وەک سەرۆک و گەورە و سەرکردە و بازرگان ئەویش تەنها لە دوورەوە یان لە چاوی ڕاگەیاندنەکان و لە باوەشی شۆخ و شەنگەکانی دوبەیی و قوبرس و ئەوروپاوە ، ئێوەش شەرەفی غوڵام و بەندە و خزمەتکارتان پێ بدرێت و چێژ لە بینینی ئەو وێنانە وەربگرن بە خەیاڵ !
کازەنۆڤا / بەو پیاوانە ئەوترێت کە پەیوەندی زۆریان لەگەڵ ئافرەتان دا هەیە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە