بابەتی تر



لاپەڕە 1/241: 1 2 3 4 5 ... :: »

عەبدولڕەحمان گەورکی

نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی


دیکتاتۆری ئێران لە لێواری داڕماندایە!

Sunday, 23/03/2025, 15:38


رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر، ئەم رێگەچارەیە دەردەکەوێت کە چارەسەری سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتییە لە (رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە ئیران). بۆ چی؟!
پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، پێویستە دان بەو راستییەدا بنێین کە تاکە هێزێک کە هەر لە سەرەتاوە لە دژی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی وەستاوە و لە ٤٥ ساڵی رابردوودا نەک هەر پێداگری لەسەر ئەوە کردووە، بەڵکو "بە توندی" و "هەمیشەیی" لەسەری ماوەتەوە و ئێستاش "براوەی ستراتیژی" دیمەنەکەیە لە هەموو هەنگاوەکاندا کە لەم چارەسەرە نزیک دەبینەوە.

باشترین چارەسەر یان تاکە چارەسەر!

لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا چەندین رێگەچارە تاقیکراونەتەوە و باس لە زۆر بەدیلیش کراوە. بێگومان زۆرێکیش بە دروشمی جیاواز و هەندێکجاریش درووشمی بریقەدار خۆیان دەرخستووە و پلاتفۆرمیان داوە. لە ناو ئەم پلاتفۆڕم و بەرنامانەشدا، زۆرێک پیلانگێڕیی جۆراوجۆر خراونەتە بەردەم! بە تێچووییەکی زۆر قورس، بۆ دەربازکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران لە رووخاندن. بەڵام لە بەرانبەر ئەم هێز و بەرخۆدانە رەسەن و جەماوەرییەدا شکستیان هێناوە و هەروەک بڵقی سەر ئاو تواونەتەوە. بێگومان بە نەمانی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، ئەمجۆرە چارەسەرانەیش، کە لە کۆتاییدا بە لایانەوە دیکتاتۆرییەت باشترە! و پشت دەکەن لە گەل و نیشتمان، کۆتاییان پێدێت!

چاوخشانێک بەسەر یەکساڵی رابردوودا!

ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی شکستەکانی دیکتاتۆری لە ئێران و ساڵی سەرکەوتنی گەورە بۆ گەل و ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی "ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران" بووە.
ساڵی رابردوو، رژێمی مەزهەبیی ئێران، لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکاندا چەندین گورزی ستراتیژیکی و تاکتیکی بەرکەوت. ئەم رژێمە، دیکتاتۆریی ئەسەدی لەدەستدا و گەلی سوریاش بەسەر ئەم دیکتاتۆرییەدا سەرکەوتن کە لە راستیدا (رژێمی بە وەکالەتی ویلایەتی فەقیهیی ئێران) بوو. هەروەها هێزە بە وەکالەتەکانیتری رژێم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زەربەی ستراتیژیکی و قەرەبوو نەکراوەیان بەرکەوت. هێزە نیابەتییەکانی ئەم رژێمەیش لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵاتن و ئەو هێزانەی کە بە رواڵەت ماونەتەوە، لە نیگەرانی قووڵدان و لە هەوڵی دوورکەوتنەوەن لە رژێمی ئێران.
نیگەرانییەکانی رژێمی ئێران لە ناوخۆی وڵاتدا زیاترە. چونکە لە دۆخی توندی قەیرانەکاندا گیری خواردووە و بەتایبەتی قەیرانی رووخان، کە هیچ دەربازبوونێکی بۆ نییە و دەبێت ئەم راستییە قبووڵ بکات کە بەرەوکۆتاییە! ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و بوونی ناوەندەکانی شۆڕشی پەیوەست بە موقاومەت لە سەرتاسەری شارەکانی ئێراندا، کە ئێستا بوونەتە "خاڵی هیوای خەڵکی ئێران"، گەیشتوونەتە لوتکە. هەموو شتێک بەندە بە "چەخماخەیەک" کە لە هەر ئان و ساتیکدا لەوانەیە روو بدات و تووڕەیی گەلی هەژار و برسی و ئاپۆرەیەکی "تینووی ئازادی و دیموکراسی" روو لە پاسداران و هێزەکانی ئەم دەسەڵاتە بکەن و رایانماڵێت. ئەگەر هێزەکانی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا بەرانبەر بە تووڕەیی خەڵکی ناوچەکە رایانکرد! ئێستا سەرکردە و پاسدارانی ئەم رێژیمەیش ناتوانن بەرگەی تووڕەیی خەڵکی ئێران بگرن!
لە لایەکی دیکەوە، "رێگاچارەی رووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی" و لە ئەنجامدا "کۆتاییهاتن بە" سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆریەتە لە هەموو بەشەکانی جیهاندا، بەرانبەر بە چارەسەرەکانی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیستی پێش کەوتووە و ئاڵاهەڵگری ئەم "چارەسەرە"یش، واتە (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) زیاتر لە جاران دەرکەوتووە و شەرعیەتی "سەری رەشەماری ویلایەتی فەقیهی لە تاران" سەلماوە. رێبەری ئەم موقاومەتە نەک هەر شەرمەزارکردنی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شەرمەزار کردووە، بەڵکو خامنەیی و رژێمەکەی بە "دۆڕاوی ستراتیژیکی" راگەیاندووە و رۆژانی یەک لە دوای یەک لە ساڵی رابردوو، بە روونی رەوایەتی ئەم ستراتیژەی سەلماندووە.

ستراتیژیی ناوەندەکانی شۆڕش

ئێستا ئەم راستییە لە هەموو کاتێک زیاتر دەرکەوتووە کە "ستراتیژیی رووخاندنی رژێمی ویلایەتی فەقیهی"، کە لە رێگەی ناوەندەکانی شۆڕش لە ئێران بەدی دێت، سەلماندنی شەرعیەتی تاکە بەدیلی "ئەنجومەنی نیشتمانی موقاوەمەتی ئێران" لە هەموو کاتێک بەهێزترە. ئەم ستراتیژە خاوەن دوو قۆڵی سیاسی و مەیدانییە و خانمی مریەم رەجەوی نوێنەرایەتی دەکات. بەبێ ئەم دوو قۆڵە بەهێزە، ناتوانین باس لە بەدیلێکی راستەقینەی رژێمی ویلایەتی فەقیهی بکەین. چونکە هەڵقوڵاوی گەل و بۆ گەل نین و نەبوون و هەروەک بڵقی لەسەر ئاو تواونەتەوە!

ئامادەبوونێکی گرنگ و مانادار!

لە ٢٠ی بەفرانباری ئەمساڵ (ساڵی 2025) وەزیری دەرەوەی کابینەی پێشووی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ، لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی موجاهیدین لە پاریس، پشتیوانیکردنی تەواوی خۆی بۆ پلاتفۆرمی ١٠ خاڵیی خانمی مریەم رەجەوی راگەیاند. گوتیشی، "دەسەڵاتی ئایینی لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە". دڵنیام کە هەڵمەتی زۆرترین گوشار دەست پێدەکاتەوە و ئەمەش سەرەتای کۆتایی دەبێت بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە خراپە". ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە ساڵی ٢٠٢٤ وەک "خراپترین ساڵ بۆ سوپای پاسداران" و سەرمایەگوزارییەکانی خامنەیی لەسەر "ئیبراهیم رەئیسی" و دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەنی رژێمی ئێران و شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم رژێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند کە رژێمی ویلایەتی فەقیهی بەم زووانە کۆتایی دێت".
مایک پۆمپیۆ وێڕای ئاماژەکردن بە دیکتاتۆرییەتی ئەسەد لە سوریا، لە وتارەکەیدا وتی "دیکتاتۆرییەتەکان هەر لە بنەڕەتدا گەندەڵن و دۆڕاون و بەم زووانە رژێمی ئێران هێندەیتر لاوازتر و ناسکتر دەبێت". وتیشی: موقاومەتی ئێران لەسەر رێڕەوی راستە و ئێران بە ئێوە ئازاد دەکرێت کە دەیان ساڵە قوربانیتان داوە و زۆرترین باجتان داوە و خاوەن چەندین ساڵ ئاواریی و خەبات و تێکۆشانن. مایک پۆمپیۆ هەروەها وتی: ئەزموونی سوریا دەریخست کە "گۆڕانکاری"، پێویستی بە هێزێکی بەڵێندارە کە پێی لەسەر زەوی بێت و هاوپەیمانی هەبێت لە دەرەوەی وڵات". ئێوە کە خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژ و توانای رێکخراوەیی بەرچاون، هێزێکی بەئەزموون و لێهاتوون لەم خەباتەدا. سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران دەیان ساڵ خەباتی کردووە لە ئێران بەرامبەر بە رژێم. ئێوە دیارترین ئازادیخوازانن. خانمی رەجەوی لە وتارەکەیدا لە ٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ لە پەرلەمانی ئەوروپا، نەخشەڕێگای رووخاندنی رژێم و نەخشەرێگای قۆناغی گواستنەوە دەسەڵاتی روون کردەوە. ئەم نەخشەڕێگایە حساب بۆ خەڵکی ئێران و موقاومەتی رێکخراو لە ناو ئێران دەکات کە لە ناوەندی خۆیدا، شانەکانی شۆڕشە لە سەرتاسەری ئێران. ئەم ناوەندانە هێزی یەکلاکەرەوەن لە گۆڕانکاریدا کە پێویستە دانیان پێدا بنرێت. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەم پلاتفۆرمە، خوازیاری ئەوە نییە کە لە دەرەوەی ئێرانەوە گۆڕینی رژێم روو بدات. ئەم پلاتفۆرمە، پێویستی بە بوونی هێزی سەربازی لەسەر زەوی و تەنانەت پارەی وڵاتانی دەرەوەش نییە. گوتیشی: "خانمی رەجەوی! ئێوە زۆر جار راتانگەیاندووە کە تەنیا یەک رێگا هەیە، یەک رێگا بۆ کۆتاییهێنان بە رژێمی مەزهەبی هەیە و ئەم نەخشەڕیگایەیش بە خەڵکی ئێران و موقاومەتی رێکخراو لە ناوخۆی ئێراندا بەدی دێت".
بەڕێز مایک پۆمپیۆ لە کۆتاییدا وتی: "خانمی مریەم رەجەوی سەرکردایەتی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراتیک دەکات کە لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا توانای خۆی لە دژی دیکتاتۆرییەتی مەلاکان نیشانداوە. گرینگی سەرەکی سیاسەتی رۆژئاوا دەبێ ئێستا داننان بە مافی بەرخۆدانی خەڵکی ئێران و ناساندنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران بێت وەک تاکە بەدیل و باشترین بەدیل بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئاخوندان لە ئێران".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help