ئاخۆ بەختەوەرترین و نابەختەوەرترین ووڵاتانی جیھان کامانەبن؟
Sunday, 23/03/2025, 17:07
- ئایا ١٠ بەختەوەرترین ووڵاتانی جیھان کامانەن؟
- ئەی ئاخۆ ١٠ نابەختیارترین ووڵاتانی جیھان کامانەبن؟
- ئاخۆ ووڵاتە ئیسلامیەکان لە کوێی ڕیزبەندی لیستەکەدایە؟
- ئاخۆ بەختەوەری چی بێت؟
- ئایا چۆن دەتوانین بەختەوەری بپێوین؟
- بۆچی بەختەوەری گرنگە بۆ کۆمەڵگە؟
- ئاخۆ عێراق و کوردستان لە پلەی چەندی ڕیزبەندی لیستەکەدایە؟
- ئاخۆ ١٠ بەختەوەرترین ووڵاتانی جیھان کامانە بن؟
بەپێی ڕاپۆرتی بەختەوەری جیهانی ساڵی ٢٠٢٥ کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی خۆشگوزەرانی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکەم ١٠ ووڵاتانی بەختەوەر و دڵخۆشترینی جیهان بریتین لە:
١- فینلاند
٢- دانیمارک
٣- ئایسلەندا
٤- سوید
٥- هۆڵەندا
٦- کۆستاریکا
٧- نەرویج
٨- ئیسرائیل
٩- لۆکسمبۆرگ
١٠ مەکسیک
- ئەگەر تێبینی بکەیت لەو لیستەی سەرەوەدا ھیچ ووڵاتێکی ئیسلامی تێدا نییە! تەنھا ووڵاتە کافرکانن بە ئیسرائیلیشەوە! ئەو ووڵاتانە ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن. وە ھەتا برا موسڵمانەکانیش، ووڵاتە ئیسلامیەکانیان بەجێھێشتووە لەبرسا و لە ترسا (بەخۆشمەوە) بۆ ئەو ووڵاتە کافرانە ڕایانکردووە. لەوێ داوای پەناھندەییان کردوە و بەخۆشی و ئازادی دەژین!
- ئەی ئاخۆ ١٠ نابەختیارترین و دڵتەنگ ترین ووڵاتانی جیھان کامانەبن؟
لە کۆی ١٤٧ ووڵاتی جیھانی کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، ئەمەش ١٠ ووڵاتی کۆتایی لیستەکەیە، کە نابەختیارترین و دڵتەنگترین ووڵاتانی جیھانن!
١٣٨- سیرالیۆن
١٣٩- زامبیا
١٤٠ تۆگۆ
١٤١- مالاوی
١٤٢- تانزانیا
١٤٣- هایتی
١٤٤- یەمەن
١٤٥- سوریا
١٤٦- لوبنان
١٤٧- ئەفغانستان
- ئەگەر تێبینی بکەیت لەو لیستەی دووەھەمدا چوار ووڵاتی ئیسلامی تێدایە، کە ڕۆژانە ملیۆنان دۆعا دەکەن (خوایە ڕزقمان بدەیت و بێ وویمان بکەیت!)، کەچی ھەر نابەختیار و دڵتەنگن ڕۆژانەش ھەژاری و نەخۆشی سەرو دڵی گرتوون!
- من لە ھۆڵەندا دەژیم، بۆیە حەز دەکەم شیکردنەوەی بەختەوەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ھۆڵەندا بکەم. تۆش دەتوانیت بەراوردی باسەکەم بکەیت لەگەڵ کوردستاندا، ھەتا ئاستی بەختیاری خەڵکی کوردستانت بۆ دەربکەوێت.
هۆڵەندا لە ڕیزبەندی پێنجەمدایە لەبەختەوەرترین وڵاتەکانی جیهان، وەک لە ڕاپۆرتی بەختەوەری جیهانی دەرکەوتووە. ئەم ڕاپۆرتەش لەسەر بنچینەی پشتبەستن بە چەند هەڵسەنگاندنێک داڕێژراوە بۆ بەختەوەری و دڵخۆشی کۆمەڵگەکان!
- بەڵام چۆن دەتوانرێت بەختەوەری بپێورێت؟ وە کام ئارگیومێنت ڕۆڵ دەگێڕێت لە پێوانی بەختەوەریدا؟
- با بزانین بەختەوەری چییە؟
بە بۆچونی من، بەختەوەری ئەزموونێکی بابەتی و ئاڵۆزە! کە چەندین لایەن دەگرێتەوە، بەڵام بە گشتی بەختەوەری بریتیە لە تێکەڵەیەک لە هەست و سۆزی پۆزەتیڤ و ڕەزامەندی کەسەکان لە ژیان و هەستکردن بە مانای ئەو لایەنە پۆزەتیڤانەی ژیان کە تێیدا دەژین!
- ئایا چۆن دەتوانین بەختەوەری بپێوین؟
زۆربەی کات بەختەوەری بە پێوەری جۆراوجۆر دەپێورێت، وەک:
- ڕەزامەندی لە ژیان: مرۆڤەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندە لە ژیانی خۆیان ڕازین!
- تەندروستی و تەمەنی چاوەڕوانکراو: مرۆڤەکان چەند تەندروستن لەژیاندا و تێکڕای تەمەنیان دەگاتە چەندە؟
- متمانەی کۆمەڵایەتی: متمانە کردن بە حکومەت و دامەزراوەکانی حوکومەت و بڕوا بوون بە ھاوڵاتیان و بەھاونیشتمان بوون!
- ئاسایشی ئابووری: داهاتی تاکەکان و دامەزراندنی تاکەکانی کۆمەڵگە و پاراستنی ئاستی ژیان و کۆمەڵایەتیان لەکاتی بێکاری و نەخۆشیدا!
- ئازادی ڕا دەبڕین و ئازادی کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە: مرۆڤەکان دەبێت بتوانن بەئازادی هەڵبژاردنی خۆیان بکەن، سەبارەت بە چونیەتی بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیان و بیروڕای جیاوازەکانیان.
- پەیوەندی کۆمەڵایەتی: پشتگیری کردنی تاکەکانی کۆمەڵگە لەلایەن خێزان و هاوڕێ و کۆمەڵگاوە!
- بۆچی بەختەوەری لەهۆڵەندا ئەو ئاستە بەرزەی جیھانی بەدەستهێناوە؟
- ئاستی ژیانی بەرزە: ھۆڵەندا ئابوورییەکی بەهێز و خزمەتگوزاری باشی ھەیە، ئەوەش ژیانی ھاووڵاتیان سەقامگیر دەکات.
- هاوسەنگییەکی باشی کارکردن و ژیانی کارکردن: ھۆڵەندیەکان خۆیان زۆربەی کاتەکانی کارکردنی خۆیان دیاری دەکەن واتە کاتەکانیان نەرم و نیانە(لاستیکی و گۆڕاوە) واتە خۆی دەتوانێت بۆخۆی دیاری بکات کە چەند کاتژمێر لە ھەفتەیەکدا، دەیەوێت کار بکات! بەوەش کاتەکانی ژیانی خۆی و کارکردنی وا دادەڕێژێت کە لەگەڵ ژیانی کەسایەتی و خێزانی خۆیادا بیگونجێت!
- ئاسایشی کۆمەڵایەتی: لەھۆڵەندا تۆڕێکی ئاسایشی کۆمەڵایەتی باش هەیە، بۆ بێکاری و نەخۆشی و خانەنشینی واتە ئەگەر مرۆڤێک کەوت بە ھەر ھۆیەکەوە بێت، ئەوا ئەو تۆڕە ناھێڵێت بکەویتە سەر جادە و سواڵکردن!
- ئازادی و لێبوردەیی: هۆڵەندا گرنگییەکی زۆر بە مافەکان و ئازادی تاک و فرەچەشنی لەئایین و دەنگ و ڕەنگی جیاواز دەدات.
- پلەی بەرزی متمانە: خەڵکی هۆڵەندا بڕوایەکی زۆریان بە یەکتر و بە حکومەت و بە سیستەمەکەشی هەیە.
- بۆچی بەختەوەری گرنگە؟
زۆری کات مرۆڤە دڵخۆش و بەختیارەکان بەرهەمدارتر و تەندروستتر و کۆمەڵایەتی ترن. وە لە کۆمەڵگایەکی بەختەوەریشدا فشاری دەرونی و ئابوری و تاوان و نایەکسانی، کەمترە وەک لە کۆمەڵگەیەکی نابەختەوەردا.
وە هۆڵەنداش ئەو نمرەی بەرز بەدەست ھێناوە، چونکە تێکەڵەیەک لە خۆشگوزەرانی و ئازادی و هاودەنگی کۆمەڵایەتی پێشکەشی کۆمەڵگەکەی دەکات.
- ئاخۆ عێراق و کوردستان لە پلەی چەندی ڕیزبەندی لیستەکەدایە؟
لە کۆی ١٤٧ ووڵاتی جیھانی کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، عێراق لە پلەی ١١٢ دایە!
لە ڕاپۆرتەکەدا بەجیا باسی کوردستان نەکراوە و بۆیە ئەویش دەکەوێتە ناو ڕیزبەندی عێراقەوە.
ڕاپۆرتەکە و ڕیزبەندی لیستەکەش لەسەر بنەمای خۆهەڵسەنگاندنی دانیشتووانی ووڵاتەکان بووە، بۆ کوالیتی ژیانیان لەو ووڵاتەی کە تێیدا دەژین، کە ئەویش لەڕێگەی ڕاپرسی جیهانی گالۆپەوە کۆکراونەتەوە (Gallup World Poll)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست