ئایا پارە و پۆست بەختیاری دەدات بە مرۆڤ!؟
Sunday, 23/03/2025, 16:32
لە زۆر وڵاتاندا بەتایبەتی وڵاتە دیکتاتۆرەکان، کە یاسا تێدا بەرقەرار نیە، پارە و پۆست لە بری ئەوەی مرۆڤەکان بەختەوەر بن، دەبێتە کارەسات، وەک نمونە کەسانی ساماندار یان بەناوبانگ بەپێچەوانەی ئەوەی کە خۆیان و خەڵک چاوەڕوانی دەکەن سامان و ناوبانگەکەیان ببێت بە کامەرانی بۆیان هەندێک جار دەبێت بە کێشەو بەدبەختی.
رۆژانە گوێمان لە چەندین رووداوی تراژیدی و ناحەقی دەبێت لە باشوری کوردستان بەداخەوە لە گەڵ زۆربوونی ئەم دیاردەیەش دەسەڵاتداران و کۆمەڵگایش لەبری ئەوەی هەوڵی چارەسەر بدەن زۆر جار کێشەکە گەورەتر دەکەنەوە.
دیاردەی کوشتنی بەناحەق و تەماحکردنە سەرکەسابەت و سامانی خەڵک خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی بەربڵاو لە باشوری کوردستان.
هوکارەکانی بڵاوبوونەوەی دیاردەی کوشتن لێکۆڵینەوەی قووڵی دەوێت لە هەموو بوارەکاندا و هەستان بەم کارەش دامەزراوەی جیاواز جیاوازدەبێت پێی هەستن.من لێرەدا چیرۆکێکی راستەقینە دەگێرمەوە سەبارەت بە تووشبوونی کەسانێکی بێتاوان بە کێشەو گیروگرفتێک بەبێ ئەوەی ئاگاداری هیچ بن و هیچ تاوانێکیان هەبێت، بەداخەوە لایەنی پەیوەندیداریش لەم بوارەدا زۆر کەمتەرخەمە.
هەرێم حەسەن عەلی خاوەنی پیشانگای سەیارەکڕین و فرۆشتن دەبێت لە شاری سلێمانی، وەک هەر هاوڵاتێەکی تری هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کارو کەسابەتی خۆی دەبێت، کەسێک بەناوی (کەیوان) هاوبەشە لە پیشانگاکەی (هەرێم )، رۆژێک (هەرێم ) لە پیشانگاکەی نابێت (کەیوان) سەیارەیەک دەفرۆشێت بە کەسێک، دواتر دەردەکەوێت کەسەکە ئەندامی رێکخراوی تیرۆرستی داعشە و لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە بە سەیارەکەیەوە، لەبەر ئەوەی سەیارەکەی لە پیشانگاکەی (هەرێم ) کڕیووە ئاسایش (هەرێم ) دەستگیردەکەن بەبیانووی ئەوەی کە هاوکاری و یارمەتی داعشی داوە ، ئەگەرچی (هەرێم ) ئەم کڕین و فرۆشتنەی ئەنجام نەداوە.
پاش ماوەیەک (هەرێم ) بە کەفالەت ئازاد دەکرێت هەتا رۆژی دادگایکردنەکەی ، بەڵام (هەرێم) چاوەڕوانی رۆژی دادگایکردن ناکات و هەڵدێت لە کوردستان و روودەکاتە تاراوگە، بەڵام بەداخەوەوە کارەساتەکە لەمەودوا دەست پێ دەکات دوای هەڵهاتنی (هەرێم)، و دەستگیرکردنی ئەندامەکەی داعش، لە هەلومەرجێکی گوماناویدا برایەکی (هەرێم ) بەناوی (عەدنان حەسەن ) تیرۆر دەکرێت لە شاری سلێمانی لە بەرواری(١٥/١/٢٠٢٥) . هەرێم و براکەی لەم نێوەندەدا هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەدابوو کەچی یەکێکیان ژیانی لەدەستدا و ئەوی تریان ژیانکردنی لە ناو وڵات و کەسوکاری لە دەستدا بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێت جگە لەوەی کە خاوەنی کار و سامانی خۆیان بوون، ئەوەی سەیرە لە وڵاتانی دواکەووتو زۆرجار یاسا کەڕو کوێرە لە ئاست هاوڵاتیانی خۆی هەرئەوەندەت بەسە کە توهمەتبارکرای بە شتێک ئیتر کەس ئامادە نیە گوێت لێبگرێت، بەداخەوە بە سەدان جاش وئەنفالچی و بەعسی و کەس وکاری داعشەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئازادی دەژین بەڵام بۆ کەسانی بێتاوانی وەک (هەرێم ) زیندانی دەکرێن یان ناچار دەکرێن وڵات بەجێبهێڵن و پاشان برایەکشی ببێت بە قووربانی بە دەستی تیرۆرستانی داعش. بەڵام ئەگەر هەرێم و هەر کەسێکی تری وەک هەرێم بەرپرسێک لە پشتی ببوایە نە توشی کێشە دەبوو نە ناچار دەبوو وڵات بە جێبهێڵێت و کار و کەسابەتی لە دەست بدات و لە هەمووی خراپتر برایەکشی بکوژرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست