ئەگەر لە کوردییدا، پێناسەکە بە پێی شیکردنەوەی وشەکە بێت، دەکرێت ئەو مانایەی لێوەربگرین، کە ئەو کەسە بیرکردنەوەی رۆشنە!
هەرچەندە هەموو بیردەکەینەوە، لێ چی وا لە کەسێکی رۆشنبیر دەکات،
بیرکردنەوەکەی جیاوازتر بێت!؟ ئەمە بۆ خۆی پرسیارێکە و لە شێوازی
بیرکردنەوەکەدا ئەو جیاوازییە هەست پێدەکرێت!
رۆشنبیر
دەبێت کەسێک بێت خوێندەوار و خاوەن ئەزمون بێت، سوودی لە هەردووکیان
وەرگرتبێت، بۆیە لە هەناوی هەردووکیاندا بیرکردنەوەیەکی قوڵ لە دایک دەبێت و
پێشبینی بۆ داهاتوو دەکات و پێش رووداوەکان دەکەوێت، هەروەها وشیاری بە
خۆی و بە دەوروبەری دەدات!
رۆشنبیر کەسێکی بە موراڵ و رەوشت بەرزە، هەر
بەوە بیر و هزری خۆی پەروەردە دەکات و گەشەی پێدەستێنێت ! ویژدان بەشێکە
لە موراڵ و لە ناو هزردا کار دەکات، لەوێوە موراڵ خۆی نمایش دەکات.
روناکبیر ئەگەر ویژدانی نەبێت، وەک بوونی ئامێرێک دەبێت بەبێ وزە، هەروەک
بوونی ئۆتۆمبیلێک بەبێ بەنزین.
کەسی روناکبیر یان (رۆشنبیر) لەگەڵ
موراڵدا مامەڵە دەکات، خۆپەرست نابێت، بازرگانی بە قسەکانییەوە ناکات، بەو
وشانەی دەیاننووسێت یاری ناکات، لە خانەکانی هزرییدا بیرکردنەوە نابێتە
کەرەستەیەک، تا کڕیاری بۆ پەیدا بکات.