قاچە سڕەكانى پارتى
Saturday, 18/12/2010, 12:00
ئایا هەنگاوەكانى پارتى بەشى پەڕینەوەى دەكات لەو شەقامە لیخنەى لە ناوەڕاستیدا ڕاوەستاوە ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە لەبەردەم كۆنگرەى ژمارە سانزەى پارتى دیموكراتى كوردستاندایە . ئایە دەتوانێت بەستەڵەكى فكرى خۆى بشكێنێت ؟ یان ئایا بەڕاست نیازى هەنگاو هەڵهێنانەوەى هەیە لە ئەساسدا ؟! ئەوەى بەكردەوە ئەم حیزبە ئەزمونى كردوە ، ئەوەیە ، كە هەرگیز گەروى قوتدانى ئەو پاروە چەورەى نەبوە كەناوى دیموكراتیە ، چونكە هەمیشە فشارى خوێنى لەوە باڵاتربوە . ئارەزووى ئەم پاروە بكات . لێرەوە چاومان دەچێتە سەر ئەو ڕاستیەیى كە ئایا پارتى لە كامە خولگەى فكریدا قەرارى گرتوە ، دوورى لە خۆرى ئازادیەوە چەندە تا درەوشانەوەى ڕوخسارى ببینرێت . یانیش فەلسەفە و فكرى ئەم حیزبە چیە . كە وایكردوە ئەوەندە فشارى خوێنى كەف بكات . یەكێتى كە ڕكابەرى ئەم حیزبەیە و منداڵى داوێنى خۆیشیەتى هەرزوو ئەو یاری هەلوكێنە فیربوو كە لە كۆڵان منداڵان دور لە چاوى گەورەكان دەیانكرد ، وە فێرى ئەوە بوو چۆن لە هەلەیەك باشترین دەرفەت وەرگرن . بە نەمانى باوكى ، خیانەتێكى گەورەى لە پاشخان و ئەسڵیەتى خانەوادەى خۆى نەكرد ، ووتى من كوڕى هەمان ئەو باوكەم كەمرد ، بەڵام لەگەلأ براكانى ترى باوە پیارەمدا هەر بەبرایى دەمێنمەوە تابتوانم سەروەتى ئەو باوكەش بمگرێتەوە ، یانى . ئێستا بەخۆى دەڵێت سۆسیال دیموكرات . بەمەش خۆى لە قەیرانى فكرى و ئایدۆلۆژى قوتاركرد . ئەگەرچى نیازیشى نیە زۆر وەفاداربێت بۆى . ئەمەش ماناى وانیە مادام بەخۆى دەڵێت سۆسیال دیموكرات ئیتر كۆنگرەكەى پەسەندو سەردەمیانە بوبێت ، وەیا بڕیارى فكرى و ئاكارى تیا پەسەند كرابێت ، پارتى كەهەر لەسەرەتاى دروست بونیەوە وەك حیزبێكى ناسیۆتالست و خێڵەكى خۆى ناساندوە لەم كۆنگرەیەشدا مەسەلەى ئەوە نیە كە بەلاى شانى ڕاست یان چەپیدا نیگایەك بكات . تەنانەت ئەگەر سەرنجى پەڕلەمانتارەكانى پارتى بدەین هەمیشە دەستیان بەرزبووە . لە ئاست ئەو یاسایانەى ئازادى كۆمەڵگا بەرتەسك دەكەنەوە . ئەم كارەش وایكردوە ئەو هەڤاڵانە كە هیچ پێناسەیەكى فكریان نەخراوەتە گیرفانەوە كاتێك بۆ پەڕلەمان نێردراون ، ڕوبەڕى كەمترین ڕەخنەببنەوە . چونكە بەشەر ناتوانێت پێیان بڵێت ئاغایان ئێوە بە فڵانە سوێند كە خواردتان وەفادار نەبوون . یانى ئێوە دەتانەوێت بە چاوى بەستراوەوە بخوێننەوە . چونكە حیزبى سیاسى پێویستى بە بنەمایەكى فكرى پتەو و مەعلوم و ڕاگەیەنراو هەیە ، لێرەوەیە ئەگەر پارتى نەتوانێت كەللە بۆشەكەى فكرى خۆى بەمیتاڵێك پڕبكاتەوە ، ئەوە هەر مەعلومە كەس ناتوانێت ڕوخسارى ببینێت ، ئیتر سیاسەتیش هەر چەمانەوەیە ، و نمایشێكى ڕۆبۆتیانەى بەرنامە ڕێژكراوە . ئیتر سپاردنەوەى متمانەیە بە سەرۆك لە پەیمانێكى پیرۆزدا كە ناوى كۆنگرەیە . ئیتر قاچ سڕە لە هەڵهێنانەوەى هەنگاو ، ئەستۆ نازانێت سوارى كام هەنگاو بێت ، سەر نازانێت كامە پاش و كامە پێشە . ئیتر ئازادى كۆمەڵگاش شەلم كوێرم ناپارێزم .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست