ئایا نەوشیروان موستەفا دەچێت لە پەڕلەمان دابنیشێت ؟
Saturday, 18/07/2009, 12:00
ئەم دەورەیەى هەڵبژاردنەكانى كوردستان ، پێدەچێت جیاوازبێت لەگەلأ دەورەكانى پێشووى هەڵبژاردنەكانى چ پەڕلەمان و چ شارەوانیەكانیش ، بەپێى بوونى لیستى جیاواز ، ئەوەى من دەمەوێت بیڵێم وە بۆ من جێگاى پرسیارە ئەوەیە ، ڕابەرى یەكێك لە لیستە مونافسەكانى هەڵبژاردن ، كە پەیامەكەى گۆڕانە ، بەم شیعارە هاتۆتە مەیدان . وە كاندیدى ژمارەیەكى لیستەكەیەتى ، ئەویش وەك ڕۆشنە نەوشیروان موستەفایە . ئایا نەوشیروان موستەفا وەك كاندیدى ژمارەیەكى لیستەكەى دەچێت لە پەڕلەمان دابنیشێت ، یان وەك پەڕلەمانەكەى 1992 كەسێك تەوكیل دەكات .
نەوشیروان موستەفا لە مێژووى خەباتیدا جا بەچى جۆرێك خەباتى كردووە لێگەڕێ ، نەیتوانیوە كەسى یەكەم و ڕابەرى ڕاستەقینەبێت جگە لە شەڕ و بڕیاردانى جەنگ نەبێت ، ئێستاش كە هاتوە خۆى وەك كاندیدى ژمارە یەك پاڵاوتوە ، كە ئەمە تەنها بۆ ڕیكلامى هەڵبژاردنە ، من باوەڕناكەم ئاكام بچێتە پەڕلەمان و كورسیەك بەناوى ئەوەوە هەبێت لە پەڕلەماندا ، بەڵكە خۆبەزلزانى ئەو ڕێگە بەمەنادات ، لەلایەك و لەلایەكى ترەوە ، ئەم كارەش لەو كاتەوە فێربووە كە چ لە دەورانى پێشووى لە سەركردایەتى یەكێتیدا و ، كەبە تەنها حكومەتیان هەبوو ، چ لە دەورانى حكومەتى هاوبەش لەگەلأ پارتیدا ، لە سەرۆكایەتى هەرێمەوە تا كارو بارى وەزارەتخانەكانیان ئەنجومەنێكى بچوككراوەیان بۆ پێكهێنابوو لە دەرەوەى پەڕلەمان حكومەت و یاسا و ڕساكان ، هەموو بڕیار و قەرارەكان لەم ئەنجومەنەوە دادەبەزى ، یان بابڵێین لە مەكتەب سیاسیەوە . جا ئەو پەڕلەمانتارە كامەبوو كە سەرپێچى دەكرد ، ئەو وەزیرە كامەبوو كە ئیمزاى نەدەكرد ، هەموو ئەوانە دەورى ئەو پرنتەرەیان دەبینى كە تەنها دەتوانن ئەو شتە چاپ بكەن كەلە كۆمپیوتەرەكەوە بۆن ڕەوانە دەكرێت ......... ئەو ئەم تەجروبە یەشى هەیە . بۆیە لەم دەورەیەشدا من گومانم هەیە پێم وانیە لەم كارە لابدات . بەدەلیلێكى تر ئەگەر بیویستایە دەبوو خۆى بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم بپاڵاوتایە ، ڕەنگە ئەم كارەش بەمەبەستێكى تر بكات ئەویش ئەوەیە نایەوێت بچێتە ژێربارى ئەو شتەى كە ئەو بەناوى گۆڕانەوە تەبلیغى بۆدەكات . تا كەسێك نەتوانێت بڵێت هەڵوێستى لەبەرامبەر بە بابەتێكى دیاریكراودا بەوجۆرەبوو . بۆیە بەپێى یاساو دەستور و قانونێك كەهەیە سەرۆك دەتوانێت دەسەڵاتێكى فراوان مومارەسە بكات وە دژى هەموو ئەو بڕیار و یاسایانە بوەستێتەوە و ڕەتیان بكاتەوە كە پەڕلەمان بۆى دەنێرن و پێویستى بە ئیمزالێدانى ئەو هەیە تاببێتە بڕیار و یاسا ،بۆیە باشترین جێگەیەكە بۆ گۆڕان . وەك دەشزانین پۆستى ئەندام پەڕلەمان یەكسان نیە بە پۆستى سەرۆكى هەرێم . كەواتە دەتوانم بڵێم نەوشیروان لە گردەكە دادەنیشێت نەك لە پەڕلەمان .
تا بەوجێگەیەشى كە بەدەست هێنانى تەنها كورسیەكش لەلایەن لیستەكەى ئەمەوە دەگەڕێتەوە چەندە بە زیانى پارتى و تێكدانى تەوازن قواى نێوان پارتى و یەكێتى دەشكێتەوە ، هەموو ئەو دەنگانەى كە كۆى دەكاتەوە سەرەنجام چۆن دەیكاتەوە كۆشى یەكێتى ، لە هەموو دەنگدانێكى پەڕلەماندا ، خزمەتێكى گەورەیە بە بزوتنەوەى ناسیۆنالستى كوردى و لایەنى یەكێتى بەتایەتى . كە ئەم خەمى لە قوڕاو دەرهێنانى داوە بە كۆڵیدا .
نەوشیروان و لیستەكەى هەموو ڕۆژێك پەیامێك بۆ توێژێكى كۆمەڵایەتى دادەبەزێنن ،وەك ئەوەى خەڵكى لەو شتانە بێئاگابن كە جێى بەحسى جەنابیانە ، ئەوە خەڵكى كوردستان نیە لە دنیاى مۆدێرن و مەدەنى بێئاگان ، ئەوە تۆ و ئاغاكانتە لە سەرى ڕەش و قەڵاچوالان دەستان لە كەوان گیركردوە بەڕووى خەڵكدا و ترستان لە و دنیایە هەیە . سەرجەمى پەیامەكەى لەوەدا كورت دەبێتەوە كە ئەوان پێیان وایە و لە ئایندەدا هەوڵى بۆ دەدەن ، ئیتر ئەو میكانیزمە دیار نیە كە كارى ئەوانە . بەچى جۆرێك فەسادى و گەندەڵى و بەرزكردنەوەى ئاستى گوزەرانى خەڵك چارەسەردەكەن . ڕاستیەكەى ئەوەیە نەوشیروان و پوختەى كۆمپانیاى ووشە و لیستى گۆڕا كارەكەیان ئەوەیە ئەو ئاوە كەڕۆیشتوە بیگەڕێننەوە بۆ ناو جۆگەكە ، ئەوانەى لە دەسەڵاتى یەكێتى و پارتى تۆراون و ئەوان نەیان توانیە خواستەكانیان تێربكەن و ماوەیەكە تار بوون ئەم بیان كاتەوە قەفەسەكە . بۆیە یەكێكیان دەڵێت من سى ساڵە پیاو بۆ یەكێتى دەكوژم ئامادەشم سى ساڵ بۆ نەوشیروانى بكوژم !!.
بێگومان لە ئیدعا و تەبلیغێك كە دەیكەن كۆمەڵێك خەڵكى تر لە خۆیانەوە دەپێچن ، بۆیە پێویستى بەوەهەیە واخۆى بەدور بگرێت كە دووكەڵى جگەرەى یەكێتى نەیگاتێ ، بەڵام ئەم كارە بۆ خەڵكى ووشیارى كوردستان بەقەد بازدانى كێچێك لە ڕاستى ڕابردووى ئەم بەڕێزە و هاوكارەكانى دوورمان ناخاتەوە . بۆیە ئێستا بەخەڵكى كوردستان دەڵێت دەزانن حكومەت گەندەڵە ، حیزب وەك ئەو كرمەى لێهاتوە كە لە ناوەوە خەریكى كلۆر كردنى بەژنى كۆمەڵگایە تا وشكى بكات ، دیموكراسى و ئازادى و هەڵسوڕانى سیاسى لە نزمترین ئاستیدایە یان هەر نیە . مێژوویەكى دوور نیە تۆ بە بەشێك لە خەڵكى كوردستانت ووت ئاو و كارەبا هى خۆمانە و نایدەین بەئێوە ، خەڵكى كوردستان هەزوو ئێوەى ناونا فیرعەونەكان . ئیتر پێویست ناكات لە تیۆرە شڕۆڵەكانى خۆت كراسێكى پان پۆڕ دادرووى و بە گوڵى ورد و ڕەنگاوڕەنگ بیڕازاێنیتەوە و پێمان بڵێى بۆنیان بكەن .
بۆیە ناتوانى خەڵكى ووشیارى كوردستان بەزۆر لە كۆڵانێكى تەنگەبەرەوە ببەى . لەپاى چى پێمان دەڵێى ئەمەیە پێناسەى حیزب و حكومەت و ئابورى و بازاڕوو ، تەنانەت ئازادى سیاسى و ڕادەربڕین...... بیرتە كاتێك تۆ بەناو لە یەكێتى هاتیتە دەرەوە ئەم باسانە لە گۆڕێ نەبوون ، خاڵى یەكەمى ناڕەزایى و ڕقى تۆ ئەوەبوو نازانى دارایى یەكێتى كە بەدەستى ماڵى تاڵەبانیە چى لێیەت و بۆ كوێ دەچێت . ئیتر من نازانم بۆ چى و لە پاى چى تورەكەى سواڵى خەڵكى كوردستانت كردۆتە بەیداخى خۆت و كەوتویتە شەكاندنەوەى .ئەوەندەش خۆت بە خاوەن حەق دەزانى كە پێتوایە مافى خۆتە لە ماڵەباواتن مانگانە چەندین ملیۆنت بۆ بێت ، بۆیە ئەم خواستانە پەردەى باوەڕی ئێمە بەرانبەر بەتۆ نا دڕێنێت . تۆ گریمانەى كۆمەڵگایەك دەكەیت كەتیایدا هەموو شتێك پێچەوانەى ئێستایە بە ئاڕاستەى باشە ، هەر بەم پێەش دەتەوێت بیسەلمێنى كە دنیا لە فەلەكى تۆدا دەگۆڕێت ، پاشان بەبێ هیچ هۆیەك قامك بۆئەوە درێژدەكەیت كە ناڕازى و توڕەى لە بەرخوردى حیزب و حكومەت . بەم كارەش دەتەوێت چى ڕابردوتە بیكەیتە تۆزى بەردەم با خالیبونێكى تەواو خاڵى ببیت لە گوناه و هەڵە . بۆیە كوردستان بەو مۆمەى تۆ ڕوناك نابێتەوە شەوەزەنگى تارى یەكێتى و پارتى بە نەخشەى فریوكارانەى تۆ نابێتە ڕۆژى ڕوناك
Nya Kamil
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست