چۆن ڕاگەیاندنێكمان دەوێت لـەیـادى ڕۆژنـامـەگـەرى كوردیـدا چـۆن ڕاگـەیـانـدنـێـكـمـان دەویـَــت ؟
Monday, 26/04/2010, 12:00
من نەمزانى كاغەز بەوە نیگەران و بەوە وەڕس ئەبێ و یاخى ئەبێ ..
تۆ لەسەرى بنووسیت و بەڵام ئاكام خەیاڵى تۆ شتێكى تازەى پێ نەبێ ..
شێركۆ بێكەس
ڕاگەیاندن ، ئاوا پێناسە كراوە ، كە پاش دەسەڵاتەكانى یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەرى ، بە ستونى چوارەمى ڕاگیركردنى بنمیچى دەسەڵاتى كۆمەڵگا دێت . بۆ ڕاگیربوون و مانەوەى ئەم سەقفەش لە بڵندیدا خاڵێك كراوەتە زەمان ، ئەویش جودایى ئەم سێ دەسەڵاتەیە بەشێوەیەكى سەربەخۆ لەیەكتر .
بەڵام كاتێك باس لە دەسەڵات و پایەیى چوارەم دەكەین دەبێت خاڵ و بنەماو زەمانەتى تر زیادبكەین . ئەگەرنا ئیتر ئەو سەقفە لەنگە و بەرەو قڵپ بونەوەى زیاتر مل دەنێت ، ئەو زەمانەتەش بریتیە لە ئازادى . بەبێ بوونى ئەم خاڵە ڕاگەیاندن بوونى نیە ، بەڵام لەدەرەوەى ئەم زۆنەشدا دەسەڵاتەكانى تر هەر بونیان هەیە ، ئەگەرچى ناتەواون . وە ڕوبە نغرۆبوون مل دەنێن .
كەواتا ڕاگەیاندن و ئازادى تەواو پێكەوە گرێخواردوون ، كە دەووترێت ڕاگەیاندنى ئازاد . بەڵام ئێمە مەبەستمان چیە لە ڕاگەیاندنى ئازاد بەشێوەیەكى دیاریكراو ؟ . دەتوانین خودى ڕاگەیاندن بەسەر چەند ڕەهەندێكدا دابەش بكەین . ڕاگەیاندن ، یان ڕاگەیاندنى دەسەڵاتە ، كە سنورى كار و ئازادى دیاریكراوە وە پارێزراویشە ، كارەكەشى تەشویق كردن و ماكیاج كردنى ڕوخسارى ئەوە و بەتەواویش لە خزمەتى ئەودایە ، یان هى حیزب و ئۆرگانەكانیەتى و پابەندە بە ئایدۆلۆژیا و بیركردنەوەى حیزبەوە و وەكو زمانى ئەو كاردەكات ، وە بەتەنها بە چاویلكەى ئەو دەبینێت و بەبێ بونى ئەو چاویلكە ئایدۆلۆژیە تواناى خوێندنەوەى دێڕێكى نیە ، یان لە سێهەم باردا سەرمایەدارێك سەرمایەگوزارى تێدادەكات و دەیخاتە ژێر ڕكێفى خۆیەوە ، ئەوكات پەیوەستى دەكاتەوە بە یاساكانى بازاڕەوە وە لەسەر بنەماى قازانجى خۆى كاردەكات ، وێڵە لەدوى كەڵەكەكردنى سەرمایە . لەهەریەك لەم بوارانەدا ڕاگەیاندن كارتێكراوە نەك كاریگەر وەلەسەر یەك یاساى بازاڕى كاردەكات كە پشت ئەستورە بە بوونى خواست لەسەرى .
جۆرى چوارەم ، لە ڕاگەیاندن خۆى لەهەموو ئەو كۆسپانە ڕاتەكاندوە ، بەكلیك كردن لەسەر هیچ یەكێك لەو ئایكۆنانە پەنجەرەیەكت بۆ واڵاناكات . ئەو كارەشى كەلە ئەستۆى گرتوە ، بریتیە لە ، بەژداریكردن و دروست كردنى ڕاى گشتى ، وە پاراستن و خزمەتكردنى بەرژەوەندى گشتى ، وە پانتاییەكە بۆ ڕەئى و ڕەئى بەرامبەر . ئەم ڕاگەیاندنە نابێتە جێگاى بڕیاردان لەسەر حەڵالأ و حەرام ، نابێتە تەرازوى كێشانى خێر و شەڕ ، هەروەك ناشبێتە فڵچەى ڕەگكردنى مرۆڤەكان بە ڕەنگى ڕش و سپى . بەڵكە چاوێكى مەوزوعیە لەسەر واقعى كۆمەڵگا ، عەجول و بزێوە ، فزولە ، سەردەكات بەهەموو كونێكدا ، دەنوك لەهەموو شتێك ئەدات ، تیشك دەخاتە سەر هەموو گۆشەیەكى تاریك .
هەروەك لە ڕیزبەندى یەكەمدا ڕاگەیاندن پلەى چوارەم بوو والێرەشدا دیسان ڕاگەیاندنى پەسەن و ئازاد هەر چوارەمە ، بۆیە ئەو چوارگۆشەیەیە كە پانتایى بوونى ئازادى لە كۆمەڵگادا دیارى دەكات . لاى ئێمە جۆرى سێهەم لە ڕاگەیاندن بوونى نیە ، وە هەردوو جۆرى یەكەم و دووەم بەتەواوى ئاوێزانن ، تەنها بە عینوانى بوونى حیزبى جودا جیاوازیان هەیە ، بۆیە بەگشتى دوو جۆر ڕاگەیاندنمان هەیە ، ڕاگەیاندنى ئازاد و ڕاگەیاندنى پابەند ، ئەم جۆرەیان (پابەند) هێزێكى مەعریفى و حەقیقەتى تیانیە ، بەڵام هێزێكى ماڵى و پاراستنى بەهێزى لەپشتە . دووەم جۆر یان ئازاد هێزێكى ماڵى و ئاسایشى لاوازى لەپشتە ، بەڵام بەژداریەكى بەهێزى هەیە لە دروست كردنى ڕاى گشتیدا و چاودێرە لەسەر كۆمەڵگا .
ڕاگەیاندنى پابەند كە بەشێوەى پۆستە بەسەر ناوەند و بیرۆ و خوێنەرانیدا دابەش دەكرێت تواناى ئەوەى نیە بێتە بازاڕ و چاو لە چاوى خوێنەر ببڕێت ، هێزى ململانە و ڕكابەرى پێنیە ، چونكە دەسەڵات و حیزب لە تاریكى خۆیاندا نوقمیان كردوە . بۆیە ئێمە ڕاگەیاندنێكمان دەوێت كە دەسەڵات و حیزب و ئایدۆلۆژیا و زاڵمى بازاڕ لێى دەسڵەمنەوە و لێى هەڵدێن ، بەڵام ئەم وەك تارماى بەشوێنیانەوەیە و لێناگەڕێت خەونى خۆش ببینن ، هەر سزاى ئەم خەو زڕاندنەشە كە بەشێك لە ڕاگەیاندن دەیچێژت .
ئەوەمان زانى كە ئازادى ڕۆحى ڕاگەیاندنە ، بەڵام پاراستنیشى واتاى زیندو هێشتنەوە و نەمردنیەتى ، یانى پاراستنى ئەو ئازادیە . ئەم كارەش تەنها بە بوونى یاسایەك دەستەبەر دەبێت كە تیایدا زەمانەتى پاراستنى ئەو ئازادیەى پێ سپێردرابێت . تا ڕۆژنامەنووس بتوانێت كارەكەى ئەنجام بدات بەبێ سڵەمینەوە ، كەبەتەواى مەبەست لە راگەیاندنى ئازاد بوونى ڕۆژنامەنووسى ئازادە . لەبەرئەوەى ئەم خوازیارى ڕاگەیاندنى ئازادە و هەرئەمیش دروستى دەكات .
ماوەتەوە ئەوەى لەم ڕۆژەدا (ڕۆژى ڕۆژنامە گەرى كوردى) داخوازیمان چی بێت ؟ مادام دەرگایەك هەیە ئێمە لەبەردەمیدا بوەستین و لێى بدەن بەناوى ڕاگەیاندنى ئازادەوە ، ئیتر سەلماندنى یاسایەكى كارى ڕاگەیاندن كە دەستەبەرى ئەو پانتاییە لە ئازادى پێویست بكات بۆ ڕاگەیاندن واقعە ، ئەم كارەش بە خودى ڕاگەیاندن سپێردراوە ، لە جیاتى ئەو یاساى كارى ڕۆژنامەنووسیەى كەوەك قوفڵێكى ژەنگاوى دراوە لە دەرگاى داخراو لەسەر ئازادى ڕاگەیاندن .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست