جاشپارێزى و كلكەسوتێ بۆ دوژمن

Tuesday, 12/10/2010, 12:00



من لە دەرەنجامى ئەو واقیعەى كە ناسیۆنالیزمى كوردى بەدرێژایی نیوەى دووەمى سەدەى بیست تا ئێستا تێیكەوتووە گەیشتومە ئەو قەناعەتەى كە لەناو سەركردایەتى سیاسیى شۆڕشەكانى كورددا لە پاش پێشەواى شەهید "قازى محمد" كەسێك نابینم بەتەواوى مانا چەمكى "سیاسیی + نیشتمانپەروەر" تیاى دا ڕەنگى دابێتەوە ، هەموو ئەوانە لە ئەنجامى بارودۆخێكى تایبەتى گەیشتونەتە ترۆپكى شۆڕشەكان ،هەتا كاتێك كە بەرژەوەندى نیشتمانى تەریب بوە بەبەرژەوەندى تاكەكەسیان ، بوونەتە سوارچاكى ڕێگاكە و لەهەموو كەس نیشتمانیی تر بوون ، بەڵام كاتێك كە مانەوەیان لە ڕیزى گەل دا سامانەكەیانى خستۆتە مەترسییەوە ئامادەبوون وەك كەسێكى مەلە نەزان كە دەكەوێتە ناوڕووبارێكەوە هانا بۆ چڵەپووشێكیش بەرن ، هەر لە خەڵكى چەتە و پیاوكوژ و جاشەوە تا دەگاتە دەوڵەتە ئیقلیمى و دەزگا سیخوڕیەكان ، بەوەشەوە نەوەستاون بەڵكو لە ناكاو دا بە قودرەتى قادر دوژمنى سەرسەختى گەلو پەرپرسیارى كوردۆساید و كیمیاباران دەبێتە هاوڕێى گیانى بە گیانى سەركردەكانمان ، ئەمە بۆ دوو سیفەتى سەركردایەتى سیاسیى كوردى (پاش قازى) دەگەڕێتەوە ، سیفەتى (كلكەسوتێ و خۆبەكەمزانین) لەئاست دوژمن و نەیارى سیاسى دا ، لە پێناوى بەرژەوەندى تایبەتى ، هەروەها سیفەتى جاشپارێزى چونكە دواجار هەر ئەو جاشانە دەبنە ئەڵقەى پەیوەندى بە هەموو ئەو سەرچاوە نەیارانەى چاوەڕێى بەخششیان لێ ئەكرێ ، مستەفاى بارزانى كاتێ لە سۆڤێت گەڕایەوە ، هەموو كورد وەك باوكى ڕۆحیى و سەركردەى كاریزمایی كورد و شۆڕشەكەى دەیناسیى ، بەڵام كاتێ (زەعیم قاسم) لوتفێكى بچوكى لەگەڵ دا نواند لە چاوپێكەوتنى گۆڤارەكانا ووتى (من خۆم بە سەربازى زەعیم قاسم دادەنێم) (بڕوانە: كورد دوژمنى خۆت بناسە ڕەفیق پشدەرى ب2) ، بێ ئەوەى هەستى خەڵكى كوردستان بەهەند وەربگرێت ، چونكە ئەم خۆبچوككردنەوەیە تەنها خۆى ناگرێتەوە ، بەڵكو بچوككردنەوەى كوردو كەیسى كوردیش بوو لەوسەردەمەدا ، ئەمە جگە لە پەیوەندى لەگەڵ شاو سى ئاى ئەى و مۆساد كە لەزۆربەى كاتەكان دا پەیوەندیەكەى زیاتر تاكەكەسى بوە بێ گەڕانەوە تەنانەت بۆ سەركردایەتى شۆڕش ، ئەمە جگە لە ئەو هەموو خاڵەى كە لەسەر هەرەس هەیە ، ئەگەر سەیرى ڕوداوەكانى پاش هەرەسیش بكەین نمونەى كلكەسوتێ بۆ دوژمنانى كورد لەلایەن قوتبەكانى سیاسەت و شۆڕشى كوردى ئەوەندە زۆرە مرۆڤ واى لێ دێ شەرم لە كوردبوونى خۆى بكات (شەهیدكردنى مەلائاوارە و موعینى لەبەرخاترى چاوى كاڵى شا ، كارەساتى هەكارى ، هەڵكوتانە سەر خەڵكى گوندەكانى كوردستانى ئێران ، شەڕى نێوخۆ ، ڕێبەریكردنى ئێران بۆ لێدان لە حیزبى دێموكرات ، جاشایەتى بۆ توركیا ، 31ى ڕەشى ئاب ، قە تڵوعامى خێڵى سورچى (بەگوتەى ڕەفیق پشدەرى بێت كە خۆى یەكێكە لەوانەى كە لەسەردەمى قاسمەوە خەریكى سیاسەتە و لەگەڵ زۆربەى سەركردەكانا ژیاوە و جموجوڵى هەبوە لە كتێبى : كورد دوژمنى خۆت بناسە بەرگى دوەم لا307 دا دەڵێت (كاتێك عمراغا گەڕایەوە بۆ هەولێر چومە خزمەتى بۆ سەرەخۆشیكردن ، باسیى ئەو ستەمەى بۆكردم كە لێیان كراوە ، وتم : ڕاستە ئێوە كێشەى هۆزایەتیتان هەبوو بەڵام ئەوە ئاشكرایە كە ئەم كارە لەسەرفەرمانى سەرۆككۆمارى عێراق لەلایەن كاك مەسعودەوە ئەنجام دراوە ، لەسەرئەوەى بارزان تكریتى پەیوەندى پێوەكردبوى بەنامە لەپاش كۆتایى هاتنى كۆنگرەكەى ڤیەننا و پێى وتبوى واز لەم كوردایەتى و حیزبایەتى یە بێنە ، تۆش وەڵامت دابوویەوە : من بۆ كاتێكى زۆر خزمەتى ئێوەم كردووە ، ئێستا كاتى ئەوە هاتووە كە خزمەتى گەل و نیشتمانەكەم بكەم) ، شەڕ لەگەڵ پەكەكە بە فیتى توركیا ، دوا جار لەبەرچاوى كاڵى چەند عەرەبێكى شۆڤێنى (تاریق ڕەمەزانى فڕۆكەوان) بە نەخۆشیى سەدەفەوە لە بەندیخانە ڕادەكات ..!!
و زۆرى تریش ، ئەگێڕنەوە شێخ ئەحمەدى بارزان پاش ئەو كۆدەتایەى بەسەرى داكراو كەنارگیر كرا ووتویەتى (ئیشى كورد هەر پوچە) ، پووچى ئیشى كورد لە بەرژەوەندیخوازى و ناسیاسیى بوونى سەركردەكانیەوە بوە ، سیفەتى دووەم كە جاشپارێزى یە ، هەنگاوەكانى جێگیركردنى هەر لەسەرەتا وە نراوە و هەوڵ دراوە قاڵبێكى یاسایی بەبەردابكەن ، پاش ڕاپەڕین نەوشیروان مستەفا داواى كرد سەرۆك جاشەكان دادگایی بكرێن لە پاى ئەو تاوانانەى كە دەرهەق بە گەل ئەنجامیان داوە ، كەچى بەرەى كوردستانى كە ئەوسا ڕۆڵى پەڕلەمانى دەبینى بە بێ گەڕانەوە بۆ ڕاى میللەت بڕیارى لێبوردنى بۆ دەركردن ، ئەمە دەست بوو ئەم بڕیارەى دا ، چونكە دەیانزانى ڕۆژێك لە ڕۆژان ئیشیان پێیان دەكەوێتەوە ، ئەوە لەسایەى ئەو بڕیارە دا (قاسماغاى كۆیە) كە یەكێكە لە تاوانبارترین سەرۆكجاشەكان تەنها لە ئەنفال دا نزیكەى 5000 كوردى تەسلیمكردوە ، جگە لەوەى پێشمەرگەكوژێكى كارامە و ئازا بوە كە دەكرێ ناوى بنێن (سەففاحى كورد) ، سەرەڕاى كەمپین و ناڕەزایی قوربانیانى ئەنفال و پێشمەرگە میوانداریەكى گەرم دەكرێ لە هاوینەهەوارە تایبەتەكان و پاشان بەڕێزەوە بەڕێدەكرێتەوە بۆ لاى هاوڕێیانى ئەردەن ، ئەمە لە هیچ یاساو پرەنسیپێكى ویژدانئامێزدا جێگەى نابێتەوە ، لە عەقڵیەتى جاشپارێزى سەركردایەتى سیاسیى كورد دا نەبێت ، چەند داماوە ئەم گەلە ، سەردەمێك بەدەست تاریق ڕەمەزان و قاسماغاوە لێى دەكوژرا و دەبڕرا و دەیناڵاند ، ئەمڕۆ دوبارە دەبێت ئاگر لە جەرگى بەر ببێت ، كاتێك دەبینێت ئەوان بۆسەیران دێنە كوردستان و پاش میوانداریەكى گەرم بە ڕێ دەخرێنەوە بۆ لاى (أم العراقیین رغدە ێدام حسین) (خوا بیپارێزێت لە بەڵاى ناگەهان).، ئاى فایەقە بێكەسەكە چەند چاك لە كورد گەیشتووى :
كورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد ، نۆكەرى بێگانەیە
دوودڵن ، پیسن لەگەڵ یەك ، بۆیە وا بێلانەیە
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە