ئەگەر بەرزانى ئەمیرى ئەنسار بێت ئەوە ڕاپۆرتەكە ڕاستە!!

Friday, 17/09/2010, 12:00


كارزان دووكانى

كە سەردەشت لە هەولێرى ئەمین و ئەمان لەبەردەم زانكۆكەی دا پڕشەق كراو فڕێنرا و پاشان بە بازگەكانى ئاسایشى شاڕێى هەولێر-موسڵ كەستیانى ئافرەتانیش تێی دا دەپشكنرێ بەرەو موسڵ بەڕێكراو لەوێ كوژرا ، خەڵكى ئازادیخواز و بەویژدان هاتنە دەنگ و میدیا ئازادەكان كەوتنە ڕەخنەگرتن ئۆرگانەكانى پارتى وایان بڵاوكردەوە كە سەردەشت بۆى هەیە لەسەر كێشەى كۆمەڵایەتى كوژرابێت ، ئەمە یەكەم تۆمەتى ئەخلاقى بوو دایانەپاڵ سەردەشت ، پاشان كاتێك لە قەڵەمڕەوى پارتیدا خەڵكى بە بێدەنگى دەستیان بەكڵاوى خۆیانەوە گرتبوو (.....) نەیبا ، لەسلێمانى و زۆربەى شارۆچكەكانى خەڵك هاتنە سەرشەقامەكان و كەمپینیان بەست ، دیسان ئۆرگانەكانى پارتى بەتایبەتى كەوتنەوە تۆمەتبەخشینەوە بە تاوانباركردنى نەوشیروان و لیستى گۆڕان بەوەى كە سەردەشتیان بەكوشت داوە و ئەمڕۆ شینى بۆ دەكەن ، پاشان بەرزانى كوڕ لە میدیاكانەوە دەركەوت و وەك پیشەى هەمیشەیی خۆى لیژنەیەكى ڕاسپارد بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە پاشان لە ئەهەمیەتى ڕوداوەكەى كەمكردەوە و نكووڵى لەوەكرد كە ژورناڵیست بووبێ ، پاشتر مەكتەبى سیاسى پارتى جنێونامەیەكى هەڕەشەئامێزیان بڵاوكردەوە و هەڕەشەى تۆڵەسەندنەوەیان لە خەڵكى ڕۆشنبیر و میدیاى ئەهلى كرد ، دیسان ئەو كایە كۆنەیان بەباكردەوە كە دەڵێ حكومەتەكەمان ساوایە و پێى نەگرتوە ، بۆیە واز بێنن و مەیەنە سەرشەقام ، ئەمانە هەموو ئەو مەهزەلانە بوون كە پارتى لەسەر سەكۆى ئەم ووڵاتە نمایشى كردن ، سەكۆیەك كە پێشتر مەهزەلەى وەكوو تیرۆرى "شێخ ستار-سۆران ڕەوف ئاكرەیی ئەو پیاوەى دارتووى شوێنى پشووى مستەفا بەرزانى بڕیبووە وە-31ىئاب-...."ى لەسەر نمایش كراوە ، ئەو ووڵاتەى كە هەر ڕۆژەو گاڵتەجاڕیەكى نوێى لێ دەكەن بە ئەمرى واقیع ، ئەو ووڵاتەكەى كە نەوتەكەى بەناوى زل زلەوە لێ بەتاڵان دەبەن و بەیاننامەى مناڵخەڵەتێنیش بەو بۆنەیەوە دەردەكەن ، هەتا خەڵكى بە بێدەنگى بەدیاریانەوە دانیشێت ئەم سەكۆیە ئامادەى ئەو گاڵتەجاڕیانەیە ، لەماوەى بێدەنگى لیژنەكەیا ستافى "كوردستانپۆست" نامەى ڕەسمى یان بۆ بارزانى كوڕ نارد كە ئەگەر بێت و زەمانەتى ژیانیان بكرێت ئامادەن بە بەڵگەوە بكوژانى سەردەشت ئاشكرا بكەن ، بەڵام سەرۆك بێزى نەهات تەنانەت وەڵامیشیان باتەوە ، هەتا دوێنێ كەلیژنە كە تەمى بێدەنگیان شكاند ، بەرلەوە ئەوەى ئاگادارى حالًَى ئێرە بێت دەیزانى ئەم لیژنەیە چى پێ دەكرێ و چى دەكات ، بۆسۆران و شێخ ستار لێژنە پێك هێنرا ، بەڵام بۆ وونكردنى تاوانبارەكان ئەمیش هەروا ،بەڵام ئەمان تاوانباریان دۆزیەوە ، گاڵتەجاڕیەكى نوێ ، تاوانبار كوژراوەكە خۆیەتى!!!!! ، واتە سەردەشت خۆى تاوانبارە لە كوژرانى خۆى دا ، سەردەشتیان كرد بەتیرۆریست ،سەردەشت بەڵێنی بە ئەنسار داوە چەند كارێكیان بۆ بكات(چ كارێ؟) ، پاشان پەشیمان بۆتەوە ، بۆیەئەوانیش ئەم هیشام ناوەیان ناردووە تا بەسەیارەیەكى جامڕەشى بێ ڕەقەم بێت و سڵاوێك لە ئەو هەموو مروورەى پایتەخت بكات و لەلاى ئاداب پشت ملى سەردەشت بگرێ و هەڵى باتە ناو سەیارەكەوە و چاوێك لبە كچەجوانەكانى ئاداب داگرێ و داواى لێبوردن بكات لە حزوورى ئەوانا ئەو كارەى كردووە ، پاشان بە بازگەكانا تێ پەڕێت و لە موسڵ بیكوژێت ، بەڕاستیى سیناریۆیەكى سەقەتە ، ئەمە ئەڵقەیەكى ترە لەزنجیرەى تۆمەتەكەكانیان كەهەر لەسەرەتاى كووشتنى سەردەشتەوە دەستى پێكردووە ، بەڕاستى ئەوەى ئەم سیناریۆیە بخوێنێتەوە وا ئەزانێ (هەولێر) وەك (بۆگۆتا)ى پایتەختى كۆڵۆمبیایە دەڵێن ئەوشارە هەندێ گەڕەكى تیایە كە چەند ڕۆژێ بەدەست مافیاكانەوەیە و چەند ڕۆژێك بەدەست حوكمەتەوە ، باشە ئەدى شانامەكانى ئاسایشى هەولێر كەباسى ئارامى و هێمنیان دەكرد چى لێبەسەرهات ، سەردەشتێكى عەلمانى چ پەیوەندیەكى بە ئیسلامى سیاسیەوە هەیە ، ئەوەى نووسینەكانى ئەوى خوێندبێتەوە گاڵتەى بە عەقڵیەتى سیناریستەكە دێت ، بەڕاستى پەندێكى كوردى هەیە دەڵێت (كابرا هیچى بۆ نەمایەوە دەستى بۆ كونەلووتى خۆى برد) ، ئەمانیش بە هەمان شێوە ئەنسار بووەتە كونەلووتیان ، تەنانەت ئەگەر بەیانى بۆرى زێرابەكانیان بگیرێت دێنە سەر تەلەفزیۆن و ئەنسار تاوانبار دەكەن ، من بە داڕێژەرانى ئەم سیناریۆیە دەڵێم تەنها ئەوانە باوەڕتان پێ دەكەن كە باوەڕیان وایە ژمارە سیانزە ژمارەیەكى شوومە ، ئەوانەى كە قەڵەمى ئەم سیناریۆیە هەمیشە چەكى بەتاڵیان بۆ پڕدەكاتەوە تا لە بانكەكان وەریگرن ، ئەو میدیایانە بانگەشە بۆ ڕاپۆرتەكەتان دەكەن كە لەگەڵ ڕاپۆرتەكەدا جانتایەكى پڕلە سەوقات و دیارى یان بۆ دەنێرن ،ئەوانە ئەشەدوبیللاتان بۆ دەكێشن كە دیوەخانەكانیان بۆ پڕدەكەنەوە لە دۆلارو كچى جوان و شەمپانیا ، بەڕاستى من وەك ژورنالیستێك تەواو بێزار بووم لەم تۆمەتنامەیە ، تەواو قێزم لەم ووڵاتەش شێواوە كە حكومەتەكەى خەڵكى پێ هێندە ساویلكەیە بە شیاوى سیناریۆیەكى جوانتر یان نازانێ ، تەنانەت ئەگەر بووترایە سەردەشت لەسەر پێوەندى خۆشەویستى لەگەڵ كچێكا كوژراوە ، یان ماڵى دەوڵەمەنێكى بڕیوە ، تەنانەت بیان ووتایە خۆى خۆى كوشتووە ، عەقڵانى تر بوو ، بەڵام سەردەشت پەیوەندى بە ئەنسارەوە هەبووبێ و ئەوان كوشتبێتیان تەنها بەیەك مەرج ڕێى تێ دەچێت ئەویش ئەوەیە سەردەشت لەسەر ووتارێك كەلەسەر كچى ئەمیرى ئەنسار نووسیبێتى كوژراوە ، واتە بەتەواوى قەناعەتەوە پێم وایە چەندێك دەگونجێ مەسعوود بەرزانى ئەمیرى ئەنسار بێت هەر ئەوەنەش دەگونجێت سەردەشت پەیوەندى بە ئەنسارەوە هەبووبێ.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە