(خوێن) نابێت بە (ئاو)...!

Tuesday, 29/03/2011, 12:00


ئاو كە ڕژا زۆر زۆرى پێ بچێت ڕۆژێك نابا یا ڕۆدەچێتە ناخى زەوى یا دەبێت بە هەڵم ، ئێمە لەم نیشتمانە نەگبەتەى خۆمان دا ئاو مان زۆر دیت كە ڕژا و هەڵچوو ، ئاوى بارانى بەڵێنى سەركردەكانمان چارەكەسەدەیەكە بەخوڕ دادەكات و دێت و دەڕوا و هەتاوى مەسڵەحەت و خیانەت و قەباحەت و عەشیرەت و بیرۆكراسیەت و قودسییەت دەیكەن بە هەڵم ، ئاوى فرمێسكەكانمان بە لاجانگمانەوە دەبن بە هەڵم ، چارەكە سەدەیەكە باوكە ڕۆحیەكانمان لاقەمان دەكەن و تۆواوى ملكەچى و سەرشۆڕكردنمان تێدا دەچێنن ، ئاوى خیانەت دەڕێژن و ناچارمان دەكەن پێى لێ خشێنین ، ئاوى ئابڕووى خۆیان دەكەن بە هەڵم و گوێ بەوەنادەن ئێمە لە ناو مناڵانى گەڕەك بێئابڕوویی باوكمان سورشۆڕمان دەكات ، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە ئەو مناڵانەى جاران نەماوین ، ئیدى گەورەبووین و ئاوەكانیش بوون بە هەڵم ، ئیدى گەورەبووین و خوێن كەوتۆتە نێوان ئێمەو ئەو باوكە سیاسیە هەل پەرستانەمانەوە ، دژى تابۆكانى ئەوان وەستاینەوە و خوێنیان ڕشتین ، هەرچەندە دەمێكە خوێن دەڕێژن ، لە جەنگەڵەكانى شەڕى ناوخۆدا زیاد لە 36000 جار خوێنیان ڕشت ، بەڵام ئەو خوێنەى لە 17ى 2 ڕژا جیاوازە لە هەموو ئەو خوێنانەى تر ، خوێنێكە نابێت بە ئاو ، خوێنى ئێمە وەك ئەو خوێنانەى پێشوو نیە ،وەك ئاو ببێت بە هەڵم ، یان بە ئاوەكانیان بیشۆنەوە ، خوێنى جیلێكە كە زمانى لەسەرى خۆیدایە ، دەسەڵات وایدەزانى بە ئاوى بەڵێن و درۆكانى ئەم خوێنەش دەشواتەوە ، وایدەزانى ئەم خوێنەش وەكو ئاوى ئابڕوى خۆى وایە و با دەیبات ، بەڵام نەخێر ئەمە خوێنێكى ووشیارە تەنها ئاوێك دەتوانێت بیشواتەوە ئەویش ئارەقى شەرمەزارى باوكەكانە لە كاتى سەرشۆڕكردنیان دا بۆ ویستەكانى خوێنەكانى ئێمە ، ئەم خوێنە خوێنێكى ووشیارە ، بەر لەوەى بڕژێت لێفەى لەسەر هەتیوان هەڵداوەتەوە ، هەموو درۆكانى ئەوانى ئەزبەر كردوە و دەیانناسێتەوە ، ڕەگەزى هەموو ئاوەكانى ئەوان تێگەیشتوە ، دەزانێت چۆن خۆى لە سڕینەوە بپارێزێت ، خوێنێكە دەستى ئاوەكانى ئەوانى كەشف كردووە ، بینیمان چۆن ئاوى بەڵێنە درۆكانى ناو نامەكانیانى خوێندەوە ، دەسەڵات دەبێت تێبگات ئەمە خوێنە ڕژاوە نەك ئاو ، خوێنە بەڵام خوێنێك كە نە ئاو دەتوانێ بیسڕێتەوە و نە خۆشى دەبێت بە ئاو ....!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە