ئێمە خەواریجین ....بەڵام ...

Monday, 14/03/2011, 12:00


ئەمە یەكەمجار نیە دەسەڵات (بەتایبەتى دەسەڵاتى زەرد) ئەو دەنگانەى كە بۆ ئازادى و دژى گەندەڵى و سەركوتكردن و میللەتفرۆشتن بەرزدەكرێنەوە بە ئاژاوەگێڕ لەقەڵەم دەدات و تۆمەتى ئەخلاقى و نەتەوایەتى یان دەداتە پاڵ ، چونكە ئەو دەسەڵاتە مێژوویەكى هەیە كە بەبێ دەستى دەرەكى لە هیچ قۆناغێكى دا نەیتوانیوە دارەدارەى سیاسی بكات ، بۆ هەمیشە تۆمەتى دەستێكى نادیارى داوەتە پاڵ ئەو دەنگانە ، ناوبردنى خۆپیشاندەران بە خەواریج لەلایەن مەلایەكەى پارتیەوە ، شتێك نەبوو چاوەڕوان نەكراو بێت ، با هەموومان چاوەڕوانى تۆمەتمان دەكرد ، هەموومان دەمانزانى ئەوان وەڵامێكى مەنتقى یان پێ نیە بۆ ئەو قەباحەتەى كە لە سلێمانى و كەلار و كوێ و كوێ كردویانە ، بۆیە ناچارن تۆمەتى ئەخلاقیمان بدەنە پاڵ ، بەڵام ئەوەى چاوەڕوان نەدەكرا ، ئەوەبوو تۆمەتەكە لەلایەن مەلا بەشیرى حەدادەوە بێت ، ئاخر ئەو مەلایە سەردەمانێك كە نە میدیاى بوێرى وەك لڤین و هاوڵاتى و نالیا و ...هتد هەبوو ، نە ئۆپۆزیسیۆنێكى چالاك ، مینبەرى مزگەوتەكەى ئەو سەكۆى ئازادى بوو ، لەوێوە لەسەردەمى شەڕى ناوخۆدا كە وەحشیگەرى یەكى بێوێنە حوكمى ئەم ووڵاتەى دەكرد ئەلفوبێى ئازادى دەدا بە گوێى گەنجان دا ، مێزەرەكەى سپى بوو ، دەنگەكەى نێر بوو ، بە تاقى تەنیا چۆكى بەدەسەڵات دادابوو ، بەڵام ......
ئازادى عێراق لە 2003 دا تەنها سیستەمى بەعسى گۆڕبەگۆڕى نەگۆڕى بەڵكو زۆرێك لەو دەنگە ئازایانەى گۆڕى ، خەبات دژى بەعس خەبات بوو دژى پیرۆزكردن ، وتارەكانى ئەو سەردەمەى مەلا حەدادەكەى هەولێر بە پریشكەكانى هەموو ئەو دەستانەى دەسوتاند كە لە بەرژەوەندى نیشتیمان و ئایین دا نەبوونایە ، بەڵام نازانم چ بارانێ بوو كرا بەسەر كوورەى ئاگرینى ووتارەكانى دا ، من لێرەوە لەگەلأ ڕێزى زۆرم بۆ مەلا بەشیرى نەوەدەكان دەمەوێت چەند پەیڤێك بدەم بە گوێى د.بەشیرى دواى دووهەزاردا ، مامۆستا خەواریج كوشتنیان حەڵاڵە ، كەواتە ئەمەى جەنابت فەتوادانە بەكوشتنى ڕا دلێرەكانى سەر شەقام بۆیە ئەو ئایەتەت لە بیربێت (من قتل نفسا ....) ، دكتۆرەكەى ئەمڕۆ منیش و تۆش بە دڵنیاییەوە بەسەر هاتى (سەعیدى كوڕى جوبەیر) و (حجاجى سەقەفى) مان خوێندۆتەوە بەڵاًم پێم وابێت جیاوازیمان لەوەدا بوومن من و هاوشێوەكانم بە بوێریەكەى سەعید كاریگەر بووین و تۆش جەبەرووتى حەججاج سەرنجى ڕاكێشاى ، مامۆستا بەسەرهاتى مەلا سەدراى شیرازیت لە بیرە ، پاش ئەوەندە سەدە من و تۆ مەلا سەدرا دەناسین ، بەڵام ئایا مەلاكانى دەربار هەر ناویشیان دەزانین؟ ، مامۆستا تا 2000ى تۆم زۆر خۆش دەویست ، لە دواى دووهەزریشەوە زۆر ڕقم لێتە ، جاران دوكان بە دوكان بە دواى كاسێتێكتا دەگەڕام ، تكام لە هاوڕێكانم دەكرد كاسێتێكتم بۆ بێنن ، بەڵام ئێستا لە هەرتەلەفزیۆنێك دەركەویت حەز دەكەم ئەو كەناڵەش بسڕمەوە لە ڕیسیڤەرەكەما ، ئاخر بە چ قانوونێك ئێمە خەواریجین، سەركردەكانى ئێمە (بەرزانى) (تاڵەبانى) كام بەیعەت نەما نەیشكێنن ، كام پیرۆزى ووڵات ماوە جارێك چڵمە سیاسیەكانى خۆیانى پێ نەشكێنن ، مامۆستا مێِزەر سپیەكەى جاران ، مەلاكەى ئەمڕۆى دەسەلاِتى زەرد ، بەیەك قانوون دەگونجێ ئێمە خەواریج بین ، ئەویش ئەوەیە ئێمە خاریجى عەقڵیەتى خێڵ و بنەماڵەو پیرۆزیە پووچەكان بیر دەكەینەوە ، ئێمە ئیمانمان بەكوردایەتى درۆزنانە نیە ، كافرین بە خیانەت لە نیشتیمان ، هەرچى سیفەتە جوانەكان هەیە لە سەركردەكانمان دزیوە و كردوومانە بە ملى خۆمان دا ، ئێمە خەواریجین مامۆستا ، چونكە لە خاریجى دەربارەوە بیر دەكەینەوە ، لە خاریجى ژوورە تاریكەكان و بە ڕۆژى ڕوناك بیر دەكەوینەوە و قسە دەكەین ، خەواریجین مامۆستا چونكە زمانمان لەسەرى خۆمان دایە نەك تەلەفۆنێكى سەركردایەتى زمانمان بۆ هەڵسووڕێنێ ، خاریجى هەموو سەرە ڕەش و گرد وو تەپۆلكەكان بیر دەكەینەوە ، لە دەرەوەى بازنەى بەرژەوەندى و نیشتیمانفرۆشى داین ، لە كتێبى ڕۆشنبیرەكانەوە ئیلهام وەردەگرین نەك پەیڕەوى ناوخۆى حیزبەكان ، خەواریجین مامۆستا خەواریجین ، بەڵام چاك بزانە نە ئێمە خەواریجەكەى سەردەمى زووین و نە سەركردەكانیشمان ئەبووبەكر و عومەر و عەلین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە