وەستا حەسەن، دەنگدانی کۆمیتەی ئاسایش و پۆلیس ی هەڵبژاردنی کۆنفرانسی یەکێتی وەستاند.
Thursday, 13/05/2010, 12:00
وەک کاری هەمیشەی و بێ ڕیزی بەرامبەر بە یاسا، دوێنێ ڕێکەوتی ٨/٥/٢٠١٠ ، لە میانەی هەڵبژاردنەکانی کاندیدەکان بۆ کۆنفرانسی یەکێتی و پاشان بەستنی کۆنگرە، لە کۆمیتەی ١٧ ، تایبەتە بە ئاسایش و پۆلیس، پاش ئەوەی وەستا حەسەنی ئاسایشی سلێمانی، بێهیوا دەبێت لەوەی کە نەیان توانیوە بە باشی خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئامادە بکەن، هەر بۆیە حیمایەکانی ناوبراو دەدەن بەسەر کۆمیتەی ١٧ دا، پاش لێدانی پۆلیسێک و شکاندنی پەنجەرەکانی ئەو جێگەیە، مسئولی ئەو کۆمیەتە دەگاتە ئەو بڕیارەی کە هەڵبژاردنەکە بوەستێنێ و سندوقەکان بگوازرێنەوە بۆ مەڵبەندی سلێمانی، بەڵام یەکێک لەو سندوقانە لە لایەن چەکدارەکانی وەستا حەسەنەوە دەفڕیندرێ و تا ئێستاش چارەنووسی ئەو سندوقە نادیارە. سەرئەنجام مافی دەنگدانی چەندان کەس فەوتا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی پەیڕەوی کۆنگرە، هەر کەسێ ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی ، مافی خۆ کاندیدکردنی لە دەستدەدات و بۆی نیە بەشداری کۆنفرانس و کۆنگرە بکات.
ئەم هەڵوێستەی وەستا حەسەن باشترین نمونەیە کە ئاماژە بدات بۆ بەردەوامی کوتلەو کوتلە کاری لە نێوخۆی یەکێتی نیستمانی کوردستاندا. جێگای داخە تا ئێستا یەکێتی نیشتمانی خاوەنی کەسانێکی لەم جۆرەن کە ئەمە چەندین جارە هێرش بکەنە سەر پۆلیس و مرور و پێشێلکردنی یاساکانی هاتوچۆ و لێدانی خەڵکی مەدەنی و هەراسان کردنی ئەو کەسانەی دەچنە ناو پارکی ئازادی، کە ئەمەش بە هۆی نزیکی ماڵەکەیەتی لە پارکی ئازادی.
بە پیی ئەزمونی کارکردنی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی وەستا حەسەن و بەراورد کردنی بە کارەکانی بەڕیوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی (سەکەوتی کوبە) هەموان تێبی نی ئەوە دەکەین، کە لەسەردەمی پێشوودا چەندین هەوڵی تیرۆریستی بۆ تەقاندنەوەی ئوتێل سلێمانی پاڵاس پوچەڵ کراونەتەوە و ژیانی چەندین فڕێنراو بە سەلامەتی دراوەتەوە دەست کەسوکاریان، بەڵام لە سەردەمی ئەم زاتەدا، ئەو هەوڵەی بە درێژایی چەندی ساڵ تیرۆریستان هەوڵیان بۆ ئەدا، بە هۆی کەم چالاکی بەڕیوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، توانرا ئوتێل سلێمانی پاڵاس بتەقێنرێتەوە و چەندین هاوڵاتی مەدەنی ببنە قوربانی، هەروەها دوو فڕێنراو لەسەردەمی وەستا حەسەندا، تەنها لاشەکانیان درانەوە بە کەسوکاریان.ئەمە جگە لە زیادبوونی نا ئارامی هاوڵاتیان و زیادبوونی مادە هۆشبەرەکان و بڵاو بوونەوەی چەندین جۆری چەک(دەمانچە) و فرۆشتنیان بە منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ.
ئەمەیە فێرمان دەکات نا بێت لەم ووڵاتەدا هەوڵی کارکردن بدەیت، چونکە دەبینین ئەو کەسانەی کە بێ ئەزموون و پێشێلکاری یاسان و لە کارەکانیاندا شکست خواردوون، هەمیشە پێش دەخرێن و بەرەو پێشتر دەچن، شاریش هەمیشە بەرەو خراپتر و نا ئارامتر دەچێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست