کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌و حزبانه‌ی له‌ ئێستادا بارێکی قورسن به‌سه‌ر شانی کۆمه‌ڵگاوه‌

Wednesday, 07/11/2012, 12:00






فره‌ حزبی یه‌کی ته‌ندروست سیمایه‌کی دیاری کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراسی ساخڵه‌مه‌ ئه‌ویش به‌و پێییه‌ی بوونی چین و توێژه‌ جیاجیاکانی کۆمه‌ ڵ و دید و تێروانینه‌ جیاوازه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگایه‌ک بۆ مه‌سه‌له‌ سیاسی و ئابووری و نیشتمانی و بنه‌ما دیموکراسییه‌کان ، به‌رجه‌سته‌ ده‌کات و گوزارشت له‌ دیموکراسی بوونی کۆمه‌ڵگا ده‌کات .
ئه‌گه‌ر له‌م کلاورۆژنه‌یه‌وه‌ سه‌رنجێکی دیارده‌ی فره‌حزبیبده‌ین له‌ کوردستان و به‌و پێوه‌ره‌ی له‌سه‌روه‌ ئاماژه‌مان پێکردووه‌ تاووتوێی بکه‌ین ، ئه‌واله‌ به‌رده‌م چه‌ند پرسیارێکدا خۆمان ده‌بینینه‌وه‌ ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ ئه‌مه‌ی له‌ کوردستان ده‌گوزه‌رێ ئه‌و فره‌ حزبییه‌ ته‌ندروسته‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراسی ده‌یخوازێ ؟
ئایا ئه‌و حزبانه‌ی ئه‌مرۆکه‌ له‌ گۆره‌پانی سیاسی کوردستاندا هه‌ن ، سه‌رجه‌میان به‌کرده‌وه‌ بوونی توێژه‌ جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگاو دیدو تێروانیینه‌ جیاوازه‌کان بۆ مه‌سه‌له‌ سیاسی و ئابووری و نیشتمانییه‌کان ، به‌رجه‌سته‌ ده‌که‌ن ؟ یاخود هه‌ندێکیان هه‌ر ته‌نها به‌رواله‌ت حزبێکی جیان و که‌م و زۆر کاریگه‌رییان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م کایه‌کانی کۆمه‌ڵگا نییه‌ و ته‌نها ژماره‌ ته‌واو ده‌که‌ن و بوون و نه‌بونیان وه‌کو یه‌که‌و بگره‌ له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا ره‌نگه‌ نه‌بوونیان ‌ باشتر بێت بۆ چه‌سپاندنی پێگه‌ راسته‌قینه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگا دیموکراسییه‌ راسته‌قینه‌ یه‌ی که‌ ده‌یخوازین .
ئه‌مرۆ له‌ کوردستان پارتی و یه‌کێتی جڵه‌وی حکومرانی کوردستانیان به‌ ده‌سته‌و کا‌ریگه‌رییان به‌سه‌ر کۆی جومگه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌ و هه‌مووکایه‌کانی کۆمه‌ڵگایان پاوان کردووه‌ . ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ئه‌وان حکومه‌ته‌که‌یان به‌ حکومه‌تێکی بنکه‌ فراوان ناوزه‌د ده‌که‌ن به‌ پێیه‌ی ئه‌وان به‌ته‌نها حکومه‌تیان پێکنه‌هێناوه‌و حزبی دیکه‌ش هه‌ن به‌شدارن له‌و حکومه‌ته‌داو پێکه‌وه‌ حکومرانییه‌کی هاوبه‌ش ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش هه‌ندێ جار و له‌ هه‌ندێ بۆنه‌دا بۆ هێنانه‌دی مه‌رامه‌ سیاسییه‌کانی خۆیان به‌کاری دێنن ، چونکه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ئه‌و حزبانه‌ ته‌نها فه‌رمانبارێکیان به‌پله‌ی وه‌زیر له‌ ستافی حکومه‌تدایه‌ و دوورو نزیک رۆڵیان له‌ به‌ریوه‌بردنی ولاتدا نییه ! .
له‌به‌رمبه‌ریشدا ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌ و‌ سێ قه‌واره‌ سیاسی که‌ خاوه‌نی کورسی په‌رلامانین ، بانگه‌شه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن . ئه‌وانیش بزووتنه‌وه‌ی گۆران که‌ به‌ به‌ده‌ستهێنانی 25 کورسی په‌رلمان گوزارشتی له‌ بوونی خۆی کردو یه‌کگرتوی ئیسلامی و کۆمه‌ڵی ئیسلامیش که‌ ئه‌وانیش خاوه‌ن چه‌ند کورسییه‌کی په‌رله‌مانین و هه‌رسێکیان به‌ خستنه‌رووی پاکیجه‌کانی خۆیان بۆ شیوازی به‌رێوه‌بردنی حوکمرانی له‌ کوردستان ، گوزارشتیان له‌ تێروانینی خۆیان کرد و خۆیان پێ جیا کرده‌وه‌ له‌ و فۆرمی ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ پارتی و یه‌کێتی پیاده‌ی ده‌که‌ن ئه‌ویش لانی که‌م له‌ رووی تیۆرییه‌وه‌ چونکه‌ ناتوانین به‌ ره‌هایی حوکم له‌سه‌ر ئه‌وه‌بده‌ین که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست بوو هه‌مان فۆرمی پارتی و یه‌کێتی دوباره‌ ناکه‌نه‌وه‌ .
له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات (به‌ پارتی و یه‌کێتی و حزبه‌ " هاوپه‌یمانه‌کان " یانه‌وه‌) و ئۆپۆزسیۆندا ، حزبی دیکه‌ هه‌ن که‌ هه‌ندێکیان پیش راپه‌رینیش بونیان هه‌بووه‌و هه‌ندێکیشیان وه‌ک دومه‌ڵان له‌گه‌ل گه‌رمای به‌هاری شه‌ری ناوخۆی نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌ دوای راپه‌رین ، به‌ پلانی ئه‌و دو حزبه‌ هه‌ڵتۆقین .
پاش ئه‌و سه‌رنجه‌ خێرایه‌ له‌ تابلۆی فره‌حزبی له‌ کوردستان ، دێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و حزبانه‌ی که‌ ئه‌مرۆ به‌شدارن له‌ حکومه‌ته‌که‌ی پارتی و یه‌کێتی ، چونکه‌ مه‌به‌ستی نوسینه‌که‌م ئه‌و حزبانه‌یه‌ . له‌راستی دا حکومه‌تی هه‌ریمی کوردستان هه‌ر به‌رواله‌ت حکومه‌تیکی بنکه‌ فراوانه‌ و له‌ واقیعدا حکومه‌تی پارتی و یه‌کێتیه یه‌ و ئه‌و حزبانه‌ش که‌ به‌شدارن له‌ حکومه‌ته‌که‌دا ، به‌شداری کردنه‌که‌یان ته‌نها به‌ فه‌رمانبه‌رێکه‌ به‌ پله‌ی وه‌زیر له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا ده‌نا هیچ به‌شداری و کارییگه‌رییه‌کیان له‌ به‌رنامه‌و پرۆژه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌دا نییه‌ و له‌وه‌ش زیاتر ئه‌وان له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌ بزانن رازی بوونه‌ به‌ به‌شداری کردن . هه‌روه‌ها رازی بوونه‌ به‌و مه‌رجه‌ی که‌ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی واته‌ لیسته‌که‌ی پارتی و یه‌کێتی که‌ داینابوو بۆ به‌شداری کردنی حزبه‌کان له‌ حکومه‌ته‌که‌یاندا ، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌ر حزبێک ده‌یه‌وێ به‌شداری حکومه‌ت بکات ده‌بێت به‌رنامه‌ی لیستی کوردستانی جێبه‌جێ بکات . هه‌ندێ له‌و حزبانه‌ هه‌رته‌نها به‌ رازی بوون به‌و مه‌رجه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و هه‌ندێ جار نوێنه‌ره‌کانیان له‌ حکومه‌ت له‌ نوێنه‌ره‌کانی پارتی و یه‌کێتی زیاتر داکۆکیان له‌ و حکومه‌ته‌ کردوه‌ به‌جۆرێک جه‌ختیان له‌سه‌ر داکۆکی کردن له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌ کردووه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی حزب و لیسته‌که‌ی خۆیان بێ !! وه‌ک عه‌ره‌ب ده‌ڵێ له‌ مه‌لیک مه‌لیک تربوون .
له هه‌‌موو دنیادا کاتێک که‌ حزبێک به‌شداری له‌ حکومه‌تێکی ئیئتیلافی بنکه‌ فراوان ده‌کات ، هه‌وڵ ده‌دات لانی که‌می به‌رنامه‌ که‌ی و ئه‌و به‌رنامه‌ ی هه‌ڵبژاردنه‌ش که‌ له‌ کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا خستویه‌تییه‌ روو ، له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌دا جێگیر بکات تاوه‌کو بیسه‌ڵمینی که‌ له‌گه‌ل لایه‌نگرو ده‌نگده‌رانی دا راستگۆیه‌ ، که‌چی له‌م کوردستانه‌ی ئێمه‌دا و بۆ نه‌گبه‌تی کورد ئه‌و حزبانه‌ که‌ به‌شداری حکومه‌تی پارتی و یه‌کێتی ده‌که‌ن به‌هیچ شیوه‌یه‌ک به‌م رێسایه‌ کار ناکه‌ن و ته‌نها و ته‌نها ئامانجیان رازی کردنی هه‌ردو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌یه‌ و دوورو نزیک باس له‌و به‌رنامه‌ بریقه‌داره‌ی خۆیان ناکه‌ن که‌ ده‌نگده‌رانیان پێ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌ له‌ کاتی بانگه‌شه‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا . له‌راستیدا خه‌می سه‌ره‌کی ئه‌م حزبانه‌ ئه‌و بوودجه‌ چه‌وره‌یه‌ که‌ مانگانه‌ وه‌ری ده‌گرن ، به‌ ‌کوردییه‌که‌ی یه‌که‌م خه‌م و دوا خه‌می ئه‌م حزبانه‌ بوودجه‌ حه‌یاته‌که‌یه‌و هیچی تر ، ئیتر خوای ده‌کرد پارتی و یه‌کێتی هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م کوردستانه‌یه‌ هه‌مویان ده‌دزی ، ئه‌وه‌ خه‌می ئه‌وان نییه‌!
ئه‌م حزبانه‌ نه‌ ئه‌وه‌تا له‌ ئێستادا که‌ به‌شدارن له‌ حکومه‌ت ، هه‌وڵ بده‌ن به‌شیک له‌و به‌رنامه یه‌ ‌ی که‌ چه‌ندان ساڵه‌ بۆ به‌ره‌و پیش بردنی کۆمه‌ڵگا نوسیویانه‌و له‌ هه‌موو کۆنگره‌یه‌کیشیاندا جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه‌ ، له‌ به‌رنامه‌ی حکومه‌تدا جێی بکه‌نه‌وه‌و راستگۆیی خۆیان به‌رجه‌سته‌ بکه‌ن ، نه‌ ئه‌وه‌تاش ده‌بن به‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌رنامه‌یه‌کی جیا له‌ به‌رنامه‌ی یه‌کێتی و پارت بۆ به‌ریوه‌بردنی کوردستان وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤێک ده‌خه‌نه‌ روو بۆ جه‌ماوه‌ر . به‌ سه‌رچاوه‌ گرتن له‌م تێروانینه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێک له‌ به‌رده‌مماندا قوت ده‌بێته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌ ئێستادا بوونی ئه‌و حزبانه‌ چی سودێکی هه‌یه‌ ؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م حزبانه‌ له‌سه‌ر گۆره‌پانی سیاسی کوردستان نه‌مێنن هیج لاسه‌نگییه‌ک دروست ده‌بێت که‌ زیان به‌ پرۆسه‌ سیاسییه‌که‌مان بگه‌یه‌نێ؟ یان ئاخۆ ئه‌و زه‌روره‌ته‌ مێژوویی یه‌ی که‌ ئه‌و حزبانه‌ هه‌مو کات وه‌ک پاساو ده‌یهێننه‌وه‌ بۆ بوونی خۆیان ، له‌واقیعدا بوونی هه‌یه‌ یاخود ئه‌وه‌ وه‌همێکه‌و ته‌نها له‌ هزری ئه‌ندامان و هه‌وادارانی ئه‌و حزبا‌نه‌دا هه‌یه‌ ؟
بۆ گه‌یشتن به‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌بێت تیشک بخه‌ینه‌ سه‌ر رۆڵی ئه‌و حزبانه‌ له‌ ژیانی سیاسی و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ کوردستاندا . ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی که‌ رێزو پێزانینم بۆ مێژوو قوربانی دان و شه‌هیدان و تێکۆشه‌رانی راسته‌قینه‌ی هه‌ندێ له‌و حزبانه‌ ، رێگه‌م پێنادات بڵێم له‌ ئێستادا ئه‌وانه‌ حزبی کارتۆنین به‌ڵام له‌به‌رمبه‌ردا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵیم ئه‌و رۆڵه‌ی ده‌یبینن ، له‌ رۆڵێکی کارتۆنی به‌ولاوه‌ هیچی تر نییه‌. گریمان له‌بری ئه‌و حزبانه‌ حزبێکی کارتۆنی به‌شداری ئه‌و حکومه‌ته‌ی بکردایه‌ خۆ هه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی ده‌بینی که‌ ئه‌مان ئێستا ده‌یبینن و ئه‌م حزبانه‌ شتێکی له‌وه‌ زیاتریان نه‌کردوه‌ . ره‌نگه‌ هه‌ندێ که‌س ئه‌م حوکمه‌ به‌ ناره‌وا له‌قه‌ڵه‌م بدات ، به‌ڵام با پێکه‌وه‌ ئاورێک له‌ رۆڵی ئه‌م حزبانه‌ بده‌ینه‌وه‌ به‌درێژایی ئه‌م بیست ساڵه‌ی که‌ پارتی و یه‌کێتی حکومرانی کوردستان ده‌که‌ن ئه‌وسا بریار له‌ ره‌وایی و ناره‌وایی ئه‌و بۆچونه‌ بده‌ین
له‌دوای راپه‌رینه‌وه‌ ئه‌وه‌ بیست ساڵه‌ پارتی و یه‌کیتی هه‌رچی کاری ناره‌واو نه‌شیاوه‌ به‌رامبه‌ر میلله‌ت پیاده‌یان کردووه‌ ، ئه‌وه‌ ش له‌ پاداشتی ئه‌وه‌ی که‌ خه‌لکی دژ به‌ رژێمه‌که‌ی ێدام راپه‌ری و هه‌ردو حزبی له‌ که‌ره‌ج و قاسمه‌ره‌شه‌وه‌ هێنا‌یه‌وه‌و کردیانی به‌ حکومرانی کوردستان. ده‌ستپێکی ئه‌و کارانه‌یان ئه‌و ته‌زویره‌ ‌بوو که‌ له‌ یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ ساڵی 1992 کردیان . به‌ ته‌زویر کردن ده‌رگای دیموکراسیان له‌ کوردستان کرده‌وه‌و پاشانیش دیارده‌ی نه‌گریسی فیفتی فیتی یان هێنایه‌ ئاراوه‌و هوموشتێکیان په‌نجا به‌ په‌نجا دابه‌ش کرد لێو خۆیاندا . هه‌ر به‌مه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان و له‌ ساڵی 1995 شه‌ری ناخۆیان هه‌ڵگیرساندو‌ له‌پیناو هه‌ندێ گردو قوته‌ی وه‌ک که‌پکی حه‌مه‌د ئاغاو قوته‌ی حه‌سه‌ن به‌گ و چه‌ندانی تردا ده‌یان رۆڵه‌ی میلله‌ته‌که‌مانیان به‌ کوشت داو چه‌ندانیان سه‌رنگوم کردو له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا ره‌فتاره‌کانی پیاوه‌کانی ێدام یان تێپه‌راندو له‌وان خراپتریان به‌سه‌ر لایه‌نگرانی یه‌کتردا هێنا !! پاشان تاوانه‌کانیان گه‌یانده‌ ترۆپک به‌هێنانی هێزه‌کانی ێدام ، ئه‌وهێزانه‌ی ئه‌نفال و کیمابارانی هه‌ڵه‌بجایان به‌سه‌ر کوردا هێنابوو ، ئه‌و هێزانه‌ی که‌ گه‌ل له‌کوردستان ده‌ری کردبوون ، له‌لایه‌ن پارتی یه‌وه‌ بۆکوردستان و جارێکی تر پۆستالی سه‌ربازه‌کانی ێدام خاکی پیرۆزی کوردستانیان گڵاو کرده‌وه‌ به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ یارمه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان !
پاشان له‌دوای به‌کوشتدانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رۆڵه‌کانی گه‌ل ، هه‌ردو حزب بۆ دزین و به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان رێکه‌وتنی ستراتیژییان مۆرکردو له‌ دوای روخانی رژێمه‌که‌ی ێدامیشه‌وه‌ ، به‌جووته‌ ئه‌و له‌ سه‌دا حه‌ڤده‌یه‌ی بودجه‌ی کوردستان که‌ له‌ به‌غداوه‌ دیت و سه‌رجه‌م داهاته‌کانی دیکه‌ی کورستان ، له‌نێو خۆیاندا دابه‌ش ده‌که‌ن و بوونه‌ته‌ هۆی دروست بوونی ئیمپراتۆریه‌تێکی گه‌نده‌لی له‌ کوردستاندا . ئه‌مانه‌ نمونه‌ی مشته‌ی خه‌روارێکن له‌و تاوانانه‌ی ئه‌و دو حزبه‌ به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌ت ئه‌نجامیان داوه‌‌ . ئه‌مه‌ کاروکرده‌وه‌ی ئه‌و دو حزبه‌ بووه‌ به‌ درێژایی ئه‌و بیست ساله‌ی حکومرانیان ، جا پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ کوا هه‌ڵوێستی ئه‌و حزبانه‌ له‌و هه‌موو تاوانه‌ی پارتی و یه‌کێتی ئه‌نجامیان داوه‌ ؟ بۆ تاقه‌ جارێکیش هه‌ڵویستێکی به جورئه‌تیان نه‌بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ریاندا ، که‌ده‌ڵیم هه‌ڵویستی به‌ جورئه‌ت مه‌به‌ستم منجه‌ منجی ئه‌ملاو ئه‌ولانییه‌ به‌لکو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ په‌نجه‌ی تاوانبارکردیان بۆ درێژ بکه‌ن و داوای دادگا یی کردنیشیان بکه‌ن له‌سه‌ر تاوانه‌کانیان . لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم که‌ ئاماژه‌ بۆ هه‌ردو حزبه‌ ئیسلامییه‌که‌ ، یه‌کگرتوو و کۆمه‌لیش بکه‌ م که‌ ئیستا به‌شدار نین له‌ حکومه‌تدا ، ئه‌وانیش وه‌ک ئه‌م حزبانه‌ بێده‌نگ بوون و هیچ هه‌ڵویستی جیدیان نه‌بوو تاوه‌کو هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25| 7 و ده‌رکه‌وتنی بزوتتنه‌وه‌ی گۆران .
ئه‌م حزبانه‌ی که‌ باسمان کرد نه‌ک هه‌ر هه‌ڵوێستیان نه‌ بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌ به‌لکو هه‌میشه‌ پاداشیان کردوون به‌وه‌ی بی قه‌یدو شه‌رت له‌ حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانیان به‌شدار بوونه‌ و به‌شه‌ گه‌نده‌ڵی خۆشیان وه‌گرتووه‌ له‌ به‌رمبه‌ر ئه‌م به‌شداری کردنانه‌یان . من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کیتی سه‌د ساڵی دیکه‌ش حوکمی کوردستان بکه‌ن ئه‌م حزبانه‌ هه‌ر به‌بێ قه‌یدو شه‌رت به‌شدار ده‌بن له‌گه‌لیاندا ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌م مێتوده‌ی ئیستایان کار بکه‌ن .
وه‌ک باسمان کرد له‌ دوای روخانی رژێمه‌که‌ی ێدامه‌وه‌ ، بودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاح دێته‌ کوردستان و که‌س نازانێ ئه‌و دو حزبه‌ چونی هه‌ڵده‌لوشن و تاوه‌کو ئۆپۆزسیۆن دروست نه‌بوو هه‌رگیز باسی بودجه‌ له‌ په‌رله‌مان نه ده‌‌وروژێندراو په‌رله‌مانتاره‌کانی ئه‌و حزبانه‌ ورته‌یان لێوه‌ نه‌ده‌هات و له‌ په‌رله‌مان هه‌رگیز باسی هیچیان نه‌ده‌کرد و له‌چاوه‌روانی ئه‌وه‌ دابوون که‌ که‌ی خوله‌که‌ی په‌رله‌مان ته‌واو بێ و ئه‌مانیش موچه‌ی مفته‌ی خانه‌نشینی خۆیان وه‌رگرن ، به‌لام بۆ هه‌ق بڵێم جارێکیان په‌رله‌منتارێکی یه‌کێک له‌ و حزبانه‌م بینی له‌ دانشتنێکی په‌رله‌ماندا گفت و گۆێه‌کی گه‌رم و گوری ده‌کرد له‌سه‌ر یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی دزی و گه‌نده‌ڵی نا به‌لکو قه‌ده‌غه‌ کردنی چگه‌ره‌ کێشان له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کاندا ! .
ئه‌م حزبانه‌ هه‌رده‌م پاشکۆی یه‌کێتی و پارتی بوونه‌و هۆکارێک بوونه‌ بۆ جوانکردنی کردارو ئاکاره نا شرینه‌کانی ئه‌و دوو حزبه‌ ، به‌لام سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌و پاشکۆیه‌تی و پشتگیرییه‌یان ، به‌ هه‌ڵوێستی نیشتیمانی و په‌رۆشی بۆ یه‌ک ریزی ریزه‌کانی گه‌ل و په‌رۆشی بۆ پاراستنی ئه‌زموونی کوردستان ، پیمان بفرۆشنه‌وه‌ !! ئاخر پارتی و یه‌کێتی که‌ی هه‌ڵوێستی نیشتمانیان هه‌بووه‌ تاوه‌کو یه‌ک هه‌ڵوێستی له‌گه‌ل ئه‌وان به‌مانای هه‌ڵوێستی نیشتمانی بیت؟ که‌ی ئه‌و دو حزبه‌ له‌خه‌می یه‌ک ریزی میلله‌تدا بوون تاوه‌کو پشتگیری ئه‌وان به‌ په‌رۆشی بۆ یه‌ک ریزی ریزه‌کانی گه‌ل له‌قه‌له‌م بدرێت؟ ئه‌و دو حزبه‌ ئه‌وه‌نده‌ی خه‌می پاراستی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ ده‌ربه‌سی ئه‌زمونی کوردستان و دوارۆژی کوردستان نین . ئه‌وان مه‌به‌ستیان له‌ پاراستنی ئه‌م ئه‌زمونه‌ ، پاراستن و مانه‌وه‌ی خۆیانه‌ ئیتر پشتگیری کردنیان که‌ی خه‌مخۆریه‌ بۆ پاراستنی ئه‌زمونه‌که‌مان ؟ له‌راستیدا ئه‌م حزبانه‌ش مه‌به‌ستیان له‌ پاراستنی ئه‌و ئه‌زمونه‌ پاراستنی بودجه‌ حه‌یاته‌که‌یانه‌ . به‌راستی ئه‌مجۆره‌ فۆرمه‌ له‌ حزبایه‌تی که‌سانی مشه‌خۆرو گه‌نده‌ڵ و هه‌لپه‌رست و ته‌وه‌زه‌ل و ماستاوچی به‌ رهه‌م ده‌هێنێ . که‌سانێک به‌رهه‌م ده‌هێنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ده‌خه‌نه‌ سه‌رووی هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌لکی هه‌ژارو بێ ده‌رامه‌ته‌وه‌ و هه‌میشه‌ وه‌ک گوڵه‌ به‌رۆژه‌ رویان له‌ خۆری ده‌سه‌ڵات و پشتیان له‌ خه‌لک ده‌بێت ، ئه‌گه‌ر چی شه‌رمیش ناکه‌ن و له‌ لێدوان و قسه‌کانیان دا هه‌میشه‌ لافی داکۆکی کردن له‌ هه‌ژاران ، لێده‌ده‌ن . بۆیه‌ ئه‌م فۆرمه‌ له‌ حزبایه‌تی جێگای شه‌رمه‌و حزب و حزبایه‌تیش له‌به‌رچاو مرۆڤ قێزه‌ون ده‌کات .
دوای ئه‌م به‌سه‌رکردنه‌وه‌ خێرایه‌ی هه‌ڵوێستی بێهه‌ڵوێستیی و ئینتیهازییه‌تی ئه‌و حزبانه‌ مرۆڤ ده‌گاته‌ ئه‌و بروایه‌ی که‌ بوونی ئه‌م حزبانه‌ له‌ رۆژگاری ئه‌مرۆدا به‌رجه‌سته‌ کردنێکی نادروستی فره‌حزبییه‌ و له‌روی سیاسی و ئابورییه‌وه‌ زیان به‌ کۆمه‌ڵگاکه‌مان ده‌گه‌یه‌نێ و ره‌نگه‌ نه‌بوونیان له‌ بوونیان باشتر بێت . ئه‌وه‌ی ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی له‌ رویی سیاسییه‌وه‌ سوود له‌ بوون و به‌شداری کردنی ئه‌م حزبانه‌ له‌ حکومرانی له‌گه‌لیاندا ، ده‌بینن و هه‌ر جارێک په‌نجه‌ی تۆمه‌تی پاوانخوازی و دیکتاتۆرییه‌ت و قۆرخ کردنی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ دریژ بکریت ، ئه‌وان ئاماژه‌ ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌یان حکومه‌تێکی بنکه‌ فراوانه‌و جگه‌ له‌وان حزبی دیکه‌ش هه‌ن به‌شدارن له‌گه‌لیاندا . هه‌روه‌ها کاتێکی که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌کرێت به‌ تا‌کره‌وی له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی داو نه‌گه‌رانه‌وه‌ بۆ میلله‌ت ، سه‌رۆک ئه‌و حزبانه‌ کۆده‌کاته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش به‌گه‌رانه‌وه‌ بۆ میلله‌ت ئه‌ژمارد ده‌کات ، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ له‌سه‌رکرده‌ی ئه‌و حزبانه‌ نه‌ک نوێنه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ر ناکه‌ن بگره‌ نوێنه‌رایه‌تی زۆریک له‌ ئه‌ندامانی حزبه‌که‌ شیان ناکه‌ن . راستییه‌کی دیکه‌ش هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆربه‌ی ئه‌و حزبانه‌ له ئیستادا پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریانلاواز بووه‌ (مه‌به‌ستم له‌ جه‌ماری غه‌یره‌ حزبییه‌ نه‌ک ئه‌ندامان و لایه‌نگران) به‌لگه‌ش بۆ قسه‌کانم ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شیکیان به‌ قه‌رزو قۆله‌ کورسی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ست هێناوه‌ . که‌واته‌ له‌ رووه‌‌ سیاسییه‌که یه‌‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بوونیان زیان به‌ پرۆسه‌ سیاسییه‌که‌ ده‌گه‌یه‌نێ ئه‌وه‌نده‌ سوود به‌خش نییه‌ .
له‌رووی ئابووری یه‌وه‌ ، ئه‌م حزبانه‌ له‌ چاو قه‌واره‌ی خۆیاندا بودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاح وه‌رده‌گرن و له‌ هه‌ر شارو شارۆچکه‌یه‌کیش باره‌گایه‌کیان قوت کردۆته‌وه‌و پاسه‌وان و هه‌ندێ کادیریان له‌سه‌ر بودجه‌و قوتی میلله‌ت بۆ دیاری کردوون که‌‌ له‌سه‌ر پاروی خه‌لکی ده‌له‌وه‌رێن به‌بێ ئه‌وه‌ی تۆزقالێک سودیان بۆ کۆمه‌لگا هه‌بێ . ئاخر حزبێک که‌ هیچ پرۆژه‌یه‌کی باشکردنی دوا رۆژی کۆمه‌لگا ی له‌ گشت بواره‌کانه‌وه نه‌بیت‌و له‌ پارتی و یه‌کێتی زیاتر هه‌وڵی جێبه‌جێ کردنی پرۆژه‌کانی ئه‌وان بدات ، ئیتر کادیر و باره‌گای چۆڵ و پر مه‌سره‌فی بۆچییه‌؟
ئه‌و حزبانه‌ جگه‌ له‌ و بودجه‌ییه‌ی که‌ وه‌ری ده‌گرن ، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ سه‌رکرده‌و کادیره‌کانیشیان له‌سه‌ر بودجه‌و پاروی میلله‌ت خانه‌نشین کردووه‌ و ژماره‌یه‌کی دیکه‌شیان بۆ حزب کارده‌‌ن و موچه‌ی حکومه‌ت وه‌رده‌گرن . ئه‌مه‌ش بۆخۆی له‌ روی ئابورییه‌وه‌ بارێکی قورسه‌ و ده‌کری ئه‌و بودجه‌ یه‌ی به‌بێ به‌رهه‌م ده‌درێ به‌ و حزبانه‌ ، بۆ باش کردنی موچه‌ و گوزه‌رانی که‌س و کاری ئه‌نفالکراوان شه‌ هیدان به‌کاربهێنریت یاخود بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری ته‌رخان بکرێت یان وه‌ک بیمه‌ی بێکاری بدریت به‌ ده‌رچوانی زانکۆو په‌یمانگاکان و گه‌نجانی بێکار . پێم وایه‌ سه‌رف کردنی ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ سودمه‌ند ده‌بێت و له‌حاڵه‌تی سه‌رف کردنی بۆ ئه‌و حزبانه‌ ش به‌فیرۆده‌رواو هیچ به‌رهه‌مێکی نابێت . له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ئه‌و حزبانه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ ئیستغلال ده‌که‌ن بۆ کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک مشه‌خۆر له‌ خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بدات به‌ بونیان و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانیش به‌ناره‌وا کۆمه‌ڵێ ده‌نگی ئه‌و مشه‌خۆرانه‌ بۆخۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن که‌ به‌رای من ئه‌وانه‌ ده‌نگی راسته قینه‌ نین به‌لکو ده‌نگی ته‌زویرن و به‌پاره‌ کراون .
له‌کۆتایشدا له‌ روانگه‌ی ئه‌و تێبینیانه‌مه‌وه‌ به‌دلنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌و حزبانه به‌م شێوه‌ کا‌رکردنه‌یان‌ له‌ ئێستا بارێکی قورسن به‌سه‌ر شانی کۆمه‌ڵگاوه‌ و ره‌نگه‌ نه‌بوونیان گه‌لێ به‌سوود تربێ له‌ بوونیان .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە