گه‌مه‌یه‌كی بێ ئامانج به ناوی دابڕان و یه‌كگرتنه‌وه
Monday, 12/01/2015, 12:00
پارته سیاسییه كوردیه‌كان له بارودۆخێكی تایبه‌تدا دامه‌زراون و وه‌ك پێویست له ره‌وتی رۆژانه و ئاسایی‌دا بۆیان نه‌لواوه له گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا له پێوه‌ندییه‌كی نۆرماڵ و كراوه‌دا بن. له سه‌ر ئه‌و بناخه‌یه ناكرێ و گونجاو نییه پارته كوردیه‌كان له گه‌ڵ پارتی وڵاتانی دیكه به‌راورد بكه‌ین، به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتن له كۆی كایه‌ی سیاسه‌ت له كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كاندا هه‌بوونی زانیاری له سه‌ر فاكته‌ره جیاوازه‌كان سوودبه‌خشه. له مێژووی رێكخراو و كۆمه‌ڵه كوردییه‌كاندا لێكدابڕان و وهسهریهككهوتنهوهكان خاوه‌نی پاشخانێكی تایبه‌تن. دابڕانه‌كان زیاتر له سه‌ر شێوازی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و جۆری ئیداره‌كردنی پارت و رێكخراوه‌كان چه‌قیان به‌ستوه. به واتایه‌كی دیكه، لێكدابڕان و له‌تبوونه‌كان كه‌متر له سه‌ر جیاوازی رێباز و ئامانج و ته‌نانه‌ت تاكتیك و ستراتیژی پارته سیاسییه‌كان بوون. ئه‌گه‌رچی له دوای پرسی لێكدابڕان ژماره‌یه‌ك تاك له هه‌ر دوو به‌ره‌دا، جیابوونه‌وه‌كانیان خستۆته ژێر چوارچێوه‌ی هێندێك ده‌سته‌واژه و بیرۆكه و چیرۆكی تازه‌یان بۆ داتاشیون.
ناسینی پارته سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تی رێبه‌ران و هونه‌ری رێبه‌رایه‌تی ئه‌وان و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامه‌كانیان له ناسینی كۆمه‌ڵگا و خانه كولتورییه‌كان جیا ناكرێته‌وه. كۆمه‌ڵگا له‌و نێوه‌دا بنچینه و سه‌رچاوه‌یه و كه‌سایه‌تی تاك و كۆی مرۆڤه‌كان له ژێر كارتێكه‌ری په‌روه‌رده و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵگادا جێدهكهون. كولتوری ئیداره‌كردنی كوردان هێشتا له ژێر ته‌وژمی فاكته‌ره جۆراوجۆر و رهنگاوڕهنگهكاندا ده‌ناڵێنێ. ئه‌و كولتوره له زۆر بواردا له دۆخێكی نابه‌رامبه‌ر له گه‌ڵ كولتوری نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كاندا گه‌شه‌ی ناسرووشتی كردوه و له وزه و توانای خۆچاره‌سه‌ركردن دوور راگیراوه. لاوازی كوردان و كه‌ڵه‌كه‌بوونی تایبه‌تمه‌ندییه نه‌رێنیه‌كان مێژوویه‌كی درێژخایه‌نیان هه‌یه. پرسی ژێرده‌سته‌بوون بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده كۆی كو‌لتور و كه‌سایه‌تی تاكی كوردی تووشی گێژاوێكی توند و سووڕانه‌وه له بازنه‌ی شكان و كه‌وتنه‌كان كردوه . له پرسی پارت و رێكخراو و ئه‌ده‌بیات و خۆرێكخستندا، كورده‌كان مه‌ودایه‌كی زۆریان له گه‌ڵ نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كاندا هه‌یه. ئه‌وان له ره‌وتی خۆناسین و سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیدا زۆر له دوای گه‌لانی وه‌ك فارس، تورك و عه‌ڕه‌بن. كورده‌كان به شێوازی نیوه‌چڵی و هه‌رجاره‌و له به‌ره‌یه‌كدا خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه و خاوه‌نی دونیابینی یه‌كگرتن و یه‌ك جۆغڕافیای سیاسی نه‌بوون و نین. ئه‌وان له كۆی پرسه‌كاندا دواكه‌وتووی ئه‌وانی دیكه بوون و بۆ پاراستنی خۆیان زۆر جار وه‌ك شێخ، عه‌شیره‌ت، ئه‌میر و سه‌رۆك پارت په‌نایان بۆ یه‌كێك له ده‌سه‌ڵاته سه‌رده‌سته‌كان بردوه. كورده‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خۆیان خاوه‌نی نه‌خشه‌یه‌كی دیار و نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوون و زۆرجار دواڕۆژ و ستراتیژیان به قوربانی ئه‌مڕۆ و مانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی چه‌ند تاك و بنه‌ماڵه‌یه‌ك كردوه.
له سه‌ده‌ی ٢٠ و ٢١دا پارته سیاسییه كوردیه‌كان له سه‌ر بنچینه‌ی كولتوری ئیداره‌كردنی كوردهواری و زۆر جار كولتوری خێڵ و عه‌شیره‌تێك دامه‌زراون و گه‌شه‌یان كردوه. ئه‌گه‌ر تاكێك به دوور له كولتوری خێڵ و گوند رێبه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌یه‌كی كردبێ، بێگومان ناوبراو له ناسینه‌ی كولتوری كوردان به ده‌ر نه‌بوه و له كاتی بڕیار و كاردا ده‌ریخستوه، كه ئه‌ویش هێشتا گیرۆده‌ی لایه‌نه نهرێنیهكانی كولتوری ئیداره‌كردن و به‌ڕێوه‌به‌رییه. له كاتی پێكه‌وه‌بوون و كاركردندا كورده‌كان زیاتر له سه‌ر بناخه‌ی رق و كینه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه جیهانی سیاسه‌تی خۆیان رازاندۆته‌وه. له‌تبوون و دابڕانه‌كان له‌و نێوه‌دا ده‌رخه‌ری ئه‌و شێوازه له سیاسه‌تن، كه تاكی كورد له ریزی پارته سیاسییه‌كاندا به چه‌پ و راست په‌یڕه‌ویان كردوه. ئه‌گه‌رچی لێكجیابوونهوهكان مێژوو و پاشخانی خۆیان هه‌بوه و هه‌یه، به‌ڵام زۆربه‌ی دابڕانه‌كان له مێژووی پارته كوردییه‌كاندا، وانه‌یه‌كی تاڵ له سه‌ر كرده‌ی سیاسه‌تكاره كورده‌كان به ئه‌ژماردێن.
له ساڵانی رابردوودا پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌و دۆخه‌یان تاقی كردۆته‌وه. له جیابوونه‌وه‌كانی ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا زۆر تاك و ئه‌ندامی خواره‌وه به كه‌ڵك وه‌رگرتن له تێكنۆلۆژی تازه و تێكه‌ڵبوون له گه‌ڵ باندی ده‌سه‌ڵاتی لاباڵهكان رۆڵی خه‌راپ و نێگاتیڤیان هه‌بوه. به گوێره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ژماره‌یه‌ك له شاره‌زایانی سیاسه‌ت و پارته سیاسییه‌كان، له‌تبوون و دابڕانه‌كانی نێوان دێموكڕات و كۆمه‌ڵه‌كان ده‌كرا روونه‌ده‌ن. ئاخر هه‌ر له رۆژی دوای لێكدابڕانهكاندا ده‌نگ و داخوازی وهسهریهكهوتنهوه له نێو جه‌رگه‌ی باڵ و لاباڵهكاندا سه‌ری هه‌ڵداوه و مۆسیقای یه‌كگرتنه‌وه بیستراوه. پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به رابردووی دابڕان و هه‌ڵوێسته‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، كه ئه‌و لێكدابڕان و پهرتهوازهبوونانه له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی ژماره‌یه‌ك سیاسه‌تكار و هاوبیره‌كانیان زیاتر نه‌بوه. لێكجیابوونهوهكان و درووشمی دووباره یه‌كگرتنه‌وه‌كان تێكه‌ڵیه‌كی تایبه‌تیان خوڵقاندوه، كه لێكههڵاواردنی زۆر ئاسان نیه و هێشتا له هه‌ستێك تێپه‌ڕی نه‌كردوه.
تاكی كورد له ماوه‌ی ساڵانی رابردوو گه‌لێك جار كۆمه‌ڵه پرسیارێكی هه‌بوه، كه به ئاسانی وڵامی بۆ ئه‌و پرسیارانه ده‌ست نه‌كه‌وتوه. دابڕان و دووباره وه‌سه‌ریه‌ك كه‌وتنه‌كان له بیر و زه‌ینی تاكی كورد له گه‌مه‌یه‌كی بێ ئامانج زیاتر نین؟ به چ لۆژیكێك، ئه‌ندامانی حیزبێك سه‌نگه‌ری سه‌ره‌كی خه‌بات له بیرده‌كه‌ن و شیر و تیر له یه‌كتر ده‌سوون و پلانی شكانی یه‌كتر داده‌ڕێژن و دواتر بانگه‌وازی یه‌كگرتنه‌وه ده‌كه‌ن؟ ئاخۆ، كێ گۆڕاوه و چه‌نده ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی دابڕان وازیان له كولتوری دووبه‌ره‌كی هێناوه؟ ئایا ئه‌و لێكدابڕان و دژبهیهكبوونه كاریگه‌ری له سه‌ر شێوازی ئیداره‌كردن و به‌ڕێوه‌به‌ریی و كولتوری حیزبایه‌تی داناوه؟ ئه‌گه‌ر جیابوونه‌وه و له‌تبوون ئامانجێكی دیاری نه‌پێكابێ و ته‌نیا گه‌مه‌یه‌كی به سیاسی كرا‌و بووبێ ، چه‌نده پاش وهسهریهككهوتنهوه ده‌توانێ له سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌كان به ئه‌رێنیی و نه‌رێی كاریگه‌ر بێ؟ ئایا یه‌كگرتنه‌وه ته‌نیا به مانای بڵاوكردنه‌وه‌ی راگه‌یندراو و وێنه‌ی وهسهریهككهوتنهوهكانه؟ ئاخۆ وهسهریهككهوتنهوه له كرده‌وه‌دا و به گوێره‌ی تاقیكارییه مێژووییه‌كان له كۆمه‌ڵگای كورده‌واریدا چه‌نده هه‌ڵگری بۆنه و به‌رامه‌ی خۆی بوه؟
به باوه‌ڕی زۆر كه‌س، ئه‌گه‌ر كولتوری ئیداره، سیاسه‌ت، تێڕوانین و شێوازی خه‌بات ئاڵ‌وگۆڕیان به سهردانهیهت، دابڕان و یه‌كگرتنه‌وه‌كان له گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ده‌چن، كه هه‌ستی پاوانخوازی چه‌ند تاكێك تێر ده‌كه‌ن و له كرده‌وه‌دا ناكه‌ونه چوارچێوه‌ی ئهلف و بێی خه‌بات و تێكۆشانه‌وه. لێكدابڕانه سیاسییه‌كان له نێو ریزی پارته كوردییه‌كان له گه‌مه‌یه‌كی بێ ئامانج ده‌چن، كه له كاتی هه‌ڵچوون و تووڕه‌بووندا به‌رۆكی پارته سیاسییه‌كان ده‌گرێن. ئه‌گه‌ر قه‌واره و شێوازی حیزبایه‌تی له كوردستاندا و جۆری بیركردنه‌وه و ته‌نانه‌ت كو‌لتور و ژینگه‌ی ژیان نه‌گۆڕێ، دابڕان و یه‌كگرتنه‌وه‌كان له په‌رچه‌كردار و دژكرده‌وه‌یه‌ك زیاتر نین و نابن. ئه‌گه‌ر وه‌رچه‌رخان له سیاسه‌ت و هونه‌ری پارتایه‌تیدا روونه‌دات، كولتوری سیاسی به‌مجۆره درێژه به مانه‌وه ده‌دا و رووداوه‌كانی چه‌ندباره تاقی ده‌كه‌ینه‌وه و به‌رهه‌می له‌وه زیاتر لێ ده‌سته‌به‌ر نابێ. دابڕان و یه‌كگرتنه‌وه‌كان ئه‌گه‌ر هه‌ڵگری مانا و ئاوێته‌ی وانهلێوهرگرتن نه‌بن، له بازنه‌ی خه‌باتی نێوخۆیی‌دا جێده‌گرن و له په‌راوێزدا دووپات و چه‌ند باره ده‌بنه‌وه. ئه‌گه‌ر یه‌كگرتنه‌وه وه‌ك دابڕان په‌رچه‌كردار بێ و له سه‌ر بناخه‌ی چاكسازی و وانهلێوهرگرتن نه‌بێ، پارت و رێكخراوی سیاسی ناتوانێ ئه‌كتیڤتر بێ و له هه‌ناوی خۆیدا پاسیڤبوونی زیاتر ده‌خوڵقێنێ. بۆ رزگاربوون له گه‌مه‌ی به ناو دابڕان و له‌تبوون و دواتر وهسهریهككهوتنهوهی بێ ئامانج، ناكرێ لۆژیك فیدای هه‌ست بكه‌ین و دیواری متمانه به دواڕۆژمان له سه‌ر بناخه‌ی لایك و وێنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌ڵچنین. جیهانی بیركردنه‌وه‌ی ناخی مرۆڤه‌كان و كولتوری هه‌ڵسوكه‌وت كردن له گه‌ڵ یه‌كتر له گه‌ڵ دربڕینی كف و كوڵاویدا جیاوازن و به ئاسانی ناگۆڕێن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست