کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ژێر تیشكی چه‌ند ره‌خنه‌یه‌كدا

Sunday, 03/03/2013, 12:00







ئۆپۆزیسیۆن و بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا گرینگن و رۆڵی كاریگه‌ر ده‌گێڕن. چاوخشاندن به‌ مێژووی كورد ده‌ریده‌خا، كه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی دابڕدابڕ و ژێرده‌سته‌ له‌ زۆر باره‌وه‌ له‌ دوای نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌یه‌. سیسته‌می سیاسی له‌ كوردستان و له‌ نێوكورداندا هێشتا له‌ سه‌ر كۆڵه‌كا‌نی عه‌شیره‌ت، ناوچه‌گه‌رایی و زاراوه‌په‌ره‌ستی راوه‌ستاوه‌. له‌ كوردستاندا پارته‌ سیاسییه‌كان بۆ بنه‌ماڵه‌ و تاكی دیاریكراو كراونه‌ ئامراز و نه‌ته‌وه‌ له‌و رێڕه‌وه‌دا كراوه‌ته‌ سووته‌مه‌نی مانه‌وه‌ی پارت و سه‌رۆكه‌كانیان. دابڕان له‌ كه‌لتوری سووڕانه‌وه‌ به‌ ده‌وری كۆمه‌ڵه‌ باوه‌ڕێكی بێ بنه‌ما بۆ تاكی كورد و ئۆپۆزیسیۆن ئاسان نیه‌، چوونكه‌ پاشخانی كه‌لتوری له‌و باره‌وه‌ هێشتا رۆڵی گه‌وره‌ ده‌گێڕێ.
گۆڕانخوازیی هه‌ڵگری ژان و ئازاری تایبه‌ته‌، به‌ڵام بۆ كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ و كوردستان له‌و هاوكێشه‌یه‌ به‌ده‌رنیه‌. سه‌رخستنی پرسی گۆڕان له‌ كوردستان پڕۆژه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی دۆخی سیاسیی و تاقیكاریه‌ مێژووییه‌كان ده‌كرێ له‌ سیسته‌می سیاسی ده‌ست پێبكات. روون و ئاشكرایه‌، كه‌ گۆڕان ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی كه‌لێن و قوژبنه‌كانی كۆمه‌ڵگا نه‌گرێته‌وه‌ و تاك له‌ ته‌واوییه‌تی خۆیدا بۆ وه‌رگرتن و پڕاكتیزه‌كردنی بنه‌ماكانی گۆڕان ئاماده‌ نه‌كا، به‌ ئامانج ناگات. باشووری كوردستان كه‌ به‌ رواڵه‌ت له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌راندا نیه‌ و جۆره‌ سیسته‌مێكی خۆماڵیی هه‌یه‌، هێشتا له‌ گێره‌ و كێشه‌ی كه‌لتوری خۆسه‌پاندن و نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كان رزگاری نه‌بوه‌.
هێشتا زمانی هاوبه‌ش و ستاندارد له‌و به‌شه‌ی كوردستاندا ده‌كار ناهێنرێ. هێشتا پارله‌مان له‌ دیوه‌خانێكی ئاغا و عه‌شیره‌ت تێپه‌ڕی نه‌كردوه‌ و پارته‌كان بۆیان قبوڵ ناكرێ، كه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ سه‌رچاوه‌ی یاسا و ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل بێ. كۆمه‌ڵگا به‌ سه‌ر حیزب و پارته‌كاندا دابه‌شكراوه‌ و سه‌ره‌گه‌وره‌كانی پارت و بنه‌ماڵه‌ دیاره‌كان پشكی شێریان به‌ركه‌وتوه‌. به‌ كرده‌وه‌ سیاسه‌ت و رزگاربوونی نه‌ته‌وه‌ له‌ درووشمێكی رووت و بێ بنه‌ما تێپه‌ڕی نه‌كردوه‌ و خاك و نه‌ته‌وه‌ به‌ تێكڕا له‌ خزمه‌ت بازرگانی و بیزنێسی پارته‌ كوردییه‌كاندایه‌. حكومه‌ت و پارله‌مان له‌ بن باڵی حیزب و سه‌رۆكی حیزبه‌كاندان و هاوڵاتیان له‌ونێوه‌دا ژماره‌یه‌ك نین. به‌ كورتی هه‌موو دام و ده‌زگاكان به‌ دوو بنه‌ماڵه‌وه‌ گرێدراون. له‌و نێوه‌دا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی پشكی شێریان به‌ركه‌وتوه‌ و به‌ ناوی جۆراوجۆر و له‌ به‌ر لاوازی تێگه‌یشتنی كوردان له‌ سیاسه‌ت و مێژوو به‌ ئاسانی ده‌ستیان به‌ سه‌ر جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا گرتوه‌.
بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژ به‌و دۆخه‌ دژواره‌ و خۆرزگاركردن له‌ ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی حیزبی تاقانه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و تاك و بنه‌ماڵانه‌، كه‌ بۆ پێده‌شتی سیاسه‌ت درێژكراوه‌ته‌وه‌، كورده‌كان به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌ ماوه‌ی رابردوودا جووڵانه‌وه‌. ئه‌و به‌رنگاربوونه‌وه‌ له‌ شێوازی هه‌ڵسووڕانی تاك، بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، رووناكبیرییه‌كان و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ك له‌ ئێلیتی كورد و راگه‌یاندنی ده‌ره‌وه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان به‌ شێوازی نارێكخراو له‌ باشووری كوردستاندا ده‌ربڕاو. له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانی له‌ سه‌ره‌تادا ببێته‌ مه‌كۆی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێز و بیره‌ ناڕازیانه‌، به‌ڵام له‌ سه‌ر چۆنیه‌تی كاركردن و درێژه‌دان به‌ پڕۆژی گۆڕان ئامانجێكی دیار و روون نه‌بو. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ هۆی دۆخی كوردستان بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی بو، به‌ڵام به‌ هۆكاری هه‌ڵه‌ و نه‌بوونی ستراتیژی له‌ كاركردندا، له‌ ماوی دوو ساڵی رابردوودا به‌ هێواشی له‌ ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی دابڕاوه‌ و له‌ چوارچێوه‌یه‌ی ته‌سكی سیاسیدا قه‌تیس ماوه‌. بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی له‌ كوردستاندا توانای گه‌ڕاندنه‌وه‌ و پاراستنی مافی هاوڵاتیانی نیه‌ و له‌ نه‌بوونی بزوتنه‌وه‌یه‌كی پان و به‌رینی هه‌مه‌ لایه‌نه‌دا، تێپه‌ڕین له‌و دۆخه‌ی كوردستان ئه‌سته‌مه‌. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ پێشاندانی ئاسۆیه‌كی روون بۆ خه‌بات و جۆری تێكۆشانی بۆ خه‌ڵكی كوردستان و به‌شێكی زۆر له‌ لایه‌نگرانی سه‌ركه‌توو نه‌بوه‌. بێجگه‌ له‌وه‌ له‌ زۆر بواردا ئه‌گه‌رچی جۆره‌ ره‌چه‌شكێنیه‌كی پێوه‌دیار بوه‌، به‌ڵام هێندێك تایبه‌تمه‌ندی پارته‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ی له‌ گه‌ڵ ماوه‌. له‌ چاوخشاندنێكی خێرا به‌ كار و تێكۆشانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا چه‌ند ره‌خنه‌یه‌كی دیار و به‌رچاو هه‌ن، كه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵێك ده‌كرێ.


- كه‌ڵكوه‌رنه‌گرتن له‌ بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك بۆ چاكسازی و ئاراسته‌نه‌كردنی به‌ شێوازێكی رێكخراو و خاوه‌ن ئامانج.

- ده‌سته‌مۆكردنی بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ باشوور له‌ ژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆن، كه‌ دوو لایه‌نی وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی له‌خۆ گرتوه‌. ئه‌و دوولایه‌نه‌ و به‌ تایبه‌ت كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ رابردوودا له‌ به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بوون. ئه‌وان ته‌نیا بۆ ئه‌ستاندنی زۆرتی پشكی خۆیان كه‌وتنه‌ گه‌ڵ خۆپێشاندانی خه‌ڵك، چوونكه‌ له‌و ساڵانه‌ی دواییدا رێژه‌ی لایه‌نگره‌كانیان روو له‌ داكشان بو.
- نه‌بوونی سترۆكتۆڕ و قه‌واره‌یه‌كی تازه‌ و دێموكڕاتیك بۆ رێكخستنی دام و ده‌زگاكانی بزوتنه‌وه، كه‌ زۆرجار تاكه‌كان له‌وێش ده‌بنه‌ قوربانی بیروبۆچوونی به‌ڕێوه‌به‌ر و هتد.‌

- نه‌بوونی رێبازێكی تازه‌ له‌ كاركردن و بیركردنه‌وه‌ بۆ به‌ گه‌ڕخستنی دینه‌مۆی گۆڕانی سیسته‌می سیاسی له‌ كوردستاندا.

- كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر له‌ بڕیارداندا له‌ ده‌ستی ژماره‌یه‌كی كه‌م و به‌ تایبه‌ت رێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ قازانجی ستراتیژی بزوتنه‌وه‌ و پرسی گۆڕان له‌ باشووردا نیه‌. ئه‌و پرسه‌ له‌ نێو كورد و نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كاندا مێژووییه‌كی كۆنی هه‌یه‌ و به‌ ئاسانی بنه‌بڕ نابێ، چوونكه‌ سه‌ره‌تا ده‌وروبه‌ر بێده‌نگ و ئاماده‌كاری ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی تاكێكی بڕیارده‌ر به‌رهه‌م بێ.له‌ درێژه‌ی كاردا ئه‌و تاكه‌ هێدی هێدی له‌ دۆخه‌كه‌ سوود وه‌رده‌گرێ و ده‌بێته‌ بڕیارده‌ری یه‌كه‌م و زۆربه‌ی ده‌نگ و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان به‌ هێواشی لاده‌دا. سیاسه‌ت رێبازی خۆیه‌ هه‌یه‌ و له‌ گه‌ڵ تێرمه‌كانی وه‌ك براگه‌وره‌یی و هتد. سازگار نیه‌. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێویستی به‌ رێبه‌رایه‌تی به‌ كۆمه‌ڵه‌ نه‌ك تاكه‌ كه‌س. مێژووی كوردان به‌ گشتیی ده‌ریخستوه‌ و سه‌لماندوویه‌تی، كه‌ رێبه‌رایه‌تی تاكه‌ كه‌س سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه و نابێ. رێبه‌رایه‌تی به‌ كۆمه‌ڵ رێژه‌ی به‌شداربوونی كه‌سانی دیكه‌ زۆرتر ده‌كا و له‌ گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ پێوه‌ندییه‌كی راسته‌قینه‌تر و زیندووتردایه‌.
- چوونی نه‌وشیروان مه‌سته‌فا وه‌ك رێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ سه‌ری ره‌ش، شوێنه‌واری نه‌رێنی له‌ سه‌ر بزوتنه‌وه‌ و ئۆگرانی پڕۆژه‌ی گۆڕان له‌ باشووری كوردستاندا جێهێشت.

-كه‌وتنه‌ دوای عه‌لی باپیر و دانیشتی دووباره‌ له‌ گه‌ڵ سه‌رۆكی پارتی له‌ سه‌ری ره‌ش، كه‌ زیاتر له‌ رابردوو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی خسته‌ ته‌رازووی قوماری پارتی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی. ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌ رابردوودا زۆر جار له‌ به‌ره‌یه‌كدا بوون و له‌ داهاتوودا دوور نیه‌، كه‌ جارێكی دیكه‌ پێكه‌وه‌ ببنه‌وه‌ هاوپشت و هاوبه‌ند.
-بوونه‌ راوێژكاری پارتی و یه‌كێتی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دینه‌مۆی رێكخستنی خه‌ڵك و ناڕازییه‌كان بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا. گه‌مه‌ی پاكیجه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و وڵامی ده‌سه‌ڵات و هێنان و بردنی ئه‌و باسانه‌ قورسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان كه‌مكتر كرده‌وه‌. له‌ باشووری كوردستان دۆخه‌كه‌ بۆ وه‌گه‌ڕخستنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز ئاماده‌ بوو، به‌ڵام گۆڕان له‌و باره‌وه‌ له‌ ده‌رفه‌ته‌كان سوودی وه‌رنه‌گرت.

- به‌لاڕێداچوونی گۆڕان له‌ لایه‌ن پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و به‌ تایبه‌ت پارتی بارزانی. رابه‌ڕانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سیاسه‌تی به‌ ناوی نیچیرڤان و مه‌سعود تێگه‌یشتنێكی راسته‌قینه‌یان نه‌بو و گوێیان به‌ بیروڕای گۆڕانخوازان نه‌دا . ئاگاداری ئه‌وه‌ نه‌بوون، كه‌ پارتی بۆ ده‌سته‌مۆكردنی بزوتنه‌وه‌ به‌ چه‌ند هێڵی جیاواز سیاسه‌ت ده‌كا، به‌ڵام كڕۆكی ویستی پارتی یه‌ك شته و ئامانجی سه‌ره‌كی خۆسه‌پاندنی خۆیانه‌ به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستاندا.

- رێكنه‌بوونی خه‌باتی پارله‌مانی گۆڕان له‌ كوردستان و به‌غدادا و نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی تووندوتۆڵ له‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ و فراكسیۆنی گۆڕان له‌ پارله‌مانی كوردستان و عێڕاقدا.

-نه‌بوونی سیاسه‌تێكی رادیكاڵ و سه‌ربه‌خۆ له‌ به‌غدا و خۆهه‌ڵاوه‌سین به‌ هێندێك دروشم، كه‌ به‌ قازانجی پارتی و یه‌كێتی شكاونه‌وه‌، به‌ڵام بۆ كورد له‌ باشووری كوردستان خێرێكیان نه‌بوه.

- نه‌مانی پێوه‌ندی توند و تۆڵ له‌ گه‌ڵ به‌ره‌ی ره‌خنه‌گر له‌ كوردستاندا.

- خۆپاراستن له‌ چوونه‌ سه‌رشه‌قام و چاوه‌ڕێكردن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕێكی به‌هێز بۆ گۆڕانی سیسته‌م له‌ كوردستاندا هه‌بێ، رێبه‌رانی بزوتنه‌وه‌ و سه‌رجه‌م پارته‌ ناڕازییه‌كان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران ده‌بن. ئه‌وكات هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی گۆڕان ده‌ستپێده‌كه‌ن. بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كان له‌و ئه‌ركه‌دا ده‌بێ پێشڕه‌و بن و كادر و سه‌ركرده‌كانیان له‌و پێوه‌ندییه‌دا گوڵبژێر و ئه‌كتیڤ بن. بۆ وێنه‌ نه‌بوونی به‌رنامه‌ بۆ خۆپێشاندانه‌كانی ٢ ساڵ له‌وه‌پێش و چه‌قین له‌ دید و بۆچوونی به‌رته‌سكدا. نه‌بوونی به‌رچاوڕوونی بۆ وه‌گه‌ڕخستن و په‌ره‌پێدانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ قۆناخی بێده‌نگبوونی له‌ باشوور به‌رهه‌م هێنا، كه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لێی به‌رپرسن.

-سه‌رگه‌رمبوون به‌ شتی لاوه‌كی و ناردنی داخوازی له‌ لایه‌ن فراكسیۆنی گۆڕان له‌ پارله‌مانی كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی پارتی بۆ ئه‌وه‌ی بودجه‌ یان یاسایه‌ك په‌سند نه‌كا یان بیكا. ئه‌ندامانی پارله‌مان و ته‌نانه‌ت ئه‌وانی كه‌ دروشمی گۆڕانیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌، له‌ پێگه‌ و جێگه‌ی خۆیان وه‌ك نوێنه‌ری خه‌ڵك سوود وه‌رناگرن و به‌ كه‌لتوری سه‌رۆك باشتر لێیده‌زانێ راهاتوون. ئه‌ندامانی پارله‌مان له‌ شوێنی كاری خۆیان و ژینگه‌ی كاری رۆژانه‌یان به‌رپرسانه‌ نه‌جووڵانه‌وه‌ و بۆیان نه‌لواوه‌ پرۆژه‌ یاسای تایبه‌ت به‌ هه‌ڵاوه‌سینی وینه‌كان له‌ پارله‌مان و ناوه‌نده‌ فه‌رمیه‌كان په‌سه‌ند بكه‌ن.

-نه‌بوونی سیاسه‌تێكی دیار و قایم و درێژخایه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان و خۆپاراستن له‌ دیالۆگی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر، كه‌ ته‌نیا به‌ قازانجی پارتی و یه‌كێتی شكاونه‌وه.‌

- خۆسه‌رقاڵكردن به‌ شتی لاوه‌كی وه‌ك پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ په‌كه‌كه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ باڵانسی خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌كان له‌ دید و بۆچوونی بزوتنه‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن پرنسیپ و بنه‌ما. ئه‌وان له‌ ماوه‌ی رابردوودا، خۆیان و كاناڵه‌كه‌یان وه‌ك ده‌زگای په‌كه‌كه‌ له‌ رووداو و دیارده‌ و ته‌نانه‌ت هه‌لومه‌رجی كوردستان و ناوچه‌كه‌یان روانیوه. بزوتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ و خاوه‌ن پێگه‌ی به‌رفراوان ناكرێ به‌وجۆره‌ سیاسه‌ت بكا و خۆ و ئه‌وانی دیكه‌ی لێبگۆڕێ‌. دۆستایه‌تی له‌ گه‌ڵ پارتێكی سیاسیی و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به‌ پرسه‌ سیاسییه‌كان دوو بابه‌تی لێكجیاوازن. بێجگه‌ له‌وه‌ باوه‌ڕ به‌ پڕنسیپه‌ مۆڕاڵی و كردارییه‌كان له‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت ناكرێ له‌ راستیه‌كان دامانببڕن. ئه‌وه‌ی گۆڕان له‌و باره‌وه‌ كردوویه‌تی به‌ مێدیای به‌ ناوی ئه‌هلی له‌ باشووری كوردستاندا زیاتر له‌ دژكرده‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ دوو هێزی پارتی و یه‌كێتی كراوه‌. له‌و باره‌وه‌ ته‌نانه‌ت چوارچێوه‌ی گشتی راگه‌یاندن نه‌پارێزراون و سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌ وه‌ك خۆی له‌ راگه‌یاندنی گۆڕان و ئه‌هلی!دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌.

- نه‌بوونی پێوه‌ندییه‌كی ئاسایی له‌ گه‌ڵ لانی كه‌م ژماره‌یه‌ك له‌ پارته‌ خاوه‌ن رابردوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و خۆقه‌تیس كردنه‌وه‌، له‌ بازنه‌ی په‌كه‌كه‌ و پارته‌ دروستكراوه‌كانی له‌ باكور، رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا. گۆڕان له‌و پێوه‌ندییه‌دا ته‌نیا پارتی چاره‌سه‌ری هه‌ڵاواردوه‌ و ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌ گونجاوه‌ و پارته‌ ده‌ستكرده‌كانی ئه‌ستێره‌ی گه‌شاوه‌ن، بۆچی له‌و باره‌وه‌ گۆڕان سیاسه‌تی بانێك و دوو هه‌وا په‌ڕه‌و ده‌كات. روونه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ نیزیكه‌وه‌ ئه‌و پارته‌ و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی ده‌بینن و ده‌زانن كه‌ خاوه‌نی قورساییه‌كی ئه‌وتۆ نین، به‌ڵام بۆچی گۆڕان به‌و چاوه‌ ناڕوانێته‌ باقی پارته‌ ده‌ستكرده‌كان!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە