سەرۆك فریاى خۆت بكەوە
Saturday, 26/07/2014, 12:00
بەرپرسانى ئەم هەرێمى كوردستانە وا پیشان دەدەن ئەوان هاوشێوەى هەر هاوڵاتیەكى ئەم هەرێمە سادە و خاكین خۆیان دەهێننە ڕیزى ئەوان ئەمەش بە شانازییەوە باس دەكەن و لەگەڵ هەر بۆنە و پێشهاتێكیشدا ئەو حیوار و قسە و لێدوانانە دوبارە دەكەنەوە لەسەرووى هەموویانەوە مسعود بارزانى كە خۆى بە سەرۆكى هەرێم دەزانێت لەگەڵ هەر دەركەوتنێكیدا لە شاشەى تیڤیەكان و ڕۆژنامە بیانیەكاندا سادەیى و خەخۆرى خۆى دەردەبڕێت خۆى دێنێتە ڕیزى هاوڵاتیەكى سادەى ئەم هەرێمى كوردستانە.
مەبەستم لێرەدا بە ڕوونى ئەو لێدوانەیەتى كە گوتى من خۆم بە پێشمەرگە دەزانم و شانازى بەو پێشمەرگایەتى خۆمەوە دەكەم ئەم قسەى (سەرۆكى هەرێم)ە دەنگدانەوەیەكى بەرفراوانى لێكەوتەوە و ڕاگەیاندن گرنگى زۆرى بەم لێدوانەى جەنابى فەخامەتیان دا ، بەڵام ئەگەر تا ئەو كاتى ئەو قسەیە كاریگەرى هەبووبێت لەسەر هەندێک لایەن، ئەوا لەسەر ئەو هاوڵاتی و هاونیشتیمانیانەی كوردستان کە بڕوایان پێی بووە، وا متمانەیان بەو قسەیەى سەرۆك هێدى هێدى لەق دەبێت ئەمەش لە دواى ئەوەوە دێت كە لە ئێستادا هێزەكانى پێشمەرگە لە ئەوپەڕى ناڕەحەتیدان و قورسى ژیان و نەبوونى مووچە تەنگى پێ هەڵچنیون سەرەڕاى ئەمەش ڕووداوەكانى دواى 10 ى حوزەیران و هاتنى گروپە چەكدارەكان بۆ باشووری کوردستان و داگیركردنى چەند شارێك و پاشان هاتنیان بۆ ناوچەكانى سەر سنورى هەرێم و ناوچە وازلێهێنراوەکان و كە بە ناوچە دابڕێنراوەكان دەیناسێنن و ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزەكانى پێشمەرگە سەرى هەڵدا و تا ئیستاش چەندین گەنج و لاوى پێشمەرگەى ئەم هەرێمى كوردستانە بوونە قوربانى و شەهید و برینداربوون بەڵام ئەوەى جێى نیگەرانى هێزەكانى پێشمەرگەیە بێ باكى و بێ خەمى بەرپرسە باڵاكانى هەرێمى كوردستانە لە ئاست ماندوبوون و شەونخونى و دوورى لە خێزان و ئازیزانى پێشمەرگە و بێ نرخ سەیركردن و كەم بایەخ كردنى ئەو ماندوبوونەوە لەلایەن بەرپرسە پەیوەنیدارەكانەوە بەتایبەتى مسعود بارزانى كە فەرماندەى گشتى هێزە چەكدارەكانى هەرێمى كوردستانە ، ئەم قسەیەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەو فەرماندەیە كە خۆى بە پێشمەرگە دەزانێت گیان و خوێنى پێشمەرگە بەبێ نرخ سەیر دەكات و لە خەمى پێشمەرگەدا نیە ئەمەش بەڵگە كاك احمدرسول پێشمەرگەیەكى هەرێمى كوردستانە و ماوەیەكە لە هێڵێ گەرمى شەڕ لەگەڵ داعش بە سەختر بریندار بووە و نزیكە ئەندامێكى جەستەى لەدەست بدات ئەو كاك احمدە پێویستى بە نەشتەرگەرى هەیە و پێویستە بنێردرێتە دەرەوەى هەرێم بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پێویست بەڵام (سەرۆكى هەرێم) تا ئێستا لێدوانێ: قسەیەك یان هەڵوێستێكى لەسەر ئەو پێشمەرگەیە و چەندان پێشمەرگەى تر نەكرد ئەوە لە كاتێكدایە ئەحمەدى زامدار لە حیزبەكەى سەرۆكە .
ئایا سەرۆك پێى وا نیە ئێستا هێزە چەکدارەکان و هێزی پێشمەرگە چاوەڕێى هەڵوێستى لێ دەكەن و دەیانەوێت قسەكانى پێشووى بكاتە بكاتە كردار كە دەیگوت خۆم بە پێشمەرگە دەزانم .
بۆیە لە ئێستادا تۆپەكە لە ساحەى سەرۆكە و هێزی پێشمەرگەش ناوبژیوانن و هاوڵاتیانیش بینەر جێى خۆیەتى سەرۆك لە خەمى خۆى بێت فریاى خۆى بكەوێت و قسەكانى بكاتە كردار ئەگەرنا با چیتر نەبێژێت پێشمەرگە و پێشمەرگە دەبم تەنانەت ئامادەى دەربڕى چەكیش هەڵگرێت بەڵام ئەوەى ئێستا دەبینین كەوتنى پێشمەرگەکان بەبێ نازى و بێ كەسى و چاوەڕێكردنى ڕزینى بەشێك لە ئەندامانى جەستە یان كەم ئەندام بوون نیشانەى پرسیار دەخاتە سەر ڕاستگۆیى جەنابى سەرۆك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست