شینەكەى كۆسرەت و خاڵە عوسمان بۆ هەریسەكەبوو نەك حوسەین
Saturday, 21/02/2009, 12:00
هەشت سەد ملیۆن دۆلار داهاتى بەتاڵانبردن و وەدەرهێنانى نەوتى خامى ئەم خاك و ئاوە كە موڵكى ئەم میللەتە خێرنەدیوەیە ، بەرۆژى رووناك حەپەلووش كراوە و بەقودرەتى قادر بووە بە ژمارە و جفرەى نهێنى لەبانكەكانى سویسرا ، بێگومان لە تاڵەبانى و خاتوو هێرۆ و قوبادى كوڕیشى عیبادالبشر نیە لە ئیستا و داهاتوودا لچى بەر دۆلارێكى ئەم پارانە بكەوێت و ئاسەوارێكى بزانێت ، ئەم دزیی و چەتەگەرییە نە یەكەمە و نە دواهەمینیش ، ئەم كوردستانە زامارە كە تاڵەبانى و بارزانى و بنەماڵە مافیاكانیان هەژدە ساڵە ئاڵ و وێر بەنەهامەتییەكانیەوە ئەكەن ، هەژدە ساڵیشە وەك مەڕ خێر و بێرى ئەبەن بۆخۆیان و پشقلەكەى بۆ میللەت جێدەهێڵن ، بێگومان چاودێرى سادەش هەر زوو ئەزانێت شانۆگەری ئەم دواییەیى كۆسرەت و جەماعەت ، گەمەیەكى ئاشكرابوو بۆ خۆڵكردنە چاو و چەواشەكردنمان ، چونكە هەرچەندە كۆسرەت مووچە و دەرماڵەى مانگانەى دووهێندەى مووچەى ئۆباماو ساركۆزى دەبێت بە قەڵەم و حساب ، كوڕە گەورەكەشى مانگانە چەند سەد دەفتەردۆلارى لە كۆمپانیاكانى نەوت دەرهێنان وەك كۆمسیۆن وەردەگرت ، بەڵام حەسرەتێكى گەورە بوو لەدڵیانا ئەم پارووە گەورەیە بێ ئەوان قوزەقوڕت بكرێ .
دزینى نەوتى كوردستان و بەتاڵانبردنى راستە بەشە شێرەكەى بۆ نێچیر و پاڤێڵ بوو كە راستەوخۆ سەرپەرشتیان دەكرد ، بەڵام كەسانێكى وەك كوڕە گەورەكەى كۆسرەت و عوسمانى حاجى مەحموودیش بەدەر نەبوون لەم تاڵانییە ، تەواوى كۆمپانیا بیانییەكانى ناوچەى گەرمیان و كۆیە ئەركى پارێزگاریكردنى خرابوونە ئەستۆى كۆمپانیای [ ئارام]ى تایبەتى وەزارەتى ناخۆ ، داهاتى ئەم كۆمپانیایە مانگانە بەسەدان دەفتەر دۆلارە ، چونكە بێ لە پارێزگاریكردنى بیرە نەوتەكان ئەركى پارێزگاریكردنى تەواوى ئەو شوێنانەشى لەئەستۆدایە كە بیانى یان عەرەب كارى تێدادەكەن ، وەك بارەگا هەمیشەییەكانى كەناڵەكانى راگەیاندن ، ئیستا كاتێ ئەم سەرە مافیایانە بۆیان ئاشكرا بووە ئەوەى ئەوان و كوڕەكانیان بەدەستیان كەوتووە لە بەتاڵانبردنى نەوتى كوردستان وردە بووە بەبەراورد لەگەڵ ئەوەى پاڤێڵ و نێچیر دزیویانە ، ئیتر ئەمان دووچارى هستریا بوونەتەوە و جارێ بەبیانووى بەرگریكردن لە كاك نەوشیروان و جارێكى تر بەناوى ریفۆرمەوە ئەوەیان كرد كە كردیان ، چونكە زۆربەى ئەو كەسانە خۆیان كەلەلاى دەستى تاڵەبانى و هێرۆى برایم ئەحمەدن ، وەك عوسمانى حاجى مەحموود كە شاهیدى لەسەرە كــــە بە دووسەعات لە كۆشكە حەرامەكەى دەباشان چاوەڕێى چاوپێكەوتنێكى كچەكەى برایم ئەحمەدى كردووە تا فەریزەى سەمع و تاعەى بۆ نوێكاتەوە و پێى بڵێ ئەبێ وەك قوباد و پاڤێڵ تەماشام بكەن نەبا پۆستەكەى لە وەزارەتى ناوخۆ لەدەستبدات ، كۆسرەتیش تاكە یەك رۆژ بگرە یەك سەعات دەسەڵاتى پارەسەرفكردنى لێبكێشنەوە راستەوخۆ دڵى لەلێدان ئەوەستێت ، سەیرە بگرە جێى قەشمەرییە كە كۆسرەت باس لە خەڵكى گونجاو بۆ شوێنى گونجاو دەكات ، كە خۆى چى سەرە مەزنەكانى گەندەڵى و داوپَنپیسیە لە ژێر عەباكەیدا حەشارداوە .
ئیستا دوور لە شانۆگەرى یانزە خاڵ و بیست خاڵ كە وەهمێكى نادروست و خەیاڵاوییە كۆسرەت و خاڵە عوسمان چاوەڕێى پشكەكەى خۆیان لە هەشت سەد ملێۆن دۆلارەكە ، ئیتر پاش ئەوە خواى ئەكرد قوباد ئەبوو بە سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران .، كەواتە بەراستى شینەكەى ئەمان بۆ هەریسەكە بوو نەك حوسەین .
ئەگەر وانیە پاش ئاشكرابوونى دزینى هەشت سەد ملیۆن دۆلارى داهاتى میللەت ئەوان هەڵوێستیان چیبوو ، ئەى باس لە شەفافیەت ناكەن وەك مەرجێك بۆ گەڕانەوەیان دەبا بەو شەفافیەتەوە راشكاوانە پێمان بڵێن كێ بەرپرسە لە دزینى ئەو داهاتە مەزنەى وڵات ، تاكو ئێمەش زۆر شەفافانە تف و تەماتە بەردبارانیان بكەین و شاربەدەریان بكەین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست