سەبارەت بەدەركردنی پرۆژەیاسای رێكخستنی خۆپیشاندان

Sunday, 07/11/2010, 12:00



بەیاننامەى گروپی (دەنگ) لەسنورى قەزاى كۆیە
سەبارەت بەدەركردنی پرۆژەیاسای رێكخستنی خۆپیشاندان

وەك گروپی دەنگ لەقەزاى كۆیە نیگەرانی خۆمان دەردەبرین لە تێپەڕاندنى پرۆژەیاساى ڕێكخستنى خۆپیشاندانەكان كەلەلایەن پەرلەمانى كوردستان بەدەنگى زۆرینەى لیستى دەسەڵات پەسەندكرا.
بەڕێزان :
تێپەڕاندنى یاساى ڕێكخستنى خۆپیشاندانەكان و كۆت و بەند خستنە سەر ئازادى ڕادەربڕینى هاوڵاتیان كە خۆپیشاندان یەكێكە لەڕێگاكان بە لەقاڵب دانى ئازادى و بەرتەسك كردنى ئەو مافە سروشتیەى تاكەكان دەزانین ،لێرەشەوە داوا دەكەین لە بەڕێز سەرۆكى هەرێمى كوردستان كە ئەو یاسایە واژۆ نەكات بیگەڕێنێتەوە پەرلەمان و تا جارێكى تر گفتوگۆ لەسەر ئەو یاسایە بكرێتەوە و گۆڕانكارى لەو بڕگە و مادانەدا بكرێت كە ئازادى و دیموكراتیەت لەم هەرێمەدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە ,وە داواش لەپەرلەمانتارانى لیستى زۆرینە دەكەین كە بەهەڵوێستى خۆیاندا بچنەوە بیریان بێت ئەگەر هەموو نەبێت زۆرینەى ئەو كەسانەى دەنگیان پێداون ئەم یاسایە بە زەنگى مەترسیدار دەزانن لەهەمانكاتدا بەزەوتكردنى مافێكى سروشتى خۆیان دەزانن كە بریتیە لە ئازادى ڕادەربڕین,وە پێویستە پەرلەمانتارە بەڕێزەكانى لیستى كوردستانى كە ململانێ سیاسیەكانیان لەگەڵ لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان نەكەنە دەرفەت بۆ تێپەڕاندنى ئەو جۆرە یاسایانە چونكە زیانمەندى یەكەم لێرەدا هاوڵاتیانن بەگشتى,گروپی دەنگ لەسنورى قەزاى كۆیە دیوى دووەمى ئەو یاسایە وا دەبینێت كە واتاى ڕێگە نەدانە بەخۆپیشاندان و لەسێدارەدانى ئازادى و دیموكراتیە لەكوردستان .
وە بەدەرفەتیشى دەزانین كە تێبینى خۆمان لەسەر یاساكە بەچەند خاڵێك بخەینە ڕوو ..
1-مۆڵەتى پێش وادەى دەسپێكردنى خۆپیشاندانەكان كە ئەمەش زۆرجار دەگونجێت لایەنى پێوەندیدار بە ویست و خوێندنەوە بۆ بەرژەوەندى حزب و لایەنەكەى خۆى مۆڵەت بدات بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان .
2-ڕێگە نەدان بە ڕێكخراو و لایەنە سیاسیەكان كە مۆڵەتى خۆپیشاندان وەربگرن و سەرپەرشتى و خۆپیشاندان ڕێك بخەن لێرەدا ئەركى ئەو ڕێكخراو و لایەنە سیاسیانەیە كە بەهەموو شێوەیەك ئەو یاسایە ڕەت بكەنەوە .
3--دیارى كردنى سزاى مەدەنى و جەزائى لەو یاسایەدا بەپێشێلكارى و ئیهانەیەكى زەق و پێشێلكردنى یاسا نێو دەوڵەتى و جاڕنامەى جیهانى مافى مرۆڤ و لەپێش هەموشیانەوە ئەو یاسایانەى كە سزا دیارى دەكەن لەسەر دەربڕینى ڕاى ئازاد هەیە بەچاوترسێنكردنى هەركەس و لایەن و گروپێك كە بیەوێت لەڕێگەیەكى مەدەنیانە داواكانى خۆى بخاتەڕوو .
4-ڕێگە نەدان بەخۆپیشاندانى لەناكاو كە ئەمەش بەرئەنجامى توند و تیژى خستنەوەیە لەنێوان هاوڵاتیانى ناڕازى و دامودەزگا ئەمنیەكان و تەقینەوەى دۆخەكەیە بەجۆرێكى نەخوازراو .
لەگەڵ ڕێزماندا ....
گروپى دەنگ لەسنورى قەزاى كۆیە
7-11-2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە