کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راگەیاندنێک لە دکتۆر کەمال میراودەلی یەوە دەربارەی چاوپێکەوتنەکەی مالکی و مشتومری نێوان بارزانی و بەغدا وکێشەکانی هەرێمی کوردستان

Thursday, 17/05/2012, 12:00






ئەوەی چێگەی سەرسامی و پرسیارە بێدەنگی تەواوی بە ناو ئۆپۆزیسیۆنە لەو مشتومڕەی لە نێوان بارزانی و مالکی دا هەیە، مشتومڕیک کە تەنیا نیشانەی دەرەوەی زۆر دەردی سەختە کە بەتایبەتی لە هەناوی هەرێمی کوردستان ورژێمە بنەماڵەیی و دەسەڵاتە گەندەل و کۆمەلگا بە حیزیکراوەکەیدا بە پەنهانی کاری کوشندەی خۆیان بەرێوە دەبەن.
1- لە وەلامی دیدارە گرنگەکەی مالکی لەگەڵ کەنالی کوردی نالیا، بارزانی وەلامێکی شاش و لاوازو پڕ لە سوکایەتیپێکردن و هەڕەشەی بۆشی بلاو کردۆتەوە کە هەول دەدا بە هەموو شێوەیەک کێشەکان شەخسی بکا بۆ ئەوەی خۆی لە راستییەکان و پرسە سەختەکان بە دوورخاتەوە ئەمە یارییەکی ئاشبەتاڵییانەی خەتەرناکە کە بارزانی دەیکا بە تایبەتی دوای ئەم سەفەرەی دوایی بۆ تورکیا، کە نێچیروان بارزانی - ش ئێستا بە بی پرسو راو ئاگاداری پەرلەمان لە وێیە، شوولی لێ هەڵكێشاوە بە راست و چەپدا هێرش دەکاتە سەر مالکی..

2- مالکی بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێک لەگەل کەنالێكی کوردی و ژنێکی رۆژنامەنووسی کوردا راستەوخۆ، راشکاوانەو بەباوەڕبەخۆبوونەوە وەلامی هەر پرسیارێکی سەخت و موحریجی داوەتەوە. هەر نەبێ لە روانگەی بۆچوون و زانیاری خۆیەوە زۆر راستیی بۆ خەلکی کورد ئاشکرا کرد.

3-. لە ماەی ٢٠ سالی دەسەلاتی کوردیدا کام بە ناو سەرکردەی کورد ئامادەبووە یان توانیوێتی تەنیا بۆ یەکجاریش، بەڵی تاقە یەکجارکە لە بیرمان بێ و بە نموونە بیگێڕینەوە، ئاوا سادەو دیمۆکراتییانە هەموو پرسیارێک قبوڵ بکاو وەلامی هەزاران پرسیاری کپکراوی ناو مێشک و دەروونی مرۆڤی کورد بداتەوە؟ بارزانی ئامادە نییە تەنانەت لەلایەن پەرلەمانەکەی خۆشیەوە پرسیاری لێ بکرێ چونکە لە قودسییەتی کەم دەکاتەوە. پەرلەمانەکەی خٶشی ئامادە نییە یەک پرسیاری حەریج یان مەریجی لێ بکا چونکە کۆیلەخانەی حیزب و تەمبەڵخانەی مووچەخۆرانە و گەر سەرۆک نیعمەت بکا بۆ ئامۆژگاری و هەڕەشە سەردانێکیان بکا بە چەپلەی کۆیلەکان پێشوازی دەکەن و بە هاواری کۆیلەکان بەرێی دەکەن. سەرۆک ئامادە نییە لە کاتی هەلبژاردندا هیچ مونازەرەیەک بکا، ئامادە نییە پرسیاری هیچ رۆژنامەو کەنالێک وەلام بداتەوە .ئەمە عەقلییەتێکە کە پرسیار قبوڵ ناکا، کە دایەلۆگ دەیترسێنێ، کە راستگۆیی رۆحی دەبا، کە لێپرسینەوە بە هەڕەشە بۆ سەر دەسەلاتی رەها دەزانێ، کە خۆی تەنیا لە ئاوێنەی خۆیدا دەبینێ، کە هەموو شتەکان و رووداوەکان لە روانگەی دەسەڵاتی شەخسی و بەرژەوەندی خێزانییەوە دەبینێ، کە ئامانج و ئایدیالی هەرەگەورەی مانەوە و بەهێزکردنی دەسەلاتی شەخسی رەهاو ئیمراتۆریەتی ناڕەوای بنەمالەیە، کە نازانێ یان نایەوێ بزانی زانست، دەستوور، یاسا، بەرپرسیارێتی، بەرژەوەندی گشتی، پەرلەمان، دیمۆکراسی، مانایان چییە، کە سەرۆکایەتی هەرێمی کردۆتە دەزگایەکی حەیابەرەی قسەو راگەیاندنی هیچ و پووج بۆ بەرگری لە بەرژەوەندی بنەماڵە.

4- گەر بارزانی مانای عەقڵ و دیمۆکراسی بزانیایە وگەر رێزی راستی و رای گشتی بگرتایە، گەر هۆشیاری عەقلانی هەبووایە لە چ سەردەمێکی شۆڕش و دیمۆکراسی زانیاریدا دەژی،گەر ریزیشێ بۆ ئازادی دەربڕین و راستگۆیی و، بۆ ئەو دەیان هەزار کەسەش دانابایە کە بە دیار تەلەفزیۆنەوە دانێشتن و گوێیان لە مالکی گرت، ئەوە ئاوا بە راگەیاندنێکی زڕو دڕ، شپرزەو شەڕانی، وەلامی چاوپێکەوتنەکەی مالکی نەدەدایەوە. بەلکو هەر خۆی یەکسەر دوای چاوپێکەوتنەکە دەستی دەدایە تەلەفون، قسەی لەگەڵ ئەو خوشکەی کەنالی نالیا دەکردو وادەی چاوپێکەوتنێکی بەزووترین کات لێوەردەگرتن تا خۆی بە هەمان شێوەی باوەڕىەخۆبوون و ئاشکراگۆیی وەلامی هەمان ئەو پرسیارانەی دابایەوە کە ئەو خوشکە لە مالکی کردن. لە بەر خاتری گەلەکەی و رێزی رای گشتی و ئەو %٧٠ یەش کە دەڵێ دەنگیان پێداوە، وەلامی زۆر پرسیاری دیکەشی دەربارەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکاو ئەمارات وتورکیا و کۆنتراکتە نەوتییەکان و پرسە چارەنووسییەکان سامانی خۆی و بنەمالکەی دەدایەوە.

5- بارزانی دەڵێ: مالکی دیکتاتۆرە و گەلی کورد قبوڵ ناکا لە ژێر سایەی دیکتاتۆرییەت بژی! سەیری ئەم توڕەهاتە بکەن کە ئۆپۆزیسیۆن سەری بۆ دەلەقێنێ و لێی ىێدەنگە. مالکی تەنیا سەرۆک وەزیرانێکە کە پەرلەمان دەنگی پێداوەو بە هاوڕایی رێکەوتنەکەی هەولیر دەسەلاتی کاتیی بە دەستەوەیە. سەرۆک کۆمار هەیە کە هی کوردە، سەرۆک پەرلەمان هەیە کە هی سوننەی رقەبەرێتی، دەیان وەزیرو بەرپرسی هەموو نەتەوەو حیزبە جیاکان هەیە.دەستوورو پەرلەمانێکی رەنگاورەنگ و بەکار و سیستمێکی دەولەتی پەڕەسەندوو هەیە. ئایا مالکی چەند زەویو زارو کۆمپانیای هەیە؟ چەند بلیۆن دۆلاری حەشاردراوی هەیە؟ چەند کوڕو برازاو ١٠٠٠پیاوی خۆی کردۆتە کەڵەگا بە سەر خەلکەوە؟ ئەوە سێیەم جارە سەرۆک وەزیران لە عێراق دەگٶڕدرێ و پەرلەمانی عێراق دەتوانێ بە ئاسانی متمانە لە مالکی بسەنێتەوە، حیزبەکەی خۆی دەتوانێ بە ئاسانی مالکی بگۆرێ.. بەلام کێ دەتوانێ بارزانی لابا؟ كێ دەتوانێ تەنانەت کورو برازاو ئامۆزاو پلکزاکانی هتد لادا کە بە بێ هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی و هاورایی (تەوافوقی) و عەدالەتخوازیی کردوونی بە فەرمانىباڵای ئەم مەملەکەتەو رۆژ لە دوای رۆژ دەبنە مایەی سەرێشەو ناوزڕاندنی بارزانی خۆشی ؟ ئایا ئێمە دەستوورو سیستمێکی مەلەکیمان هەیە تا کورەکانیان وەک عائیلەی مالیکەی خاوەن سامان ودەسەڵاتی رەها رەفتار بکەن؟ ڵە چ سیستمێکی مەلەکیشدا ئیمتیازو رەفتاری ئاوا هەیە؟

6- با بڵیین راستە مالکی %١٠٠ دیکتاتۆرە. بەلام ئەمە پێوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە چییە و چ کاریگەرییەکی بۆ کوردستان هەیە؟ ئەوە ٢٠ ساڵە مالکی دەسەلاتدارە لەم مەملەکەتەدا یان بارزانی؟ کورد بە دەست دیکتاتۆرییەتی مالکی یەوە دەنالینێ یان بەدەست رژێمی بنەماڵەیی شمولیی مافیایی پارتی و یەکێتی - یەوە؟ ئایا مالکی، وەک خۆی دەلێ، دەتوانێ پۆلیسێکیش لە هەرێمی کوردستان دامەزرێنێت یان دەربکات؟ یان ئەو پرۆژە چاکانەش کە بۆ هەموو عێراقن ئایا بارزانی نییە ڕێگەی لە مالکی گرتووە لە کوردستانیش جێبەجێیان بکا؟ ئایا ئێوە رێگەتان دا تەنانەت لە بەغداش مالکی سیاسەتی 'شەراکەت' وەک خۆی دەڵێ، جێبەجێکاو وەزارەتێکیش بدا بە گۆڕان؟ ئەی لە کوردستانە دیمۆکراتەکەی تۆدا کوا هاوبەشی دەسەڵات؟ کوا بەرنامەکانی چاکسازیت؟ چماوە و کوێ ماوە لە سەر زەمین و بنزەمین داگیری نەکەن و قۆرخی نەکەن؟ ئایا دیکتاتۆریەتی مالکی ئەم کارانەتان پێدەکا؟

7-. کێشەی کورد ئەوعەقلییەت و حیزبایەتییە خێڵەکییە خۆپەرستە نانەتەوەیی و نادیمۆکراتی و نادەستووری و نامەدەنی و ناسەردەمی و نامۆدێرنەیە کە بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێم نوێنەرایەتی دەکا. کێشەی ئێمە نە لەگەل هاتنی مالکی دەستی پێکردووە نە بە رۆیشیتنی ئەویش کۆتایی دێ. کێشەی ئێمە هی کەس و کەسێتییەکان نییە. كێشەی ئێمە بە کورتی نەبوونی فەلسەفەو ستراتیجی نەتەوەیی، یەکێتی نەتەوەیی و نەبوونی حکومەتێکی دەستووریی یە کە یاسا حوکمی بکاو سیستمی دەزگایی بەرێوەی بەرێ و یەکسانی و دادپەروەریی بۆ هاولاتییانی دابین بکا. كێشەی ئێمە دەردەکوردێکی ناوخۆیی یە، کێشەی نەبوونی دەستوورو یاسا وئەخلاقی پراکتیسکردنی دەسەڵاتە. کێشەی دزی و داگیرکاری و گەندەڵی و بێدادیی و بەرەڵایی یە.

8- ستراتیجی نەتەوەیی هاوپەیمانیتان لەگەڵ ئەمریکاو بەریتانیا چی بوو؟ چیتان بەدەست ‌هێنا جگە لە ئیمپراتۆریەتی بنەماڵەیی خۆتان؟ کوا تاقە یەک ڕیکەوتن و پەیمانی یاسابەندی نووسراوتان لەگەڵیان هەیە؟ ستراتیجتان لە دروستکردنەوەی عێراق بە دەستوورو دەوڵەت و سوپاو حکومەت و پلەو پایەی نێونەتەوەوییەوە و بە هێزکردنەوەی دەولەتی نێوەندی و هاوپەیمانیتان لەگەڵ سوننەو شیعە چی بوو؟ کوا پەیمانێک و ڕێکەوتنێکی میانەکراو بە تەرەفێکی نێونەتەوەیی سێیەم کە یاسای نێونەتەوەیی باوەڕی پێ بکا لە گەڵیان ئیمزا کراوە؟ ئەو کاتەی هەولێر بەغدا بوو، کوردستان تاقە حکومەت و پەرلەمان بوو، کەرکوک و هەموو کوردستان ئازاد بوو، لە کەرکوک و موسڵ و دیالاش ئەنجومەنی شارەوانی زۆربەی کوردیی هەڵبژێردران، ئایا ئەم شەرعییەتە دیمۆکراسییەتان هەم بۆ بەرژەوەندی کوردو هەم بۆ بەرزکردنەوەی ناوبانگ و چاکەخوازی کورد لای عەرەب و تورکمان بەکار‌هێنا؟ ئایا هەموو بنەمایەکی دیمۆکراسی و یاسایی و بریاردەرکردنی دیمۆکراتیتان نەخستە ژێر پێ و هەمان سیاسەتی دوو ئیدارەیی، رکەبەرایەتی حیزبی، تالان و داگیرکاریی و دزیی و گەندەلیتان نەبردە خانەقین و جەلەولاو کەرکوک و سنجارو هەموو ئەو ناوچانەی کوردستان کە بەناهەق و بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتوەرگرتنی خۆتان کردتاننە ناوچەی- ناکۆکی - لەسەر ؟ ئایا داگیرکردنی زەوی و زارو ملک و مال و حیزب حیزبێنەو کڕین و فەسادکردنی خەلک تاکە ئامانجی لەپێشتان نەبوو؟

9- چ ستراتیجێکی سیاسی نەتەوەیی و رێوشوێنێکی دەستووریی و یاساییتان لە هاوپەیمانییەکانتاندا هەیە؟ یان بە پێی میزاجی شەخسی و بەرژەوەندی خێزانی وەک چاکەت و پانتٶل ئەم هاوپەیمانیانە دەگۆڕن؟ چۆن وای لێ هات کە تەنیا سێ ساڵ لەمەوپێش لە سەرو بەندی هەلبژاردنەکانی عیراقدا دوژمن و ناحەزی یەکەمی کورد ئوسامە نەجەفی و ساڵەح موتڵەگ بوون و گۆڕان تان بە خائین ناودەبرد چونکە گوایە دانیشتنی لە گەڵیان کردووە کەچی ئێستا ئەوان بوون بە دۆست و مالکی بوو بە ناحەز و دیکتاتۆر و هەڕەشە لە سەر هەرێم؟ ئایا مالکی بڕوا و نەجەفی و مەتلەک و هاشمی دەسەڵاتدار بن هەلوێستی باشتریان دەبێ؟ ئایا مالکی و شیعەکان نەبوونایە و بەدەست تۆ و تاڵەبانی بایە سەددام و عەلی حوسێن مەجید ئیعدام دەکران یان وەک تاریق رەمەزان و سامەرائی و خەزرەجی دەتانپاراستن؟

10- سەیرنییە مالکی دوژمن ىێ و مەترسی ئەوەتان هەبی کە (شیردا بۆ داپیردا) فڕۆکەی جەنگی ئێف- ١٦ لە ئەمریکا بکڕێ و دژی هەرێم بەکاریان بینێ، بەلام تورکیا کە هەموو رۆژێ و لەو کاتەشدا کە جەنابتان لە تورکیا فەرشی سووریان بۆ راخستبووی و ئێستاش کە برازاکەت لەوێیە ئەمسەروئەوسەری هەورێم لە زاخۆوە بۆ سێدەکان و سەنگەسەر و تەنانەت ناوچەی بارزانیش بۆمباران دەکاو تەڕو ویشک پێکەوە دەسووتێنێ، کەچی تورکیا مەترسی نەبێ و دۆست بێ و تەنانەت بە پشتیوانی ئەوان دەولەتی سەربەخۆش راگەیەنیت؟

11- ئاشکرایە كێشەی سەرەکی کوردستان کێشەی دیکتاتۆرییەتی مالکی و هەڵوێستی حکومەتی مەرکەزی نییە. کوردستان %١٧ ی هەموو داهاتی عێراق وەردەگرێ. کە هەر ئەمە بەس بوو کە تا ئێستا بنەمای دارایی و ئابووری دەولەتێکی سەربەخۆی پێ دابنرێ . بەلام ئێوە دەیدزن و بە تاڵان لە بری پرۆژەی سەقەت و خواردنی ئێکسپایەر دەیدەنەوە بە کۆمپانیاکانی تورکی و ئێرانی. نەوتی کوردستان بۆچی و بۆ كێ دەردەهێنن کە بەشی کوردستان لەوەش هەر %١٧ ەکەیەو ئەوی تربۆ عیراقە؟ ئەم ولاتە چۆن بەرێوە دەبەن و ئەو خەڵکە چۆن دەژێنن گەر لە بەرامەر کارە نایاساییەکانتان عێراق ئەو بودجەیە ببڕێ یان کەمی بکاتەوە و ئێوەش تاقە بەردێکی بناغەی ئابووری خۆژێنی سەربەخۆتان دانەناوەو ئەوی هەش بوو لە کارخانەو بەرهەمی خۆمالێ و زەویو زاری کشتو کالی لەناوتان بردو داگیرتان کرد. تەنانەت مرۆڤی کوردیشتان کردە مرۆڤێکی مووچەداری بێ کارو بەرهەمی کۆیلەی حیزب و هیزی مرۆییشتان سڕکردو لەناو برد. کیشە سەرەکییە بنەڕەتییەکە کێشەی چۆنێتی حوکمکردن و بەڕیوەبردنی حکومەتی هەرێم و کۆمەلگای کوردستانە. با بڵێین ئەوە مالکی هەموو قسەکانی بوختانن. ئەی خۆمان دەردی خۆمان نازانین؟ ئەی ئەو خەلکەتان پێ کەرو گایە کە ٢٠ ساڵەزەویوزارو بازاڕ و بودجەو ملک و ماڵ و داهات و ئازادی و کەرامەتی داگیر دەکەن؟ ئێوە کوردستانتان کردۆتە هوتیلیکی رابواردنی گەورە بۆ خۆتان و کۆمپانیاو توریست و خەلکی بێگانەو دۆزەخێکی گەورە بۆ خەلکی کوردستان.

12- ئایا ترستان لە هاتنی دیکتاتۆرییەتی مالکی یە یان لە نەمانی دیکتاتۆریەتی خۆتان؟ ئایا ترسی یەکەمتان لە دەستوورو یاساو لێپرسینەوەی دیمۆکراسی نییە؟ ئایا ترستان لەوە نییە ئەمڕۆ نا سبەی هەموو تاوان و کارە نایاسییەکانی بە تالاندانی نەوت و سەرچاوە و سامانە سروشتتییەکان، دزین و شاردنەوەی بلیۆنەهای دۆلاری پارەی گومرکی ئیبراهیم خەلیل و ناوچە سنوریەکانی تر، داهاتی بە قاچاخفرۆشتنی نەوت و دزینی پارەی بودجە، و داگیرکردن و فرۆشتنی چەندبارەی هەزارەها دۆنمی زەویوزاری ملکی گشتی و هی خەلک، ئاشکرا ىێ و دەستی یاساتان بگاتێ و وەکو هەموو دیکتاتۆرە و بنەمالە ستەمگەرەکانی تر تووشی رۆژی رەشی خۆتان بن؟ گەر ئەو ترسەتان هەیە هەقتانە و عاقڵانەیە هەتان بێ، ئەی بۆ لە عیبرەتی مێژوو و ئەزموونی رووداوە هەنووکەییەکانی دنیا فێر نابن؟ کوا دەسەلات و غرورو سامان و بلێۆنەکانی شای ئێران و شاژنەکەی و دارودەستەکەی؟ کوا غرورو عەجرەفەی سەددام و بلیۆنەکانی خۆی و عودەی و قوێەی و بارزان تکریتی وبنەمالەکەیان؟ خۆیان لە کوێن؟ کوا دەسەلات و سامان و لەخۆباییبوونی بن عەلی تونس و نازونوزی ژنەکەی؟ کوان هەڕەشەو گوڕەشەی قەزافی و سەیفولئیسلامی کوڕی و دارو دەستە ئیستیخباراتییەکەی؟ کوا بلیۆنە دزراوەکانیان؟ کوا دەسەلاتی بنەمالەیی ئەبەدیی حوسنی موبارەک و جەمالی کوڕی وبلیۆنە دزراوەکانیان؟ بەشار ئەسەد و بنەمالەکەی سەری خۆیان بۆ کوێ هەلدەگرن؟ ئامان، ئامان بۆ لە مێژوو فێر نابن؟ تاکەی خۆتان هەڵدەخەلێتنن و بە بەڵینی دوژمنانی کورد هەڵدەخەڵەتێن و لە پێناوی ژیانیكی فانی و دەسەلاتیكی تاوانکاروکوردکوژو ناعەدالەتدا ئەم تراژیدیا بەردەوامە تووشی گەلەکەتان دەکەن و عاقیبەت خۆتان دەکەنە عیبرەتێکی تری مێژووی دەسەلاتە ستەمگەرە عیبرەتوەرنەگرەکان؟

13-. ئەم یارییە خەتەرناکەو تەنیا بە تراژیدی و کارەساتی ئاشبەتاڵییانەی تر کۆتایی دێ. هەر لەو کاتەوە کە ئەو بەزمە بۆشەی راگەیاندنی دەولەتی کوردی و دوژمنایەتی مالیکیتان دەستپێکردووە هەرەشەوهێرش بۆ سەر کوردەکانی جەلەولا زۆر بووەو ١٤٠٠ خێزان دەربەەدر بوون بە ىێ ئەوەی باکتان هەبێ یان بتوانن دیفاعیان لێ بکەن، رەوشی کەرکوک خراپ بووەو هاتنی مالکی بۆ کەرکوک ورەفتاری ناپرۆفێشنال و قەرەقوشیانەتان بە قەدەغەکردنی بەشداری وەزیرە کوردەکان نموونەیەکی خراپی درێژکردنەوەی دەسەلاتی حیزب و بنەمالەیە بە سەر حکومەتدا بۆ کۆیلەکانتان لە ناو حکومەتی عێراقیشدا. وەزیر وەزیری عێراقەو دەبێ بە قسەی سەرەک وەزیرانەکەی بکات. ئەی عێراق چی لێ دێ گەر وەزیرو کاربەدەستەکانی عەرەبیش لەگەڵ تالەبانی یان زێباری دانەنیشن چونکە کوردن؟ . تا لەگەل عێراقدا بمـیننەوە ناتوانن ئەم گەمە نایاسیییانە بکەن. ناتوانن بەغدا بکەنە هەولیروتەنانەت ناشتوانن رێگە لە هاتنی دەستوورو دیمۆکراتی و حوکمی یاسای بەغداش بۆ هەولیر بگرن. هیچ بنەمایەکیشتان دانەمەزراندووە تا بتوانن لە عێراق بکشێنەوە تەنانەت ئەگەر کەرکوک و کوردستانی دەرەوەی هەرێمیش بە جێبێڵن. بانگاشەی دەولەت و راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەوەندە بێ بنەماو بۆش بوو هەر زوو وەک بڵقی سەرئاو توایەوە. ئەم هەرەشەو گوڕەشەش بەرامبەر مالکی هەمان ئەنجامی دەبێ. عەقڵ دەیبڕی ێالەح مەتلەگ بۆ خاتری کورد دژایەتی مالکی بکات؟ یان ئێران؟ یان تەنانەت تورکیاش؟ کوا عەقڵی سیاسی؟ کوا فێربوون لە ئەزموون و تراژیدیا ئەی خولقێنەرانی هەموو تراژیدیاو کارەساتەکانی ئەم میللەتە؟ کوا نووزەی ئۆپۆزیسیۆن؟

کەمال میراودەلی
لەندەن ١٦/٥/٢٠١٢



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە