حیکایەتی نالیا، لە سەرێ کانی یەوە تا سلێمانی
Thursday, 14/02/2013, 12:00
بۆ هەموو ئەو خۆشەویست ودڵسۆزانەی یەک وشەشیان لە سەر هەراکەی تەلەفزیۆنی نالیا نووسی، تکایە بەسە!
باوەڕ دەبێ ئەنجامی بیرکردنەوەی وردو قووڵ بێت، نەک کوتەکێکی حازربەدەست بێت بیرکردنەوەی پێ بکوژیت!!
تا مرۆڤی تاکی هوشیار دروست نەبێت، مرۆڤێک بتوانێت بیربکاتەوە بە رلەوەی بدوێ، لێکبداتەوە بەرلەوەی کاربداتەوە، شیکار بێت بەر لەوەی پەرچەکردار بێت، خۆی بێت بەر لەوەی یەکێک بێ لە رەوە یان لەگەڵ رەوە، مەحالە لە سووڕانەوە لە ناو بازنەیەکی بەتالدا بەولاوە هیچی تر دروست نابێت.
جار جار
لە دوای جار، دەسەلات، بە تایبەتی پارتی، یاری بە عەقلی هەموو ئەوانە دەکات کە گوایە زلە نووسەر، ئۆپۆزییسۆن، رووناکبیر، رۆژنامەوان، گەنجی هوشیار، حیزبی بە ئەزموون، چەپ و راست و ناوەراست، هتد بە کورتی هەر چی هەیەو نییە لەو بەرە فراوانە لە یەک دابراوە بی بیرو بێ بەرنامەو بێدەنگەدا کە هەر کاتێ پارتی بیەوێ بە یارییەکی منالانە دەیخاتە دەنگ و قاو، یەکی دەخات، بە شتێكی لاوەکی دروستکراوەوە وەک کۆمەڵە مەیموونیكی هاوشێوەو هاوقیڕە هەڵیان دەپەرێنێ لە کاتێکدا خۆی بەرنامە ستراتیجییە سیاسییە ئیستیخباراتییە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکەی بە بێ وەستان جێبەجێ دەکات.
هاروژاندنەکانی پاراستن
ئەوەندە بەسە پارتی بە راستی یان بە نەخشە دوو زل'لە لەیەکێک بدات، یان رۆژنامەنووسیک زیندانی بکات، یا هێرش بکاتە سەر بارەگای حیزبێک، یان کەسێکیان لێدوانیكی توند یان هەڕەشەیەکی سووک بکات،یان هەرایەک دروست بکات، یا هێز یان هێزی سێبەرو بەلتەچی بجووڵینێت، تا هەموو مەسەلە گرنگەکان، پرۆسە خەتەرناکەکان، چارەنووسی خەلک، هەڵلوشینی سامان و بودجەو ژێر زەمین و سەرزەمین، بەردەوامی بە تالاندانی نەوت و سامانی نەوەکانی داهاتوومان، مردنی رۆژانە و سەعاتییانەی خەلکی بێ تاوان، کوشتن وفڕیدانی لەشی ژنان بۆسەگ وگورگ، دەستدرێژیی سیکسی و لاقەکردنی درندانە بۆ سەر دەیان منالی ٥ سال و شەس سال، دارزاندنی سیستمی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی، زۆربوونی قەزاوقەدەرییە دۆزەخییەکان، بلیۆنەربوون زیاتری بلیۆنەرەکان و ترەکینی دەیان ملێۆنەری نوێ، هەلقولانی مردن لە جاددەو مال و قوتابخانە، پەرەسەندنی دیاردەی خۆکوژیی لە لاوانەوە بۆ تەمەندارو پیرسالانیش، و زۆربوونی هەژارو سوالکەر و قەدەغەکردنیان بە قانوونی شەق، بلاوکردنەوەی سەدان خانەی لەشفرۆشی كچ و کوڕوترافیککردن بە ژنانەوەو تریاک فرۆشتن و بازرگانیکردن بە ژنە سورییە ئاوارە هەژارەکانەوە، بەردەوامی هێنانی هەزاران تەن خۆراک و دەرمانی ئێکسپایەرو گومانلێکراو، زیادکرنی نەخٶشی سەرەتان وەک گیاکەلە لە هەموو شارو ناوچەکانی کوردستاندا، رەقبوونەوەی ئاوارەکانی کوردەکانی سوریا لە برسا لە سەرما، هتد گەر بەردەوام بم ئەوە دەبێت دەیان لاپەرە پر کەمەوە؛ ... یاریکردن بە چارەنووسی نەتەوەییمان و کارەساتی کوردی خۆراواو تێکەولێکە نهێنییە گومانلێکراوەکان و ناڕوونەکان و ناشەرعییەکان لەگەل ئەردۆگان و شەریکەکانی نەوت و ئیسرائێلیش، لە وێ بوەستن. هەموو ئەمانە لە یەک کاتدا دەمرن و قازەکان بە ئاوازی بازەکانی پاراستن دەقیڕینن.
ئایا ئەمانە هیچیان ئەوەندە گرنگ نین هەول بدەین وەک دیمەنیکی گشتی بیانبینین و دەردە کوشندەکە لە کوشندەیی و دڕندەیی و بێباکیی و بێدەستووریی و بێیاسایی ئەم سیستمە رزیوەی دەسەلاتی ٢٠ سالەی بنەماڵەیی حیزبی شاخیدا دەستنیشان بکەین و هەول دەین بگەینە کۆدەنگییەک بۆ گۆرێن وهەلگێرانەوەی ئەو سیستمە مرۆڤکوژە بۆگەنە: یان بە هێزی دەستوور ویاسا و خەباتی مەدەنی یان بە هێزی راپەڕینی شەقام و چەک، چونکە هەموو رێبازە هێمنەکان و نووسین و کەمپەین و پرۆژە نەزۆکەکانی سەرانی ئۆپۆزیسیۆنی خائین و درۆزن، و هەموو ئەو خەرافاتانە دەمێکە گەیشتوونەتە بنبەست.
پەندی کوردەواری رەسەن و گوتاری غەیرەی نارەسەن
عەقڵ چییە گەر لە ئاستی هەرەکەمدا پێت نەلێ: کارێک کە چەند جار تاقیت کردەوە بێهوودەو بێ ئەنجام دەرچوو، ئیدی دووبارەی مەکەوە، تەمەن کورتە: ژیان، کات، وزە، بیر و هیوای خۆت و خەڵکی لە پێناو فشەدا بە فیڕۆ مەدە.
ئەو هەموو فشەو وتارو تیۆرێزەکردنەی لە بیری بێگانەوە سەرچاوە دەگرێت: هێندەی دوو پەندی پێشینەی کوردەواری خۆمان فەلسەفی و قووڵ و پڕ مانا نین: قسە هەزارە، دووانی بەکارە. یەک جار بە زستان دەوترێت ساردە.
ئاخ، چەند ملیۆن جاری تر بە زستان دەلێین ساردە هەروەک بەفرو باو بۆران و سەهۆڵبەندانەکەی هەزاران جار نەیتەزاندبین؟
ملیۆنەها وشەی قسەی بۆش و فشە نووسراوەو دەنووسرێ هەمووجاریکێش وەک تازە خەبەرەکە زانرا بێت: ئەم دەسەلاتە دزە، گەندەلە، خائینە.
بەلێ هەندێکمان چل سالە ئەمە دەلێین. بە ئاشکرا دەوترێت: ئەم دەسەلاتە دزە، داگیرکەرە، داوینپیسە، گەندەلە، بێبەشە لە شەرەفی نەتەوەیی و ئەخلاقی ئینسانی، باکی بە ژیان و مرۆڤ و نێشتمان نییە، باکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە، باکی بە سومعەو ناوبانگی خۆی نییە.مانای مرۆڤپەروەری و نێشتمانپەروەریی و یاساو داپەروەریی و ئەخلاق نازانێت و ەدست لە تاوانی خۆفرۆشتن و دزیی و داگیرکاریی و مافیایی وخۆدەوڵەمەندکردنی نایاسایی هەڵناگرێت.
ئەمە هەمووی بوو بە دووبارە کردنەوە ، دەبارە کردنەوە ، هەزاربارەکردنەوە ، ملیۆنبارەکردنەوە تا بوو بە فشەیەکی وەورزکەرو هێڵنجپێهێنەر بۆ خەلک و وەک مۆسیقا بۆ گوێی دەسەڵات.
بەتایبەتی دوای ١٧ ی شوبات و ٦٢ رۆژ هاوارو بانگی ئاشکرای هەموو چین و توێژەکانی خەلک بەرامبەر بە دەسەلات چ ماوە بوترێ؟
گەر پەندی پێشینەی پیرۆزمان ئەو پێوانەمان دەداتێ لە هەزار قسە دەبێ دووی بەکار بێت: و یەکجار زیاتر پێویست نییە بە خراپ بڵیی خراپ، [واتە دەبی ئەوسا بە کردەوە خۆتی بۆ ئامادەکەیت]، فەرموون هەر لە دوو ملیۆن وشەی نووسراوی رۆشنبیرو بٶشنبیر، دوو وشەی بەکارم بۆ بدۆزنەوە: واتە دوو وشە کە کار بکات، عەقڵ بگۆڕێ، کۆمەڵ بگۆرێ، ژیان بگۆڕێ، دەسەلات بگۆڕێ. یان هەر نەبێ خۆت بگۆڕێ!
ئەجندای دەسەلات
کەمپەین و نووسین و دەنگهەلبڕێن کارێکی مەدەنی دیمۆکراتی پێویست و کاریگەرن، دەسەلات هەر چۆنێ بێت ئێمەش پێویستە تاقییان بکەینەوە.
بەلێ تاقییان بکەینەوە: جارێک، دوو جار، دەجارگەر زانیمان بێهوودەیە دەبێ بیر لە شتێکی تر بکەینەوە.
زیاد لە بێهوودەێییش گەر ئەوەندە دەبەنگێش بووین کە دەرک بەوە نەکەین کە ئەو شتانەی کامپەینیان لە سەر دەکەین و هەرایان لە سەر دەنێێنەوەو لاپەرە بۆشەکانی بە مەرەکەبی رەش پێ پڕ دەکەینەوە، ئەمانەش کێشە سەرەکییەکانی خەلک و ئێمە نین و ئەجندای دەسەلاتن و ئێمە غەریزەیی بێ راوەستان و رامان، بێ بەرواردو بیرکردنەوە، بێ لێکدانەوەو لێکٶلینەوە، بە هەوای هەرای دەسەلات هەلدەپەڕین و دوای ماندووبوون و خۆریسواکردن هەریەکە فەردەیەک هیچ خڕ دەکەینەوە. دووبارەکردنەوەی هەلپەرین بە هیچ و خڕکردنەوەی هیچ حەتمەن دەتکا بە هیچیكی شەیدای هیچ و مودمین لە سەر هیچ.
هەراکەی نالیا لە سیناریۆیەکی پاراستن زیاتر نەبوو .. نییە
کارەساتی نەوەی ئەمرۆی کورد، بەرهەمی بیست سالەی دەسەلاتی حیزبیی، نە توانای خوێندنەوەی شتی درێژو جددی هەیە یان ماوە، نە خوێندنەوەی دروستی بۆ شتەکان هەیە. بەداخەوە ئێستا گەیشتۆتە سەر ئەو حالەی لە وتە جوان و مێژووییەکەی سەردەشت عوسمانەوە کە بەخوێنی خۆی نووسی و سەلماندی: [ ئەم دەسەلاتە باکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە]، لە بەر تاریکایی پرۆژە بۆش و نەزۆکەکانی بە ناو ئۆپۆزیسیۆن و غیابی عەقڵ و ئامانج لە نووسین وهاوار وکەمپەینی جەماوەرێکی زۆریی نارازییدا، بگەینە ئەو ئەنجامە رەشبینییەی کە [ نەوەکانیش وەک دەسەڵات باکیان بە مردنی خۆیان نییە ]، ئەگینا دوای ئەو هەموو مردن و داگیرکردن و ستەمگەرییە، دەبوو بە هەمان ڕێبازی پڕ چال و بۆشایی و بێهودەیی و ئاسنی سارد کوتان و دوبارەکردنەوەی ئەزموونە ئاشبەتالییەکاندا، هەنگاو هەڵنەگرن.
چەندین جار وەک رێنماییەک بۆ خویندنەوەی هەر رووداوێک یان دیاردەیەکی نوێ، جەختم کردووە کە نابێ پەرچەکرداری خێرامان هەبێت، دەبێ بوەستین، رامان بکەین، بیربکەینەوە و لانی کەمی بۆچوونی فەلسەفیمان بۆ ئەو دیاردەو رووداوانە هەبێت کە خۆی لەم چەند هەنگاوەدا دەبینێتەوە:
١. نابێ هێچ رووداویک وەک دەرکەوتەیەکی تاک ببینین، دەبی هەمیشە هەول دەین دیمەنە گەورەکە ببینین و ئەو دەرکەوتە تازە وەک بەشێک،رەگەزیکی بجووک، هەر جەند گرنگ دیار بێت، لە دیمەنە گشتییەکە ببینین. دیمەنە گەورەکەشئەمڕٶ دامیەی جیهانی هەیە گەر خۆی دەرهاویشتەی پرۆسەیەکی جیهانی بەبێت.
٢. دەبێ دیاردەکە وەک پرۆسە ببینین واتە شتێک نییە ئێستا هەڵتۆقی بێت، بەلکو پیشینەو رووداوی لەو چەشنە هەن و ئەمە تەنیا خال یان ئەلقە یان زیادەدەرکەوتوویەکی تەواو کەرە کە بۆ ئایندەش بەردەوام دەبێت.
٣. روالەت هەمیشە هەڵخەڵەتینەرە، ئاسانە بۆ هەر دەسەڵاتێک پارەو هێزو میکانیزمی هەبێت سپیت وەک رەش نیشان بدات و رەشت لێ بکاتە سپی، لە کاتێکدا وەک جەللاد کار دەکات خۆی وەک قوربانی نیشان بدات، دەبیت هەول بدەیت لە پرینسیپ وبنەما قوولەکانی بن دیاردەکان بگەیت: نیازە فراوان و ئامانجە دوورکاتییەکان هەڵینجێنیت.
بۆچوونی دایەلکتیکی: تێزەکان سەدی سەد بەراوەژوو بکەوە!
٤. بۆچوونی دیالەکتیکی هەمیشە دروستە ، هەمیشە دەبێ هەبێت: ئەو تێزو [گوایە] ی تۆ بە راستی دەزانیت، تا ئەوپەڕی دژەکەی وەرگرە واتە پێچەوانەی بکەوە: دەبینی لە رووی لۆجیکییەوەبەراوەژووەکەشی دروستە، تەنیا بە قبوڵکردن و تێگەیشتن و بەراورکدنی بۆچوونی خۆت و دژە تەواوەکەی و وەرگرتنی شوینێکی نێوەند لە نێوانیان دەتوانی بە هاوکێشەیەکی لۆجیکی راستی بگەیت.
با لەم دیەلەکتیکەوە دەست پێبکەین:
١ دەربارەی رووداوەکەی تەلەفزیۆنی نالیا، هەر لە پێوەندییەکەی فاروق ناوێکەوە، تا گوایە تەقینەوەی سەربان و هەوڵی سووتاندنی، تێزی باو ئەوەیە:
[ئەمە هەمووی کاری ناحەزانی پارتییەو دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کراوە.]
باوەر بەمە بکەیت گەمژەی، ساوێلکەی، قوربانییەکی ئاسانی عەقلی خۆتی. بەر لەوەی باوەری پێ بکەیت سەدی سەد هەلیگێرەوەو دوو تێزەکان بەروارد بکە:
[ئەمە سەدی سەد کاری پارتی و پاراستن خۆیەتی و بۆبەرژەوەندی بنەمالەی بارزانی کراوە]
تا ئەم دوو تێزە نەخەیتە تەک یەک و بە وردی بەلگەو بەراورد بۆ هەردووکیان نەهێنیتەوە ناتوانی بگەیتە وێنەیەکی نزیک لە حەقیقەت.
٢. بەلام دیارە ئەم بەراوردە ناتوانی بکەیت گەر دیمەنە گەورەکە نەبینیت و لە پرۆسەو پرینسیپەکان شارەزا نەبیت.
سلێمانی یان سەرێ کانی
بچووکترین شت کە لە کوردستان روو دەدا بەشیکە لە دیمەنی جموجۆڵە جیهانییە گەورەکە کە ئەمڕۆ سوریا چەقێکی هەرگرنگی پێکدێنێت. نەوت و جیۆپۆلیتکی نەوت و دابەشکردنەوە و دابیکردنەوەی نەوتی رۆژهەلاتی نێوەند. لە کوردستانی خۆراواش نەوت زۆرە. کوردستان لە سەر دەریای نەوت و گاز وەستاوە. ئەوەی لە سەرێ کانی روودەدا زۆر گرنگترە لەوەی لە سلێمانی روو دەدا. رووداوەکەی نالیا پڕیشكیکی سەرێ کانی یە. سەرێ کانی سەرەتایەکی چارەنووسی کوردستانی خۆراوایە کە تورکیا دەیەوێت لە خەلکەکەی چۆڵی بکات تا ناوچە نەوتییەکان بۆ ئەو بن و پرۆسەی دروستبووی کوردستانی سەربەخۆو یەکگرتووش بۆ سەد سالی تریش ، وەک پرۆژەکەی سیڤەر ، بخاتە گۆڕەوە.
نەخشەکە جیهانیی و خەتەرناکە
چۆن بیر ناکەنەوە: بۆ ئێستا وەزیری دەرەوەی تورکیا لە فەرەنسایە، بۆ فەرەنسا لە جیاتی ئاشکراکردنی بکوژانی راستەقینەی ئەو سێ ژنە قارەمانەی کورد، دەستی کردووە بە گرتنی کوردە هوشیارو چالاکەکان؟ بۆ بەم زووانە ئۆباما دەچیت بۆ ئیسرائیڵ؟
کورد یەک نەبێت و هەلوێست و پرۆژەیەکی نەتەوەیی جددی یەکگرتووی نەبێت دەبێتە قوربانی تورکیەو ئێران. لە ناوخٶشیدا لە دەسەلاتێکی بنەمالەیی جاشیی کوردکوژو مرۆڤکوژو بێگانەپەرست زیاتر هیچی پێنابڕێت. بۆ ئەوەی نەوتی کوردستان مسۆگەر بکات تورکیا پێویستی بە نۆکەریکی کوردە. بە بێدەنگی کوردە، بە هێزێک هاوکاری بکات تا کوردی سوریا نەبن بە خاوەنی ولات و نەوت و ئازادی خۆیان، کوردی باکوور پاشەکشەیان پێ بکرێت، بە ناوی گفتوگۆوە سەکردەکانیان لە ناو بەرن، ناکۆکی بخەنە رێزەکانیانەوە، رێگا لە پێشکەوتنی نەتەوەەیی، سیاسیی، ژێرخان و پیشکەوتنی ئابووری سەربەخۆی کوردستانی باشوور بگیرێت، جگە لە مەش ئەوەش کە چەند سالە لە عێراقدا بە دەستیان هێناوە لە شەرێکی نوێ لەگەل عێراقدا وەک ئاشبەتالی کۆن بێتەوە سەر سفر، نەک کورد هەر هیزی خۆی دژی تورکیا بەکار نەهێنێت بەلکو تورکیا وەک پارێزەرو فریادرەس لە عێراق سەیر کات. بەداخەوە ئماژەکان وا دەردەخەن کە ئەم دەورە خیانەتکارییە پارتی و بنەمالەی بارزانی دەیبینێت، کوردی سوریا گەر لە رووی سیاسییەوە جگە لە [یەکێتی گەل] چەند حیزبۆکەیەک هەبووبن کە هەمیشە بێدەنگ و هاوکاری رژێمەکەی ئەسەدو وابەستەی بارزانی و تالەبانی بوون، ئەوا لە رووی سەربازییەوە هێزیكی نەتەوەیی یەکگرتووی لە هێزەکانی پاراستنی گەلدا هەیە.
بەلام هەموو کاری بارزانی ئەوەیە بۆ خاتری تورکیا ئەم هێزە لەت و لاواز بکات، بۆ هەر حیزبۆکەیەک بە هەمان شیوەی باشوور دوای راپەڕین، میلیشیا دروست بکات، پارەی دزراوی هەریمێش بە بلیۆنەهای بێ حیساب هەیە بۆ خزمەتی ئەو پرۆژە خیانەتکارییە بەکاری بێنن، وەک کوردستانی خۆمان خەبات بکەنە خیانەت، ئینسانییەت بکەنە ئینسانکڕین و فرۆشتن، نیشتماپەروەری بکەنە مافیایی و خۆدەولەمەندکردن. بەمە تورکیا هەر بە بەکارهێنانی کورد خۆی گەورەترین زەبری کوشندە لە کوردی سوریا دەدات و رەنگە بە پێچۆلکردنی هەموو ناوچەی کوردستانی خۆراوا تەواو ببێت.
نەوت ولە ناوبردنی پەکەکە
بۆ تیگەیشتنی هەر جموجۆلێکی سیاسیەتی جیهانی بە دوای بۆنی نەوت و بۆڕی نەوت بکەوە.
ئێستا لە تێکەولێکەی نهێنیی و گومانلێکراوی بنەمالەو ئاشتی هەورامی لەگەڵ شەریکە نەوتییەکانی ئەمریکی وتورکیدا، و راگەیاندنی ئەردۆگان کە هەریمی کوردستان بۆی هەیە نەوت و گاز بنێرێتە دەرەوەو دەستکردن بە دروستکردنی بۆڕی گواستنەوەی نەوت لە کوردستانەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپاو ئەمریکا، ئەمە هەمووی کوردستان دەکاتە جیۆپۆلیتیکێکی خەتەرناک کە لە وتارێکی تردا بە جیۆپۆلیتیکی نەوت و خوێن ناوم بردووە.
ئەمە:
١. کوردستان بەرامبەر بەغدا و شیعە دادەنێت. کەهەر نەبێت لەگەل ئەوان مێژووی هاوبەشی خەبات دژی سەددام و دەستوڕیک کە زۆر مافئ کوردو کەسێتی یاسایی فیدرالی هەرێم و %١٧ ی داهاتی نەوتی هەموو عێراق و بەشداری کاریگەرو گەورەی لە سیستمی حکومە تی عێراق وپەرلەمانی عێراقدا مسۆگەر کردووە، کورد دەبێ دژی ئەم مافانەی خۆی شەر بەرپاکات بۆ خاتری تورکیایەک کە هێچ رێکەوتنی نێونەتەوەیی ئاسایی لەگەل کوردا نییە و لە دەستووری خٶشیدا دان بە کورد وەک نەتەوە و بە زمانی کوردی و خاکی وبە کوردستانی بوونیی هەرێمێشدا نانێت.
٢. لە لایەکی تریشەوە دروستکردنی ئەم بۆری نەوتە بی رازیبوون و هاوکاری عێراق مانای وایە کورد دەروازەی عیراقی لە کێس دەچێت و دەبێتە کۆیلەو کۆلۆنی ئابووری تورکیا.
٣. کورد دەولەت نییە، هێز نییە، نە ئابووری سەربەخۆی هەیە، نە سەروەری یاسایی، هەر وەک کاتی کۆماری مەهاباد، لە بەربەرەکانییەکی جیهانیی فرواندا، نە تورکیا نە ئەمریکا نە روسیا، ئامادە نییە بۆ خاتری کورد تا سەر بەرامبەر مالکی، شیعە، یان ئێران بوەستێ، گەر شەڕ بێت ئێمە دەبینە قوربانی، گەر رێکەوتن بێت لە نێوان ئەواندا دەبێت و لە سەر حیسابی ئێمە. بۆ لە ئاشبەتالی مستەفا بارزانی فێر نابین؟
٤. بۆڕی نەوت پێویستی بە پاراستن هەیە، دەبێ خەتەری تەقاندنەوەو وەستاندنی لە سەر نەبێت، پەکەکە خەتەرێکە لە سەرو بۆسەرگواستنەوەی نەوت. بۆیە تورکیا دەبێ بە ئاشتی بێت یان بە لە ناوبردن ئەم هەڕەشەیە نەهێلێت. پەکەکە هیزیكی نەتەوەیی گەورەیە. بە رێکەوتن بێت دەسکەوتی نەتەوەیی گەورە بۆ کورد لە خۆراوا، لە باکوور لە باشوور، لە رۆژەلات بەدەستدێنێت کە تورکیا و ئێرانیش ئەمەیان ناوێت، بەدیل لەناوبردنیەتی وەک تەمیلەکان کە ئەوانیش هەرەشە بوون بۆ سەر بەرژەوەندی ئابووریی سەریلانکا، چین، هیندستان، غەرب، هتد
بەلام پەکەکە دیسانەوە هیزیكی سەربازی و سیاسی نەتەوەیی گەورەیە لە ناوبردنی ئاسان نییە: بۆیە بە پیلان و کوشتنی سەرکردەکان و نانەوەی دووبەرەکی و بنەبڕکردنی یەکەمجار لە سوریاو ئەوسا لێدانی لە قەندیل. زۆر بە داخەوە وا دیارە بنەمالەی بارزانی وەک عادەتی خۆیان وەک هەنگوینیان لە دارەبەندا دۆزیبێتەوە، هەر وەک لەگەل کوردی ئیران کردیان و لە ٣١ ئابدا کردیان، دەورێکی گەورەیان لەو پرۆژە خیانەتکارییەدا بۆ خۆیان قبوڵ کردووە.
هەرەشەی یەکێتی و سلیمانی دوای تالەبانی
لە دوای پەکەکە، هەرەشەیەکی تری زۆر گەورە بۆ سەر ئەم پرۆژەیەی تورکیاو غەرب و پارتی چارەنووسی یەکێتی و دەوری راپەرینی جەماوەری خەلکە لە سلێمانی و باشووری دوای تالەبانی. سیناریۆکەی نالیا بۆ تاقیکردنەوەی بنگۆمی گێژاوە چاوەڕێکراوەکانی ئەم ئەگەرانەیە. لە ئەلفەوە تا یێ ئەمە سیناریۆی پاراستن بوو. لە کاتیکدا روویدا کە هەردوو مەکتەبی سیاسیی بە سەکردایەتی بارزانی لە کۆبوونەوە دابوون. بە هاوکاری هەندێ بارزانیچیی ناو یەکێتی بووبێت یان بێ ئەوان ئەمە تەنیا پراوەیەک بوو بۆ تاقیکردنەوە هەلوێستی هێزەکانی یەکێتی دوای تالەبانی . بۆ سەلماندنی بەتالی و بێهێزیی و بێسەروبەرەیی دەسەلاتی مافیایی لە سلیمانی و دەرخستنی پارتی وەک تاقەهێزی جێی متمانە کە دەتوانێ بەرامبەر ئاژاوەو بیسەروبەری بوەستێو بەهناەی ناردنی هێزو گەرانەوەی بۆ سلێمانی بداتێ. هەروەها پەیامیکیش بوو بۆ گۆران و ئۆپۆزیسۆنی مردوو.
٧. وەک پرۆسە، یادی ١٧ شوبات نزیکە، ئەمە بەردەوامی ١٧ شوبات و دەستپێشخەریکردنە ۆ بەراوەژووکردنەوەی پرۆسەکەیە. گەر لە ١٧ شوباتدا هێرش دەکرایە سەر پارتی ئێستا پارتی لە سلێمانیش ، وەک چۆن بەلتەچییەکانی پاراستن پێشتر لە هێرش بۆ سەر بارەکانی گۆران و یەکگرتوو لە بادینان و هەولیر کردوویانە، ئێستا دەتوانن لە سلێمانێش بیکەن. شەر لە سەر سلێمانی وەک شەر لە سەر سەرێ کانی وایە، دوو دیوی یەک پرۆسەن و ئەکتەرەکان یەکن و بنەمالەی بارزانی دەوری سەرەکییان پێ سپێردراوە.
٨. وەک پرینسیپیش دیسانەوە هەلگێرانەوەی پرینسیپەکانە: ئازادی خۆپیشاندان و رەخنەی توندی نالیاو کەیئینئێنی پار لە دەسەلات، دەسەلاتی بنەمالەیی پێویستی بە پرینسیپی هێزی لە شکاننەنهاتووی دەستبڕو زمانبر هەیە، بە پرینسیپی پیرۆزیی بنەمالەو رەمزەکانی، ئەوەتا کەنالی نالیا ،بە پلان بێت یان چۆکدادان، بە هەموو هێزی خۆی لە رێگای بەرێوەبەرەکەیەوە دەشێڕێنی: بارزانی خوامانەو تەواو. ئیمامەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش سەر دەلەقینن.
٩. نالیا کەنالێکی ئازادو سەربەخۆو بیلایەن و بێ گومان نییە
ئاخریی، کەنالی نالیا نە سەربەخۆیە، نە تەڕەماش، نە رەمزو دەنگ و رەنگی میدیا ی ئازادە. میدیایەک کەس نەزانێت چۆن دروست بووە، كێی لە پشتە ، بە پارەی کێ، کێ ئەجنداو بەرنامەو دایەلۆگەکانی دیاری دەکات: جۆن ئاوا ناشییانە بە رەمزو ئامرازی ئازادیی و بیرورای ئازاد دادەنرێت.
ئەزموونی خۆم لەگەڵ کەنالی نالیا:
ئایا کەنالەکە سەر بە پاراستنە ؟؟
بۆ ئامادەبوون چەندین ئێوارەو سەعات بدەن بە مەلا کڕیکار بۆ ئامادەنەبوون بە هێج جۆرێ چاوپیکەوتنی من بکەن؟ لە کاتێکدا من لە کوردستان لەگەل خەلکداو لە مەیدانەکانی خۆپیشاندانەکاندا بووم. چەند جار قسەم لەگەل خاوەنەکەی کرد، سەردانی کەنالەکەو بەرێوەبەرەکەم کرد فایدەی نەبوو . بە هیچ جۆر ئامادەنەبوون بۆ یەکجاریش چاوپیکەوتنم لەگەڵدا بکەن. لە کاتێکدا یەکەم جار لەگەراندنەوەمدا سایتەکەیان زۆر بەخشندە بوون و هەموو چالاکی و راگەیاندنەکانی منیان لە سایتەکەیان دادەنا، و بەلێنیشیان دا کە کەوتنەوە کار هەروا بە بەخشندەیی چاوپیکەوتم لەگەلدا بکەن و چالاکییەکانم بلاوبکەنەوە. نەک ئەمە نەبوو، بلاوکردنەوەو راگەیاندنەکانیشیان لە سایتەکەیاندا وەستاند. کە زۆر گوشارم کرد، برادەرێکیان عوزری هێنایەوە، وتی ستافەکەیان گۆڕاوە. ئێستا بەرپرسی پێوەندییەکان کە دەبوایە ئەو پێوەندی بە منەوە بلات، کەسێکی سەر بە پاراستن ە. جا چۆن رێگا دەدا دەنگ و رەنگی من دەرکەویت. هەروا وتی دوای سووتاندنی، نالیا کرا بە پشکی کۆمپانیا. گوایە بە قسەی ئەوەو شەریکەیەکی تورکی پشکێکی سەرەکی لێ کڕیون. بەلام وتی کە ئەو شەریکە تەنیا واجیهەیە، راستی سەر بە پاراستن ە.
دیارە من ناتوانم باوەڕ بەم قسانە بکەم و ناشتوانم باوەریان پێ نەکەم. هێچ شتێ لەم ولاتەدا روون و شەففاف نییە، هیچ شتێ نیەی ساختە نەبێ و جێی گومان نەبێت.
بەلام ، خوێندەواری خۆشەویست، دەزگایەکی وا گەورە کە دەستی گەورەی لە پشت نەبێت چۆن رێی پێدەدرێت، لە کوێ سەرمایەی بەردەوامبوونی دینێت؟ گەنجە تێکۆشەرەکانی کۆیە شایەتن کە سەردانم کردن، یەک رادیۆی بچووکی لۆکالییان هەبوو، بەرێوەبەرو کارمەندە سەربەخوو چالاکەکانی چەند مانگ گیرابوون و ئەشکەنجە درابوون تا دەنگی ئەو رادیۆیە کپ بکەن. بە هەمان جۆر گەنجانی سەیدسادق بۆیان گێرامەوە چۆن بە پارەی پیتاکی خۆیان و کاری خۆبەخش رادیۆیەکی ئازادیان دانابوو، بەلام لە بەر هەراسانکردن و بێ پشتیوانی ماددی ومەعنەوی نەیانتوانی بەردەوام بن. تەنانەت گۆڕان یش یەنیا بەو مەرجە ئامادە بووە کە یارمەتییان بدات کە سەربەخۆ نەمێنن و بۆ گٶڕان کار بکەن.
میدیایەک ئەو وەختە ئازاد دەبێت و جێی متمانەی گەل دبێت کە گەل بتوانی دەوری لە دامەزراندن و بەریوەبردن و چاوەدێریکردنیدا هەبێت. کە بە پێی حوکمی دەستووری نەتەوەیی و دیمۆکراتی و یاسای پەرلەمان پاکانەی وهۆکاری دامەزراندن و سەرچاوەی ماددی و ستراکتووری رێکخستن و ئەرک و پەیام و سەربەخۆییبوون و ئەچنداو پرۆگرامی ریک بخرێت و بردەوام چاوەدێری بکرێت، نەک چەند پالەوانیکی ون لەنەکاوێک راست ببنەوە ببنە خاوەنی میدیای ئازاد بە ناوی ساختەی میدیای ئەهلی یەوە.
لەچاوەڕوانی گۆدۆ دا
مردنە جۆراوجۆە بێ ژمارەکان، لاشەی سەگخواردووی ژنان، هەلتەکاندنی کچێنی منالانی ٥ ساڵە، رەقبوونەوەی منالە ئاوارەکانی قامێشلۆ لە عەربەت، شالاوی پێچۆلکرەدن و داگیرکردنی کوردستانی خۆراوا، پلانی کوشتنی قەندیل، پرۆژەی شەری کورد وشیعەو گەرانەوەی بەعسییە براکان، گەلێکی بخۆری بی بیر، بێ کار ، بێ بەرهەم ، هەرێمی مافیای بێ دەستوورو یاساو سیاسەت و ئۆپۆزیسیۆن: با چاوەڕێ بکەین پاراستن چ گەمەیەکی خۆشی تری بۆ هاروژاندن وهەڵپەڕاندنی خەلک هەیە..
http://www.nrttv.com/dreje.aspx?jimare=26171
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست