کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دانیشتنی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات ناکرێ له‌سه‌ر حیسابی ژیرپێدانی چوار پرینسیپی سه‌ره‌کی سیستمی حوکمڕانی ئه‌نجامبدرێت

Thursday, 26/05/2011, 12:00







سیستم کۆبه‌ندێکه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماکانی پرینسیپ و پرۆسه‌و پراکتیس داده‌مه‌زرێ
پێشێلکردنی مافی خۆپیشاندان، ژێرپیدانی مافی ژیان و که‌رامه‌تی مرۆڤ، سه‌پاندنی کۆیلایه‌تی بودجه‌و داگیرکردنی شه‌قام به‌ له‌شکری سه‌ربازی و سه‌رکوتکردنی خه‌لک: هه‌لومه‌رجی دایه‌لۆگی هاوتاو دانیشتن نین
له‌ نێوان 18-25/5/2011 گروپی سێ به‌ هاوکاری سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نیه‌ت له‌ سلێمانی زنجیره‌ سیمینارێکی بۆ لێکۆلینه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی خۆپیشاندانه‌کان و ئه‌نجامه‌کانیان ساز کرد. له‌ حه‌فته‌ی رابردوودا د. که‌مال میراوده‌لی به‌شداری به‌شێک له‌و سیمینارانه‌ بوو ئه‌مڕۆش له‌ دوارۆژی سیمیناره‌کاندا که‌ بریتی بوو له‌ کۆڕی به‌ریز د. فائق گولپی دا ئاماده‌بوو و وه‌ک ئه‌ندامێکی جمهور به‌شداری له‌ گفتوگۆکاندا کرد.
د. که‌مال سه‌نجه‌کانی خۆی ده‌رباره‌ی سیستم و هه‌لومه‌ه‌جی کۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵیی چاوه‌ڕوانکراویی له‌ نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌لاتدا ده‌ربڕی و وتی:
لێره‌ ‌ باسی نه‌بوونی سیستم و پێویستی بوونی سیستم له‌ کوردستاندا کرا. سیستم له‌ سه‌ر سێ بنه‌ما دروست ده‌بێ: پرینسیپ، پرۆسه‌ و پراکتیس. پرینسیپه‌کان گه‌ردوونیی و گشتێن و بوونیان بناغه‌ییه‌ بۆ بوونی سیستم.
پرۆسه‌کان رێوشوێن و یاسای به‌کارهێنانی پرینسیپه‌کانن و و پراکتیسیش مانای موماره‌سه‌ی ده‌سه‌لاته‌ به‌ پێی ئه‌و پرینسیپ و پرۆسانه‌. پرینسیپ هه‌میشه‌یی و بنچینه‌ییه‌و ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌کی یاسایی و بابه‌تیی وه‌ک بنه‌مای ده‌سه‌لات و پێوه‌ندی ده‌سه‌لات و کۆمه‌ڵ هه‌بێ و شتێک نییه‌ که‌ بشێ نه‌بێ یان فرامۆش بکرێ یان ته‌نیا ملکی ده‌سه‌لات بێ یان هی ئۆپۆزیسیۆن یان گفتوگۆو دانوستان و موساوه‌مه‌و گه‌مه‌ی له‌سه‌ر بکرێ. به‌بێ پرینسیپ پرۆسه‌و شه‌رعییه‌تی سسیتمی حوکمرانی پێکنایه‌ت.
له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی:
به‌لام به‌ داخه‌وه‌ ئێستا که‌ ده‌سه‌لات و ئۆپۆزیسیۆن به‌ نیازن دابنیشن، له‌م له‌حزه‌یه‌دا له‌ کوردستان چوار پرینسیپی سه‌ره‌کی بنیاتنانی سیستمی حوکمرانی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ژێرپێدراون که‌ بریتین له‌ پرینسیپه‌کانی:
مافی خۆپیشاندان، مافی مرۆڤ، رێگری له‌ داگیرکردنی سامانی گشتی بو به‌کارهێنانی بۆ ئامانجی حیزبی و رێگریی له‌ به‌کارهێننانی هێزی سه‌ربازی به‌ ناده‌ستووریی و ناره‌وا بۆ سه‌رکوتی هاوولاتییان.
خۆپیشاندانه‌کان له‌ هه‌ولیر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ نایاسایی له‌ رێگای هیزی ئه‌منییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌کران و رێیان لێگیرا. له‌ سلێمانیش له‌ لایه‌ن هیزی سه‌ربازییه‌وه‌ سه‌رکوتکران.
ئێستا مافی خۆپیشاندان که‌ مافێکی یاسایی و ئاسایی هاوولاتییا‌نه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌و به‌ توندوتیژی وه‌لامی ده‌درێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ژێرپێدانی پرینسیپێکی دیمۆکراتییه‌ که‌ نه‌ ده‌سه‌لات مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌مه‌ بکا ، نه‌ ئۆپۆزیسۆنیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ سه‌رحیسابی قبو‌ڵکردن و بێده‌نگبوون له‌م پێشێلکارییه‌ گفتوگۆ بکا. ئه‌مه‌ مافی هاوولاتییانی کورده‌ وه‌ک تاک و ه‌ک کۆمه‌ڵ.
بۆیه‌ گرنگه‌ بۆ سه‌لماندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ قه‌ده‌غه‌کردنی خۆپیشاندان قبووڵ نییه‌' پێویسته‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێکردنی هیچ گفتوگۆیه‌ک گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی ره‌مزیش بێ خۆپیشاندانێک دژی قه‌ده‌غه‌کردنی خۆپیشاندان له‌ هه‌ولێر بکرێ.
پرینسیپی دووه‌م مافی مرۆڤه‌
هیچ ده‌سه‌لاتێک بۆی نییه‌ مافی مرۆڤی کورد پێشێل بکا، به‌لام ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ سه‌ره‌تاییترین مافی مرۆڤ که‌ مافی ژیان و پاراستنی که‌رامه‌ته‌ پێشێلی کردووه‌. له‌ هه‌لمه‌تی سه‌رکوتکردنی خۆپیشاندانه‌کان هێچ هێلی سوورو هڵی ره‌شیش نه‌ماوه‌ که‌ نه‌یبه‌زێنن: گرتن و راوه‌دوونان و لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌ تا گرتن و کوشتنی منالان و ده‌ستدرێژی کردنه‌ سه‌ر ئازادی و که‌رامه‌تی هه‌موو توێژه‌کانی گه‌ل:
مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ، رۆشنبیران، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، خویندکارانی زانکۆو ئاماده‌ییه‌کان و باوکی شه‌هیده‌کان. به‌ تایبه‌تی ره‌شبگیری گه‌نجان و زیندانیکردن و ته‌مبێکردنیان. تا ئێستا هیچ کام له‌ بکوژان و تاوانکارانی ئه‌م پێشێلکارییانه‌ی سه‌ره‌تاییترین مافی مرۆڤ که‌ ژیان و که‌رامه‌ته‌، نه‌گیراون و داداگایینه‌کراون.
سێیه‌م:
ئه‌م دانیشتنه‌ پێنج قۆڵییه‌ له‌ کاتێکدا ده‌کرێت که‌ ده‌سه‌لات بودجه‌ی هه‌ر سێ حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی بڕیوه‌. له‌ هیج ولاتێکی دنیادا سیستمێکی وا نییه‌ که‌ حیزب هه‌موو ملکو مال و سامان و بودجه‌ی خه‌لک داگیر بکاو به‌ ئاره‌زووی خۆی بۆ به‌هێزکرنی ده‌سه‌لاتی خۆی به‌کاری بێنی. له‌ کوردستان ده‌سه‌لاتی حیزبی کۆیلایه‌تی مووچه‌و کۆیلایه‌تی بودجه‌ی به‌ زۆرو به‌ نایاسایی سه‌پاندووه‌: کۆیلایه‌تی مووچه‌ بۆ هاوولاتیا‌نه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ هاولاتی ناتوانێ‌ بێ رازییبوون و واسیته‌و ته‌زکیه‌ی حیزبی دابمه‌زرێ یان کارو کاسبییه‌ک بکا، که‌ حیزبیش دایمه‌زراند ده‌بێ ببێته‌ کۆیله‌ی حیزب و ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ی گه‌نده‌له‌کانی حیزب بیری کرده‌وه‌ یان ره‌فتاری کرد نانبڕاو ده‌کرێ یان ده‌رده‌کرێ یان به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ک بێ سزا ده‌درێ. کۆیلایه‌تی بودجه‌ش بۆ حیزبه‌کانه‌. حیزبه‌کانی ده‌سه‌لات به‌ ئاره‌زووی خۆیان بودجه‌و سامانی خه‌لک بۆ خۆیان به‌ بێ چاودێری و موحاسه‌به‌ ده‌به‌ن و به‌کاردێنن.
ئه‌و کاته‌ بودجه‌ ده‌ده‌ن به‌ حیزبه‌کانی تر که‌ به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی بێده‌نگ بن که‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ره‌فتاریان کرد بودجه‌یان ده‌بڕن. هه‌والێکم خوێنده‌وه‌ که‌ ده‌سه‌لات ئاماده‌یه‌ بودجه‌ی دوو مانگی بڕدارو بۆ سێ حیزبه‌که‌ بگێڕێته‌وه‌ تا هانیان بدا گفتوگۆ بکه‌ن. به‌لام پرسه‌که‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌سه‌لات بودجه‌ بۆ ئۆپۆزیسییۆن بگێڕێته‌وه‌ پرسه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌لات له‌ ئه‌سلدا نابێ بتوانی ملک و سامان و بودجه‌ی خه‌لک بۆ خۆی داگیربکاو بۆ مه‌به‌ستی حیزبی و دژی ئۆپۆزیسیۆن و بۆ سه‌پاندنی کۆیلایه‌تی بودجه‌ به‌کاریبێنێ.
چواره‌ـ:
سه‌پاندنی باری نائاسایی وجولاندنی له‌شکڕێکی سه‌ربازی گه‌وره‌ بۆ داگیرکردنی شارو شه‌قامی خۆت و سه‌رکوتکردنی هاولاتیانی خۆت کارێکی ناده‌ستووریی نایاسسی خه‌ته‌رناکه‌. به‌ پێی پرۆژه‌ی ده‌ستوور جاردانی باری نائاسایی له‌ ده‌سه‌لاتی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ وه‌ک فه‌رمانده‌ی هێزی چه‌کداریش ئه‌و به‌رپرسیاره‌.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا که‌ پرینسیپه‌کانی موماره‌سه‌ی ده‌سه‌لات پێشێل کراون، بۆ ده‌سه‌لات نییه‌ که‌ له‌ شوێنگه‌و روانگه‌ی هێزه‌وه‌ داوای گفتوگۆ و دانێشتن له‌ ئۆپۆزیسیۆن بکا‌. گێرانه‌وه‌ی باری ئاسایی به‌ نه‌هێشتنی ئه‌م هه‌نگاوه‌‌ نایاساییانه‌ ده‌بێت که‌ ئه‌سله‌ن شه‌رعییه‌تی ده‌ستووریی و یاسایی ده‌سه‌لاتیان نه‌هێشتووه‌، بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش و نوێنه‌رانی شه‌قامیش دروست نییه‌ که‌ له‌م هه‌لومه‌ر‌جانه‌دا له‌ سه‌ر حیسابی پێشێلکردنی ئه‌م پرینسیپه‌ بنچینه‌ییانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا دابنیشن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە