کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیسان دەربارەی ماجەرای نێوان مالکی و مافیای کوردیی! - بەشی یەکەم

Tuesday, 20/11/2012, 12:00







تا راستیی نەزانیی، گەمژانە رامەسێ!

دەبێ چاوێکی ئەوەندە تیژت هەبێ لە پشت چوار دیوارەوە ببینی، تەنیا ئەوسا دەتوانی بزانی راستیی روالەتەکان کامەیە!

زۆر لە هاولاتییانی خۆشەویست بە نامەی تایبەتی لە رێگای فەیسبووک ەوە گلەییان کردووە کە تا ئێستا بێ ده‌نگم وداوایان لێکردووم هەلوێستی خۆم لە سەر ئەو کێشەیەی لە نێوان دەسەلاتی کوردیی و مالکی و حکومەتەکەیدا هاتۆتەوە پێشەوە دەرببڕم . داوای لێبوردن دەکەم بەراستیی لەم دواییەدا تەندروستیم تەواو نەبوو.
١ رەنگە ئەو خوێندەوارە خۆشەویستانەی بەردەوام ئاگادری هەلوێست و روونکردنەوەکانم بوون ئێستا لەوە حاڵیی بووبن کە من زۆر بە زەحمەت و نادروستی دەزانم هەلوێستک بێ روونکردنەوەی تەواوی کێشەکە بە پێی تێگەیشتنی خۆم رابگەیەنم. هەمیشە لە هەموو نووسین و وەلامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی بەرێزدا جەختم لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە دوور لە هەلوێستی خۆیی دەبێ بە بە پێی چوار بنەمای بابەتیی سەرەکیی لێکدانەوەو هەلسەنگاندن بۆ هەموو کێشەو دیاردەو پێشهاتێک بچین: ئەوانیش بنەماکانی ١. زانست ٢. دیمۆکراسی ٣. یاسا و. ٤. ئەخلاق ن.
هەروەها هەمیشە جەختم لە سەر ئەوە کردۆتەوەو روونم کردۆتەوە کە دەسەلاتی شاخی بەربەری حیزبیی دژەنەتەوەیی کوردیی بە تەواوەتی لەو چوار بنەمایانە بێبەرییە.

٢ هەر لەگەڵ سەرهەلدانی [فشە] ی راگەیاندنی دەولەتی کوردی لە نەورۆزی پار دا، ئەوسا سەندنەوەی متمانە لە مالکی، ئەوسا پلان و نەخشەی تورکیا بۆ کردنی کوردستانی رۆژاوا بە مەیدانی جێنۆسایدی کورد بە پشتیوانی بارزانی، زۆر بە وردی کەم یان زۆر لە ئاستی کات و تواناو دەرفەتدا راستی رووداوەکانم بۆ جەماوەری گەلەکەمان روون کردۆتەوەو لە تەڵەو ترس و تاوانەکان ئاگادارم کردوونەوە. هیوادارم ئەوانەی تا ئێستا ئەو بابەتانەیان نەخوێندۆتەوە بیانخوێننەوە تا لە پێشینەو حەقیقەتی رووداوەکان ئاگادار بن:
بروانە:

http://www.lvinpress.com/newdesign/DrejeB.aspx?jimare=733
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=6bf14bb6
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=ff401ee8
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=bd0a4181

٣ ئاخریش کە گۆڕان و یەکێتی ویستیان ڕیککەوتنە بۆشەکەی خۆیان بە بەهانەی دژایەتی سیستمی بنەمالەیی و گەراندنەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان پەردەەپۆش بکەن، لە دوو چاوپێکەوتن لەگەل گۆڤاری 'باشوور' و رۆژنامەی'بانگ' دا بنەما ی بۆشی ئەو پاکانەشم روون کردنەوە.

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=ef478c9c
٤. لەو چاوپێکەوتنەدا بە بەرچاوگرتنی مێژووی ٢٠ ساڵەی دەسەلاتی بنەمالەیی بەربەریی کوردیی، کە پێشتریش حیساب نەکەین. وەک پرینسیپێکی گشتی دەربارەی راستگۆیی و (مێداقییەتی) ئەو دەسەلاتە: جەختم لەسەر ئەو راستییە کوشندەیە کردووە کە:
"هەر شتێ ئەوان باسیان کردووە و باسی دەکەن لە درۆو دەڵەسە و خەلک هەلخەلەتاندن و کات کوشتن زیاتر نەبووە و نییە، هەر لە باسی پەرلەمان و ماددەی ١٤٠ ویەکگرتنەوەی ئیدارەکان و هێزی پێشمەرگەو ئاسایش تا بودجەو جیاکردنەوەی حیزب و حکومەت و گێرانەوەی ماڵ و ملکی گشتی و هەلبژاردن و دیمۆکراسی یەوە تا باس وبابەتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیی و سەندنەوەی متمانە لە مالکی و کۆنتراکتەکانی نەوت و پێوەندی دەرەوەو کۆمپانیاکان و تا گیڕانەوەی پرۆژەی دەستوورێکی مردوو کە سەدی سفر دەوری لە بەرێوەبردنی حوکم و ئیدارەی وڵات و ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی و فەرهەنگیی خەلک دا نییە و تەنیا گەمەیەکی ترە بۆ کات کوشتن و خەلک تەفرەدان و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەلاتی داگیرکاریی و دزیی و گەندەڵیی"
هەراکەی ئێستا
٥.ئێستاش بە نیسبەت ئەم هەراوهەڵایە لە ناکاوەی دەربارەی مالکی دروستکراوە، راستیی لە کوێدایە؟
ئایا دەشێ لە پڕێکدا باوەڕ بە نەتەوەچییەتێکی بۆشی پالەوانەکانی عێراقچێتیی و براکوژیی و خیانەت و دزیی و داگیرکاریی و داوێنپیسی و گەندەڵیی بکرێ؟
ئایا نابێ کەمێ پشوو بدەین بزانین لە ماوەی بیست و چوار سەعاتی تردا یان ٢٤ رۆژدا حەقیقەتەکان چۆن خۆیان نیشان دەدەن؟.
٦ جارێ بە راستی من نازانم کێشەەکە چییەو چۆنەو لە چییەوە سەری هەڵداوە؟
تەنیا دەشێ لە سەرەتاوەهەندێ پرسیار بپرسین:
١. چۆنە دوای ١٠ ساڵ بوون بە جاش و مورتەزەقە بۆ دروستکردنەوەی عێراقی عەرەبیی لە لایەکەوەو و داگیرکردنی هەموو ملکومال و سامان و بودجەو بازارو هەر بستێکی سەرزەویی و بنزەویی کوردستان لە لایەن بنەمالەو مافیا حیزبییەکانیانەوە، لە پڕێکدا، هەر لە بەر ئەوەی تاڵەبانی دەورە تەشریفاتییەکەی لە بەغدا گەێشتە ئاکامی سروشتیی خۆی و هاتەوە سەر سفر، ئە ئاوا ئەو سوپایەی عێراق کە تالەبانی لە پێش هەموو کەسەوە بە حەماسەتێکی عێراقچییانەو عەرەبچییانەی بێوێنەوە داوای بەهێزکردن و پڕچەککردنی دەکرد بۆ پاراستنی ولات و کوشتاری تێرۆڕیستان؛ و ئەو مالکی یەی کە تالەبانی گۆرانییەکی تایبەتی بۆ دروست کردبوو و هەر جارێ کە ناوی مالکی دەهات بە دەم خٶشیی و خەندەوە دەیووتەوە:
بدیل مالکی هو مالکی
لا بدیل لمالکی الا المالکی
کەچی ئێستا بە کونفەیەکونێک ئاوا سوپای عێراق بوو بە سوپای ناحەزو مالیکی نازدار بوو مالیکییەکی ماروئەژدیهای خەتەر لە سەر کورد؟
٢. یان گەر راستیش بێ ئەوە ئاوایە، یان ئاوای لێهات!!
ئەی نابێ لە پیشەوە پێمان بڵێن ئەوە دەساڵە لە بەغدا خەریکی چ بوون و ئێستاشوەزیرو گزیرو گەندەو مووچەخۆرەکانتان خەریکی چین؟
بۆچ وای لێهات و كێ وای لێکرد؟ كێ بەرپرسیارە؟
ئایا مالکی هەبوو یان دروست کرا؟
سوپای عێراق هەبوو یان دروستکرایەوە؟
کێن ئەوانەی شانازیی دروستکردنەوەی سوپای عێراقییان بۆ خۆیان تۆمارکردو لە بری ئەوە بلیۆنان دۆلاریان قازانج کرد؟
٣. ئەی تا ئێستا ئیوە مامی سوڵح و کاکی تەوافوق و پالەوانی چارەسەرییەکان و رێکخستنەوەی سوننەو شیعەو هەموو لایەنە ناکۆکەکان نەبوون،
ئەی بۆ ئێستا لە نەکاو دەستتان لە هەمبانەکە دەرهات و خۆتان ئاوا بێپەنا و بێکەس دەبیننەوە؟
ئەرێ بەراست هەر دوێنێ نەبوو سەدرو نەجەفی و عەلاوی و حاجی هاشمی هاوپەیمانتان بوون لە هەولێردژی مالکی، ئەی ئێستا کووان؟
٤. یان لەوەش پتر: بۆ دەبێ یەکسەر پێشمەرگەی کەم مووچەو برسی و کوڕی هەژار، بکڕیتە قۆچی قوربانی و رامالی 'جەبهە' بکڕێ؟
ئەی پێوەندی دەیان سالەتان لە گەل برێمەرەکان و جەی گارنەرەکان و خەلیلزادەو بووش و بنەمالەکەی و ئۆباماو سی.ئای.ئەی و پنتاگۆن و شەریکەکانی نەوت چی لێهات؟
بۆ ئەوان خۆیان تێناگەیەنن و یارمەتی هاوپەیمانییانەتان نادەن؟ قابیلە ئێوە تەنیا دەلالی نەوت و دۆلار بووبن؟
٥. ئەی قابیلە ئەم دە ساڵە بە خۆڕایی و لە رای خوا خزمەتی ئامانجەکانی ئەمریکی و بەریتانیی و خۆراواتان کردبێ و هەموو هێزی پێشمەرگەتان لە سەر تاخواری عێراق خستبێتە ژیر فەرمانیانەوە؟ نا، مەحاڵە، ئێوە عەبقەیتر وزیرەکترو دلسۆزترن لەوەی شتی وا بکەن!!
هەر دەبێ بە چاودێری نەتەوە یەکگرتۆکان رێکەوتن و پەیماننامەیەکی یاساییتان لەبەیندا هەبێ،
ئیدی بۆچی بە پێی ئەو پەیماننامەیە نایەن بە دەنگتانەوە؟
یان بۆ کەیسەکەتان نابەنە نەتەوە یەکگرتۆکان؟
یان بۆ داوا ناکەن سکرتێری نەتەوە یەکگرتۆکان لە قاهیرەوە یەکسەر بێ بۆ هەولێر؟!
٦. بۆ پەنا بۆ ئەو دەستوورە گرنگەی بۆ عێراقتان دروست کرد نابەن و مالکی بۆ مەحکەمەی دەستووریی راکێش ناکەن و ئەگەر سەرنەکەوتن ئەندام پەرلەمان و وەزیرو گزیرەکانتان لە بەغدا ناکێشنەوە؟
٧. لە دە تادوازدە ملیار دۆلاری بودجەی ساڵانەی کوردستان، بە دانپێداهێنانی مەسعود بارزانی لە وتارەکەی لەکۆنگرەی حیزبەکەی ئەردۆغان دا، هەشت بلیۆن دۆلار بۆ تورکیا ریسایکل دەکرێتەوە، ئەی قابیلە تورکیا دەست لەم دەسکەوتە گەورەیە لە پاڵ دەستگرتنی شەریکەنەوتییەکانی بە سەر نەوت و گازو بازارو وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستاندا هەڵبگرێ؟
ئەی بۆ تورکیای سوننی نایەتە دەنگ و بەرامبەر مالکی شیعی دیفاعتان لی ناکا!
٨. نا، نا، نا، نا! داوای ڵێبوردن لە خوێنەران دەکەم: بەراست دیارە من هەڵەم و وەکو پیاوانی دەسەلات دەڵێن: تووشی نەخۆشی دەروونی بووم و مێشکم تێکچووە. ئەمانەی سەرەوە هەموو زیادە رۆیی بوون.
سەرانی کورد بەراستی سەلماندیان کە سەرکردەی بوێرو دلسۆزو بە وەفاو راستگۆی ئەم میللەتەن!
ئەوان پێویستییان بە هیچ لەمانەی سەرەوە نییە!
ئەوە نییە کوڕی سەرۆک کۆمار و برازاکانی کە دە ساڵە گەورەترین و پرۆفێشنالترین خەباتی دژە تێرۆریان دژی ئیسلامیییەکان و قاعیدە ئەنجامداوەو ئەزموونێکی مەزنیان پەیدا کردووەو، کوڕە جەنەرالە مەزن و ئازاو شارەزاکانی سەرۆکی هەرێم و ١٠٠٠ پیاوە کەی و ٣٠،٠٠٠ فیدائیییەکەی و هێزەکانی زێرەڤانی، کە شارەزایی زۆریان لە رووداوەکانی ١٧ ی شوبات بەدەست‌هێناو توانیان دەیان تێرۆریست لە بەر دەم لقی چوار بفەوتێنن و تاوانبارانی گەورەی وەک سەیید ئەکرەم و کارزان کەریم کەشف بکەن، ئەوانە ئێستا لە ریزی پێشەوەی جەبهەن. لەوێش ئەم جارە مونافەسەیەکی بنەمالەیی شەریفانەیان دەست پێکردووە. من لە سەرچاوەیەکی بالای باوەرپێکراوی یەکێتی یەوە زانیم کە کورەکەی سەرۆکی کۆمار جگە لەوەی لە بەر ریزی فیشەکدانی ئار.پی.جی یەک ئازای لەشی نابینرێ، قایشێکی خوتەقاندنەوەشی لە خۆی بەستووەو سوێندی خواردووە کە دەبێ ئەو لە پێش کورو برازاکانی بنەمالەی بارزانی ببێتە یەکەم شەهیدی دیفاعکردن لە قودسی کوردستان.
ئەوەتا لەبەر مونافەسەیەکی شەریفانەی نێوخۆیان کە خەلک زۆری پێخٶشە هەموو خەلکی کوردستان بە دیار تەلەفزیۆنەکانی ئەو دوو هێزەوە سڕ بوون کە هەر دوو لا دیمەنی کوڕو جەنەرالەکانی بنەمالەکان لە رێزی پێشەوەی جەبهە لە حەمرین نیشان دەدەن و حەماسی خەلکی کوردستانیان وا بەرزکردۆتەوە کە مناڵەکانیش داوای چوون بۆ جەبهە دەکەن!!
٨. نە بابە! ئەوانەی سەرەوە هەموو لە بیر خۆتان بەرنەوە: خەبەرێکی خٶش و سەیر!
دوای ئەوەی حەسەن عەلوی ئاشکرای کرد کە ئەوعەبولئەمیر زەیدی یەی ئەوەندە هەڵای ناوەتەوەو کوردی هەراسان کردووەهەر ئەو زەیدی - یەیە کە ئۆپەراسیۆنی ٣١ ی ئاب المتوكل على الله ی سەددامی بۆ یارمەتیدانی بارازنی کردو هەولێری بۆ مەسعود بارازنی لە تالەبانی سەندەوە،

[وكشف العلوی عن أن الفریق الركن عبد الأمیر الزیدی الژی عینه المالكی على رأس قیادە عملیات دجلە "هو نفسه القائد الژی كان أرسله ێدام حسین لإخراج جلال گالبانی من أربیل"، خلال الاقتتال بین حزبی گالبانی وبارزانی عام 1996، فی ما عرف بـ(عملیات ێب المتوكل على الله،) وژلك بعدما استنجد مسعود بارزانی بالرئیس الاسبق ێدام حسین فی حربه چد جلال گالبانی
http://www.failyoun.com/wesima_articles/index-20121118-]52716.html

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە نێوان بارزانی و تالەبانی ،مەسعود بارزانی تالەبانی دڵنیا کردۆتەوەو نهێنییەکی زۆر گەورەی بۆ ئاشکرا کردووە، گەرچی ئەمە نهێنیی ئاسایشی نەتەوەیی یەو لەوانەیە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە قازانجی کورد هەڵبوەشینێتەوە خۆم پیناگیڕێ وئەم نهێنییە بۆ خەلکی کورد ئاشکرا دەکەم:
مەسعود بارزانی ئاشکرای کردووە کە ئەوە هەمووی گەمەیەو ئەو دیسانەوە بە هاوکاری تورکیا و سوننەکان ئەبدولئەمیر زەیدی کردۆتە جاشی خۆی و ئەوە تەنیا موناوەرەکەیە و ئەو هێزەی بە ناوی دیجلەوە کۆی دەکاتەوە دوایی بەرەو بەغدا دەچێ و مالکی راودەنێ وەک چۆن وەختی خۆی تالەبانی لە هەولیر راونا.
بارزانی وتوویەتی لە رقی ئەوەی نەیتوانی متمانە لە مالکی بستێنیتەوە دەمێکە خەریکە ئەو نەخشە عەبقەرییانەی ئامادە کردووەو لە تورکیا لەگەڵ ئەردۆغانیش باسی کردووە. بارزانی تالەبانی دڵنیا کردۆتەوە کە ئەم جارە ئەو راونانێ و رێگەی دەدا بە ئارەزووی خۆی سلێمانی بەجێ بێڵێ و لە ئەستەمبوڵ دانیشێ و یاداشتەکانی بنووسێتەوە. بارزانی وتووشیەتی گەرچی ئەو دەزانێ ئەو یاداشتانە نهێنی ودژایەتییەکی زۆری بنەمالەی بارزانی تێدا دەبێ بەلام لە بەر باوەری بە ئازادیی بیروراو هاوپەیمانی ستراتیجی ئەم چەند ساڵەی دواییان، پێی ناخٶش نییەو ئازادە لە ئەستەمبول چۆن دەژی و چی دەنووسێ!
بە کورتی
دوو رۆژ لەمەوبەرلە میسر شەمەندەفەرێک لە سەیارەیەکی داو دوازدە کەس بوونە قوربانی دوای کەمتر لە دوازدە سەعاەت وەزیری هاتوچۆ ئیستیقالەی کرد.
گەروەترین پاڵەوانی سەربازیی جەنگی دەساڵەی ئەمریکیا لە عێراق و ئەفغانستان و سەرۆکی گرنگترین دەزگای سی.ئای،ئەی دەیڤید پەتریۆس، پێوەندییەکی سیکسی لەگەڵ ئافرەتێکی بایۆگرافیینووس لێ ئاشکرا دەبێ، بە حەیا چوونەوە واز لە کارەکەی دێنێ و پاشەرۆژی سیاسیی و سەربازی دەبێتەوە سفر و هەزاران حیکایەتی حەیابەرەی دەربارە دەنووسرێ..
لە چین هەر سەرکردەیەکی حیزب کە تەمەنی گەیشتە ٦٨ ساڵ ئۆتۆماتیکی دەبێ وازبێنی و جێگا بۆ ئەو سەرکردانە چۆل بکا کە بە توانای خۆیان دەتوانن پرۆسەی سەرکردایەتی سیاسی و حکومەتی چینی مەزن بەردەوام کەن . بە حەوت سەرکردە ولاتێکی ١٣٠٠ ملێۆنی بەرێوەدەبەن و خواردنیشیان لە خۆیان زیادەو دەینێرن بۆ دەرەوەو بوونە دووەم هێزی گەورەی جیهان و کارخانەی دنیاو رۆژانە ٥٠٠ ملیۆن کەس ئینتەرنێت بەکاردێنن.
سەدان نموونەی ئاوامان رۆژانە بەرچاو دەکەوێ.
لای ئێمەش هەمان ئەو سەرانەی زیاد لە نیو سەدەیە بوونە هۆی مالوێرانی، براکوژی، خیانەت، دروستکردنی ئەنفال و وێرانی ٤٠٠٠ گوندو شارۆچکە، هەلەبجەو ئەنفالی ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی کورد، شەڕی تالان و ئاودیوکردن، شەرەپەڕۆو شەری روخاندنی پەرلەمان و دیمۆکراسی، شەری براکوژیی، هەکاری و ئاشبەتال و ٣١ ی ئاب، دزیی و داگیرکاریی وگەندەلی و ئەنفالکردنی خەلکی کوردستان بە دەیان شیوەو هۆکار، ژێرپێدانی ئێسک و پروسکی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و فرۆشتنی حەقیقەتی سەربەخۆیی کوردستان و دەولەتی سەربەخۆ بە بلیۆن دۆلاری خیانەت، بوون بە پیسترین و گلاوترین داگیرکەری ، بلاوکەرەوەی جیاوازیی و ناداپەروەریی و فەسادو دارزان و شیواندنی کەلتوورو زمان و هەست و ناسنامەی نەتەوەیی و کەسێتیی و کەرامەتی ئینسانی کورد: هتد گەلێکی بێ نێشتمان و نێشتمانێكی بێ نەتەوەو مێژوو و پاشەرۆژ.
ئێستاش هەمان ئەوانە کە رۆژێک لە رۆژان بەرامبەر هیچ دەزگاو دادگایەکی لێپرسینەوە، چاودێریی، موحاسەبەکردن، دایەلۆگ، بە درۆخستنەوە نەوەستاون، هەر دەبێ قسەی ئەوان قورئان و شەریعەت و دەستوور و یاسا ىێ.
کە ئەوان ویستیان مالکی دۆستە ئەگینا دوژمن. سوپای عێراق گەر کار لە بەرژەوەندی نەوتدزیی و مافیایی و تاوانکاری ئەوان نەکا، سوپای خۆمانەو تەنانەت دەبێ ئەو بێ سنوورەکانیشمان لە هێرشی ئێرانی و تورکی بپارێزێ، کە بۆنی ترسیشیان کرد، ئەوا سوپای بەعسەو زەیدی ٣١ ی ئابی دوێنی،لە پڕێکدا دوژمنی سەرسەختی نەتەوەییەو دەبێ نەفیری نەتەوەیی بۆ بکەین.
نەفرەت لەوەی ناپرسێ و رادەسێ. نەفرەت لە ئۆپۆزیسیۆن، لە میدیا، لە بۆشنبیرانی خۆفرۆش.

بەردەوامیی دەبێ: بەشی دووەم بەیانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە