کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێویسته‌ هه‌ست و سۆز و ئیراده‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ شه‌قامی کوردی بێ

Tuesday, 05/04/2011, 12:00


له‌ کاتێدا ده‌سه‌لات له‌ لایه‌که‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ل ئۆپۆزیسیۆن بۆ به‌رفراوانکردنی حکومه‌ت ده‌کاو له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ بانگاشه‌ی کارکردن بۆ به‌جێهێننانی داواکارییه‌کانی خه‌لک ده‌کا، هه‌لمه‌تێکی گرتن و تۆقاندن دژی خۆپیشانده‌ران ده‌ستیپێکردوته‌وه‌و باری نائاسایی و نایاسایی هه‌ولیریش توندتر کراوه‌، هه‌ر له‌و کاتیشدا ده‌سه‌لات له‌ سه‌ر زمانی سه‌رۆکی هه‌رێم و سکرتێری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌، به‌ راشکاوی هه‌ره‌شه‌ ده‌کاو بێمنه‌تیی خۆی له‌ ئۆپۆزیسیۆن و خه‌لک راده‌گه‌یه‌نێ و له‌ جیاتی گرتن و دادگاییکردنی تاوانباران و بکوژان، چالا‌که‌وان و وتاربێژان و خۆپیشانده‌ران ده‌گیرێن و هێرشیان ده‌کرێته‌ سه‌ر. له‌ رۆژی هه‌ینی تووره‌یی یه‌وه‌ تاکو ئه‌مرۆ، له‌ وه‌ختێکدا دانوستاندنی حیزبه‌کانی ده‌سه‌لات وئۆپۆزیسیۆن ده‌کران، له‌ سڵێمانی و ناوجه‌کانی زیاتر له‌ 70 که‌س گیراوه‌ له‌ ناویاندا مامۆستای ئایینی و مامۆستای قوتابخانه‌کان و رۆژنامه‌نووس و گه‌نجانیی تێکۆشه‌ری رێکخه‌ری خۆپیشاندان هه‌ن. جێگه‌ی داخێکی گه‌وره‌یه‌ که‌ ئه‌و گیراوانه‌ هیج جۆره‌ به‌ دواداچوون و دیفاعیکیان نییه‌ و حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنیش وه‌ک پێویست چ له‌ رووی راگه‌یاندنه‌وه‌و چ له‌ رووی هه‌لوێستی سیاسی هاوسه‌نگی ئه‌و هه‌لمه‌تی گرتن و تۆقاندنه‌، ده‌ورێکی به‌رچاوو به‌هێزیان نه‌بووه‌ له‌ کاتێکدا قسه‌که‌رانی ده‌سه‌لات جه‌ختیان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ که‌ هه‌ر سێ حیزبه‌که‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌ دانێشتنه‌ یه‌ک به‌ یه‌کانیاندا له‌ سه‌ر دوو خالی سه‌ره‌کی رازی بوون: گێڕانه‌وه‌ی باری یاسایی و هێورکردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌و به‌شداریکردن له‌ حکومه‌تدا.

به‌کارهێنانی 'گێرانه‌وه‌ی باری ئاسایی' زاراوه‌یه‌کی بێ مانایه‌. له‌وه‌ته‌ی خه‌لکی کوردو کۆمه‌لگای کوردی له‌ ژێر ده‌سه‌لات و به‌رێوه‌بردنی ئه‌و حیزب و سه‌رکرادانه‌ دایه‌، له‌و بیست ساڵه‌دا، قه‌ت بۆ مانگێکیش له‌ حاله‌تی ئاسایی و سروشتیی ژیاندا نه‌بووه‌. هه‌ر له‌ شه‌ری فه‌رهودو ئاودیوکردنه‌وه‌ بۆ شه‌ره‌په‌رۆو ره‌نگ و ده‌نگ بۆ شه‌ری ناوخۆیی و خوێن و خیانه‌ت بۆ شه‌ری گه‌نده‌ڵی و دزیی و داگیرکاری ملک و مالی میلله‌ت و خزمه‌تی ئه‌جندای ده‌ره‌کی و گۆڕینی کوردستان به‌ کۆمه‌لگایه‌کی پر جیاوازی و ناعه‌داله‌تیی بێ ده‌ستوورو یاساو به‌رهه‌م و زانست و خۆشی و هیوا، کۆمه‌گای کوردی باری یاسایی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، مانه‌وه‌ی حاله‌تی ئه‌نفالیی و ژماره‌ی که‌له‌که‌بووی مردنه‌کان و قوربانییه‌کان و کوشتنی به‌رده‌وامی وزه‌و تواناو جوانییه‌کان و به‌هاکان ئه‌نجامی ئاشکرای ئه‌و نائاسایی بوونه‌ن. تووڕه‌یی ئه‌مڕۆی گه‌نجان و راپه‌رینی ئه‌مرۆی خه‌لک بۆ گێرانه‌وه‌ی باری ئاسایی ژیان و مافو ئازادییه‌کانه‌ به‌دوورخستنه‌وه‌ی حیزب له‌ هه‌مو جومگه‌کانی ژیانی میلله‌ت و گێڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌ت و ماف و ئازادییه‌کانیان. بۆیه‌ زاراوه‌ی گیرانه‌وه‌ی باری ئاسایی هیچ ناگه‌یه‌نێ جگه‌ له‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌رده‌وامیی باری ئاسایی دزیی و داگیرکاریی حیزبیی و کوێره‌وه‌ریی زۆربه‌ی خه‌لک. ته‌قینه‌وه‌ی ناکۆکییه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کان ئه‌نجامی که‌له‌گایی حیزبیی و بێمنه‌تی و گوێنگه‌گرتن و که‌له‌که‌بوونی باری نائاسایی بیست ساله‌ی رابردووه‌.

خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ی خه‌لک مافێکی ئاسایی و یاسایی سه‌ره‌کی و سروشتیی یه‌. گه‌ل ئه‌و مافه‌ به‌کاردێنێ بۆ گێرانه‌وه‌ی ئه‌و ژیانه‌ سروشتییه‌و باره‌ ئاسایی یه‌ی کۆمه‌لگا که 20 ساڵه‌ به‌ هۆی گه‌نده‌لیی و دزیی و داگیرکاریی و ناعه‌داله‌تییه‌وه‌ لێی بێبه‌ش کراوه‌.

دیاره‌ ده‌سه‌لات گرتن و تۆقاندن له‌ پال دانوستاندن له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆندا به‌ ریگایه‌ک بۆ گێرانه‌وه‌ی ئه‌و باری ئاسایی یه‌ ده‌زانێ که‌ خۆی مه‌به‌ستێتی. له‌و ناوه‌دا قوربانییه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ خه‌لکه‌: ئێستاو پاشه‌رۆژیان، به‌ تایبه‌تی ئه‌و گه‌نجانه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی ده‌که‌ونه‌ به‌ر شالاوی گرتنه‌وه‌. ئێمه‌ چاوه‌رێمان ده‌کرد ئۆپۆزیسیۆن ‌ هه‌لوێستی توندو ئاشکرای به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامی ئه‌و گرتن و هێرشانه‌ بۆ سه‌ر خۆپیشانده‌ران هه‌بێ وتا ئه‌و شالاوه‌ نه‌وه‌ستێ و باری ئاسایی و مافی یاسایی خه‌لک له‌ خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ له‌ هه‌موو کون و قوژبنێکی کوردستان به‌ هه‌ولێریشه‌وه‌، نه‌ سه‌لمێندرێ و نه‌خرێته‌ کار، دانوستاندن و گفوگۆ له‌ گه‌ڵ حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌که‌ن.به‌لام دیاره‌ ده‌سه‌لات سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ له‌ خه‌لک به‌ مه‌رجێک بۆ گێرانه‌وه‌ی باری ئاسایی خۆی ده‌زانێ! حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن نابێ له‌و ئامانجه‌ ستراتیجییه‌دا هاوکاری ده‌سه‌ڵات بن و پشت له‌ خۆپیشانده‌ران بکه‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە