کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیناریۆی شەهیدکردنی سه‌رده‌شت عوسمان

Saturday, 04/05/2013, 12:00


من لێره‌دا رووداوەکان و بەلگەکان وه‌ک خۆیان و وه‌ک له‌ نووسینه‌کانی سه‌رده‌شت و دوایی له‌ راپۆرتی رۆژنامه‌کاندا هاتووه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌. ئەم بەڵگانە بە روونی دەری دەخەن کە سەردەشت بەهۆی نووسینەکانییەوە مەترسییەکی جددی لە سەر ژیانی دروست بووەو خۆی ئاگاداری ئەو مەترسییە بووەو هەولی داوە کۆلیژەکەی و پۆلیس لە لایەک و کوردستانپۆست لە لایەکی تر لەو مەترسییە ئاگادار بکاتەوە، بەلام رووناکبیرانەو ئازایانەو بەریئانەش بەرامبەر ئەو مەترسییە بۆتەوە کە دەسەلاتی بەربەری کوردی بۆی ئامادە کردبوو.
بەڵگەکان و نووینەکان نەک تەنیا راددەی بەربەرێتی دەسەلاتی کوردی دەردەخا بەلکو بێباکی و خۆفرۆشی و ویژدانفرۆشی ئەو دەزگاو کەسانەش کە کۆیلایەتی مووچەیان قبوڵ کردووە.

1، به‌لگه‌ی یه‌که‌م: 
هۆکاری سەرەکی مەترسیدارکردنی ژیانی سەردەشت پێش شەهید کردنی:
وتاری: من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم، به‌ پێی کوردساتنپۆست ئه‌و وتاره‌ له‌ کوردستانپۆستدا له‌ 13 /12/2009 دا بلاو بۆته‌وه‌.
دوای رۆژی لایان بردووه‌ یان جیگۆڕكییان پێکردووه‌. یه‌که‌م ئاماژه‌ی ئاشکرا که‌ کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان پێوه‌ندی به‌ وتاره‌ به‌هێزه‌کانی دژی ده‌سه‌لاتی بنه‌ماله‌یی کوردییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز له‌ 6 مایسدا بلاوکرایه‌وه‌. ئه‌و وتاره‌ (سام داگه‌ر) له‌ هه‌ولێره‌وه‌ نووسیوێتی. به‌ ناونیشانی : رۆژنامه‌نووسه‌ فڕیندراوه‌که‌ به‌ مردوویی له‌ موسڵ ده‌دۆزرێته‌وه‌. 
له‌و راپۆرته‌دا ده‌نووسێ: "خێزان و هاورێیانی رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان، ته‌مه‌ن 23 ساڵ، وتیان که‌ ئه‌و له به‌ر وتاره‌ تیژه‌کانی ده‌رباره‌ی دوو حیزبی حاکم و سه‌رکره‌دکانیان به‌ بنه‌ماله‌ی ده‌سه‌لا‌تداریی بارزانیشه‌وه‌ کوژراوه‌. " سام زیاتر ده‌نووسێ: سه‌رده‌شت ئوسمان رۆژنامه‌نووسیکی فریلانس [کارئازاد بوو]، بۆ چه‌ند رۆژنامه‌یه‌ک کاری ده‌کردوو، زۆر جار به‌ ناوی خوازراوه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئینته‌رنیت ده‌ینووسی. وتاری: من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم ، وتارێکی سه‌تایه‌ر [هه‌جو] ه‌ له‌ مانگی دیسه‌مبه‌ر بلاوبۆته‌وه‌، ئه‌م وتاره‌ وا دیاره‌ تابوویه‌کی کۆنه‌خوازیی له‌ که‌لتووری خێله‌کییدا شکاندووه‌ به‌وه‌ی ئیشاره‌ت به‌ ئه‌ندامێکی مێینه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی ده‌کا، له‌و وتاره‌دا عوسمان خه‌یالی ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ چۆن ده‌توانی له‌ پله‌و پایه‌دا به‌رزىێته‌وه‌ له‌ هه‌ژاریی ژیانی رزگاری بێ ئه‌گه‌ر بێت و یه‌کێ له‌ کچه‌کانی بارزانی بخوازێت."

2. به‌لگه‌ی دووه‌م:
1. حه‌فته‌یه‌کی دوای ئه‌و وتاره‌ که‌سێک به‌ناوی ئه‌ڤین عومه‌ر له‌ رۆژی 20 / 12 / 2009 له‌ نووسینێکدا به‌ناونیشانی (وه‌ڵامێك بۆ نوسه‌ره‌ جنێوفرۆشه‌كه‌ی كوردستان پۆست) لە کوردتاننێت دا، هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر سه‌رده‌شت عوسمان و تانه‌ی لێده‌دا که‌ ناوێرێ ناوی ئاشکراو وێنه‌ی خۆی بلاوبکاته‌وه‌. جۆرێک هه‌ڕه‌شه‌ له‌ قسه‌کانیدا هه‌یه‌.
ئه‌ڤین عومه‌ر ده‌نووسێ: [من نه‌ سه‌رۆ زه‌رده‌شت ده‌ناسم و نه‌ ده‌شزانم ناوی خوازراوی كامه‌ به‌ناو نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند دێڕێكی یه‌كه‌می ئه‌م بابه‌ته‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م جۆره‌ رقه‌ له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و هی كامه‌ ئاراسته‌ و لایه‌نه‌، [مەبەستی ئەڤین عومەر ئەوەیە کە گۆڕان هانی سەردەشتی داوە ئەمانە بنووسێ و سەردەشتیش خۆی هەر وا لە مەبەستەکە دەگا ولە وەلامەکەیدا پاکانەی خۆی لە 'نەوشیروانیزم ' دەکا] . به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌ك تۆز جوامێریی و ئازایه‌تی له‌خۆی بدیایه‌ ئه‌وا كاكی نووسه‌ر ده‌یتوانی له‌ژێر ناوو وێنه‌ی خۆیه‌وه‌ قسه‌ بكات نه‌ك به‌م ده‌مامكه‌ ناشیرینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك پاله‌وانانه‌ و به‌م شێوه‌ كۆمیدیایه‌ باس له‌ كچی سه‌رۆكی ئه‌م وڵاته‌ بكات ئه‌بێت جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌شی هه‌بێت رووه‌ ناسكه‌كه‌ی خۆی نیشانمان بدات. 
دڵنیام كه‌ سه‌رۆ زه‌رده‌شت له‌ ژیانی خۆیدا كچی مه‌سعوود بارزانی نه‌بینیوه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت من عاشقی ئه‌وم، كاكی نووسه‌ر ده‌یه‌وێت ببێت به‌ ئاوه‌ڵزاوای نێچیرڤان بارزانی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر لێشی بپرسی گله‌یی له‌م ئازادییه‌ هه‌یه‌. 
من پێموایه‌ رۆژێك دادێت ئه‌م ناوانه‌ بكه‌ونه‌ به‌رده‌ستی خه‌ڵكی و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ریسوا ده‌بن، به‌ڵام ده‌بێت كه‌مێك ئارام بگرین."]
ناوەرۆک و رەوش و ئامانج ی ئەو نووسینە گومانی ئەوە دروست دەکا کە ئەمە کەسێكی سەر بە دەسەلاتی پارتی نووسیبێتیی. کوردستانپۆست یش [بروانە خوارەوە] هەر ئەو گومانەی لێدەکات.

٣. بەڵگەی سێیەم:
. کوردستانپۆست له‌ روونکرنه‌وه‌یه‌کدا
ئه‌م نووسینه‌ی ئه‌ڤین عومه‌ر به‌ که‌تنی پاراستن ده‌زانێ و به‌ هه‌وڵێک بۆ ئاشکراکردن و پێوه‌کردنی سه‌رده‌شت عوسمان و ئه‌م دێڕه‌ی دوایی به‌ تایبه‌تی به‌ کۆدی موخابه‌راتی ده‌زانێ: "ئه‌م دێڕه‌ نووسینێکی ئاسایی نییه، تا نووسه‌ره‌که له‌ خۆڕا فڕێی دابێت‌، به‌ڵکو کۆدێکی موخابه‌راتییه‌، به‌ڵام ئه‌و کاته‌ سه‌رده‌شت عوسمان لێی تێنه‌گه‌یشتبوو." به‌لام نووسینه‌که‌ی ئه‌ڤین عومه‌ر ئه‌وه‌نده‌ راستەوخۆ وساکارو ناشیانه‌یه‌ که‌ له‌ کاری موخابه‌راتی ناچێ گه‌رچی دوور نییه‌ نووسه‌ر یه‌کێک بێ له‌و گه‌نجه ‌نووسه‌رانه‌ی پاراستن په‌روه‌رده‌و پاره‌دارو سه‌رپه‌رشتی و ڕێبه‌ڕیان ده‌کا ته‌نیا بۆ وه‌لامدانه‌وه‌ی نه‌یارانی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی. ئه‌و فه‌ریکه‌ نووسه‌رانه‌ش زیاتر له‌ کوردستاننێتدا به‌ ناوی نهێنی جۆراوجۆره‌وه‌ ده‌ر‌ده‌که‌ون و ون ده‌بن. هه‌رچۆنێ بێ گه‌ر ناوی ئاشکرای ئه‌و نووسه‌ره‌ لای کوردستاننێت هه‌بێ، وه‌ک کوردستانپۆست داوای ده‌کا، ده‌شی وه‌ک شایه‌تێکی كێشه‌که‌ی سه‌رده‌شت قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێ.

٤. به‌ڵگه‌ی چوارەم:
وه‌لامی سه‌رده‌شت بۆ ئه‌ڤین عومه‌ر. سه‌رده‌شت دیاره‌‌ وه‌ک گه‌نجێکی رووناکبیرو دڵپاک و باوه‌ر به‌خۆ بوو، بۆ ده‌رخستنی ئه‌وه‌ی که‌ کوفرو تاوانی نه‌کردووه‌ باسی عیشق و خوازبێنی کچی سه‌رۆکی کردووه، وتارێکی تر له‌ وه‌لامی ئه‌ڤین عومه‌ر دا ده‌نووسێ و کوردستاننێت بلاوی ده‌کاته‌وه‌ به‌ ناوی "نە سەرۆك خوایە نە كچەكەى". 2010-01-02لە
له‌و نووسینه‌دا، وه‌ک دڵپاکیی و بێگوناهیی و بێباکییه‌ک له‌ هه‌مان کاتدا که‌ هیچ تاوانێکی نه‌کردووه‌، دووباره‌ نووسینه‌که‌ی یه‌که‌میشی' من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم' له‌گه‌ل وێنه‌ی خۆی بلاو ده‌کاته‌وه‌و بێمنه‌تی خۆشی له‌و که‌سانه‌ ده‌رده‌بڕێ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنیان لێکردووه‌. به‌ پێی کوردستانپۆست دوایی کوردستاننێت وتاره‌که‌و وێنه‌که‌ لا ده‌با. به‌لام [تا نووسینی ئەم وتارە ٢٠١١] وتاره‌که‌ هێشتا له‌ کوردستاننێت ماوه‌. 
ئه‌و نووسینه‌ گرنگه‌ زۆر گرنگە چونکە:
1. سه‌رده‌شت ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کا که‌ دوابه‌دوای نووسینه‌که‌ی یه‌که‌می، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ نووسین وه‌لامی بدرێته‌وه‌و دایه‌لۆگی له‌گه‌ڵ بکرێ به‌ هه‌ره‌شه‌ و جوێن وه‌لامیان داوه‌ته‌وه‌و به‌وه‌ دڵخۆشه‌ که‌ هه‌ر نه‌بی که‌سێک به‌ ناوی کچێکه‌وه‌ وشه‌و دایه‌لۆگی به‌کارهێناوه‌ نه‌ک جوێن وهه‌ڕه‌شه‌ و ناوی هێناوه‌. سه‌رده‌شت ده‌نووسێ: 
[لەبەر ئەوەى زۆرێك لەم ئیمەیلانەى بۆم هاتبوو هەڕەشەیان دەكرد و داواى وێنە و ناسنامەیان دەكرد وەك ئەوەى شوفێرێك بم و لە ترافیكى سوورم دابێت، منیش وێنەى خۆم بۆ هەموو ئەو برادەرانە نارد، كە دەبێت چ كارێكیان بە وێنەك هه‌بێت؟ بەڵام ئەم نووسینە تەنیا بۆ وەڵامى یەكێكیانە، كە بوێرى ئەوەى تیادا بوو بەناوى كچێكەوە لە سەرم بنووسێت، سەرەڕاى هەموو شتێك من دەستخۆشى لێدەكەم كە جورئەتى ئەوەى تیابووە وەڵامم بداتەوە، بەڵام تكا دەكەم ئەگەر ئەمجارە ویستى وەڵامم باتەوە با وەك گەنجێكى ئەم وڵاتە بمناسێنێت و نەمخاتە چوارچێوەى نەوشیروانیزمەوە، راستە من دەنگم بۆى داوە لە كاتى هەڵبژاردنەكاندا، زۆر بە جدى پاڵپشتى ئەو بووم و دەنگم لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان بۆ كۆدەكردەوە، بەڵام ئەمانە هەمووى لە چوارچێوەى مەبادئێكەوە بوو كە پێموابوو "شەیتان بە قوتابییەكانى شەیتان بگۆڕینەوە بۆ ئێمه‌ قازانجە"]. 
لیره‌دا سه‌رده‌شت سێ شت ده‌رده‌خا: هه‌ڕه‌شه‌ی زۆری لیکراوه‌ و دووه‌م وێنه‌که‌ی خۆی بۆ زۆر که‌س ناردووه‌. و سێیەم خۆی لە نەوشیروانیزم دووردەخاتەوە. که‌واته‌ له‌ له‌حزه‌ی ئه‌و نووسینه‌وه‌ یا پێشتر سه‌رده‌شت نه‌ناسراو نه‌بووه‌ لای ئه‌وانه‌ی هه‌ره‌شه‌یان لێکردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌تی نووسینه‌که‌ی بنه‌ماله‌ی بارزانی یه‌، دیاره‌ شتێکی لۆجیکییه‌ که‌ بڵێین ئه‌وانه‌ی هه‌ڕەشه‌یان لێکردووه‌ یان پاراستن بوون یان پارتی یان که‌سی ئاسایی هاوسۆزی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی یان سه‌رۆکایه‌تی بارزانی بوون.
بۆ ئه‌وه‌ی نیشانی بدا که‌ ئه‌و جنێوفڕۆش نییە ‌و ئه‌وه‌ی نووسیوێتی بابه‌تێکی ره‌خنه‌یی جددییه‌ یه‌ به‌ زمانێکی کۆمیدی - تراژیدی نووسیوێتی بۆ نیشاندانی ئازاره‌کانی مرۆڤی ولاته‌که‌ی هه‌ر وه‌ک چۆن چارلی چاپلن که‌ به‌ کۆمیدیا ئازارێک نیشانی دنیا ده‌دات.، سه‌رده‌شت، ده‌ناسنه‌وه‌ ده‌قی وتاره‌که‌ی یه‌که‌می بلاو ده‌کاته‌وه‌. روونکرده‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه‌: "
" ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ڵامێكه‌ بۆ یه‌كێك له‌م نووسینانه‌ی له‌ كوردستان نێت ئه‌ڤین ناوێك نووسیبووی له‌ژێر ناوی وه‌ڵامێک بۆ نووسه‌ره‌ جنێوفرۆشه‌كه‌ی كوردستانپۆست. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ نووسینه‌کەم ته‌نیا چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌م له‌سه‌ر رووپه‌ڕی ئه‌م سایته‌ مابوویه‌وه‌ و لادرابوو، جگه‌ له‌وه‌ش بۆئه‌وه‌ی زیاتر خه‌ڵك له‌وه‌ بگات كه‌من كوڕی جنێودان نیم مافی خۆمه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌م نووسینه‌م هاوشانی ئه‌م وه‌ڵامه‌ بڵاو بكه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌خواره‌وه‌ ده‌یبینن. "
دیاره‌ له‌م نووسینه‌دا سه‌رده‌شت پێی سه‌یره‌ که‌ له‌ سه‌ر نووسینێک به‌ له‌ به‌رئه‌وه‌ی باسی 'جامانه‌سووری' تێدایه‌ ئاوا هه‌ڕەشه‌و گوڕه‌شه‌ی ڵیده‌کرێ. به‌لام بێمنه‌تی خۆی ده‌رده‌بڕێ و ده‌نووسێ: 
"لەبەر ئەوەى تۆش وەكوو هەموویان داواى ئەوەت كردبوو كە لەژێرناوى خۆم و وێنەى خۆمدا بنووسم، پێمخۆشبوو وێنەیەكت بۆ بنێرم بەڵام تۆ خۆت ئیمەیلەكەت لەژێر وەڵامەكەت نەناردبوو بۆیە بمبوورە ئەمە سوچى من نەبوو، لە ئێستاوە من وەك كوڕێكى بێ موبالاتى شەقامەكانى هەولێر ببینە، كە یاخییە لەم هەموو بت و پەیكەرانەى سوڵتەى ئەم وڵاتە، وەكوو ئیبراهیم چاوەڕوانى دەرفەتێكین تا هەموویان خاپووربكەین." ئیمه‌یله‌که‌ی خۆشی ده‌نێڕێ که‌ بریتییه‌ له‌:
گومانی نییه‌ ئه‌م وه‌لام و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رده‌شت،هه‌ره‌شه‌که‌رانی، هه‌ر که‌سێ بوو بن، زیاتر هان داوە بۆیه‌ وه‌ک له‌ به‌لگه‌ی داهاتوو دا ده‌یبینین ئه‌م جاره‌ زه‌نگی مه‌رگی بۆ لێده‌ده‌ن.دیسان بە ئاشکرا کردنی ناوو وێنەکەی، خۆی خستۆتە مەترسی جدییەوەو ئاشکراکردنی ئیمەیلەکەشی وای کردووە بتوانرێ ئیمەیلەکەی هاک بکرێ و بدزرێ. 

٥. بەڵگەی پێنجەم:
لە نووسینێکی دا بە ناوی [دوا نامه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان: نەک کوردستان بەڵکو هەولێریشیان بۆ جێ ناهێڵم] لە رۆژی ٢/٦/ ٢٠١٠ ، کاک مستەفای حەسەنە گەورە پێوەندییەکانی لەگەڵ سەردەشت بە ئالوگۆری ئیمەیل، کە کاک کەمال روونکردنەوەی لەسەردابوو، ئاشکرا دەکات. ئەو نووسینەی کاک مستەفا روونی دەکاتەوە کە هەڕەشەی سەر سەردەشت زیاترو چر تر بوون و ترساوە لە کاتی گەرانەوەشیدا بۆ ئیمه‌یلەوە پەلاماری بدرێت. ئەو ئیمەیلەی کە کاک مستەفا ئاڵوگۆڕی پێ لەگەڵ کردووە هەر ئەو ئیمەیلەیە کە سەردەشت خۆی لە وەلامی ئەڤین ئاشکرای کردووە . کاک مستەفا ئاوا باسی پێوەندییە ئیمەیلییەکەنی لەگەڵ سەردەست دا دەکات:
[سەردەشت گیان له‌ بیرت دێت کاتێ یەکەم نامەی دەستخۆشیم بۆ ناردی، کات ١٢ و١٨ دەقیقەی نیوەڕۆ بوو بەکاتی دانیمارک، من و کاک کەمال لەسەر بابەتەکانی کوردستانپۆست،گفتۆگۆمان دەکرد.. بابەتی دووەمت بەناوی نەسەرۆک خوایەو نە کچەکەی. ئیتر زەنگی مردنت لێدرا.
من یەکەم نامەی دەستخۆشیم ڕاستەوخۆ بۆ ناردی، کە ئەمە وێنەی نامەکەی ئەوسام بوو
dast xosy‏
Fra: mustafa ahmad ([email protected]
Sendt: 3. januar 2010 12:18:14

ده‌ست خۆش بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ و بوێرییه‌ت
بابه‌ته‌كه‌ت له‌ خواره‌وه‌ی كوردستانپۆست بوو، به‌ڵام له‌و كاته‌دا له‌گه‌ڵ نووسه‌رێکی تری کوردستانپۆست و كاك كه‌مالدا قسه‌مان ده‌كرد. ئه‌و براده‌ره‌ نووسه‌ره‌ وتی ئه‌م بابه‌ته‌ بابچێته‌ سه‌روه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ گرنگی پێ بدریت.
به‌هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنت
ده‌بێت بته‌كانی سه‌ری ڕه‌ش تێك بشكێننرێن
مسته‌فای حه‌سه‌نه‌ گه‌وره
دوای ئەوە وا دیارە تا چەند رۆژ پێش شەهیدبوونی بە مێسنجەر و بە ئیمەیل پێوەندی لە نێوان سەردەشت و مستەفای حەسەنە گەورە بەردەوام بو بێت. دیارەهیچ لایەکیان حیسابیان بۆ ئەوە نەکردووە کە دوای ئاشکراکردنی ئیمەیلەکەی لەوانەیە لە لایەن پاراستن ەوە هاک کرابێت. کاک مستەفا بەردەوامی پێوەندییەکانی و زیادبوونی هەڕەشەی مەرگ لەسەر سەردەشت عوسمان بەم جۆرە باس دەکات:
[ئێوارە درەنگانێک کە گەیشتمە لای کۆمپیتەرەکەم وەک هەمیشە بەڕێزەوە سڵاوت لێکردم و پرسیت ئاخۆ کاتم هەیە، ووتم لە سەفەرم سەرۆ گیان بەڵام فەرموو باقسە بکەین ووتت نا کە گەڕایتەوە قسە دەکەین.
ووتم هیچی تازە هەیە ووتت کە گەڕایتەوە بۆت باس دەکەم
ماڵئاوایت خواست لەسەر هێڵ نەمای
دوای چەند ڕۆژێک دیسان بەسڵاوێک دەستت پێکرد و پرسیت کە گەڕاومەوە..
لەترسی ئەوەی وەک دواجار نەڕۆیت ووتم بەڵی ئەمڕۆ گەڕامەوە، ڕاستیەکەی من لە ڕۆژ تیڤی بووم..لە برۆکسل
ووتم فەرموو سەرۆگیان چی هەیە
ووتت هەر مەسەلە کۆنەکەیە، ئەو برادەرانەی سەری ڕەش وازم لێ ناهێنن
ووتم چی تازە هەیە ، ووتت ئەوان بەردەوامن لەسەر موراقەبە کردنم هەست دەکەم لە ئان و ساتدا پەلامارم دەدەن، بەتایبەت سەر لە ئێواران کە دەگەڕیمەوە بۆ ماڵەوە
ووتم سەرۆ گیان چیت بۆ بکەم، دەوه‌رە بۆ دەرەوەی وڵات، من بەهەموو شتێک لە خزمەتدام.
ووتت دەزانم زۆر سوپاس بەڵام من نەک کوردستان بەڵکو هەولێریشیان بۆ جێ ناهێڵم.. ئەوشەڕەم درێژەی دەبێت.
دەباشە گیانەکەم ئاگات لەخۆت بێت..
قسە دەکەینەوە.
ڕۆژی یەکی ئایار واتە سێ ڕۆژ پێش فڕاندکەی.
هاتیتەوە سەر هێڵی مەسنجەر دوای سڵاو
ووتت هەواڵێکم ناردووە لەسەر پاراسنتێکی عەینکاوە، بەڵام لە کوردستانپۆست دانەبەزیوە
وتم هەر ئێستا سەیری دەکەم.
ئیمەیلەکەم کردەوە، ناردم بۆ کوردستانپۆست، تێبینی ئەوەم نووسی کە تکایەم ئەم بابەتە به‌ زووترین کات دابەزێنن.
ئەوکەسەی ئەو بابەتەی ناردوە من دەیناسم..
دوای کەمێک بابەتەکە دابەزی و ئەمە دوا نووسین و دوا په‌یوه‌ندیی من و تۆ بوو، بەڵام لێره‌وه‌ منیش په‌یمان ده‌ده‌م، که‌ ئەوە دوا نووسینم نابێت بۆ تۆ]]

٦. بەڵگەی شەشەم:
بەرێوەبەری کوردساتنپۆست [کاک کەمال جەمال موختار] لە رۆژی ٩/٥/٢٠١٢ دا ئەم روونکردنەوەیەی دەربارەی پێوەندییەکانی نێوان سەردەشت عوسمان و کوردستانپۆست بلاوکردەوە:
ئەو ئێوارەیەی، کەسوکاری سەردەشت عوسمان ئاگادارکرایەوە، کە تەرمی کوڕەکەیان لە نزیک مەڵبەندی یەکێتیی لە موسڵ فڕێدراوە، بەیانییەکەی ٦/ ٥ / ٢٠١٠ کەسوکارەکەی چوون و هێنایەوە، دوای کاتژمێر ٩ی بەیانیی، مستەفای حەسەنە گەورە، پەیوەندیی پێوەکردم وتی: دەمەوێت هەندێک زانیاری لە سەر سەردەشت عوسمان باسبکەم، چونکە پەیامنێری خۆمان بووە، یەکێک بوو لەوانەی کە پێشتر بۆم باسکردبوویت و ناوم نەهێنابوو، تەنها پەیوەندیی بە خۆمەوە هەبوو، (تێبینی: کوردستانپۆست، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ەوە، پاش کۆمەڵێک کێشە و وازهێنان و گەڕانەوەی چەند نووسەرێک بۆ لای دەسەڵات، شێوازی کارکردن و تاکتیکی خۆی گۆڕی، لەوانە شیوازی پەیوەندییکردن بوو بە نووسەر و پەیامنیرەکانی کوردستان، تا زانیارییەکان لای تاکە کەسێک کۆنەبێتەوە، هەر کەسە بەشێک لە زانیارییەکان لای پاریزراو بێت و ئەوانی دیکە بەوە نەزانن، ئەمە ئاسایی بوو، کە من لەو پەیوەندییەی نێوان سەردەشت و مستەفا ئاگادار نەبم). ئەمەش گرنگە چونکە شەهیدکردنی سۆران مامەحەمەش وەک باس کرا پێوەندییەکی بە پێوەندییەکانی لەگەڵ کوردستانپۆست هەبوو.

٧. به‌ڵگه‌ی حەوتەم : 
وتاری یه‌که‌مین زه‌نگی کوشتنم ڵییدا. زۆر شت روون ده‌کاته‌وه‌:
[[نازانم ئه‌بێت له‌م سه‌ر زه‌مینه‌ وڵاتێك هه‌بێت كه‌ خوێنكارێكی زانكۆی هه‌ڕه‌شه‌ی كووشتنی بكرێت و زانكۆش بێموبالاتانه‌ به‌دیار ریسوایی خۆیه‌وه‌ دابنیشێت؟ ئه‌بووا راگره‌كه‌م كه‌یسی من بكات به‌ كه‌یسی خۆی یان خوودی زانكۆ، چونكه‌ من له‌ ئێستادا به‌شێكم له‌م زانكۆیه]]‌
له‌ - 2010-01-20 لە کوردستاننێت دا بلاکراوەتەوە. لەگەڵ ئەم وتارە هەم وێنەکەی سەردەشت بلاکراوەتەوە هەم دووبارە لە کۆتایی وتارەکەدا ئیمەیلەکەی بلا کراوەتەوە: ئاوا اده‌ستپێده‌کا: 
له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا بۆ یه‌كه‌مین جار پێیان گوتم كه‌ ته‌مه‌نت چه‌ندی ماوه‌، یان به‌ گوته‌ی خۆیان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌دانم له‌م شاره‌دا نه‌ماوه‌، به‌ڵام نه‌ باكم به‌ مردنه‌ و نه‌ ئازاردان، له‌ چاوه‌ڕوانی كۆتاییهاتنی مۆڵه‌ته‌كه‌مم تا دیداری بكوژه‌كانی خۆم بكه‌م، دوعاش ده‌كه‌م مردنێكی تراژیدیام پێببه‌خشن كه‌ شایسته‌ی ژیانه‌ تراژیدیاكه‌م بێت. بۆیه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌كه‌م تابزانن گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ چ هۆلیسۆسێكن و مردن ساده‌ترین هه‌ڵبژاردنیانه‌، بۆئه‌وه‌ی تێبگه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌ترسێنێت به‌رده‌وامی ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو نه‌ك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبه‌ختی برا بچوكه‌كانمه‌ نه‌ك خۆم، زۆر به‌ ساده‌ییش تاكه‌ هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا زۆرشت ماون قسه‌یان له‌سه‌ربكه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان بهێڵین. به‌دبه‌ختی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باكی به‌ مردنی نه‌وه‌كانی خۆی نییه‌،]
لەم نووسیەندا سەردەست بە روونی و بێپەردە دەری دەخا کە مەترسی لە سەر ژیانی هەیە و راگری کولێژەکەی ئاگادار کردۆتەوە گوێیان نەداوەتێ. بەراستی ئەو هەلوێستە جوانمەردانەی سەردەشت دەری دەخا کە لە ژێر دەسەلاتی بەربەری بێ دەستوورو یاساو باک بە ژیانی خەلک، هەموو دەزگاکانی دەسەلات هاوکارێکی دزێوو تاوانباری بەربەرییەتی ئەو دەسەلاتەن: سەردەشت بەردەوام دەبێ و دەنووسێ: 
دوێنی راگری كۆڵێژه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ شه‌وی رابردوو ئیهانه‌و ته‌هدیدی كوشتنیان كردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه‌ كێشه‌ی پۆلیسه‌، نازانم ئه‌بێت له‌م سه‌ر زه‌مینه‌ وڵاتێك هه‌بێت كه‌ خوێنكارێكی زانكۆی هه‌ڕه‌شه‌ی كووشتنی بكرێت و زانكۆش بێموبالاتانه‌ به‌دیار ریسوایی خۆیه‌وه‌ دابنیشێت؟ ئه‌بووا راگره‌كه‌م كه‌یسی من بكات به‌ كه‌یسی خۆی یان خوودی زانكۆ، چونكه‌ من له‌ ئێستادا به‌شێكم له‌م زانكۆیه‌. به‌ڵام هه‌رگیز تووشی شۆك نه‌بووم، چونكه‌ ده‌مێكه‌ ده‌زانم كه‌ زانكۆی ئه‌م وڵاته‌ ماڵی ئاسووده‌یی ئێمه‌نین. دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به‌ عمید عه‌بدولخاڵقی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ كرد پێمیگووت" له‌وانه‌یه‌ ئه‌م ژماره‌ی مۆباییله‌ هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت یان كێشه‌یه‌كی شه‌خسی بێت، له‌وانه‌یه‌ چه‌ند جارێكیدیكه‌ش دووباره‌بێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ولێر ئارامه‌ و شتی ئاوای لێڕوونادات"، به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی گاڵته‌ ئامێزه‌وه‌ خه‌یاڵم كرد به‌ قسه‌ی جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ر بێت له‌وانه‌یه‌ ساركۆزی بێت ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی كردبێت، ئاخر من چۆن له‌ گیانی خۆم دڵنیا بم كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ هاوڕێیه‌كم له‌سه‌ر چه‌ند نووسینێكه‌وه‌ درایه‌ به‌ر شه‌ق و ناچاربوو ئه‌م شاره‌ جێبێڵێت؟ هه‌رچیبێت من له‌م شاره‌ ناڕۆم و له‌ چاوه‌ڕوانی دیداری مردنی خۆم داده‌نیشم. ئه‌زانم ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین زه‌نگی مردنی خۆمه‌ كه‌ له‌كۆتاییدا ده‌بێت به‌ زه‌نگی بۆ گه‌نجه‌كانی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌، به‌ڵا ئیدی ئه‌مجاره‌ نه‌ سكاڵا تۆمار ده‌كه‌م و نه‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌نگاوێكه‌ ناومه‌ و ئازاره‌كه‌شی خۆم ئه‌یگرمه‌ ئه‌ستۆ، ئیدی بۆ من له‌ داهاتوودا هه‌ر وشه‌یه‌ك كه‌ئه‌ینووسم وابیرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ دواهه‌مین وشه‌بێت له‌ ژیانم، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م هێنده‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح راستگۆبم له‌ گوته‌كانما، خۆشحاڵیشم كه‌ هه‌میشه‌ شتێكم هه‌یه‌ بۆ گوتن كه‌سانێك نایانه‌وێت بیبیستن، به‌ڵا هه‌ركاتێك ئێمه‌ به‌ چرپه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین ئه‌وا ئه‌وان گوێچكه‌كانیان نائارام ده‌بن. تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ماوین ئه‌بێت قسه‌بكه‌ین، له‌وشوێنه‌ش كه‌ ته‌مه‌نمان كۆتاییهات با هاوڕێكه‌م خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته‌ سه‌ر دێڕێكی نوی و سور له‌نوی ده‌ستپێبكاته‌وه‌. 

٨. به‌ڵگه‌ی هەشتتەم ـ:
دوا وتاری بلاوکرا‌وه‌ی له‌ کوردستاننێت و کوردساتنپۆستدا: یه‌ به‌ ناوی هه‌موو راكه‌ن شکوور ئازادییمان بۆ هات له‌ 29/ 1دا بلاو کراوه‌ته‌وه‌

٩. به‌لگه‌ی نۆیەم:
لێکۆلینه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ل خێلان به‌ختیار له‌ سه‌ر کۆسره‌ت ره‌سول و پاشه‌رۆژی: زۆر قوول و بابەتییه‌ به‌ راست کاری رۆژنامه‌نووسێکی شاره‌زاو به‌دوواداچووه‌. له‌ 3 مایسدا بلاوبۆته‌وه‌ باسی تیکشکانی کۆسره‌ت و نه‌مانی چاره‌ له‌ به‌رده‌میدا به‌وه‌ نه‌بی کە شاڵاوی کوڕی بهێنێته‌وه‌و بگه‌یه‌نێته‌ سه‌رۆکایه‌تی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وه‌دا به‌ دوای نمونه‌ی تاله‌بانی و بارزانی که‌ وتوه‌ که‌ قوباد و مه‌سروریان ناردۆته‌ ئه‌مریکاو به‌ هۆی پێوه‌ندی به‌ ئه‌مریکانیه‌کانه‌وه‌ ئاماده‌یان کردوون بۆ سیاسه‌ت و سه‌رکرادیه‌تی.
دوای ئه‌وه‌ هیچ لە سەردەشتەوە نابیسین. له‌ به‌ رئه‌وه‌ی وتاره‌که‌ی ده‌رباره‌ی کاک کۆسره‌ت زۆر به‌ هێزو راشکاوانەیە ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تی لێوه‌رگیرابێ تا ئه‌وسا تێرۆر بکرێ تا بە سەر کاک کۆسره‌تدا بێت و دیارە لە سەرەتاوە ئەم گومانەش دروست بوو. 

١٠. بەڵگەی دەیەم: هەواڵی کوشتنه‌که‌ی: 
[ئەم راپۆرتە هی یەکێک لە رۆژنامەکانە هاولاتی یان ئاوێنە، بەلام بە داخەوە ئاماژەکەی نەماوە و دڵنیا نیم هی کامیانە وخۆ ئەو رۆژنامانەش لەگەڵ ئەم هەموو پێشکەوتن و ئاسانکارییەی تەکنۆلۆجی گەڕان دا ئەرشێفیان نییە هیچی لێ نادۆزرێتەوە،]
رۆژی‌ 4/5/2010 : كاتژمێر 8.15 .. له‌ كاتێكدا سەردەشت عوسمان له‌ ئۆتۆمبێل هاتۆته‌ خواره‌وه‌‌و ویستویه‌تی‌ بچێته‌ ناو کولێژی هونەرە جوانەکان ئوتۆمبێلێکی جۆری هۆندا رێی پێدەگڕێ و چوار کەس بە جلی مەدەنی لە بەر چاوی پۆلیسی پرسگەی کولێژی هونەرە جوانەکان بەرامبەر کولێژی زمان پەلاماری دەدەن دوای ڵیدان محازەرەکانی فڕی دەدەن و سواری ئوتۆمبێلی دەکەن و دەیبەن. 
پاش ئه‌م رووداوه‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆلێژی‌ زمان‌و سه‌رۆكی بەشی ئینگلیزی ئاگاداردەکرێنەوە، بەلام بە دروستی نازانرێ ئەوکەسە کێیە رفێنراوە؟ دوای سەیرکردنی تۆماری ئامادەبوونی قوتابیان و تەلەفونکردن لەلایەن قوتابیانەوە دەردەکەوێ کە سەردەشتە، ‌پاشان ده‌ستبه‌جێ خانه‌واده‌كه‌ی‌ ئاگادارده‌كرێته‌وه‌‌و ئەوانیش ده‌ستبه‌جێ پۆلیس له‌و كاره‌ ئاگادارده‌كه‌نه‌وە. دوای سۆراغێکی زۆری خانەوادەکەی، 48 كاتژمێر له‌ دوای‌ رفاندنی‌، له‌ به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی ٥/٦ لە گەڕەکی مەعەسکەری شاری موسڵ تەرمەکەی دەدۆزرێتەوەو رەوانەی پەیمانگای پزیشکی داوەری ئەو شارە دەکرێت و پاشان دەهێنرێتەوە بۆ هەولێر. 
دوای‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی‌ زۆری‌ قوتابیان‌و كه‌س‌وكار‌و رۆژنامه‌نووسان‌و ئەندامانی پەرلەمان، له‌ به‌رده‌م كۆلێژی‌ زمانی‌ زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دین به‌ره‌‌و گۆرستانی‌ شاری‌ هه‌ولێر به‌ڕێده‌كرێت.
هه‌رچه‌ند رۆژی‌ 5/5/2010 قوتابیانی‌ كۆلێژی‌ زمان رێپێوانیان ئه‌نجامدا‌و داوی‌ ئازادكردنی‌ رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمانیان ده‌كرد، به‌لاَم ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ولێر هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌دا، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت، عه‌مید عبدالخاق ته‌ڵعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلسی‌ هه‌ولێر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد، كه‌ نازانین له‌ لایه‌ن كێوه‌ رفێندراوه‌.
پاش كوشتی‌ سه‌رده‌شت‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پولیسی‌ هه‌ولێر ‌وتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌‌و تاوه‌كو ئێستا، نه‌زانراوه‌ كێ‌ له‌ پشت ئه‌و كوشتنه‌وه‌یه‌

١١. بەڵگەی یازدەیەم: راپۆرتێکی تر:
هاوڵاتی ‌ورده‌كاریی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان بلاَوده‌كاته‌وه‌ 
12/5/2010 
سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی‌ 
به‌ پێی‌ ‌وته‌ی‌ به‌شدار عوسمانی‌ برای‌، كه‌ ئه‌ویش رۆژنامه‌نووسه‌، پێیوایه‌ شه‌رمه‌زارییه‌ له‌ له‌ ناو حه‌ره‌می‌ زانكۆ له‌به‌رده‌م پۆلیس‌و كارمه‌ندانی‌ پرسگه‌، گه‌نجێك ده‌ڕفێندرێت، ئه‌و ده‌سه‌لاَت تۆمه‌تبار ده‌كات‌و ده‌ڵێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌رده‌شت ‌وه‌كو رۆژنامه‌نووس كاری‌ كردووه‌، پێشتریش هه‌ره‌شه‌ی‌ لێكراوه‌، كه‌ واز له‌ پیشه‌كه‌ی‌ بهێنێ، كه‌واته‌ ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ به‌و كاره‌ هه‌ستاون، گومان ده‌كرێت كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌لاَته‌وه‌ راسپێردرابن.
به‌كر عوسمان برا گه‌وره‌ی‌ به‌شدار، ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ سه‌رده‌شت له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكراوه‌، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی‌ كاركردنی‌ ‌وه‌ك رۆژنامه‌نووس، چه‌ندین بابه‌تی‌ ره‌خنه‌یی‌ كوردی‌ له‌ زمانی‌ كوردییه‌وه‌، بۆ چه‌ند سایتێكی‌ ئینگلیزی‌ ‌وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی‌ ئینگلیزی‌، ئه‌وان پێیانوابووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ ئیجابیی نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌زموونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
ناوبراو زیاتر ده‌ڵێت تاوه‌كو ئێستا ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌باره‌ی‌ كوشتنه‌كه‌وه‌ هیچ شتێكیان پێنه‌وتین، به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ سه‌یره‌ لای‌ خانه‌واده‌كه‌مان، ئه‌و ‌وه‌سییه‌ت نامه‌یه‌یه‌، كه‌ به‌ر له‌ چوار مانگ پێش كوشتنی‌ نووسیویه‌تی‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌، له‌ هه‌ڕه‌شه‌ لێكردنی‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.
محمد سدیق، كه‌ هاوڕێیه‌كی‌ نزیكی‌ سه‌رده‌-شت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ ئه‌و زۆر له‌گه‌ڵ سه‌رده‌شت بووه‌ ‌و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ كاره‌كانییه‌تی‌، چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكراوه‌، به‌لاَم سه‌رده‌شت گوێی‌ پێنه‌داوه‌‌و دواین جاریش ئه‌ولای‌ من، ‌وتی‌ وازم له‌كاری‌ ‌وه‌رگێڕان هێناوه‌ له‌ ترسان.
محمد ‌وتیشی‌ سه‌رده‌شت، له‌ كۆلێژ قوتابییه‌كی‌ هێمن بووه‌‌و كێشه‌ی‌ شه‌خسی‌ به‌ دوورو نزیك له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س نه‌بووه‌‌و ته‌نها جگه‌ له‌وه‌ی‌ قوتابی‌ بووه‌، له‌ هه‌مانكاتدا كاری‌ رۆژنامه‌نووسیشی‌ كردووه‌.
سه‌رده‌شت عوسمان، سه‌ره‌تای‌ كاری‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ ئاشتی‌ نامه‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌‌و پاشانیش له‌ هه‌ریه‌ك له‌ گۆڤاره‌كانی‌ ساماڵ پۆست‌و پاشانیش له‌ چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كی‌ تر كوردی‌ كاری‌ ‌وه‌رگێڕانی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كردووه‌، سه‌ره‌كترین كاریشی‌، بریتیی‌ بوو له‌‌وه‌رگێڕانی‌ بابه‌تی‌ ره‌خنه‌ی‌ كوردی‌ بۆ چه‌ند رۆژنامه‌‌و سایتێكی‌ ئینگلیزی‌، له‌وانه‌ فۆكه‌س نویوز..
پاش رفاندن و كوشتنی‌ سەردەشت، شه‌قامی كوردی له‌سه‌ر تیرۆركردنی‌ جوڵاو، له‌ژێر فشاری‌ جه‌ماوه‌ریدا‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لیژنه‌یه‌كی‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌یسی ناوبارو پێكهێنا، به‌ڵام‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه‌ نه‌ناسراوبوون.
له‌ راگه‌یه‌نراوی لیژنه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ كه‌سێكی سه‌ر به‌ گروپی‌ (انسار الاسلام) به‌ناوی‌ (هشام محمود اسماعیل) ته‌مه‌ن (28) ساڵ به‌ره‌گه‌ز كورده‌و دانیشتووی‌ شاری‌(موسل)ه‌، ده‌ستی‌ هه‌بووه‌ له‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسماندا.
به‌ پێی راگه‌یه‌نراوی لیژنه‌كه‌؛ هۆكاری‌ كوشتنی‌ (سه‌رده‌شت عوسمان حه‌سه‌ن) بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌لێنی‌ به‌ ئه‌نسارولیسلام داوه‌ هاوكارییان بكات، به‌ڵام كاره‌كانی‌ بۆیان ئه‌نجام نه‌داوه‌، بۆیه‌ كوشتوویانه‌".
له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ورده‌كاریی كوشتنه‌كه‌ی‌ بلاونه‌كرایه‌وه‌و هیچ ئاماژه‌یه‌كیش به‌وه‌ نه‌كرا‌، كه‌ سه‌رده‌شت عوسمان رۆژنامه‌نووس بووه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ نه‌كراو كه‌ چۆن رفێنراوه‌و چۆن به‌ بازگه‌كاندا تێپه‌ڕێنراوه

بەڵگەی دوازدەیەم: 
لە چاوپێکەوتنێکی ک لە ٣٠ نیسانی ئەمسالدا لەگەڵ گۆڤا ری لڤین برایەکی سەردەشت عوسمان کە خۆی لە کاتی رفاندنی سەردەستدا مولازیمی ئاسایش بووە، هەلومەرجی فراندنەکەو کەتنی دەسەلاتی پارتی بە ئاشکرایی دەردەخات:‌.
یەکێک لە براکانی: بكوژی‌ سەردەشت عوسمان ئاشكرا بوو
, , , | 30. نیسان 2013 11:12
________________________________________

هاوڵاتی‌
یەکێک لە براکانی، رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان رایده‌گه‌یه‌نێت لای‌ ئێمە بکوژی سەردەشت رون و ئاشکرایە و بە تەواوی بۆمان رونبوەتەوه‌.
هەژار عوسمان، برای رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان چۆنیه‌تی‌ گرتن‌و فراندنی‌ براكه‌ی‌ بۆ گۆڤاری (لڤین) ئاشكراده‌كات‌و له‌به‌شێكیدا ده‌ڵێت پاش پێنج خولەک لە رفاندنی براکەم گەشتمە شوێنی روداوەکە، ئەوانەشی لە بەشی بەڵگە و تاوان کاردەکەن دەزانن ئەگەر زو بگەیتە شوێنی روداوێک چەند سەرەداوی گرنگت دەستدەکەوێت.
براکەی سەردەشت وتیشی‌ كاتێك گەیشتمه‌ شوێنی روداوەکە بە پۆلیسەکانی کۆلێژەکەم وت چۆن بەرگری لە خوێندکارێک ناکەن کە رفێندراوە، بەڵام ئەوان وتویان رێگەیان پێنەدراوە نزیک بکەنەوە، ناوبراو تەئکیدیشدەکاتەوە، سەردەشت بە شێوەی بازنەیی رفێندراوە، واتە بازنەیەک رفاندنەکەی ئەنجامداوە و بازنەیەکی تریش پارێزگارییان کردوە.
رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، کە مانگی ئایاری ٢٠١٠ لە بەردەم کۆلێژەکەی خۆیدا لە هەولێر رفێندرا، دوای‌ چه‌ند رۆژێك ته‌رمه‌كه‌ی‌ به‌كوژراوی‌ له‌موسڵ دۆزرایه‌وه‌.
هەژار له‌كاتی‌ فراندنی‌ سه‌رده‌شتی‌ برایدا مولازمی یەکەمی ئاسایش بوە لە هەولێرو هەموو سەرەداوەکانی دەستکەوتوە و ئاماژە بەوەشدەدات، کە لایەنێکی سیاسی بە هەڕەشە و بەرتیل هەوڵیانداوە رازییان بکەن، تاوانەکە بخەنە سەر کەسایەتییەکی سیاسی حزیبێکی تر و لە بەرامبەر ئەوەدا هەموو پشتگیرییەکیان دەکەن.
هەژار کە ئەوکات بەرپرسی کارگێڕی بازنەکانی هەولێریش بوە ئاشکرایدەکات، ئەوکات پەیوەندی کردوە بە هەموو بازنەکانی هەولێرەوە و ئاگاداری کردونەتەوە، تەنانەت لەوکاتدا ئەگەر یەکێک فەردە ئارد و پاشماوەی مریشکیشی دەربکردایە دەبوایە رێگەپێدانەکە لای منەوە بوایە.
برای ئەو رۆژنامەنوسە تەئکید دەکاتەوە، کە سەردەشت بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش براوەتە دەرەوەی هەولێر، تەنانەت لە ساتی رفاندنەکەیەوە تا سەعات ١١:١٥ خولەک لە ناو هەولێردا بوە و لە شوێنێکە کە ئێستا ناتوانم بیڵێم تا دادگایەکی بێلایەن دادەمەزرێت، تەرمەکەشی لە موسڵ لە لایەن سێ ئۆتۆمبێلی جامڕەش فڕیدراوە.
ئەو دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلەی سەردەشتی رفاند وێنەی گیراوە و بڕیاربو لە رێگەی زومەوە وێنەی شۆفێرەکە ئاشکرا بکرێت، بەڵام دواتر وێنەکەیان ونکرد، وتیشی‌ لە سەرەتاوە لیژنەی لێکۆڵینەوە دەیانوت سەردەشت لە سەر وتارەکانی تیرۆرکراوە و هیچ کێشەیەکی نیە، بەڵام دواتر ئەو سیناریۆیان بۆ دروستکرد.
هەژار ئەوەشی خستوەتەڕو، کە چەندینجار داوایان لێکراوە داوای یاسایی لە سەر کەسایەتییەکی سیاسی تر تۆمار بکەن، گوایە سەردەشت لە سەر ئەوی نوسیوە و گومانیان لەوە، بەڵام لای ئێمە بکوژی سەردەشت رون و ئاشکرایە و بە تەواوی بۆمان رونبوەتەوە، لە سەرەتاشەوە لایەنێکی سیاسی دەیوسیت دۆسییەکە بە لاڕێدا ببات و چەندین پلەداری ئەمنی داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی لێدەکردین و داوایانکرد کەسانی پلەیەکی هەرێم ببینین، بەڵام رەتمانکردەوە.
هه‌ژار دەڵێت هێزێکی گەورە لە پشت رفاندنی سەردەشتەوەن، بەڵام ئەو هێزە جورئەت ناکات بڵێت منم و بەردەوام خەریکی هەڵبەستنی درۆشن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە