ئەمە دوا حەیران نییە بۆ ساکینە
Saturday, 19/01/2013, 12:00
کیژۆرە گچکەکەی خۆم پێمدەرێ بابە ئەرێ چمە ناسەکنی
چمە شەوو رۆژت نییە هەر خەریکی گریەو زاریی
دەرێم ئاخر چلۆن بسەکنم سۆمای دیدەکەم، ساکینەم رۆێشتووە،
لەبەرم هەلگیراوە حەجمین و قەراریی
وەللاهی هەر داخی ئەوەم نییە شۆڕەژنەکەم شەهیدە،
وەلی غەدرێکی هێندە گەورەیە ، هێندە تاوانە، لە درمدا بۆتە گرێ
باس ناکرێ بەزاری
ئاخ ،ئاخ، ئاخ بابی من
ساکینەم هیشتاکانێ گچکە بوو
لێوی سووردەکردن وە ک سوورەگوڵی،
گۆنای زەرد دەکرد وەک لیمۆیە،
١ سنگی سەوز دەکرد وەک داربەرووی بناری
دەبووە هاوکوفی فریشتان، دەچۆ حەوت تەبەقەی ئاسمانان،
باڵی لێکدەدان دەفڕی ،
لە شاخی، لەدەشتی، لە گوندی، لە باژێری ، لە شاری
٢ لە ئەلعەزیزی ئازیزان ،لە دەرسیمی سەیدرەزایە، لە ئامەدی میدیایە
هەڤالی خۆی دەدیتن بە زستانێ، بە هاوینێ، بە پاییزێ و بە بەهاریی
ئاخ، ئاخم ئاخ، بابی من
٣ دری وی قەلای ئامەدێ بوو، ترس و خۆف و وەسوەسە
نە دەوێران نزیک بن لێی
هەڵدەهاتن بە روو زەردیی و شەمەزاریی
دوژمن چەند حەلان لێی هێنا فرسەتێ،
بە تەڵەو بە تەپکەو کەمین و کەوخوێن و خۆوەشاریی
دە سالان خستیانە ناو زیندانێ
ئەشکەنجەیان دا لە ئەلعەزیزی، دەمیان دروو لە دەرسیمی،
مەمکیان بڕی لەدیاربەکری،
شێرەکچەکەم دلی نەلەرزی لە بەر داگیرکەری غەدداری
٤ پێیان دەوت: ئەتۆ تورکی شاخیی
دەیگوت: نا من خانزادی میدیام، کچەزای زەردەشتم، زمانم زمانی جودی و برایمە،٥
هەزار نەفرەت لە ئەتاتورکی، لە فاشیستی،
لە خوینخۆری، لە داگیرکەری، لە نەیاری
ئازاد بوو فڕی بۆ قەندیلی، دوژمن وەدووی کەوت
هێرشی بردێ بە جێتان، بەهێلیکۆپتەران، بە درۆنان،٦
بە موشەکان، بە هاوەنان
بە بۆمبای فسفۆریی و
سەف سفی دەبابە و لەشکری هەزار بە هەزاریی
شێرتر لە شێڕی، بەورتر لە بەوری، پلنگتر لە پڵنگێ،
ساکینەی من لێی دەگرتن مەیدانی جەنگێ
دەیشکان لەشکری خوێنکاریی
ئاخ ئاخ ئاخ بابی من
وەکی فریشتەی ئاسمانێ دەفڕی بۆ پاریسی بۆ بەرلینی بۆ برۆکسلی
دەیوت بەشکم ئەوانە ئازادن دیمۆکراتن هەقزانن
لە تاوانی کۆنیان ژێوانن
بۆ گەلی برینداری من دەبنە دۆست و یاریی
ئاخ ئاخ ئاخ بابی من
وەلی بۆ هەرلایێ دەفڕی تەڵەیان بۆ دادەنا،
٧ لە بەرلینێ خستیانە ناو قەفەزی، دەیچریکان بە زاری
هەی لۆ هەی لۆ هەی لۆ
خەیالێ مەکەن ئەز تەنیامە، بێ هیوامە، نە دۆستم هەیە نە پەنا،
نیمە زانست و هشیاریی
من کچی ئاگرم، هەڤالی ئاپۆمە، هەڵۆی قەندیلم،
نە لە ئێوە دەترسم نە هەلدێم نە دەکەم فیراری
دەیان وت: دەباشە هەلۆی قەندیلێ
ئەتۆ فرە زاناو زیرەک و بەجەرگی، زمانان دەزانی
وەرە گفتوگۆیان بکە لەگەل سەرۆکی فەرەنگان
گەورە پیاوی دە ئەوروپایە
بۆ خۆت بفڕە بە ئازادی
لە هەموو شارو هەواری
ئاخ ئاخ ئاخ بابی من
ئەوی رۆژێ لە دوای ئەرک و رەنج وئازاری
ساکینەم پشوویەکی دەدا لە مالی کوردان لە پاریسێ
دەیروانیە پێتەختی ئازادی و یەکسانی
شاری جوانیی و دلداریی
لە گەل دوو تەیرە عاشقان لە خەوێداسەریان بڕین
فرسەتیان لێ هێنان بە ترسنۆکیی، بە غایەنەتی،
بە بێ رەحمی، بە نامەردی، بە تاوانکاریی
شۆرەژنەکەی منیان لە خوێندا نوقم کرد
بۆ میتی تورکانیان ناردەوە بە دیاری
ئا درەکەم ، ساکینەم رۆێشتووە،
لەبەرم هەلگیراوە حەجمین و قەراریی
وەللاهی هەر داخی ئەوەم نییە شۆڕەژنەکەم شەهیدە،
وەلی غەدرێکی هێندە گەورەیە ، هێندە تاوانە، لە درمدا بۆتە گرێ
باس ناکرێ بەزاری
وەللاهی، دری من ناسەکنێ هەتا رۆژی حەشرێ
هەتا ئامەد نەبینێ رۆژی ئازادیی و رزگاریی
سەرنج:
١ رەنگی سوورو زەردو سەوز رەنگی ئالای کوردستانە، نیشانەیە بۆ هەستی کوردایەتی پێشکەوتووی ساکینە لە مناڵییەوە
٢. ئەلعەزیز یەکەم شارۆچکەیە ساکینە بە میردمندالی خەباتی تێداکردووە. دەرسیم شاری شۆرشی دەرسیم بە رێبەرایەتی سەید رەزا کە خۆی و هاوەلەکانی بە دەستی فاشیستەکانی تورک شەهیدکران. کۆمەلکوژی دەرسیم یەکێکە لەو هەلەبجانەی پێشووی کورد، بە دەستی تورک کە بەداخەوە لە بیرچۆتەوە. بروانە:
http://ckb.wikipedia.org/wiki/ڕەشەکوژیی_دەرسیم
ناوی ئامەد پێتەختی باکووروشاری ئامیدی لە باشوورو ناوی کرمانج (کوردمانج، کورد-ماگ-کوردماد) هەندێ نیشانەی رەگی قووڵ و بەردەوامی میدییبوونی کوردە لە خاک و زمان و کەلتوورو رۆحدا
٣. دری: دڵی، دەرێ: دەڵێ. لە سەر شێوەی حەیرانەکانی ناوچەی هەولیر/سۆران
٤. تورکی شاخی: ئەوناوەیەکە تورکەکان دوای داگیرکردنی کوردستانی باکوورو دامەزراندنی دەولەتی رەگەزپەرستی تورک بە سەر کوردیاندا دابڕی و لە سەرچیاکانیان هالەکەند: بەختەوەرە ئەوەی بەخۆی دەلێ تورک و زمانی کوردییان قەدەغەکردو فۆلکلۆروئاوازو مۆسیقای گۆرانی و بەیت و کەلتووری کوردیان تەرجەمە کرد بۆ تورکی و کردیانە هی خۆیان و هەموو شتێکیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد.
٥.جودی: شاخی جودی لە کوردستانی باکوور لە ناوچەی سلۆپی کە لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتووەو وەک مەکە بە شوێنە دینییە پیرۆزەکان دانراوە، چونکە لە کوردستانەو هی کوردە فرامۆشکراوە. بە پێی ئایەتی قورئان خاکێکی موبارەکەو کەشتی نۆح لەوێ نیشتۆتەوەو ژیان لەوێوە دەستیپیکردۆتەوەو زمانی کوردی دەرکەوتووەو دەبێ قەومی زالم و زۆردار[تورک] لێی دوورکەونەوە:
{وقل رب أنزلنی منزلا مباركا وأنت خیر المنزلین} سورە المۆمنون ێیە رقم 29 ....
قال تعالى ((ۆقِیڵ ێا أَرْچُ ابْڵعِی مَاوكِ ۆێا سَمَاو أَقْلِعِی ۆغِیچَ الْمَاو ۆقُچِێ الأَمْرُ ۆاسْتَۆتْ عَڵى الْجُودِیِّ ۆقِیڵ بُعْداً لِّلْقَوْمِ الڤَّالِمِینَ))
بە پیی هەندێ بیروبۆچوون پەیامبەر ئیبراهیم [برایم، ئەبراهام] و زەردەشت یەکن و لە کوردستان بوون.
٦. درۆن: جۆری نوێی هەرەکوشندەی تەیارەی جاسووسی و کوشتار بە بێ تەیارەوان و لە ڕێگای سەتەلایت و کۆمپیوتەر کۆنترۆل دەکڕێ و زەبری پێدەوەشێندرێ، لە حەجمی شقارتەیەکەوە تا تەیارەی گەورە دەتوانێت دروست بکرێ و خۆ بە هەموو مال و کۆلان و شارو شاخ و کون وئەشکەوتێکدا بکات هەم بۆ وینەگرتن و جاسووسی هەم بۆ مەبەستی زانست و زانیاری هەم وەک چەکێکی هەرە نادیارو لە نەکاوو کوشندەو بێ مەسرەف. سەدان سەرکردەی تالیبان لە لایەن ئەمریکاوە بە درۆن لە ناوبراون و سەدان مەدەنیشیان لەگەڵ قڕانکراون. ئەمریکا بۆ تورکیا پێشنیازی کردووە کە بە بەکارهێنانی درۆن سەرکردەو گەریلاکانی کورد لە قەندیل لە ناوبەرێت بەلام تا ئێستا نەزانراوە ئەردۆگان رازی بووبێت، تورک درۆنی جاسووسی هەیە بەلام هی بکوژی جارێ نییە. بروانە: :
http://www.huffingtonpost.com/kevin-mckiernan/obama-kurds-drones_b_2363383.html ٧. بەپێی راپۆرتەکەی سەفیری ئەمریکی ویلیکس ساکینە مانگێک لە ئەلمانیا زیندانی کراوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست