حوکمی تەمەن و تەمەنی حوکم

Tuesday, 08/01/2013, 12:00






خوایە رەحمێ بەم شارەو بەم میللەتە بکە!
حوکمی تەمەن و تەمەنی حوکم
ئەم رەوشە تەندروستییە تراژیدییەی تاڵەبانی
نە دوعای هەزاران منداڵی ئەنفالە
نە ئاهوهەناسەی برسی و هەژارەکانە
نە کەوتنە بەر رقی راپەرینە
نە ئەنجامی دەرمانخواردوو کردنە
نە بریاری دادگای گەلە
نە پیلانی نهێنیی و کودیتایە

نە لە بەر ئەوەیە لە٣١ ی ئابدا راونراوەو تٶڵەی لە ١٧ ی ئاب کردۆتەوە
نە وەک دەیان هەزاران لە سەر جاددە پانەکاندا تووشی رووداوی وەرگەڕان یان پێکدادان بووە
نە لە بەر ئەوەیە وەک دەیان هەزارانی تر خواردنی ئێکسپایەری خواردووەو تووشی شەکرەو چەورەو سەرەتان بووە
نە لە بەر ئەوەشە چۆتە خەستەخانەی خۆمالی و دەرزی هەڵەو بکوژی لێدراوە
نە خڕبوونەوەی خەم و دۆراندنی رکەبەرایەتی و لەدەستچوونی سەرۆکایەتی یە
نەلە بەر ئەوەشە کۆمپانیای وشە قیرسچمانە داوای ١٠ ملیۆن دۆلار و دوو گردی دیکەی لێدەکەن

نە لە شۆکی ئەوەشە لە نەکاوێکدا لە دەریای ئێجە کەشتییەک نقوم بووە مال و مندال و سندوقی پارەو گەنجینەکەی لەو ێدابووە
نە لە کەڵەکەبوونی خەفەتی جەرگبرانەی لە دەستدانی دوو کوڕی خۆشیەتی لە شەری ناوخۆییدا کە هێشتا لە چارەنووسیان نازانێت.
نە وەک هەزاران ژن بە دزی سووتاندوویانە یان وەسیەتی خۆکوشتنیان پێ نووسیوە
نە لە کاتی خانەنشینیی و نووسینەوەی یاداشتەکانییدا لە خەفەتی بنەمالەی بارزانی تووشی جەڵتە بووە
نە لە نەکاوێکدا بیری لە دەیان هەزار قوربانیی شەری بنەمالەیی کردۆتەوەو بریاری داوە بۆ ئاسوودەکردنی ویژدانی کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ

نا، نا، نا
وەک تالەبانی خۆی لە دوا دیداریدا لەگەڵ مالکی فەلسەفییانە پێێ وتووە:
'تەمەن حوکمی خۆی هەیە"

ئەمە گەمەی قەدەریی نێوان تەمەنی حوکم و حوکمی تەمەنە.
تالەبانی ئەوەندە بێباکانە لە خوداو خەڵک و خۆی، تەمەنی حوکمەکەی درێژکردەوە، تا تەمەنی تووڕە بوو، کودەتای بەسەردا کرد وحوکمەکەی لێسەند.
لەم ولاتەدا دیارە تەنیا بە حوکمی تەمەن گۆڕانەکان دروست دەبن
ئەمە زستانە مەرگێکە خەتەر تر لە بەهارەکانی راپەرین و یارییە درۆزن و دزێوەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە خوێن و خەبات وخەمی خەڵکەوە.

پێوەندیی قەدەریی دیالەکتیکی.
تەمەنی حوکم.
حوکمی تەمەن.
سەرۆکیكی نەخۆشی گیانەلایی،
میراتەکەی حیزبێکی نەخٶشتر لە خۆی کە لە ترسی گیاندانی خۆیان گیاندانی سەرکردەکەیان لە بیر چۆتەوە.

شارێکی نەخۆشتریش لە حیزبەکەی کە بیست سالە بە دەست سەرەتانی مافیاکانی مامەوە نەخۆشەو ئەوەند ە بە گەنجی مردووە ئاگای لە هەواڵی مردنە پیرەکان نەماوە.
هەمووشیان چاویان بڕیوەتە ئەم میراتە
خودایە رەحمێ بەم شارەو بەم میللەتە بکە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە