لە دار بەڕوویەكى سوتاوى قەندیلەوە بۆ سەرۆك كۆمارى(العیراق)
Tuesday, 29/06/2010, 12:00
(هەركەس یارى بە كڵاوى بەڕوومان بكات یارى بە بەڕووەكانى دەكەین)
چوار ساڵ بەرلەئیستا وەك بەرهەمى خەبات و قوربانى چەندین ساڵەى میللەتى كورد لەكوردستانى باشوردا و ڕژانى دەریایەك خوێن و بونە سوتماكى خاكى نەتەوەیەك و لە سەر پشكى ئەم گەلە خێر لەخۆنەدیوە تاڵەبانى. تۆ كرایتە سەرۆك كۆمارى عێراق! سەرۆك كۆمارى عیراق بەپێى مادەى 64ى دەستور (سەرۆك كۆمار سەرۆكى دەوڵەت و هێماى یەكێەتى نیشتیمانە و نوینەرایەتى سەروەرى ووڵات دەكات و شەونخونى دەكات بۆ مسۆگەركردنى پابەندبون بەدەستور و پاراستنى سەربەخۆى عێراق و سەروەرى و یەكێتى و سەلامەتى خاكەكەى بەپێى بڕگەكانى دەستور) بەڕێز: تاڵەبانى بەم پێناسەیەیى ئەم ماددە دەستورییەو بەو سوێندەى كە لە ماددەى 48ى دەستوردا هاتوە سوێندى دەستوریت لەبەردەم خواو گەلى عێراقدا خوارد و بویتە سەرۆكى هەموو عێراق! دەقى سوێندەكە لەدەستوردا بەمجۆرەیە(سوێند بەخواى بەرزو مەزن دەخۆم كەوا ئەرك و كارە یاساییەكانم بە خۆنەویستى و دڵسۆزى ڕابپەڕێنم وپارێزگارى لە سەروەرى و سەربەخۆیى عێراق بكەم و خزمەتى بەرژەوەندیەكانى گەلەكەى بكەم و شەونخونى بكەم بۆ سەلامەتى زەوى و ئاسمان و ئاوو سامان و سیستەمە دیموكراتى وفیدراڵیەكەى و كار بۆ پاراستنى ئازادییە گشتى و تایبەتى یەكان و سەربەخۆى دادوەریى بكەم و پابەندى بەجێگەیاندنى یاساكان بم بەدەست پاكى و بێ لایەنى و خوا شاهیدە لەسەر قسەكانم) بێگومان شیكردنەوەى هەموو ئەو دوو ماددە دەستورییە زۆرى دەوێت و بۆ كاتێكى ترى هەڵدەگرین و تەنها چەند ووشەیەكیان دەكەینە پرسیارو ڕوبەڕوى تۆى دەكەینەوە بەڕێز تاڵەبانى سەرۆكى (العیراق) تۆ: سوێندت خواردوە كەسەروەرى عێراق بپارێزى دەزانیت (قەندیل)یش لەناو سنورى عێراقەكەى تۆدایە! سوێندت خواردوە خزمەتى بەرژەوەندییەكانى گەلى عێراق بكەیت ڕەنگە بیرت چوبێت میللەتى كوردیش لەگەلانى عێراقن و قەندیل بەشێكە لەنیشتمانەكەى ئەوان. ئەگەر وانیە سوتانى شاخ و پاوان و كوشتنى مەڕوماڵات و ویرانكردنى خانوى قوڕینى لادێیە ئازارچەشتوەكان و دەربەدەركردنیان چ بەرژەوەندیەكى گەلى تیایە واتۆ بێدەنگیت هەڵبژاردوە. كە (بەسۆز) بوە قوربانى تۆپە سنور بەزێنەكان وامان زانى هەموو دامو دەزگا نێونەتەوەییەكان پڕئەكەیت لەناوى (بەسۆز)و لە هەموو كوچەوكوڵانەكانى (العیراق)ەكەتدا پرسە ڕادەگەیەنیت بۆ ڕۆحى پاكى ئەو خونچە بەغەدر ژاكاوەو واشمان ئەزانى فەخامەتت ئەچیت بۆ قوتابخانەكەى و كارتەكەى وەردەگریتەوەو كارتەكەى دەبەیت بۆ دیوانى سەرۆكایەتیەكەت !هەڵى دەواسى و ئەیكەیتە ڕەمزى تێكشكانى سەروەرى سنورى باكورى (العیراق)ەكەت بەڵام بیرمان چوو كە جەنابتان عەیامێكە هاوڵاتى ڕەش و ڕِوتى لە زەینا نەماوەو ناتانەویت زاكیرەتان بەهاوڵاتى سادەوە هیلاك بكەن. خواى گەورەت كردوە بەشاهید كە شەونخونى بكەیت لەپێناو سەلامەتى زەوى و ئاسمان و ئاوو سامانەكەى عێراقدا ! لەعهدى فەرمانرەوایى بەریزتانا كە چوار ساڵ بوو زەویەكەى سەدان جار ئەتك كرا ئاسمانەكەى كراوەبوو بۆ بەزاندن ئاوەكەشى بۆ وشك كردن بێخاوەنترین ئاو بو لە جیهاندا سامانە زۆر و زەوەندەكەشى لە مەیدانى قاچاخ چیەكاندا هەموو ڕۆژێ هەراج دەكرێت بەوانەى تەنها ئێوەمانان دەزانن كێن. بەڵێنتان بەخواو بەگەل داوە ئازادى گشتى و ئازادى تاك بپارێزن بەڵام بەهەموو تواناتانەوە پشتیوان و هاوپەیمان و هاوكارى ئەوانەبون دۆستى هەموو شتێكن و دوژمنى ئازادى! تەنها بۆ ئەوانە داكۆكى كەرو داواكارى ئازادى بوویت كە هەڵەبجە یان بەژەهر خنكاند! ئەو گەلەى ئێوە بەڵێنى پاراستنى یەكێتیەكەیتانداوە تەنها عەرب نیەو میللەتى كوردیش ئەوچەند سەدكەسەى دەورو پشتتان نیە كە لەسەر وارەكە دات ناون و بۆ ئەوەى ویژدانى مرۆڤى كوردى پێبكڕن و ئەوەى لەفەرهەنگى ئەم چوارسالەى عهدەكەتدا بونى نەبو (هەژارى كورد و كەس وكارى ئەنفالكراو و كیمیاباران)بوو. چوار ساڵى تاڵەبانى لەعێراق چوار ساڵ بوو بۆ سوكایەتى بەسەروەرى بەدەستور بەسنور بەئاڵا بەخاك بە ئاو بە ئازادى بە ئاشتى ...گەلى عێراق ! و نەمان بینى تالەبانى چاویلكەكانى بێنێتە خوارێ و گۆچانەكەى بەزەویدا بكێشێت و هێڵێك دیارى بكات بۆ سەروەرى عیراق و بەڕونى بەهەموو ئەو لایەنانە بڵێ نا ! كە سوكایەتى بە سنورو خاك و سەروەرییەكانى ئەم نشتیمانە دەكەن . زۆرن ئەو لایەن ونەیارانەى كورد لە مێژە یارى بەبەڕووەكانى ئەم میللەتە دەكەن بەڵام لە هیچ سیاسیەكى ئەم میللەتەمان نەدى دەست بۆ كڵاوى بەڕووى كەس بەرێت ! ڕەنگە سیاسیەكانى ئێمە تەنها فێرى دەستكارى كڵاوى بەڕووى هاوڕێكانیان بن!!!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست