کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵەبانى لە كۆبونەوەى كۆمەڵەى گشتى نەتەوەیەكگرتوەكان لەنیۆرك داكۆكى لە فەڵەستین!كوردیش فەرامۆش

Sunday, 24/10/2010, 12:00



جەلال تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى كوردى عێراق لەكۆبونەوەى شەست و پێنجەمینى كۆمەڵەى گشتى نەتەوەیەكگرتوەكان لەنیۆرك ڕۆژى پێنج شەممە 23-9-2010 وتارێكى بەناوى كۆمارى عێراقەوە پێشكەش كرد.

بۆ هەركوردێك خاوەنى هەر بیرو باوەڕو ئایدۆلۆجیایەك بێت مایەى دڵخۆشیە كەكوردێك ببینێت لە سەكۆیەكى ناودەوڵەتى گرنگى وەك نەتەوەیەكگرتوەكان سەرۆكایەتى دەوڵەتێك بكات و وتار پێشكەشى سەركردەكانى جیهان بكات. بەڵام وتارەكەى تاڵەبانى ئەمجارە نەك هاوڵاتیانى كوردى خۆشحاڵنەكرد بەڵكو ئازارى ناخى هەموو ئەو كوردانەى دا كەخاوەنى تۆزقاڵێك هەستى نەتەوایەتى و نیشتیمانین. تاڵەبانى لەوتارە 1463 وشەیەكەیدا لەنیۆرك بە تەنها وشەیەكیش باسى كورد و خاكى كوردستانى نەكرد و ئەم كۆبونەوە گرنگە جیهانیەیى بەبێ ناوهێنانى كورد و خاكى كوردستان كردە بەشێك لە میژووى دیبلۆماسى خۆى و بۆ هاوڵاتیانى كوردیش ئەم فەرامۆشكردنەى كورد دەیان پرسیار هەڵدەگرێت و دڵنیام میژوو ئەمجۆرە هەڵوێستانە بەگەشى بۆ مێژووى سەرۆكایەتى تاڵەبانى تۆمار ناكات لەعیراقدا! ئێمەمانان زۆر ئومێدمان لەنێو جانتا دیبلۆماسیەكەى تاڵەبانى كردبو زۆر دور ڕۆیشتبوین و داماننابوو نەك مافەكانى كورد لەكوردستانى عێراق و زەوتكردنى چەندین ساڵەى خاك و ئاو و زمانى كورد لەم بەشەى كوردستاندا تەوەرى گرنگ و بایەخ پێدراوى بەڕێز تاڵەبانى دەبن بەڵكو وامان ئەزانى تاڵەبانى ئەم كۆبونەوە ناودەوڵەتیە كە هاوزەمانى كۆتایى دەورەى یەكەمى سەرۆكایەتى كۆمارەكەیەتى دەكاتە دەروازەیەكى گرنگ و گەورە بۆ باسكردنى كێشەكانى كورد لە رۆژهەڵاتى ناوەراست و جیهاندا و لەم دەروازیەوە ناوى خۆى دەكاتە ناوێكى هێندە زیندو كە مایەیى شانازى بێت بۆ هەمو ئەوانەى دڵخۆش بون بەبونە سەرۆك كۆمارى عێراقى تاڵەبانى! ئەو هەلەى تاڵەبانى لەدەستى خۆى و میللەتى كوردی دا ڕەنگە تەمەن جارێكى دى یاوەرى تاڵەبانى نەكات بۆ گەیاندنى پەیامى كورد لە سەكۆیەكى گرنگى وەك كۆبونەوەى ساڵانەى یوئێن و ئاسانیش نیە دەستخستنەوەى پۆستى سەرۆك كۆمارى بۆ كورد لەنێو ئەم هەموو تەنگژە سیاسیەى عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. تاڵەبانى لەبری ئەوەى وەك مافپەروەرێك و كەسایەتیەكى خاوەن ناوبانگ لەسەرئاستى جیهانى و سیاسیەكى قاڵبو داكۆكى لەو سەدان هەزار كوردە هاوزمانەى خۆى بكردایە كە تائیستا دەوڵەتى سوریا مافى خاوەندارێتى رەگەزنامەى پێنەداون یان داواى ئازادى هەڵسوڕانى سیاسى و مافى خوێندن بەزمانى كوردى و وەستاندنى لێشاوى لەسێداردانى بۆ كوردانى ڕۆژهەڵات بكردایە یان داواى كرانەوەى ڕاستەقینەو پێدانى مافى خۆبەڕێوەبەرى بۆ كوردانى باكور بكردایەو داوای هینانەكایەیى تێڕوانینێكى نوێى بەرامبەر بەكورد مافەكانى كورد بكردایە وەك نەتەوە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەى كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە ئەمانەى نەكرد و بوە پارێزەرى گەلێكى 350ملێونى خاوەن چەندین دەوڵەت نەتەوەى وەك عەرب داواى دامەزراندنى دەوڵەتى فەڵەستین و گەڕانەوەى خاكى داگیركراوى عەرەبی كرد! لەبەشێكى سەرنجڕاكێشى وتارەكەیدا تاڵەبانى ئەڵێ!(پشتیوانى و پشتگیرى لەخەباتى ڕەواى گەلى فەڵەستین دەكەین لەپێناوى بەڕەسمى ناسینى مافەكانیدا بەبێ دەستكارى، لەوانە دامەزراندنى دەوڵەتە فەڵەستینیەكەیان لەسەر خاكى فەڵەستین كاریش دەكەین بۆ جیبەجێكردنى شەرعیەتى نێودەوڵەتى بۆ گەڕاندنەوەى خاكە عەرەبیە داگیركراوەكان) بەڕێز تاڵەبانى: ئەو بنەماڕەوایانەى بە بنەماتگرتون بۆ داكۆكى لەگەلى فەڵەستینى برا! بۆ دامەزرانى دەوڵەت دەزانى هاوزمانانى تۆ ئەوانەى لەكاتى بونى بەڕێزتدا بەسەرۆك كۆمار لە هەرچوار پارچەى كوردستان لەخۆشیاندا ڕژانە سەرشەقامەكان هەمان بنەماو مافى دەوڵەتداریان هەیە! بەڵام لەنهێنى ئەو خاڵە تیناگەین بۆ لاى جەنابت بۆ عەربى فرە دەوڵەت دەوڵەتێكى دیكە ڕەوایەو مافە بۆ كوردى هەتیوى چەند ساڵەى بێدەوڵەتى دەوڵەت خەونى شاعیرانەیە! ئەو عێراقە فیدراڵیە دیموكراتیە سەربەخۆ یەكگرتوەى كەلەسایەیى دامەزراوە دەستوریەكاندا بەدیهاتوە كە جەنابت باسى بەدیهاتنى دەكەیت جگە لە مانشێتى رۆژنامەكان و قسەی نوخبەیەكى دیاریكراو هیچ هاوڵاتیەكى عێراقەكەت لەسەر ئەرز باوەڕیان بەودروشمانە نیەو نەشیانبینوەو بینینیشیان لەئایندەى نزیكدا كارێكى ئاسان نیە. چونەوەت بۆ سەركورسى سەرۆكایەتى چوارساڵى داهاتوى عێراق بەم وتارە عەرەبیە پان عێراقینیزمەوە هیچى بۆ كوردستان وەك نیشتیمان و كورد وەك نەتەوە لێ سەوز نابێت و مانەوەت لە سلێمانى هەزارى خێرەو...دوو هەزارى بەرەكەت...!
 

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە