کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كاك عوسمانى حاجى مەحموود تكـــایە .. تكــایە بێدەنگ مەبە

Thursday, 05/02/2009, 12:00


بەڕێز كاك عوسمانى حاجى مەحموود جێى شانازیمانە كە ئەمڕۆ وەزیرى ناوخۆ كوڕى بنەماڵەیەكى هەژارى وێنەى ئێمەى كەمدەرامەتە ، ئێمە لەناخى دڵمانەوە ئومێدى ئاییندەیەكى رۆشن بۆ بەڕێزتان دەكەین لە پاشەڕۆژى سیاسى ئاڵۆزى ئەم هەرێمەدا .
بەڕێزم دڵنیات دەكەمەوە كە ئەم نووسینە دەنگى چەند سەد كارمەندێكى هاتوچۆیـــە لە بەڕێوبەرێتى هاتوچۆى ناوشار كـــە تەواومان حەوت رۆژ لەهەفتەیەكدا سى رۆژ لەمانگێكدا دەوام دەكەین ، بە سەرماى تەزێنەر و بەفر و باران بە گەرماى سوتێنەرى هاوین و هەتاو ، زۆریشمان وەك نووسەرى ئەم بابەتە قۆناغە جیاوازەكانى خوێندنمان تەواودەكەین لە دەوامى ئێواراندا ، تەنانەت پار بۆ تاقیكردنەوەكانى كۆتایى ساڵیش بەهیچ جۆرێ وەكو پێویست مۆڵەتمان وەرنەگرت و هاریكارى نەكراین ، بەهەرحاڵ ئێمە لەسەر شەقام و رێگاوبانەكان سیماى جوانى شارە خۆشەیستەكەمان ئەپارێزین و بەو دەوامە قورسە بێ مۆڵەتەوە چەند سەد هەزار دینارێك وەردەگرین كە وەك شیرى بەرى دایكمان پێمان حەڵاڵە ، بەڵام بەداخەوە ئەوەى لەودیو پەردەوە روویداوە و روودەدات زۆر لەوە قورسترە كە لەئاستیا مرۆڤ بتوانێ بێدەنگ بێت ، ئێمە دڵنیاین لەوەى بەڕێزتان لێى بێئاگان و ویژدانى زیندووتان ستەمى لەمجۆرە قبوڵ ناكات ، بەڵـــــێ بەڕێوبەرى نوێمان كە تابلۆى ژمارە [35] ییەكەى داگیریكردبوو و بەهیمەتى بەڕێزتان بۆ خاوەنەكەى گەڕایەوە پاش ئەوەى هاناى خاوەنەكەى لەكوردستانپۆستەوە بڵاوكرایەوە ، هەروەك چۆن مۆڵەتى ژمارە یەكى لەسەر ئاستى سلێمانى داگیركردووە و بوغرایى وایلێكردووە كە هەڕەشەى كووشتن لە خاوەنى چێشتخانەى [مەردوخى] بكات و ئیستا سكاڵاى لەسەر تۆماركراوە ، هەروەك چۆن پێشتر تەداخولى كاروبارى مەحكەمەشى كردبوو كاتێ خوشكەزاكەى كچێكى بێتاوانى لاقەكردبوو و هاناى كەس و كارى هەر لەكوردستانپۆستى بەڕێزەوە بڵاوكرایەوە و دوا پیتى راست و دروست دەرچوو ، بەڵى جەنابى وەزیرى ناوخۆ لەبەروارى 22/1/2009 وە وا بەمەحسوبیەتە حەیاتەكە بەدەر لەهەموو ئەفسەرەكانى تر رائید ئاسۆى بەڕێوبەرمان بەخێرێ سەفەرى كردووە بۆ [یابان] بۆماوەى مانگێك ، لەوبەروارەوە جەنابى كاكە ئاسۆ بەشاهیدى هەموو هاتوچۆى ناوشار فەرمانى كردووە بە دوو شۆفێر و پاسەوانێكى كە دەوام نەكەن تاكو جەنابى تەشریف دێنێتەوە ،كە ئەم كارە دەشێ لەڕووى یاساییەوە دەسەڵاتى هیچ كەسێ نەبێ ، ئێمەى كارمەندانى سەر شەقام كاتێ لەو هەشت كاتژمێرەى دەوامى تیادەكەین بەشەو بێت یان رۆژ ئەگەر دوو سێ خولەك بۆ مزگەوتێ بچین بۆ دەست بەئاوگەیاندن و لەوكاتەدا ئەفسەرێك بێت خێرا غائب دەدرێن ئیتر ئەوكات خۆمان و شانسمان ، چونكە بێگومان یان ئەوەتا زیندانى دەكرێین ، یان ئەوەتا لە مووچەكانمان دەبڕن وەك خۆى هێندە زۆر بێت ، ئەى باشە ئەوە بەكام شەریعەت و یاسا و رێسا كە مودیرەكەمان زۆر خۆى پێوەبادەدا ، دەكرێ و كراوە كە سێ مووچەخۆر .. سێ پۆلیس .. سێ فەرمانبەرى حكومى یەك مانگى رەبەق دەوام نەكەن و وەك ئێمەش مووچەكانیان وەربگرن؟؟!، ئەمە ستەمە ستەمەیش لەسایەیى كەسێكى پاكـــى وەك بەڕێزتانا كاك عوسمان نابێ قبوڵ بكرێ ، ئێمەى كارمەندى هاتوچۆ هەست بە سووكایەتى كردن و ئیهانە دەكەین ، دووپێوەرى و گەندەڵى لەمجۆرە زەق و بێمانا باوى نەماوە و نابێ ماوەى پێبدرێ بەتایبەتى لەپۆستى بەڕێزتانا . لەگەڵ رێزماندا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە