رێژەپێدانی خەباتی نەتەوەیی لەناو گەنجاندا گەورەترین وەڵامە بۆ چاڵاكییە گیانبازییەكەی شەهید دیار خۆی
Thursday, 11/02/2010, 12:00
جەماوەری ئازادیخوازی باشووری كوردستان
هەر وەك دەزانرێت لە مێژووی تێكۆشانی بێ وچانی گەلەكەمان، كۆمەڵێك رێككەوتنامەی ئیستراتیژی لە نێوان هێزە دەسەڵاتدارەكانی جیهانی و هەرێمی بۆ لە ناوبردن و پاكتاوكردنی كوردان ڕێككەوتننامەی لۆزان، الجەزائیر، قاهیرەو چەندین ڕێككەوتننامەی نهێنی تر مۆر كران. لە سەر ئەم بنەما دەتوانین بگەینە ئەنجامێك كە هەمیشە دوژمنان بۆ لە ناو بردنی ناسنامەی كوردان، لە هەوڵدانی داڕشتن و بەرنامەی چەپەڵدا بوونەو هەمیشە هیوای خۆیان بۆ لە ناو بردنی كوردان دانەبڕیوە. بۆیە لە سەر بنەمای تێگەهێشتنی ئەو ڕاستیانە ئەوەی پێویستە كە كوردان بۆ پووچەڵ كردنەوەی ئەو پیلانانەو سەرخستنی دۆزی ڕەوای كورد هەمیشە لە خەباتێكی بێ وچان و ماندوو نەناسانەدا بن. تا لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی دوژمن كە كوردانی بە قەتل و عام و شەڕی هەمە لایەنە دژی كوردان، سەركوت و چەوساندونیەتەوە، پووچەڵ بكەنەوە. بۆنمونە كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفاڵ و شەهیدكردنی هەزاران ڕۆڵەی كورد لە باشووری كوردستان لە لایەن حكومەتی بەعسەوە كە هەمیشە بەشێوەیەكی زۆر سەرسەختانە دژی خەباتی نەتەوەیی كوردان دەركەوتووە و ئەوەی توانیبێتی لە بەرامبەر گەلی كورد درێغی نەكردووە، كردوویەتی. حكومەتی بەعس بەدرێژایی دەیان ساڵ بەخۆی و هێزەكانی دەرەكیشەوە هێزی خۆی لە كوردستان دا بەشێوەیەكی بەربڵاو لە هەموو لایەنێكەوە سیاسەتی چەپەڵ و پاكتاوكارانەی بەرامبەر كوردان تاقی كردەوەتەوە.
بۆیە قۆناغێكی ئێستا تێدا ژیان دەكەین بەوشیاریەوە لێ ئاگادار بین كە ئەو پیلانانەی كە لە لایەن هێزە هەرێمی و دەرەكیەكانەوە بۆ پاكتاوكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردان بەڕێوە دەچێت لە بن ناوی پاراستنی ئاسایش و ڕازی كردنی هێزە داگیركەرەكانە. ئەوە بۆ ڕای گشتی دەركەوت كۆبوونەوەی چوارقۆڵی (ئەمریكا، توركیا، عێراق و هەرێم) بە ئامانجی پاكتاوكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردان پێك هاتووە. ناوەڕۆكی ئەو پیلانە لە كرداریەوە سەرەتا بەداخستنی دەتەپەو دەستگیركردنی سەدان سیاسەتمەداری باكووری كوردستان و ئۆپراسیۆنە بەردەوامەكانی سەر گەریلا و گۆشەگیركردنی رێبەر ئاپۆ و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە لەسێدارەدانی جوانانی كورد و زیادكردنی سیستەمی بەكرێگیراوی هەموو ئەمانە درێژە پێدانی پیڵانگێڕی نێودەوڵەتی 15ی شۆبات بوون كە ئەمە سەرەتای زەنگێكی ترسناكە بۆ پاكتاوكردنی تەواوی كوردان. بۆیە پێویستە چی زووترە كوردان دەنگی نارەزایی بوونی خۆیان بە چاڵاكی دیموكراتیك لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕییە نیشان بدەن، چونكە بەتایبەت لە باشووری كوردستاندا لە سەر ناوی گەلی باشوور بەشێكی ئەو پیلانانە دەخرێتە بواری پراكتیكیەوە. لە سەر ئەو ئەساسەش داوا لە تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا و تەواوی رێكخراوە مەدەنی و دیموكرات خوازەكان و بەتایبەت سەرۆكی عێراقی فیدرال و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارلەمانی هەرێم دەكەین بە بەرپرسیاریەوە بۆ پووچەڵ كردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و تەواوی ئەو پیلانانەی بەرامبەر كوردان بەڕێوەدەبرێت بەهەستیاریەوە هەڵسوكەوت بكەن.
گەنجانی ئازادیخواز و نیشتمان پەروەر
رێبەری گەلی كورد، بەرێز عەبدۆلڵا ئۆج ئاڵان دەمێكی درێژە داوا لە كوردان و لایەنە دیموكراتیخوازەكان دەكات، بۆ چارەسەركردنی دۆزی ڕەوا و ئاشتیانەی كورد بە پەڵە پێویستی بە سازكردنی كۆنفرانسێكی نەتەوەیی هەیە تا كوردان ئیستراتیژی نەتەوەیی لە بەرامبەر سیاسەتی هێزەداگیركەرەكان دیاری بكەن. لە سەر ئەم بنەمایە لەم چەند ڕۆژەی دوایی دا كۆما كۆمەڵگای كوردستان (كەجەكە) پرۆژەی چارەسەری دیموكراتیانە بۆ ڕای گشتی جیهان و كوردستان ڕاگەیاند كە پێویستە هەموو كوردان و دیموكراتیخوازان بە جۆشێكی مەزنەوە بكەونە هەوڵدان بۆ پراكتیزەكردنی ئەو خاڵانەی كە لەناو ئەو پرۆژە چارەسەریەدا دەست نیشان كرابوون.
گەنجانی ئازیز و دڵسۆزی كورد، وەك دەزانرێت هەمیشە گەنجان قەڵغانێكی پاراستنی بەهاكانی نەتەوەیی گەلەكەمان بوونە. بۆیە لە هەر قۆناغێكدا گەنجان بەگوڕدان بە تێكۆشین و خەباتی سیاسی و چەكداری لە مەیدانی پراكتیكی دا هێزی خۆیان نیشان داوە. ئەو گڕو تینەی خەباتی گەنجان بۆ ئازادی وڵات و نیشتمان كەسایەتی وەكوو؛ شەهید دیاری خۆڵقاند. شەهید دیار خەباتكارێكی رێكخستنی گەنجان باشوور بوو. لە باشووری كوردستان كە دەمێكی درێژ لە بناری قەندیل خەباتی رێكخستنی ناو گەنجانی دەكرد. كەسایەتی هەڤاڵ دیار كە هەموو ئەوانەی دەیناسن شاهیدی ئەو ڕاستینەن كەوا هەمیشە مرۆڤێكی بەخشەندەو فیداكار و دڵسۆز بوو. لە ژیانیدا تەنها بۆ یەك ساتیش بێت دوودڵی ژیانی نەكرد ئەوەندە خۆی لە گەل دۆزی نەتەوەكەی دا تێكەڵ كردبوو كە وەكوو خۆی دەیگوت: "گەورەترین هیوا و ئاواتی من ئازاد بوونی كوردستانە". هەر وەها گرێدان بوونی كەسایەتی شەهید دیار بە ڕێبەر ئاپۆ ئەوی گەیاندبووە ئەو ئەنجامەی كە بێ ئازادی سەرۆكایەتی ئازاد بوونی كوردستانیش مەحاڵە. لە كاتی چاڵاكییە گیانبازییەكەی شەهید دیاردا لە باشووری كوردستان بێ دەنگییەكی مەزن كوردستانی داپۆشیبوو. لەو هەڵومەرجەدا شەهید دیار وەكوو بەرپرسیاریەتیەكی مەزن بۆ بەئاگا هێنانەوەی تەواوی گەنجان و گەل و پەیامدان بە دوژمن كە دەیویست بە پیڵانگێڕی نێوەنەتەوەیی پەیامی لەناو بردنی كوردان بدات، بۆ شەرمەزار كردنی پیلانگێڕی نێوەنەتەوەیی بەو چاڵاكیە گیانبازیەی كە لە 13 ی شۆباتی 2009 ئەنجامی دا گەورەترین پەیامی درێژەپێدانی خەبات و تێكۆشانی بە گەنجان دا.
لە كۆتایی دا گەورەترین بیرهێنانەوەو زیندوو ڕاگرتنی كەسایەتی و خەباتی شەهید دیار، درێژەپێدانی ڕێگای خەباتی شەهید دیارە.
12/2/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست