داوا لە سوید و ئەوروپا دەکەین پێشوازی لە مەسرور و نیچیرڤان بارزانی نەکەن
Thursday, 14/02/2019, 1:13
گروپی ١٧ شوبات بەنامەی فەرمی داوای لەسوید و یەکیتی ئەورپا دەکا پیشوازی لە مەسرور ونیچیرڤان بارزانی نەکەن
دوێنێ گروپی ١٧ شوبات سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سویدی کردو لەگەل بەرپرسانی دۆسیەی (عیراق، سوریا، تورکیا) کاترین مونسون ،کارل یوهان ، میکائیل ئەلمهید ... چاوپێکەوتنێکمان سازکرد.
ئامانج لە دیدارەکە تیشکخستنە سەر بارودۆخی باشوور، رۆژئاوا و باکووری کوردستان بوو. لە دیدارەکەدا باسمان لە لەشکەرکێشی دەوڵەتی تورک بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان و هاوپەیمانێتیان لەتەک پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق، دۆخی بۆمبارانکردنی گوند و خەڵکی مەدەنی و کوژران و برینداربوونیان لە ئەنجامی بۆمباردومانەکانی دەوڵەتی تورک کرد. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە تیشکخستنە سەر خۆپێشاندانەکانی خەڵکی شێلادزێ و دێرەلووک لە دژی سوپای تورک و گیرانی چالاکڤانانی مەدەنی و رۆژنامەوان و داخستنی ستۆدیۆی کەناڵی ئێن ئارتی لە دهۆک بوو. هاوکات باسمان لە پەیوەندی پرسی کورد لە تورکیە و سوریە و ئێراق لەم قۆناخەدا کرد و بۆ چارەسەری ئەو دۆخە و ئاستەنگکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان و گەلانی هەرێمەکە باسمان لە گرینگی بووژاندنەوەی پرسی ئاشتی لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورک کرد و تیشکمان خستە سەر گۆشەگیری رێزدار ئۆجەلان و مانگرتنی لەیلا گولون و چالاکڤانانی سیاسی لە ستراسبوورگ و هەڵوێستگرتن لە دژی هێرش و پەلاماری دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و سازدانی هەرێمی پاراستن بۆ رۆژئاوای کوردستانمان کرد.
بە فەرمی لەسەر ناوی کۆمیتەی ١٧ شوبات داوامان لە دەوڵەتی سوید و یەکێتی ئەوروپا کرد کە:
- زەخت لە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق بکەن کە گیراوانی ئەم دواییەی بادینان بەربدەن و هەڵوێست لە دژی تاوانبارکردنی ئەم کەسانە بە یاسایەک کەرژیمی بەعس لە١٩٦٩ دەریکردوە دژ بەخەلکی تیکۆشەری کورد و عەرەب کەسزاکەی لەزیندانی هەتاهەتایی بۆ لەسیدارەدانە .
- زەخت لە دەوڵەتی تورک بکەن کە رێز لە سەروەری خاکی ئێراق بگرێت و هیزە سەربازییەکانی لە ئێراق و هەرێمی باشووری کوردستان پاشەکشە پێبکەن.
- لە رێگای سی پی تی هەیئەتێک بنێردرێتە گرتووخانەی ئێمراڵی و سەردانی ئۆجەلان بکەن و لە رێگای یەکێتی ئەوروپاوە زەخت لە دەوڵەتی تورک بکەن کە رێز لە مافە حقوقییەکانی رێزدار ئۆجەلان بگیردرێت و دەرفەتی پێبدرێت کە دیدار لەتەک پارێزەران و بنەماڵەکەی بکات.
-فشار بکەنە سەر دەولەتی تورک کە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگوو پرۆسەی ئاشتی سەر لە نوێ دەست پێبکرێتەوە و گیراوانی هەدەپە ئازاد بکرێن.
- بە هیچ شێوەیەک ئیزن نەدرێت بە دەوڵەتی تورک کە بچێتە خاکی رۆژئاوای کوردستان و کارەساتی مرۆیی لە چەشنی عەفرین دووپاتە نەکرێتەوە.
- سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم لە لایەن مەسرور بارزانییەوە سەرەتای حکومەتێکی ئەمنی لە باشووری کوردستانە. مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی دەزگای پاراستن، بەرپرسیارە لە تیرۆری رۆژنامەوانان و بێسەروشوینکردنی چالاکڤانانی سیاسی- مەدەنی لە باشووری کوردستاندا. داوامان لە حکومەتی سوید و یەکێتی ئەوروپا کرد کە پێشوازی لە مەسرور و نێچیروان بارزانی نەکرێت و زیاتر لەسەر رەوشی ئازادی و دیموکراسی لە باشووری کوردستاندا هەڵوێست بنێونن و نەهێڵن باشوور ببێتە کۆپییەک لە عەرەبستانی سعودی.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی بەشی ئێراق لە وەزارەتی دەرەوە باسی لەوە کرد کە ئەوان لە نزیکەوە ئاگاداری بارۆخی بادینان و دەربڕینی نارەزایەتی خەڵک لە دژی سوپای تورکن. باسیان لەوە کرد کە وردەکاری ئەم روداوە لە لایەن سەفیری سوید لە ئێراق بۆ ئەوان نێردراوە و ئەوانیش هەوڵ دەدەن کە هەڵوێستی دەوڵەتی سوید لەمەڕ گیراوانی ئەم دواییە لە رێگای سەفیری سوید لە ئێراقەوە بە دەسەڵاتدارانی کورد بگەییندرێت.
بەرپرسی بەشی سوریەی وەزارەتی دەرەوەی سوید باسی لەوە کرد کە ئەوان رۆژانە و بە وردی بارودۆخی سوریە و رۆژئاوای کوردستان دەشۆپێنن و بە روونی هەڵوێستی دەوڵەتی سوید لەمەڕ پێویستی لە پێشگیریکردن لە هێڕشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانیان بە دەوڵەتی تورک راگەیاندوە و لەناو یەکێتی ئەوروپاشدا لەسەر ئەمە کار دەکەن.
بەرپرسی بەشی تورکیەی وەزارەتی دەرەوە باسی لەوە کرد کە ئەوان لە رێگای وەزیری دەرەوە، مارگۆت واڵسترۆم هەڵوێستی روون و ئاشکرایان هەبووە لەمەڕ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و گیرانی ئەندامان و هاوسەرۆکەکانی هەدەپە. ئەوان باسیان لەوە کرد کە هەوڵەکانیان لەم بوارەدا چڕتر دەکەنەوە.
گروپی ١٧ شوبات لەسويد
٢٠١٩/٠٢/١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست