راپۆڕتە هەوالێک لەسەر پانێلەکەی پەرلەمانی سوێد هەر ٧ پارتەکەی پەرلەمانی سوێد دژایەتی بەکار‌هێنانی زەبروزەنگی دەسەلاتیان کرد
Thursday, 09/06/2011, 12:00
یوناس شیۆستێد کەیەکێک لەسیاسەتمەدارەکانی سوێدە کەسی دووەمی پارتی چەپە ووتی : دەمەوێت پەیامێک بگەیەنمە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەئێمە لەپەرلەمانی سوید لەچەپەوە بۆ راست هاوکۆکین کەئەوپێشێلکاریانەی لەمافی مرۆڤ رویداوە قابیلی قبولکردن نیە و ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا پەیوەندیمان لەگەلیان خراپ دەبێت. رۆژی 2011-06-07 لەکاتژمێر 15:00 -13:00 لەیەکێک لەهۆلەکانی پەرلەمانی سوێد پانێلک بۆ ٧ پارتی سەرەکی سوێد کەلەپەرلەمان و حکومەت بەشدارن ، بەڕێوە چوو (٤ یان لەدەسەڵات ، ٣یانیان ئۆپزسیۆنن) پانێلەکە لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ و خۆپیشاندان لەکوردستانی باشور بوو بەشداران نزیک بە ٧٠ کەسایەتی سوێدی و کورد بوون ، کە ١٥یان پەرلەمانتاری سوێد بوون .
لەم راپۆرتە هەواڵەدا ئێمە هەوڵمان داوە لەکۆی ئەو بیروبۆچونانەی نوێنەری پارتەکان باسیان کرد بۆ هەریەکەی کورتەیەکی باس بکەین چونکە ناکرێت لەراپۆرتە هەوالیک کۆی قسەکان بلاو بکەینەوە .
سەرەتای پانێلەکە بە پەیامێکی ڤیدیۆیی لەلایەن گوتەبێژی سەرای ئازادی (ناسک قادر) دەستی پێ‌کرد. خاتوو ناسک هۆکاری خۆپیشاندانەکانی بۆ نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی کوردی گەراندەوە. هەروەها گرژبوونی بارودۆخه‌که‌ی گه‌ڕانده‌وه بۆ کۆمەلێک هۆکار لەوانە به‌کارهێنانی چه‌ک، کوشتنی خۆپیشانده‌ران، ڕێگه گرتن له‌خۆپیشاندان، بەربەستکردنی ئازادی بیر‌ورا، پێشێل کردنی یاسا لەرێگەی گرتنی هه‌ڕه‌مه‌کی خه‌ڵک و ئاوەلاکردنی دەستی چه‌کداره‌کانی حیزب بۆ ئازاردانی خه‌ڵکی و سوتانی که‌نالی ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆی ئەهلی. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد لەگەل بوونی بەلگەشدا بەلام دەسەلاتی کوردی تاکو ئێستا هیچ تاوانبارێکی نه‌گرتوه‌وه کەسیشی سزا نه‌داوه
دواتر فلێمێکی وێنەیی پێنج دەقیقەیی لەسەررەفتارەکانی دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر بەخۆپیشاندەران نیشاندرا. دیمەنی تەقەکردنی دڵرەقانەی پیاوەکانی دەسەلات و کوشتنی خەلک، هه‌ستێکی پڕخه‌مناکی به‌سه‌رهۆڵه‌که‌دا سەپاند و بەشێک لەپەرلەمانتاران نەیانتوانی فرمێسکەکانیان بەرامبەر ئەو شیوە توندوتیژییه‌ی دەسەلاتی کوردی بوەستێنن.
دواتر رێگە بەنمایندەی حیزبە سیاسییەکانی سوید دراو حەوت پەرلەمەنتار بۆچوونی حیزبەکانی خۆیان خستەروو.
پیتەر هولتکڤیست ئەندامی مەکتەبی سیاسی سۆسیال دیموکرات کەهاوکات ئەویەکێک لەکەسایەتیە سەرەکیەکانی ئەو پارتەیە لەگەڵ ( سەرۆک و ٣ ئەندامی تری مەکتەب سیاسی سەرپەرشتی حزب دەکەن) وەهەروەها بەرپرسی هه‌ڕێمی(داڵه‌رنەی) سۆسیال دیموکرات و سەرۆکی کۆمیتەی بەرگرییه لەپەرلەمانی سوید . ئەم پەرلەمەنتارە لەوتارەکەی خۆیدا ئاماژەی بەچەند خالێکی زۆر گرینگ کرد :
١- مافی مرۆڤ مافێکی گەردوونیەو ئازادی بیر‌ورا دەربرین بۆ هه‌موودنیا وه‌ک یه‌که و ده‌بێت رێزی لێبگیرێت. لەهەرشوێنێکی ئەم گەردوونەشدا ئەو مافانە پێشیل بکرێن ئێمە دژی دەوەستینەوەو ڕەخنەی لێ ده‌گرین .
٢.ده‌بێ ڕێگایه‌ک بۆ دادگایکردنی ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران کردووه له کوردستانی عێراق بدۆزینه‌وه.
لەدرێژەی تێروانینەکانیدا هولتکڤیست رایگەیاند: ئه‌وه‌ی ئێمه له قسه‌کانی (ناسک قادر) تێگه‌یشتین ، به ڕون و ئاشکرا ده‌بینین مافی مرۆڤ پێشێل ده‌کرێت،رێز لەئازادی بیر‌ورا دەربرین ناگیرێت، خۆپیشانده‌ران ده‌کوژرێن ، ده‌تۆقێندرێن. زۆر پێویسته (ی‌و ئین) چاودێری گه‌شه‌کردنی ده‌یموکراتی له ناوچه‌که بکات. تاوان دژی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ تاوانه له هه‌ر شوێنێکدا بێت و هه‌رکه‌سێک بیکات، یاسای نێو ده‌وڵه‌تی هه‌یه و ده‌بێت کاری پێبکرێت. لەکۆتایی وتارەکەشیدا هولتکڤیست ووتی:
ئه‌وه‌ی له فلیمه که‌دا ده یبینین تاوانه به‌رامبه‌ر به هاونیشتمانیان و ده‌بێ چاو پۆشی لێنه‌کرێت .
قسەکەری دووەم پەرلەمەنتار عەبیر ئەلسەعلانی ، کەنمایندەی پارتی سەنتەری سوێدی بوو، بەم شێوەیە هاتە ئاخافتن: بینینی فلیمەکە زۆر کاریگەری لەسەرم دروستکرد و نەمتوانی نەگرێیم ، بەلام هەوڵ ده‌دەم لەکاتی قسەکردندا دان بەخۆمدا دابگرم. ئەوشێوە کاره‌ی دەسەلاتدارانی کورد هاوشێوەی دەسەڵاتی سەدامە. زۆر زۆر بەداخەوەم کەئەو دەسەلاتە هیچ لەرژێمەکانی پێش خۆیەوە فێرنەبوە . لەکوردستان دیوێکی ترهه‌یه کەئێمە تاوەکو ئێستا بەڕونی نەمانبینی بوو ،ئه‌ویش دیوی گەندەڵی ودەوڵەتی پۆلیسی و هەژاری و ژنه ماف خوراوەکانه . دەسەڵات بەشێوەی خێلەکی کارەکان رێک دەخات و مامێک بەرپرسە و برازەکەشی لەبەرپرسیارێتیدایە .
نمایندەی پارتی ژینگە کە پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان(بۆدێل سێبلیۆس) بوو ، لەوتارەکەیدا ووتی : ئێمە پشتگیری خه‌ڵکی کوردستان دەکەین بۆ چه‌سپاندنی دیموکراتی ومافی مرۆڤ. هه‌رچه‌نده دەسەلاتی کوردی نامه‌ی ناڕه‌زاییمان بۆ بنێرن ولێمان تورەبن، بەلام ئێمە هەمیشە له‌گه‌ڵ داواکانی خه‌ڵکیداین و له‌پشتگیریکردنیان به‌رده‌وام ده‌بین. ئێمه وەکو پارتی ژینگە وه‌فدێکی سێ که‌سیمان له‌کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە کوردستان بوو وەکو دەرئەنجامیش ئەم وەفدە ڕاپۆرتی خۆیان دایه پەرلەمانی سوید. به‌داخه‌وه ئه‌و وڵاته‌ی ئێمه هیوامان پێ بوو که ڕێز له هاونیشتمانیانی کوردستان بگرێت، وا ده‌ر نه‌چوو. لەویندەرێ دژایەتی خۆپیشاندانی هێمنانه‌و ئازادی رادەربرین دەکرێ و مافی مرۆڤ پێشێل ده‌کرێت. ئێمه گرنگ نیه بەلامانەوە ئەگەر ده‌سه‌ڵاتی کوردی لێمان توڕه بێت یا نا، ئەوەی گرینگە بەلامانەوە ئەو گەلەیە کەلەو ولاتە دەژیت وئێمە به‌رده‌وام ده‌بین له پشتگیریکردنی .
قسەکەرێکی تری پەنێلەکە خاتوو ئێلیزابێت ڕان، نمایندەی پارتی مۆدێرات و ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەپەرلەمان کەپارتی سەرەکی و فەرمانرەوای دەسەڵاتە ، بەم شێوەیە هاتە ئاخافتن: گرنگترین پرس لای ئێمە پشتگیری کردنی جوڵانەوەی دیموکراسی و مافی مرۆڤە. ئێمە به‌رده‌وام ده‌بین له چاودێریکرنی ڕه‌وشی مافی مرۆڤ ودیموکراسی وە هەول دەدەین سوید له ڕێگه‌ی که‌ناڵه‌کانی خۆیه‌وه حکومه‌تی کوردستانی عێراق ئاگادار بکاته‌وه کەچیتر چه‌ک دژی خه‌ڵکی خۆی بەکار نەهێنێت کارۆلینا سێزبار وەک نمایندەی پارتی کریست دیموکرات، پەرلەمەنتاریکی دیکە بوو کەبەم شێوەیە باسی ئەو بارودۆخەی کرد: زۆر گرنگه لێره‌ش ده‌رباره‌ی کوردستان درێژە بەدیالۆگ بدەین. لەهەمان کاتیش‌دا زۆر گرینگە ئێمە له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌رباری پێششێلکردنی مافەکانی مرۆڤ گفتوگۆمان هەبێت. به‌ئێمه قبۆڵ ناکرێت ده‌سه‌ڵات وا مامه‌ڵه له‌گه‌ل خه‌ڵکیدا بکات. ئێمه له‌حیزبه‌کانی سوید کۆده‌نگین له‌و باره‌یه‌وه، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگه‌یه‌نینه ئاستی یه‌کیتی ئه‌وروپا. ئەوەی لەم فلیمە بینیمان پێمان ده‌ڵیت کەخەلکی کورد هیشتا لەژێر چەوساندنەوەدا دەژین .
فرێدریک ماڵم نوێنەری پارتی گەل و ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە لەپەرلەمانی سوێدە . بەم شێوەیە دەستی بەقسەکردن کرد:
له په‌رله‌مانی سوید تۆڕێکی هاوکاریمان بۆ خه‌ڵکی کوردستان دروست کردووەو ئێستاش پێویسته ڕۆلمان هه‌بێت له ووریا کردنه‌وه‌ی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات بۆ ئەوەی ریفۆرمی بنچینه‌یی و گرینگ ئەنجام بدەن، ژیانی دیموکراسی له‌کوردستاندا به‌هێز بێت. هاوکات لەوەلامی پرسیارێکیشدا وتی شەهیدکردنی ٩ بۆ ١٠ هاولاتی بەهیچ شیوەیەک قابیلی قبولکردن نیەو بەهەموو شیوەیەک من دژی بەکار‌هێنانی ئەو زەبرو زەنگەم و دژی کوشتنی خەلک و دادگایی نەکردنی تاوانبارەکانم. من ئەوەش دەزانم لەکوردستاندا مرۆف بەزۆرینەی دەنگ دەتوانێت حکومەت دروست بکات بەلام بەم زۆرینەیە دیموکراسی بەدی نایەت.
پارتی چه‌پ دووەم کەسایەتی خۆی بەرێز یوناس شیۆستێدی بۆ پەنێلەکە ناردبوو کەبەم شێوەیە قسەیکرد: ئێمه پشتگیری هه‌میشه‌یی خه‌ڵکی کوردستان دەکەین و به‌هێزکردنی دیمۆکراتی ویه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی له باشوری کوردستان زۆر بەلامانەوە گرینگه. به‌کار هێنانی چه‌ک دژی خۆپیشانده‌ران تاوانێکه ولێبوردنی بۆ نیه. حکومەتی کوردستان دەبێت گەرەنتی ئازادی خۆپیشاندان و رۆژنامەگەری دەستەبەر بکات. هەروەها ئەوانەی تەقەیان لەخەلک کردوە و تاوانبارن دەبێت بدرێنە دادگا. یوناس شیۆستێد لەبەشێکی تری قسەکانیدا رایگەیاند: دەمەوێت پەیامێک بگەیەنمە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەئێمە لەپەرلەمانی سوید لەچەپەوە بۆ راست هاوکۆکین کەئەوپێشێلکاریانەی لەمافی مرۆڤ رویداوە قابیلی قبولکردن نیە و ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا پەیوەندیمان لەگەلیان خراپ دەبێت.
لەدوا بەشیشدا وتاری میدیای ئەهلی کەلەلایەن هاولاتی، ئاوێنەو لڤینەوە بۆ پانێلەکە نێردرابوو ، خوێندرایەوە. لەووتارەکەیاندا تیشک خرابووە سەر ئەو هێرشە بەردەوامانەی دەسەلاتی کوردی دەیکاتە سەریان ، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی سەر سەرنووسەری لڤین. هەوەها باسی دوا هەرەشەکانی پارتی و یەکێتی و هەردوسەرۆکەکەی بارزانی و تالەبانی وە وەزیری پێشمەرگەکرا بوو، کەچۆن دەیانەویت هەناسە لەمیدیای ئەهلی ببرن. لەکۆتاییشدا چوار داواکاری خۆیان خستبووە بەردەم ئەندامانی بەشداربوی پانێلەکە.
دوای وتەی نوێنەرانی پارتەکان دەرگای گفتوگۆ والا کراو پرسیار ووەلام دەستی پێ‌کرد کەدەبێت بڵێێن زۆرینەی پرسیارەکان لەسەر هەلوێست و رەفتاری (یەکێتی و تالەبانی) و ئەندام بونی بوو لەسۆسیال دیموکرات دەخولایەوە .
ئێمە وەک گروپی ١٧ شوبات ئەولێکدانەوەو هەڵوێستە سیاسیەی سەرجەم پارتە سوێدیەکان بەرامبەر(ئەزمونی هەرێمی کوردستان) ئۆباڵەکەی دەخەینە ئەستۆی رەفتارەسیاسی و ئیداریەکانی پارتی ویەکیتی و هەردو سەرۆکەکەی .
٨/٦/٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست