بزوتنەوەى لاوانى 17 ى شوبات - بەیاننامەى ژمارە 3
Sunday, 22/05/2011, 12:00
هاوڵاتیانى خەیاتگێڕو ئازادیخوازى كوردستان هەروەك لاى هەموان ئاشكرایە كە هاوڵاتیانى ناڕازى كوردستان لەدژى ستەم و گەندەڵى سیاسى وە بۆ ڕێگەگرتن لەبەهەدەردانى سامانى نەتەوەیى كوردستان و لەپێناو بەدەستهێنانى ئازادىو یەكسانى و دادى كۆمەڵایەتى، هەروەها دژى كێبڕكێى ى سیاسى و حزبی ناتەندروست هاواریان كرد بەڵام دەسەڵاتى كوردى لەڕێگاى سیاسەتە ناتەندروستەكانیەوە بەهیچ جۆرێك گوێى بۆ داخوازیە جەماوەرییەكان نەگرت بەبیانوى ئەوەى كە ئۆپۆزسیۆن ئەجنداى حزبى تێكەڵاو بەداخوازییە جەماوەرییەكان كردووە. لەكاتێكدا كە ئۆپۆزسیۆن بەهیچ شێوەیەكى فەرمى خۆى نەكردوە بەخاوەنى دەنگە ناڕەزاییەكانى شەقام. پاشان دەسەڵات بەبێ هیچ پاساوێكى یاسایى لەهەوڵى تۆمەتباركردنى لاوانو هاوڵاتیانى ئەم هەرێمەدا بوون، بەهەر شێوازێك بۆی لوابێت، دوور لەهەر پێوەرێكى یاسایى و ئەخلاقى سیاسى لاوانو هاونیشتیمانیان تۆمەتبار دەكردو ڕاوەدوى دەنان.
وە ئێستاكەش لەهەوڵى خۆ ئامادەكردندان بۆ كۆبونەوەى پێنچ قۆڵى بەبێ ئەوەى كە سەرەكیترین و سەربەخۆترین و ڕەسەنترین دەنگى شەقام بەشدارى تێدابكات. ئەم كردارانەش وا لەشەقام و نەوەى نوێ دەكات كە زیاتر ڕق ئەستور بێت لەو دەسەڵاتەى كە ئێستا سیستمى ووڵات بەڕێوە دەبات و ناڕەزایى لاوان و هاوڵاتیانى پێ توندتر دەكات.
ئێمە وەك شەقام دڵنیاین كە خەباتى شۆڕشگێڕانەى نەتەوەى كورد بەدرێژایى مێژوو تا هەنوكە بۆ ئەو مەبەستە نەبووە كە خوێنى كورد بەدەستى كورد بڕێژرێت بەڵكو بۆ ئازادى كۆمەڵگاى كوردستانىو بەدەستهێنانى مافە ڕەواكان بووە. شەقام هەرگیز پێى باش نەبووە كە شەڕى ناوخۆ و تۆمەت بەخشینەوەو ناوزڕاندنى یەكتر ببێتە كلتورى لاوانى تاوەكو ووڵاتانى دوژمن نەتوانن دەست بخەنە ناومان و لەخشتەمان بەرن و ناموسو كەرامەتى نەتەوەیمان ئەتك بكەن.
بۆیە تكامان وایە خوێن ڕشتن و ئازاردانى لاوان و هاونیشتیمانیانى كوردستان بەدەستى یەكتر نەكرێتە پیشەى سیاسى و ئەخلاقى نەوەى نوێ تاوەكو گیانى شەڕانگێزى و دوبەرەكى لەنێوانمان پەرەنەسێنێت.
بزوتنەوەى لاوانى 17ى شوبات وەك كارەكتەرێكى خۆڕسك و ڕاستەقینەى جەماوەرى لەخۆپیشاندانەكانى 17ى شوباتو پاشان بەردەركى سەرا (مەیدانى سەراى ئازادى) هەمیشە وەك دەنگێكى بوێرو بێلایەنگرى حزبى هاوارى كردووە دژ بەگەندەڵى و نادادپەروەرى كۆمەڵایەتى و نەبونى سیستەمێكى سیاسى و ئابورى تەندروست بۆ بەڕێوەبردنى هەرێمەكەمان.
بزوتنەوەى لاوانى 17ى شوبات لەڕوانگەى دیدبینى زانستیانەى خۆیەوە دەسەڵات بە بەرپرسى یەكەم دەزانێت لەم ناسەقامگیرییە سیاسى و كۆمەڵایەتى و داراییەى كە ئێستا ناوچەكانى هەرێمى كوردستانى گرتووەتەوە و پێیان دەڵێن هەرچى زوترە دەست بكەن بەچارەسەركردن و دانانى پلانى گونجاو بۆ ئاسایكردنەوەى ڕەوشەكە ئەویش بەجێ بەجێكردنى ئەو داواكارییانەى كەلەلایەن شەقامەوە دیاریكراوە و ئاشكرایە لاى هەمووان. لەبەرئەوەى نابێت و ناكرێت هیچ لایەنێك لەداواو هەڵوێستى جەماوەرییدا پشت لەشەقام بكات یان هەڵوێستى ڵێڵ و تەڵخ بۆ پشتیوانى لێكردنى نیشانبدات.
بەهەمان شێوە نابێت و ناكرێت دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەبێ پرس و ڕاى شەقام و جەماوەر كە ئێستا وەك هێزێكى ناڕازى جەماوەرى دەركەوتووە هیچ بڕیارو ڕێكەوتنێك ئەنجام بدات كە پەیوەندى بەڕەوشى كۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورى هەرێمى كوردستانەوە هەبێت چونكە مەترسى بۆ ئێستاو داهاتووى ئەزموونى سیاسى هەرێمى كوردستان دەبێ و جێگاى ڕەزامەندى و خۆشحاڵى هیچ لایەكمان نابێت.
بزوتنەوەى لاوانى 17 شوبات
22-5-2011
بزوتنەوەی لاوانی 17 شوبات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست