با دروشمی (ارحل) بگۆڕین بە دروشمی (احتلال) .. با (بزووتنەوەی مەجالسی) بخەینە جێگای حیزب
Monday, 09/01/2012, 12:00
هەمیشە لەگەلأ توندوتیژبوونی خەباتی سەرشەقامەكان و دوور كەوتنەوەدا لە دروشمی (بە ئاشتی! بە ئاشتی!) وە ملنەدان بۆ خەباتی پەرلەمانی، دەسەڵات دەكەوێتە ختووكەدانی ڕۆحی نەتەوایەتی و بەكێش كردنەوەی جەماوەری ڕاپەڕیو بۆ سێبەری دامودەزگا لەقیوو پەككەوتەكانی. وە هەربەم ڕێگایەش دەیەوێت سەرلەنوێ وا لە جەماوەر بگەیەنێت كە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەسەروو هەموو بەرژەوەندیەكی ترەوەیەو هەموو كەس دەبێت یەك خواستی هەبێت: پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوایەتی!
ئەوەی لەم كاتەدا لە حیزبەكانی دەسەلات و (گۆڕان) ی دەبیستین دەربارەی دەوڵەتی كوردی و ڕۆشنبیرانیش دەهۆڵی بۆ دەژەنن، هیچ نیە بەشێك نەبێت لە پلانی تێكشكاندنی بزووتنەوەی جەماوەری و گێڕانەوەی خەڵكی بۆ ژێر ڕكێفی دەسەلات، ئەمەیش لەژێر ناوی یەكبوونی بەرژەوەندی هەمواندا. كام بەرژەوەندی؟
ئەو بەرژەوەندیەی سیاسیەكان دەسەلاتدار دەكات و ئیمە بێدەسەلات، ئەوان دەكاتە خاوەن سەرمایەو ئیمە دەكاتە بێكار، بەشی ئەوان دەكاتە گردو تەلاری ڕووناك و گەرم و گوڕ و بەشی ئیمەیش كووخێكی تاریك و ساردو سڕ.
بەڵێ! ئەمەیە ئەو بەرژەوەندیە هاوبەشەی هەموو حیزبە سیاسیەكان باسی لێوە دەكەن، ئەو حیزبانەی داوای نەوتی كەركوكیان بۆ دەكردین و ئیستا قەترەیەك، تەنها قەترەیەك لە نەوتی سلێمانی و هەولێرو دهۆكمان پێ ڕانابینن، ئەو حیزبانەی بە سەربەخۆیی نەتەوەیی دەمانخەڵەتێنن و ئازادیی كۆمەلایەتیمان لێ داگیر دەكەن. بۆچی گوایە سەربەخۆیی نەتەوەیی لەم ئازادیە نەتەوەییەی ئیستا زیاترمان پێ دەبەخشێت؟ كێن ئەوانەی دەبنە حوكمرانی سیاسی؟ هەر حیزبیە دەسەلاتدارو سەرمایەدارە چاوچنۆكەكان نین؟ هەر وورگنەكان و خاوەن گردەكان نین؟ هەر ئەوانە نین كە وەك گورگی برسی پەلاماری پاروەنانێكی ناو قوڕگی هەژاران دەدەن؟
بەڵێ! ئیمە لەوانە زیاتر كەس نابینین، ئەوانەی ئامادەن 99% ی كۆمەڵگا برسی بكەن لە پێناوی كۆكردنەوەی سەرمایەداو نیوەی كۆمەڵگایش بنەبڕ بكەن لە پێناوی پاراستنی پلەو پایەی سیاسی و حكومی و حیزبیاندا. ئیتر بۆچی ڕۆشنبیران قەڵەمەكانیان تیژ كردۆتەوە بۆ باسێكی بێكەڵك كە هیچ دەرئەنجامێكی نابێت یەكخستنەوەی بەرژەوەندیەكانی دەسەلاتداران و هەژاران نەبێت لە ژێر ناوی ڕكخستنەوەی ماڵی كوردیدا؟
ڕێكخستنەوەی ماڵی كوردی یان ڕێكخستنەوەی ماڵی ئەو سیاسیانەی بە دابەشكردنی سامانی نیشتمانیەوە خەریكن بەسەر خۆیاندا؟ ئەو سامانەی ئیمە بەرهەمی دێنین و ئەوان سوودمەندن لێی، ئەو سامانەی ئەوان لە دوورو نزیكەوە بەشدار نین لە ڕێكخستن و ئیدارە كردنیدا. ئەوان نە بەرهەمهێنن و نە كارگێڕ. ئەوان بەئاسمانەوە هەڵواسراون و بە سوپاو پۆلیس و ئەمن سەرمایەكەیان دەپارێزن، وە بە میدیاو ڕۆشنبیرە چڵكاوخۆرەكانی دەوروبەریشیان، ڕووخساری ترسناكی دەسەلاتەكەیان ڕەتووش دەكەن، بەڵكو بە ماسكی سەوزو زەردو مۆرو شین، رووخساری ناشیرینی پەرلەمانەكەیان دەشارنەوە.
با ڕوومان وەرگێڕین بەرەو خەباتی یۆنانیەكان، با چاو لە داگیركارانی ۆلأ ستریت بكەین، با دروشمی بێ كەڵكی (ارحل) بگۆڕین بە دروشمی (احتلال). لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بینیمان دروشمی (ارحل) لە تونس و میسرو لیبیا هیچ نەبوو گۆڕینی ماسكێك نەبێت بە ماسكێكی تر. با دەموچاوەكان لە یەك نەچن، بەلام خۆ سیستمی ئابووری و سیاسی هەر یەكە. ئەمڕۆیش لە سەردەمێكدا دەژین تا دێت خەباتی سەرشەقامەكانی تیا بەهێزترو فراوانتر دەبێت، لە ڕۆژگارێكدا دەژین هیچ وولاتێك خۆیی بۆ ناپارێزرێت لە شەری سەرشەقامەكان كە قەیرانێكی ئابووری و سیاسیی ئێجگار قووڵی لە پشتەوەیە، قەیرانێك كە زۆر بە دڵنیاییەوە سالانێكی ئێجگار درێژ دەخایەنێت و هەموو سووچیًكی ئەم جیهانە لە دەسەلات و سەرمایەدارە برسیەكان دەئاڵۆزێنێت. وە وەك بینیمان ڕِاپەڕینی هەر جێگایەكیش، دەبێتە پشت و پەنا بۆ جێگاكانی ترو پارسەنگی هێز بەلای بزووتنەوەی هەژاران و بێكاراندا دەشكێنێتەوە.
دەبا پێكەو بجەنگین! دەبا تاكتیكەكانمان بگۆڕین! دەبا نەبینەوە بە بەشێك لەو دەسەلاتەی یان لە شەڕی عیراق و ئیراندا بەكوشتمان دەدەن یان لە شەڕی هەولێرو سلێمانیدا. ئەو سەربەخۆییەی سیاسیەكانیش داوای دەكەن هیچ نیە سەربەخۆیی خاوەن سەرمایەو دەسەلاتداران نەبێت. گرفتەكانی ئەم كۆمەڵگایە هەروەك كۆمەڵگاكانی تر، گرفتی چۆنیەتی دابەشكردنی سامانی كۆمەلایەتیە. وە دروستكردنی هەموو ناكۆكیەكی مەزهەبی وەك شیعەو سنە، یان نەتەوەیی، تەنها بە ئامانجی شاردنەوەی ئەسڵی ناكۆكیەكانە لەنێوان هەژاران و حوكمراناندا. وە مادام لە هەر جووڵەیەكی جەماوەرییدا تێكڕای كۆمەڵگا ڕووبەڕووی هێرشی عەسكەریی دەسەلات دەبێتەوە، ئەوا ناچارین كاریگەرترین ئامرازی خەبات وەدەست بهێنین، ئامرازێك كە هەموو جەماوەر لە بزووتنەوەیەكی بەرفراواندا كۆدەكاتەوە. ئەو ئامرازە پێكهێنانی مەجالسە هەڵبژێردراوەكانی جەماوەر خۆیەتی، ئەو مەجالسانەی هەر لە سەرەتاوە، دەسەلاتی حیزبی و سەركردە لەناو دەبەن و پرنسیپی (خۆبەڕێوە بردن) دەخەنە جێگای ئیدارەی عەسكەری و بیرۆكراسی و مشەخۆر. دەسەلات ئامێری تێرۆرو چەوساندنەوەیە، كۆمەڵگایش پێویستی بە ئیدارەیەك هەیە خزمەتكاری كۆمەڵ بێت نەك سەروەری، شەونخونی بكێشێت بەدیار بەرژەوەندیە كۆمەلایەتیە هاوبەشەكانەوە، كۆمەڵ چ پێویستیەكی بەو سەروەرە سیاسیانە نیە كە لە كۆمەڵگا دابڕاون و دەیانەوێت بە نۆرە دەست بەسەر سەرچاوەكانی ژیاندا بگرن و بە بەخشیش و بەخشینی پلەوپایە بە كادرەكانیان زۆرترین ژمارە لە خەڵكی لەدەوری خۆیان كۆبكەنەوە، ئەوان دەسەلات بەكاردێنن بۆ مەبەستە فاسدەكانی خۆیان و ڕووتاندنەوەی هەژاران لە لوقمەی ژیان. بۆیە كۆمەڵگایش پێویستی بەو ئامرازە كاریگەرەیە كە دەتوانێت بەرەنگاری سیاسیە مشەخۆرەكان ببێتەوە.
دەبا دروشمەكانمان بگۆڕین بە دروشمی داگیركردنی ئەو سامانەی لێمان داگیر كراوە!
دەبا لە بری مەیخانە سووتاندن، (احتلال) ی ئەو بینایانە بكەین كە خشت بە خشتی لە خوێنی ئێمە هەڵچنراوە!
دەبا دروشمەكانمان دەربڕی دروشمی دابەشكردنی چوونیەكی سامانی نیشتمانی بێت!
دەبا كاریگەرترین ئامرازی خەبات بخەینە جێگای حیزبایەتی و مەجالسە هەڵبژێردراوەكانی جەماوەر بكەینە ڕێكخەری بزووتنەوە خۆرسكەكەمان!
دەبا لە سەر زەوی و لە كارگەكان، لە قوتابخانەو لە زانكۆكان، لەناو سوپاو لە فەرمانگەكان، مەجالسە هەڵبژێردراوەكانی جەماوەر خۆی، بكەینەڕێكخەری بزووتنەوەی داهاتوومان، ئەو بزووتنەوەیەی ئەمجارە، لەگەڵ هەڵكشانی شەپۆلی داهاتووی بزووتنەوە جەماوەریەكانی جیهاندا، بە گوڕو تینێكی ترەوە دێتەوە گۆڕپانی خەبات.
ئەندامی لیژنەیەك لە لیژنەكانی 17 ی شوبات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست