بهرنامه و دروشمی راپەرینی حهڤدهی شوبات
Saturday, 19/02/2011, 12:00
لەو روانگەیەوە كە راپەرینمان هی هەمو گەلە و بۆ هەمو گەلە و هەمو لایەنەكانی گەل تیایدا بەشدارن بەتایبەتی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، خوێندكاران، بێكاران، گەنجانی تورە لە نەبونی تروسكاییەك بۆ چاكسازی، حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن و تەنانەت ئەندامە بەشەرەفەكانی دو زلحیزبەكەش، بۆ ئەوەی لایەنەكانی راپەرین بە هۆی دروشمی جیاجیا و بەرنامەی جیاجیاوە هەتا سەركەوتنی یەكجارەكی توشی كێشمەكێشی ناوخۆیی نەبن، وە بۆ ئەوەی هەمو جوهدەكان كۆكرێنەوە بە ئاراستەی یەك ئامانجی سەرەكی و هاوبەش كەئەویش گۆرینی رژێمی گەندەڵیە بە رژێمێكی دیموكراسی كە تیایدا مافی هەمو كەس و هەمو لایەنێك پارێزراوبێت بە گوێرەی پرەنسیپەكانی دیموكراسی لە سەروی هەمویانەوە جیا كردنەوەی دەسەڵاتەكانی تەنفیزی و تەشریعی و قەزایی، دابین كردنی ئازادیەكان و بنیاتنانی حكومەتی قانون، بۆ بەدیهێنانی هەمو ئەوانە ئەم بەرنامە گشتیە دەخەینە بەردەمی هەمو لایەنەكانی راپەرین:
- بەردەوام بونی راپەرین بە شێوەیەكی شارستانی ئاشتیانەی دور لە توندو تیژی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەتا وازهێنانی دوزلحیزبەكە لە دەسەڵات.
- پێشكەش كردنی گوڵ و رەمزەكانی تری خۆشەویستی بە پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس چونكە ئەوانە رۆڵە ی بەوەفای میللەتن و براو كورو خوشكەزاو برازاكانی خۆمانن گەرچی لەوانەیە لە قۆناغی سەرەتادا دەسەڵات هەوڵ بدات بۆ سەركوتكردنی میللەت بەكاریان بهێنێت بەڵام لە قۆناغی دواتردا خۆبەخۆ دێنەوە پالُ میللەت پاش ئەوەی داوایان لێ دەكرێت لەماڵەوە دانیشن و نەچن بۆ دەوامەكانیان.
- دوای هەڵوەشانی دەسەڵاتی گەندەڵی پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی لە رۆشنبیران و تەكنۆكارانی بێلایەن وەك: دكتۆر كامەران مەنتك، جلال سام ئاغا، عومەرحاجی عینایەت، مەریوان وریاقانع، دكتۆرشاهۆ سعید.. بۆ بەرێوەبردنی قۆناغی دوەمی ئەركەكانی راپەرین كە ئەمانەن:
أ- پاراستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات لە رێگەی كۆمیتەی گەرەكەكانو بەهاوكاری هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس
ب- پاراستنی سەربەخۆیی بەرێوەبردنی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ دەستوری فیدراڵی عێراق .
ت- پێكهێنانی لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی حاكم شێخ لەتیف و بە ئەندامێتی پسپۆرانی بواری قانونی دەستوری كە بە بێلایەن ناسراون بۆ ئامادەكردنی دەستورێكی مۆدێرن و پێشكەوتو لە ماوەی دو مانگدا بەسود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانی فیدراڵی هاوچەرخ و پێشكەوتو كە زامنی ژیانیّكی دیموكراسیانە بكات بۆ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدرااڵدا وە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ پرەنسیپەكانی قانونی دەستوری بەتایبەتی جیاكردنەوەی سێ دەسەڵاتەكە، ملكەچ بونی دەسەڵاتی تەنفیزی بۆ پەرلەمانی هەڵبژێرراو وە سە سەربەخۆیی دەسەڵتی قەزایی وە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ بەندەكانی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان لەبواری پاراستنی مافی مرۆڤدا
پ- دوای ئامادەكردنی دەستورە تازەكە دانانی مانگێك بۆ رونكردنەوەو گفتوگۆ لەسەركردنی لەلایەن هاووڵاتیان و پسپۆران و رۆشنبیرانەوە.
ج- دانانی مەوعیدێك بۆ ئیستیفتا كردنی دەستورەتازەكە لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
ح- ئەگەرلە ئیستیفتاكەدا دەنگی پێویستی پێدرا، دانانی مەوعیدێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەڵقوڵاو لە پەرلەمانە تازەكەوە بەگوێرەی دەستورە تازەكە كە بەرپرس بێت لە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان وە بە شێوەیەكی كاراو شەفاف بەرنامەكانی جێبەجێ بكات لە دابین كردنی ئازادیە گشتیەكان و هەلی كارو دادپەروەری كۆَمەڵایەتی و پێشخستنی كۆمەڵگای كوردەواری بەر ەو ئابورییەكی بەهێزو عەقڵانی لە سایەی دەوڵتی یاسادا.
دروشمەكان: دیموكراسی ئازادی دادپەروەری یەكسانی
راپەرینی حهڤدهی شوبات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست